ژن و قەیرانی دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا...ئێران

لە ناوەڕۆکی ململانێی دەوڵەت و کۆمەڵگەدا ژنان لە ئێران ڕووبەڕووی سیستەمێکی توندوتیژی دەبنەوە کە ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە یاسا، ئایین و سیاسەتدا هەیە، لە لەسێدارەدان تا هاوسەرگیری منداڵان، لە باڵاپۆشی زۆرەملێوە تا توندوتیژی ئابووری.

 ئێران

 

ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژنان، یادی خەباتی خوشکانی میرابێل لە کۆماری دۆمینیکان دەکاتەوە، کە بە گیانیان لە بەرامبەر بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەت باجیان دا، ئەم ڕۆژە بۆتە ئاماژەیەکی جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی سیاسی و پێکهاتەیی دژ بە ژنان و بەردەوامی بوونی لە زۆر وڵاتدا گرنگییەکی نوێ بە خەباتی ژنان لەم ڕۆژەدا دەبەخشێت.

 

ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە سەرەڕای دەیان ساڵ خەباتی ژنان، توندوتیژیی پێکهاتەیی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری دژ بە ژنان بەردەوامە، لەگەڵ چڕبوونەوەی بەرخۆدان و فراوانبوونی خەبات، شێوازەکانی ئەم توندوتیژییە دەگۆڕدرێن و بە شێوازی نوێ و پەرەسەندن بەسەر ژناندا دەسەپێنرێن.

 

لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا خەباتی ژنان گۆڕانکاری بنەڕەتی لە یاسا و کۆمەڵگەی ئێراندا هێنایە ئاراوە و بەشێکی سوودی بۆ ژنان هەبوو، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی کۆماری ئیسلامی ئەو یاسایانەی کە بەرهەمی خەباتی ژنان بوون هەڵوەشێنرانەوە و لە ماوەی ٤٧ ساڵی ڕابردوودا سیستمێک کە لەسەر بنەمای هەڵاواردنی یاسایی و کۆنترۆڵکردنی جەستە و دوورخستنەوەی ژنان لە ژیانی گشتی دامەزرابوو، ئەم سیستەمە توندوتیژی لە ناو خێزانەوە تا دەگاتە باڵاترین دامەزراوەکانی دەوڵەت چەسپاندووە و وایکردووە ببێتە ئامرازێک بۆ چەسپاندنی دەسەڵات.

 

لەم سیستەمەدا ئامرازەکانی سەرکوتکردن- یاسا، ئایینی فەرمی، دەسەڵاتی دادوەری، پۆلیسی ڕيوشت و میکانیزمە کولتوورییەکان- یەکدەخرێن بۆ پێکهێنانی پێکهاتەیەکی سەرکوتکەری یەکگرتوو، هەروەها کوشتنی شەرەف، توندوتیژی خێزانی، باڵاپۆشی زۆرەملێی، هەڵاواردنی یاسایی و لەسێدارەدانی ژنان، دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیە بۆ بەرهەمهێنانی گوێڕایەڵی و کۆنترۆڵکردنن.

 

هەروەها ڕووداوە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بەشدار بوون لە پەرەسەندنی توندوتیژی لە ئێران و ناوچەکەدا، لە کاتێکدا زلهێزەکانی جیهانیی هەوڵی دووبارە کێشانەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدەن، شەڕ و ململانێکان توندتر بوون و ژنان و منداڵان بوونەتە زیانلێکەوتووی سەرەکییان، لە وڵاتانی وەک عێراق، سووریا، فەڵەستین، لوبنان، یەمەن، لیبیا و سودان، ژنان ڕووبەڕووی چەندین جۆری توندوتیژی دەبنەوە کە لە ململانێ و هەژاری و سیاسەتی سەرکوتگەرییەوە سەرچاوە دەگرن.

 

دوابەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لەمساڵدا و شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان هەردوو وڵات، ڕێژەی توندوتیژی دژی ژنان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، جگە لەو توندوتیژییە پێکهاتەییانەی کە ڕووبەڕووی دەبنەوە کە لە سیستەمێکی جیاکاری و کۆمەڵگەیەکی پیاوسالارییەوە سەرچاوە دەگرێت، ژنانیش تووشی توندوتیژیی دەرئەنجامی شەڕ بوون، ئەمەش ئازار و پێشێلکارییەکانی زیاتر کردوون، لەم قۆناغەدا کۆماری ئیسلامی بە بیانووی جیاواز هەڵمەتی گرتن و ئەشکەنجەدان و سزای توندی زیندانی لە نێویاندا لە سێدارەدان دەستپێکرد، ،کە ژمارەیەکی زۆر لە ژنان سزای زیندانی درێژخایەنیان بەسەردا سەپێندرا، ئەمەش لە پەرەسەندنێکی ڕوونی سەرکوتکردنی سیستماتیکی دژی چالاکوانان و ناڕازییان، بەتایبەتی ئەوانەی بەشدارن لە خەبات دژی توندوتیژی و هەڵاواردن لەسەر بنەمای ڕەگەزیە.

 

لە سێدارەدان... توندوتیژی دامەزراوەیی کە دەوڵەت لە پەردەی یاسادا ئەنجامی دەدات

سزای لەسێدارەدان وەک جۆرێک لە کوشتنی سزای دەوڵەت، توندوتیژی دامەزراوەییە کە دژی کۆمەڵگە و بەتایبەتی ژنان ئەنجام دەدرێت، بەپێی ئاماری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە ماوەی ٩ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥دا زیاتر لە هەزار لەسێدارەدان لە ئێران تۆمارکراوە کە زیاتر لە ٢٩ کەسیان ژن بوون.

 

ئەم هەڵکشانە لە لەسێدارەداانەکان لە کاتێکدایە کە سێ زیندانی سیاسی ژن - وریشە مورادی، پەخشان عەزیزی و زەهرا شەهباز تەباری - بە تۆمەتی "یاخیبوون" سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، سەرەڕای ئەوەی چالاکییەکانیان بەشێکە لە خەبات دژی توندوتیژی دژی ژنان و سیستەمی پیاوسالاری.

 

دوابەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، خێرای لەسێدارەدانەکان خێراتر بوو و ژمارەیەکی زۆر لە زیندانییەکان لە نێویاندا ژنان، ئێستا مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە.

 

یاساکانی پیاوسالاری و ژنکوژی

ئەو یاسایانەی کە لە کۆماری ئیسلامیدا کاری پێدەکرێن، بە ئاشکرا ژنکوژن، ژنان لە هیچ جۆرە پارێزگارییەکی یاسایی، چ وەک زیانلێکەوتوو یان تۆمەتبار بێبەش دەکەن، ئەم سیستەمە یاساییە لەسەر بنەمای لێکدانەوەیەکی ئایینییە کە لە ئیسلام و مەزهەبی ١٢ شیعە وەرگیراوە و باڵادەستی پیاوان بەردەوام دەکات و ژنان لە دادپەروەری دوور دەخاتەوە.

 

بۆ نموونە لە ماددەی ٦٣٠ی یاسای سزادانی ئیسلامیدا هاتووە "ئەگەر پیاوێک ببینێت ژنەکەی لەگەڵ کەسێکی نامۆدا زینا دەکات و دڵنیا بوو لەوەی کە بە ڕەزامەندی خۆی توانای ئەو کارەی هەبووە، ئەەری هەیە لەو ساتەدا هەردووکیان بکوژێت"، ئەم ماددەیە یەکێکە لە ئامرازە هەرە دیارەکان بۆ یاسایدان بە توندوتیژی دژی ژنان، بەو پێیەی مافی کوشتن بە پیاوان دەبەخشێت بەبێ ئەوەی پێویستیان بە شایەتحاڵ و بەڵگە هەبێت، بەمەش دەرگا بەڕووی تۆمەتی درۆ و کوشتنی بەناو "شەرەف"دا کراوەتەوە.

 

ئەم بابەتە لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار بەکارهێنراوە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ کوشتنی ژنان، کە بەبێ بەڵگە تۆمەتبار دەکرێن بە پەیوەندی دەرەوەی هاوسەرگیری و لە ژێر بەرگێکی یاساییدا دەکوژرێن کە بێ سزای بەردەوام دەکات و توندوتیژی پیاوانە یاسای پێ دەدات.

 

بەپێی ماددەکانی ٢٢٠ و ٦١٢ی یاسای سزادانی ئیسلامی، سزای کوشتنی باوکێک سنووردارە بە پێدانی پارەی خوێن بە میراسگرانی کوڕەکە، ئەمە جگە لە سزای زیندانیکردنی هەڵبژێردراوی ٣ بۆ ١٠ ساڵ، ئەم بڕیارە باپیرەی باوکیش دەگرێتەوە، بەڵام ئەگەر دایکێک بە ئەنقەست کوڕەکەی بکوژێت، ئەوا سزای لەسێدارەدانی بۆ دەردەچێت.

 

ئەم نایەکسانییە توندە ئەوە دەردەخات کە یاساکانی کارپێکراو لە کۆماری ئیسلامیدا منداڵان وەک موڵکی تایبەتی باوک سەیر دەکەن و دایک لە هەموو مافێکی یاسایی بەرامبەریان بێبەش دەکەن، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش لە زۆربەی کوشتنەکانی بەناو "شەرەف"دا، باوکەکە تاوانەکە ئەنجام دەدات و دەزانێت تەنها بە پێدانی پارەی خوێن لە سزا ڕزگاری دەبێت.

 

جگە لەوەش یاساکانی سزای ئیسلامی هەڵاواردنێکی ڕوونی لە دژی ژنان هەیە، تەنانەت کاتێک زیانلێکەوتووی کوشتن یان توندوتیژیش بن، کاتێک پیاو ژنێک دەکوژێت، پارەی خوێنی نیوەی پارەی پیاوێکە، ئەگەر بنەماڵەی زیانلێکەوتووەکە بیانەوێت تۆڵەیبسەننەوە، سەرەتا دەبێت نیوەی پارەی خوێنی بکوژەکە بدەنە خێزانەکەی و بارگرانییەکی زیاتر بخەنە سەر زیانلێکەوتووەکە و تەنانەت لە مردنیشدا هەڵاواردن بەردەوام دەکەن.

 

هەرچەندە سزای لەسێدارەدان لە بنەڕەتدا کوشتنێکی سزادراوی دەوڵەتە و پێویستە بە تەواوی هەڵبوەشێتەوە، بەڵام مەرجی پێدانی پارەی خوێن بە بنەماڵەی بکوژەکە ئەگەر زیانلێکەوتووەکە ژن بێت، جارێکی دیکە ڕادەی لایەنگری یاسایی بەرامبەر بە ژنان لە کۆماری ئیسلامیدا نیشان دەدات، ئەم جیاکارییە تەنانەت کەیسەکانی برینداربوونیش دەگرێتەوە، هەروەها ژن نیوەی پارەی خوێنی پیاوێک وەردەگرێت ئەگەر لەلایەن پیاوەکەوە بریندار بێت.

 

"ناکۆکییەکانی خێزان" ئیفێمیزمێکە بۆ کوشتنی شەرەف

بە پشتبەستن بە یاسا باوەکان، هەڵاواردن و توندوتیژی یاسایی بەرامبەر بە ژنان لە ئێراندا ڕۆژانە فراوانتر دەبێت و ژنکوژییەکان بە بیانووی جیاواز بەردەوامن و دیارترینیان "کوشتنی شەرەف"ە، کە لە ڕیزبەندیترین جۆرەکانی توندوتیژییە و ساڵانە گیانی سەدان ژن دەبات.

 

هەرچەندە زۆرێک لەم تاوانانە بە هۆی نۆرمە کولتوورییە باوەکان و هاوبەشی هەندێک خێزان لە پەردەپۆشکردنی کوشتنەکان و نەبوونی ئازادیی ڕاگەیاندن بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیاریەکان بەبێ ڕاپۆرت دەمێننەوە، بەڵام ئامارە بڵاوکراوەکان ڕەنگدانەوەی قەبارەی ترسناکی ئەم دیاردەیەن، بەپێی ڕاپۆرتی "هەڵمەت بۆ وەستاندنی کوشتنی شەرەف"، تەنها لە ساڵی ٢٠٢٣دا زیاتر لە ١٨٦ ژنکوژی بەڵگەدارکراون، کە ژنان زۆرجار لەلایەن هاوژینەکانیان، یان باوکەکانیانەوە کوژراون، ئەمەش بەهۆی گومانەوە یان بە بیانووی "ناکۆکییەکانی خێزان" کوژراون.

 

داتاکان دەریدەخەن کە گومان پاڵنەرێکی سەرەکییە بۆ ئەم تاوانانە، ٥٢ کەیس "٣٥٪"  تەنها بەهۆی گومانی پەیوەندی لەگەڵ پیاوێکدا ڕوویانداوە، لەکاتێکدا ٣١٪ی کەیسەکان بۆ "ناکۆکییەکانی خێزان" دەگەڕێنرێنەوە، جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم زاراوەی دوایی تەنها ئیفێمیزمێکی زمانەوانییە کە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ کوشتنی شەرەف بەکاردێت، چونکە زۆرجار ژنان بەرەنگاری ئەو داواکاریانە دەبنەوە کە لەلایەن پیاوانی خێزانەوە بەسەریاندا سەپێنراون، بەتایبەتی هاوژین و باوک، هەر بۆیە "ناکۆکییەکانی خێزان" تەنها سوتەمەنیەکن کە کۆنترۆڵ و زۆرەملێی پیاو دەشارنەوە و بەکاردێت بۆ پاساوهێنانەوە بۆ کوشتنی ئەو ژنانەی کە ملکەچ بوونیان ڕەتکردۆتەوە.

 

هاوسەرگیری منداڵ

هاوسەرگیری منداڵان بە تایبەت منداڵانی کچ جۆرێکە لە توندوتیژی یاسایی کە لە ئێران دژی منداڵان ئەنجام دەدرێت، یاسای مەدەنی ئێران ڕێگە بە هاوسەرگیری منداڵانی کچی تەمەن ١٣ ساڵ و کوڕانی تەمەن ١٥ ساڵ دەدات، تەنانەت یاساکە ڕێگە بە هاوسەرگیری لە تەمەنی بچووکتردا دەکات، بە مەرجێک سەرپەرشتیار ڕەزامەندی بدات و دادگا بە بەرژەوەندی منداڵەکە بزانێت.

 

لە کاتێکدا ئاماری ورد و سیستماتیک لەسەر بڵاوبوونەوەی هاوسەرگیری منداڵان لە ساڵی ٢٠٢٣ەوە کەم بووە، زانیارییە فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە نزیکەی ٢٧ هەزار منداڵای کچ لە خوار تەمەنی ١٥ ساڵەوە لە ساڵی ٢٠٢٢ هاوسەرگیریان کردووە و زیاتر لە ١٣٩٠ لەدایکبوون بۆ دایکانی خوار تەمەنی ١٥ ساڵ تۆمارکراون.

 

ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، سەرەڕای ئەوەی داتای دایکانی خوار تەمەنی ١٠ساڵ یان ١٣ ساڵی لەخۆ نەگرتووە، هەروقەها بە وردی ژمارەی لەدایکبوونی دایکانی خوار ١٥ ساڵ بەپێی وەرزەکان دەخاتە ڕوو، لە زستانی ساڵی ٢٠٢٢دا ٣٠٦ کەیسی لەدایک بوون بەڵگەدار کراوە، لە کاتێکدا ٣٥٥ لە هەردوو وەرزی پایز و هاویندا تۆمارکراوە و ٣٧٦ لە بەهاردا تۆمارکراوە، بەگشتی لە ساڵی ٢٠٢٢دا هەزار و ٣٩٢ کچ لە دایکانی خوار تەمەنی ١٥ ساڵ منداڵیان بووە، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢١دا هەزار و ٣٤٩  یان منداڵیان بووە.

 

توندوتیژی ئابووری

توندوتیژی ئابووری جۆرێکە لە توندوتیژی سیستماتیکی دژ بە ژنان، ژنان لە سەرانسەری جیهان و بە ئێرانیشەوە ڕووبەڕووی سیستەمێکی کاری نادادپەروەرانە دەبنەوە کە بەشداریکردنیان بەدەر و سنووردار دەکات،  یاسا و سیاسەتەکان شکست دەهێنن لە دابینکردنی ئامرازی چاودێری منداڵی گونجاو، مۆڵەتی منداڵبوونی گونجاو، یان پشتیوانی کۆمەڵایەتی کاریگەر، بەم شێوەیەش ڕێگری لە توانای چوونە ناوەوە و مانەوەیان لە بازاڕی کاردا دەکات.

 

سەرەڕای ئەوەی ڕێژەی زۆری ژنانی خوێندەوار، کەمێک هەلی کاریان پێدەدرێت، ئەوانەی دەچنە ناو بازاڕی کارەوە ڕووبەڕووی جۆرە جیاوازەکانی توندوتیژی دەبنەوە، دیارترینیان توندوتیژی سێکسییە، کە کاریگەری لەسەر هەردوو کوالیتی و بڕی کار هەیە، هەروەها توندوتیژی پێکهاتەیی ژنان لە پۆستەکانی سەرکردایەتی دوور دەخاتەوە، ئامارە فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە لە کۆی نزیکەی ٥ هەزار پۆستی کارگێڕی لە ئێران، کەمتر لە ٥٠ پۆست لە لایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرێن.

 

هاوسەرگیری، منداڵبوون، سنووردارکردنی یاسایی، سنووردارکردنی هاوژین کە ڕێگری لە ژنان دەکات لە کارکردن، جیاکاری، توندوتیژی لە شوێنی کار، هەموویان ڕێگرن لە بەشداریکردنی تەواوی ژنان لە ژیانی پیشەیی، کارکردن لە ژینگە نائارامەکان و نەناسین بە کاری وەرزی و ناوماڵ، جۆرێکی دیکەی توندوتیژی ئابووری پێکدەهێنن کە ژنان تووشی دەبن.

 

هەرچەندە ئاماری ورد لەسەر ڕووداوەکانی شوێنی کار لەبەردەستدا نییە، بەڵام ئەو ژنانەی کە لە کارە سەخت و ناپارێزراوەکاندا کاردەکەن بە زیانلێکەوتووی ئەم ڕووداوانە دادەنرێت، زۆرێک ساڵانە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا، بەبێ ئەوەی دانیان پێدا بنرێت یان پارێزگارییەکی یاسایی یان کۆمەڵایەتیی پێویستیان بۆ دابین بکرێت، ژیانییان لەدەست دەدەن.

 

یاسای باڵاپۆشی و پاکیزەیی

توندوتیژیی پێکهاتەیی هەموو لایەنەکانی ژیانی ژنانی گرتۆتەوە و چ لە کۆمەڵگە و چ لە ناو خێزانەکانیاندا ناپارێزراو دەهێڵێتەوە، لە دیارترین ئامرازەکانی ئەم توندوتیژییە "یاسای باڵپۆشی و پاکیزەیی" هەیە، کە نەک هەر جۆرێکە لە توندوتیژی دژی ژنان بەڵکو ژینگەیەکی گشتی پەروەردە دەکات کە سووتەمەنی توندوتیژی کۆمەڵایەتی دژی ژنانە.

 

هەرچەندە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" و ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠٢٢ خاڵی وەرچەرخانی بەخۆیەوە بینی، کە ژنان بە شێوەیەکی کاریگەر ئەم یاسای پیاوسالارییەیان ڕەتکردەوە و تا ڕادەیەک ئازادییان لە جل و بەرگدا دەستەبەر کرد، بەڵام ساڵانی ڕابردوو شایەتی پاشەکشەی ئەم دەستکەوتە بوون، زۆرێک لە ژنان بەهۆی پابەندنەبوونیان بە باڵاپۆشی زۆرەملێییەوە، لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان، فەرمانگە حکومییەکان، بانکەکان و تەنانەت شوێنە گشتییەکانی وەک پارکەکان بێبەش کراون.

 

هاوکات، گرتن و سزادانی ژنان بە بیانووی "پابەندنەبوون بە باڵپۆشی" بەردەوامە، هەرچەندە یاسای باڵپۆشی و پاکیزەیی بۆ ماوەی دوو ساڵە بەبێ پەسەندکردنی فەرمی لە هۆڵەکانی ئەنجومەنی شۆرای ئیسلامی و ئەنجومەنی پسپۆڕان بە وەستان ماوەتەوە، بەڵام ئەم یاسایە لە پشت پەردەوە بە شێوەیەکی کاریگەر جێبەجێ دەکرێت، وەک ئامرازێکی ستەمکاری کە ژنان لە شوێنی گشتیدا سنووردار دەکات و دوور دەخاتەوە، کە ئەمەش دەرکەوتنێکی ڕوونە بۆ توندوتیژی یاسایی ڕانەگەیەندراو.

 

پڕۆژە یاسای ڕێگریکردن لە توندوتیژی دژی ژنان

 

لە ساڵی ٢٠١٧ەوە پڕۆژە یاسای پێشگرتن لە توندوتیژی دژی ژنان لە کارنامەی پەرلەمانی ئێراندایە، بەڵام بۆ ماوەی دە ساڵی تەواو بەبێ پەسەندکردن ماوەتەوە، کە خاڵێکی ناکۆکی لە نێوان حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان و دەسەڵاتی یاسادانان، سەرەڕای چەندین هەموارکردنەوە، هێشتا پڕۆژە یاساکە وەستاوە و بە یەکێک لە ئاڵۆزترین پرسەکانی پەیوەندی نێوان حکومەت و پەرلەمان دادەنرێت.

 

ئەگەر تێپەڕێنرێت، بڕیارە زۆر جۆری توندوتیژی دژی ژنان بە تاوان بزانرێت بەڵام هەندێک لە بڕگەکانی توندوتیژی بەردەوام دەکەن نەک ڕێگری لێدەکەن، ئەمەش نیگەرانی دروست دەکات کە یاساکە لە بری دابینکردنی پاراستن بۆ فراوانکردنی سەرکوتکردن بەکاربهێنرێت.

 

لە ئەم بنبەستە یاسادانانەدا، توندوتیژی دژی ژنان ڕۆژانە پەرەدەستێنێت و تاوانباران بێ سزا دەبن، توندوتیژی خێزانی و دەستدرێژی و کوشتن بەبێ وەستان بەردەوامن، لە کاتێکدا دەستدرێژی هاوسەرگیری لە ڕووی یاساییەوە دانپێدانەنراوە و ئاماری وردیش لەسەری بڵاوناکرێتەوە، بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان لە ساڵی ٢٠١٨دا، ١٨٪ی ژنانی ئێرانی تەمەن ١٥ بۆ ٤٩ ساڵان ڕایانگەیاندووە کە لانیکەم جارێک لە یەک ساڵدا تووشی توندوتیژی سێکسی بوون و ٢٢.٥٪ی منداڵانی کچی سەرووی ١٥ ساڵ ناچاربوون کاری بێ موچەی ناوماڵ ئەنجام بدەن.

 

لە کەیسەکانی دەستدرێژیدا زۆرجار زیانلێکەوتوو وەک تۆمەتبار مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و کۆمەڵگەش لایەنگری تاوانبارەکە دەکات و پشت بە سیستەمێکی یاسایی لایەنگری دەبەستێت، دۆسیەی ئەکتەر "پژمان جەمشیدی" نموونەی ئەم ڕاستییەیە، تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی خراوەتە پاڵ و سەرەڕای ئەوەی لێکۆڵینەوەکان تەواو نەبوون، بەڵام ڕێگەی پێدراوە وڵات بەجێبهێڵێت لەکاتێکدا پشتیوانییەکی بەرفراوانی لەلایەن پیاوانی کۆمەڵگەوە وەرگرتووە، ئەم نموونەیە بە ڕوونی ئەوە دەردەخات کە یاسا و کۆمەڵگە لە ئێران تەنانەت کاتێک لە پێگەی زیانلێکەوتوودا بێت لەگەڵ ژنان ڕانەوەستاوە، بەڵکو پارێزگاری بۆ تاوانباران دابین دەکات و ژنان لە دادپەروەری دوور دەخاتەوە.

 

ئاماری توندوتیژی خێزانی

ئامارە فەرمییەکان لە ئێران ئاماژە بەوە دەکەن، کە ساڵانە بە تێکڕا زیاتر لە ٧٤ هەزار ژن بەهۆکاری دەستدرێژیکردنە سەریان لە  لایانهاوژینەکانیانەوە بۆ پشکنینی جەستەیی سەردانی ناوەندەکانی پزیشکی دادوەری دەکەن، ئەمەش بەو واتایەیە کە لە هەر ٣٠٠ ژنێکی خێزاندار لە ئێراندا، یەکێکیان بە فەرمی ڕاپۆرت دەکات کە تووشی توندوتیژی هاوژینی بووە، بەڵام ئەم ژمارانە ڕەنگدانەوەی تەواوی پرسەکە نین، چونکە ژمارەی ڕاستەقینەی کەیسەکانی توندوتیژی خێزانی دژی ژنان بە نزیکەی ١٠٠ هێندە زیاترە لە ژمارەی ڕاپۆرتکراو.

 

بەپێی داتاکانی ڕەگەزی بانکی نێودەوڵەتی، نزیکەی یەک لەسەر سێی ژنان لە ئێران تووشی لەلایەن هاوبەشەکانیانەوە بوون، ئەمەش سێیەم بەرزترین ڕێژەیە لە ناوچەکەدا لە دوای ئەفغانستان و تورکیا.

 

توندوتیژی دژی ژنان دوای جیابوونەوە کۆتایی نایەت، زۆرێک لەوانەی کە پێیان دەوترێت "کوشتنی شەرەف" لەلایەن هاوژینەکانی پێشووەوە ئەنجام دەدرێن، جگە لەوەش، زۆرجار ئەو ژنانەی کە داوای جیابوونەوە دەکەن، ناچار دەبن ساڵانێک لە دادگاکاندا بگەڕێن بۆ بەدەستهێنانی مافە سەرەتاییەکانیان، وەک سەرپەرشتیکردنی منداڵ، کە لە زۆربەی کەیسەکاندا سەرپەرشتیکردن بە باوک دەدرێت و تەنها لە بارودۆخی نائاساییدا، ئەگەر سەلمێندرا کە باوکەکە توانای چاودێریکردنی منداڵەکەی نییە، ئەوا بە دایکەکە دەدرێت.

 

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، ڕەشنووسی یاسایەکی نوێ سەبارەت بە جیابوونەوە و مارەیی، گفتوگۆی لێکەوتەوە، کە پێشنیاری بەکارهێنانی سیستەمی چاودێری ئەلیکترۆنی دەکات لەبری زیندانیکردن بۆ ئەو کەسانەی کە بە تاوانی دارایی سزا دراون، لەنێویاندا ئەوانەی قەرزدارن بۆ مارەیی، لە کاتێکدا هەڵوەشاندنەوەی زیندانیکردن هەنگاوێکی مرۆیی هاوتەریبە لەگەڵ ئەو سیاسەتانەی کە ئامانجیان کەمکردنەوەی ژمارەی زیندانیانی داراییە، بەڵام چالاکوانانی مافی ژنان وتیان ئەم ڕەشنووسە یاسایە پارێزگاری دارایی و یاسایی ژنان لە ژیانی هاوسەرگیریدا لاواز دەکات، ئەوان پێیان وایە نەهێشتنی سزای تاوانکاری بۆ پێشێلکردنی مارەیی بەبێ دابینکردنی جێگرەوەکانی پارێزەر، ژنان بەرەوڕووی پەراوێزخستنی زیاتری ئابووری و یاسایی دەبێتەوە.

 

جۆرەکانی تری توندوتیژی دژی ژنان، وەک هێرشی تێزاب، خەتەنەکردنی مێینە "FGM"، ئازاردانی زارەکی، دەروونی و سۆزداری و فرەژنی، بەردەوامن بەبێ ئەوەی ئاماری فەرمی بڵاوبکرێنەوە، ڕووماڵی ڕاگەیاندنی ئەم پرسانە تا ئێستاش لەڕادەبەدەر سنووردارە، ئەمەش بەشدارە لە بەردەوامی بڵاوبوونەوەیان.

 

ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان

لە ساڵانی ڕابردوودا چالاکوانی مافی ژنان هەوڵی هاوبەشیان داوە بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان سەبارەت بە جۆرەها توندوتیژی لە ڕێگەی وۆرکشۆپی خولی پەروەردەی و چالاکییە مەدەنییەکان، پرسی بەهێزکردنی ئابووری ژنان گرنگییەکی تایبەتی پێدراوە، چونکە سەربەخۆیی دارایی وەک پێویست سەیر دەکرێت بۆ ڕزگارکردنی ژنان لە پەیوەندییە هاوسەرگیرییە توندوتیژەکان، زۆرجار پشتبەستنی ئابووری بە پیاوان پەیوەندییە زیانبەخش و سەختەکانی هەڵهاتن بەردەوام دەکات.

 

بەڵام ئەم چالاکوانانە پێیان وایە کە هۆشیاری بەتەنها بەس نییە، تا پێکهاتەی حوکمڕانی و یاساکان بە پیاوسالاری بمێنێتەوە، ژنان بەردەوام دەبن لە بەردەم جۆرەها توندوتیژی، هەر بۆیە خەباتی ژنان تەنها لە کایەی کۆمەڵایەتیدا سنووردار نییە، ئەمڕۆ ژنان لە پێشەنگی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان لە ئێراندان و ڕۆژانە شەڕی توندوتیژی و هەڵاواردنی بەڕێوەدەبەن و داوای گۆڕانکاری بنەڕەتی لە پێکهاتە یاسایی و سیاسییەکان دەکەن کە چەوساندنەوە و دوورخستنەوە بەردەوام دەکەن.