ژن و قەیرانی دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا... باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا

ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە هەموو توانا و ئیرادەیەکی بێهاوتایانەوە ساڵی ٢٠٢٥یان گۆڕی بۆ ساڵێکی خەباتی فراوان لە دژی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی، ئەم گۆڕانکارییە ڕاستەوخۆ ترسی لە ڕیزەکانی هێزە جیهادیەکاندا چاند.

بەرجەم جودی

 

کۆبانێ- باڵادەستی پیاوان بە سپۆنسەری دەوڵەت یەکێکە لە سیستماتیکترین جۆرەکانی توندوتیژی کە ژیانی ژنانی گرتۆتەوە، ئەم توندوتیژییە کە لە ڕێگەی یاساکانی دەوڵەت و ئامێرە ئاسایشییەکان و دادگا و ڕاگەیاندنەکانەوە ئەنجام دەدرێت، ئامانجی ملکەچکردنی ژنان و کۆنترۆڵکردنی جەستە و کارەکانیان و دەنگیانە.

 

ئەم هەژموونە بەردەوامەی پیاوان مافی ژیانی ژنان پێشێل دەکات، جا چ لە شوێنە گشتیەکان بێت، چ لە ناو ماڵەکاندا، چ لە شوێنی کاردا، یان تەنانەت لە پشت مێزی زیندانەکانەوە، لەبەرامبەر ئەو زوڵمەدا ژنان لە سەرانسەری جیهاندا دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەرز دەکەنەوە، بەردەوامن لە داڕشتنی ڕێگای نوێ بۆ ژیان و ئازادی و بەرخۆدان.

 

وەک ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، وتی: ژنان دەبێ بەدوای ئەوەدابن کە لەدەستیان چووە و وەریبگرنەوە، ئەگەر مرۆڤ ئەم قسەیە بخوێنێتەوە و شیکاری بکات، دەگاتە ڕەگی پرسە بنەڕەتییەکە، کە چۆن و لە کوێدا ژن پیرۆزی و سەروەری و بەهای خۆی لەدەستدا، لە هەمان کاتدا زۆر گرنگە کە ڕاستییەکان لەم چوارچێوەیەدا ئاشکرا بکەین.

 

دوای زیاتر لە ١٥ هەزار ساڵ لە کۆیلایەتی و توندوتیژی و ئەشکەنجە و ژێردەستەیی و هەژموونی کە ژنان بە درێژایی مێژوو بەرگەی گرتووە، ئەو شوێنانەی دۆزیوەتەوە کە خودی ڕاستەقینەی خۆیان تێیدا ون بووە و جارێکی دیکە شۆڕشێکیان بۆ ژیان دەستپێکردووە، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ژنان لە ڕێگەی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی، فیکری و سیاسییەوە، ڕێگەی بۆ قۆناغێکی نوێی خەبات بۆ ئازادی خۆیان خۆشکرد، ئەم خەباتە لە ساڵی ٢٠٢٥ گەیشتە لوتکە.

 

توندوتیژی نیشتمانی-دەوڵەت: ٤٣ ژن کوژراون

لە سیستەمی سەرمایەداریی هاوچەرخدا هێزگەلێک سەریان هەڵداوە کە بە پەراوێزخستنی ژنان و نکۆڵیکردن لە ڕاستی کۆمەڵگە هەوڵی چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆیان دەدەن، ئەم هێزانە لە بەرامبەر خەبات و شۆڕشەکانی ژنان، هەڵوێستی بەرگرییان گرتۆتە بەر و هێرشی فرەلایەنەیان لەدژیان دەستپێکردووە، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ژنان بوونەتە ئامانجی سەرەکی دەوڵەتی نەتەوەیی تورکیا وچەتەکانی.

 

توندوتیژییەکی سیستماتیکییان بۆ کراوە کە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی نییە، بەڵکو ڕێکخراو و بە ئەنقەست بووە، تیشک دەخاتە سەر ژنانی پێسەنگ و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییە کاریگەرەکان، ئامانج لەم توندوتیژییە شکاندنی ئیرادەی ژنان و تێکدانی ڕۆڵی ژنانە لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و خۆڕاگر، ١٢ ساڵە لە سەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشی ژنانەوە، دەوڵەتی تورک لە بەئامانجگرتنی ژنان نەوەستاوە.

 

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئەنجومەنی خێزانی شەهیدان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە ساڵی ٢٠٢٥دا ٤٣ ژن لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی و هێرشی ڕاستەوخۆ کوژراون، جگە لە برینداربوونی دەیان ژن، بە پێی ئەم ئامارە لە جزیرە ٢٠ ژن و لە حەلەب ٤ ژن و لە ڕەققە ٥ ژن و له کۆبانێ ١٤ ژن کوژراون.

 

توندوتیژی کۆمەڵایەتی و خێزانی: ٧٥ ژن کە تووشی جۆرەها توندوتیژی بوون

لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ناوچەیەک کە بەرگەی چەندین ساڵ شەڕ و ئاڵۆزییەکانی گرتووە، بێ گومان جۆرەها توندوتیژی پەرەی سەندووە، لە ساڵی ٢٠٢٥دا توندوتیژی کۆمەڵایەتی و خێزانی بە تایبەتی دەرکەوت، بە مردنی گوماناوی ژنان و کوشتنی بە ئەنقەست.

 

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی سارا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لە ماوەی شەش مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥دا، ١٧ ژن کەوتوونەتە بەر ئەشکەنجە و ١٥ ژن کوژراون، هەروەها ٣ هەوڵی کوشتن هەبووە، سەرەڕای ئەوەش، ١١ کەیسی گیانلەدەستدانی گوماناوی و کوشتن، ١٩ هەوڵی خۆکوشتن، ٢ کەیسی خۆسوتاندن، ٢ دەستدرێژی سێکسی و ٦ کەیسی زەبر و زەنگی دەروونی توند تۆمارکراون.

 

تەڤگر و ڕێکخراوەکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پێیان وایە ئەم ڕووداوانە ڕووداوی گۆشەگیر نین، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ڕاستیەکی ئاڵۆزی توندوتیژی خێزانی، فشارە ئابوورییەکان، چەوساندنەوەی کۆمەڵایەتی و کاریگەرییە دەروونییە قووڵەکانی شەڕی بەردەوامن.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵی ژنانی سەر بە  کۆنگرەیی ساتا، کۆی گشتی چوار هەزار و ٤٧٧ کەیس تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش دوو هەزار و ٢٩٦ کەیسیان چارەسەر کراون و یەکلاییکراونەتەوە، هاوکات هەزار و ٢٤٦ کەیس لە لێکۆڵینەوەدان، ماڵی ژنانی سەر بە کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا هەزار و ٤٤٧ کەیسی تۆمارکردووە، لەو ژمارەیەش ٦٥٧ کەیسیان یەکلایی بووەتەوە، بەگشتی ئەوکەیسانەی کە ماڵی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا چاودێرییان کردبوو، لەپرسی خێزانییەوە، دەرکردن لە ماڵەوە، ئەشکەنجە و توندوتیژی، هاوسەرگیریی منداڵ، فرەژنی، ڕەشبگیری، ناپاکی، هەراسانکردن و جۆرەکانی تری دەستدرێژیکردنە سەر کە ڕەنگدانەوەی ڕاستیەکی کۆمەڵایەتی ئاڵۆزە کە ژنان لەو ناوچانەدا ڕووبەڕووی دەبنەوە.

 

کۆچی زۆرەملێ و توندوتیژی دەوڵەتی: ١٩٤٠٣ ژن کۆچیان کردووە

دەوڵەتی تورکیا چەند ناوچەیەکی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا داگیر کردووە و بە دەیان هەزار ژن کۆچیانکردووە کە لە ئەنجامی هێرشە سەربازییەکانەوە ناچار بوون ماڵ و گوندەکانیان بەجێبهێڵن، ئەو هێرشانەی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ بۆ سەر ناوچەی عەفرین، سەرێکانی و گیرە سپی، هۆکارێکی سەرەکی کۆچکردنی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی بوون، کە خۆیان لە کامپەکانی کۆچبەران بینیەوە و بەدوای پاریزراوی و سەقامگیریدا دەگەڕان.

 

بەپێی داتاکانی خۆبەڕێوبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ١٤ هەزار و ٤٤٦ ژن لە سەرێکانی کۆچیانکرد، هاوکات سێ هەزار و ٦١٧ ژنی خەڵکی گیرە سپی لە کامپی تل سەمین بۆ ئەو کەسانەی لەو ناوچەیە کۆچیانکردووە دەژین، لە عەفرین و شەهبا ژمارەی ژنانی کۆچبەر گەیشتە نزیکەی ١٣٤٠ ژن.

 

ئەم ژمارانە ڕەنگدانەوەی قەبارەی ئەو کارەساتە مرۆییەیە کە بەهۆی سیاسەتەکانی داگیرکارییەوە دروست بووە، ئێستا کامپەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەیان هەزار ژن داڵدە دەدەن کە ماڵ و حاڵی خۆیان لەدەستداوە و ڕۆژانە ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە لە بارودۆخی سەختی کۆچبەریدا.

 

کۆچکردنی زۆرەملێ کە لەلایەن داگیرکەری تورکیاوە بەسەر ژناندا سەپێنراوە، بارگرانییەکی نوێی بۆ باری قورسیان زیاد کردووە کە لە ئێستاوە قورسە، ئەوانەی لە دژی هێرشەکانی داگیرکەر و توندوتیژی کۆمەڵایەتی خەبات دەکەن، خۆیان بە ناچاری لە هەلومەرج و پێوەرەکانی کۆچکردندا دەبیننەوە، هەروەها بەرپرسیارێتی زیاتریان لە ئەستۆدایە کە پەیوەندییان بە بەڕێوەبردنی کاروباری ماڵەوە، چاودێریکردنی منداڵان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو کاریگەرییە دەروونییە قووڵانە هەیە کە هاوڕێی گەڕان بەدوای پارێزراوی و چارەسەرەکاندا دەبن، هەر لەبەر ئەم هۆکارە و لە بەرامبەر بارگرانییەکانی شەڕ و ئاوارەیی ژنان خەباتێکی فراوان و بەردەوامن بەبێ پچڕان بەڕێوەدەبەن.

 

ڕێکوەوتنی کۆمەڵایەتی مافی ژنان دەپارێزێت

پێشتر ئاماژەمان بەوە کرد، کە ژنان لە زۆر بواردا تووشی جۆرەها توندوتیژی دەبنەوە، لە بەرامبەر ئەم ڕاستیانەدا، ڕێکخراو و تەڤگەرەکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی وسوریا میکانیزمی یاسایی و کۆمەڵایەتییان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دامەزراندووە و وەک بەشێک لە خەباتی ژنان لە ناوچەکەدا کە لە گەشەکردندایە و سودیان لێوەرگرتووە، لە دیارترین ئەو میکانیزمانەدا ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە کە دەیان ماددە لەخۆدەگرێت کە پاراستنی ژنان بە تاوان دەناسێنن و توندوتیژی بەرامبەریان بە تاوان دەزانن و بەشداریکردنیان لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریدا بەرەوپێش دەبەن.

 

لەسەر بنەمای ئەمەش یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی يێککەوتنی کۆمەڵایەتی ئەوەیە کە خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی لەسەر ئازادی دیموکراتیکی و ژینگەیی بونیاد نراوە، ئازادی ژنان پێوەرێکی بنەڕەتی و دانوستان نەکراوە، هەروەها هەڵوێستێکی ڕوون ده گرێتەبەر بۆ پشتیوانی له به شداری ژنان له ئابووری کۆمەڵایەتی و بەتوندی شەرمەزاری چەوساندنەوەی ژنان له بازاڕی کار و بازرگانی دەکات.

 

خۆبەڕێوەبەری لە پەیکەری ڕێکخستنی خۆیدا بنەمای هاوسەرۆکایەتی لە کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئیداریدا وەک ئامرازێک بۆ دامەزراندنی کۆنفیدراسیۆنێکی دیموکراتیکی ژنانە کە ماف و ئازادییەکانی ژنان بچەسپێنێت وچارەسەری ئازادیان لە بونیادنانی ژیان و ڕێکخستندا بەرجەستە دەکات، بە تایبەتی لە بەشی یاسایی و مافەکانیڕێکەوتنی کۆمەڵایەتیدا، ماددەی ٥٠ سزا و یاسای توندی دژ بە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان و دژ بە جیاکاریی ڕەگەزی لە کۆمەڵگەدا دیاری کرادووە.

 

لەسەر ئاستی کارگێڕی، ئەنجومەنی ژنان لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەرپرسیارە لە نوێنەرایەتیکردنی ژنان لە هەموو ئاستەکاندا: کۆمینەکان، ئەنجومەنەکان، شارەکان، کانتۆنەکان، هەروەها یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" هێزێکی سەرەکین بۆ پاراستنی ژنان، بە هەمان شێوە ئەنجومەنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی ژنان لە ڕێگەی دەستپێشخەرییەکەی "ڕۆڵی ژنان"ەوە، ڕۆڵێکی سەرەکی لە بواری یاساییدا دەگێڕێت، وەک میکانیزمێکی بنەڕەتی نوێنەرایەتی ژنان ٥٠٪ یە و دەتوانن بە ئازادی نوێنەرایەتی خۆیان پراکتیزە بکەن.

 

پاڵپشتی پەروەردەیی و ئابووری: ژنان خۆیان لە توندوتیژی دەپارێزن

جگە لەو میکانیزمە یاساییانەی کە ماف و پاراستن و ڕۆڵی ژنان دەچەسپێنن، چەندین میکانیزمی کۆمەڵایەتیش هەن کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی ژنانەوە پەرەیان پێدراوە و خەباتی بەکۆمەڵ و هاودەنگییان بەهێزتر دەکەن.

 

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی کۆنگرەی ستار و کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا، بەرنامەی پەروەردەیی و ئابووریی جیاواز پەرەی پێدەدرێت، ئەم بەرنامانە بریتین لە ڕێکخستنی سیمینار و خولی پەروەردە لە بوارەکانی وەک هۆشیاری، خوێندەواری، پەروەردە، بەرگریکردن لە خۆ و چالاکییەکانی تر.

 

بەپێی لیژنەی پەروەردەی کۆنگرەی ستار، لە ماوەی ساڵێکدا ٩٧ خولی پەروەردەیی کراوەتەوە، کە نزیکەی ١٥٠٠ ژن بەشدارییان تێدا کردووە، هەروەها خولێکی جیا بۆ پیاوان کرایەوە، کە ٢٩ بەشداربووی تێدابوو، کۆبوونەوەی ژنانی زەنوبیا کە لە کانتۆنەکانی تەبقا و ڕەققە و دێرەزوور چالاکە، ٣٧ خولی پەروەردەیی بە بەشداری ٦٧٨ ژن کردەوە.

 

لە بەرەی ئابووریشدا ژنان هەوڵدەدەن بۆ دامەزراندنی سەربەخۆیی دارایی خۆیان و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی خێزانی بە بەشداریکردن لە پڕۆژەی بەکۆمەڵدا، کۆنگرەی ستار و کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا کاریان کردووە بۆ درووستکردنی چەندین دەستپێشخەری ئابووری بۆ ژنان، دەرفەتی پراکتیکییان ڕەخساندووە بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی ڕۆژانەیان و بونیادنانی ئابوورییەکی سەربەخۆ لەسەر بنەمای ڕۆحی بەشداریکردن، ئەم چالاکییانە بوارە جیاوازەکانی وەک کشتوکاڵ، دورین، نانەواخانە، کاری دەستی، بازرگانی، ئارایشتگا، و چاودێری تەندروستی دەگرێتەوە.

 

بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، نزیکەی ٣٧ کۆمەڵەی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دامەزراون و زیاتر لە ٣٠٠ ژن سوودمەند بووە، سەرەڕای ئەو گەمارۆیە بەردەوامەی کە بەسەر ناوچەکەدا سەپێنراوە و کاریگەرییە نەرێنییە ئاڵۆزەکانی لەسەر ژنان، ئەم پڕۆژانە نوێنەرایەتی ئامرازێکی کاریگەر دەکەن بۆ بەهێزکردنی سەربەخۆیی ئابوورییان و بەرەنگاربوونەوەی شێوازەکانی توندوتیژی پەیوەست بە بارودۆخی ژیانیان، بەم شێوەیە دەستپێشخەرییە ئابوورییەکانی ژنان دەبنە کەرەستەی بەهێزکردن و بەرخۆدان، کە ڕەهەندە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان تێکەڵ دەکەن.

 

لەگەڵ ژنۆلۆژی  بەرەو ئازادی

لە جیهانێکدا کە ژنان بۆ چەندین سەدە پەراوێزخراون و لە زانستەکان دوور خراونەتەوە کە بە ناوچەی تایبەتی پیاوان دادەنرێت، ژنان بە دامەزراندنی بناغەکانی ژنۆلۆژی ناسراوە، دەستیان کردووە بە گۆڕانکارییەکی کاریگەری قووڵ، ئەم زانستە لە ڕوانگەی زانینی ژنانەوە پێناسە دەکرێتەوە، لەبری ئەو نموونە زانیاریانەی کە پیاوان وەک "هەرەمێکی پلەبەندی" دایانڕێژراوە، ژنان چوارچێوەیەکی زانیاری بونیاد دەنێن کە ڕەگ و ڕیشەی لە ژیانی ڕۆژانە و ڕاستی کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە، یەکێک لە دیارترین دەرکەوتەکانی ئەم گۆڕانکارییە گوندی ژنانی "ژنوار"ە کە ئەم نموونەیە زانیاری نوێ بەرجەستە دەکات، شوێنێکی ئازادە کە ژنان دوور لە توندوتیژی پیاوان ژیانی خۆیان بونیاد دەنێنەوە و کاروباری خۆیان بەڕێوەدەبەن و خۆیان دەپارێزن و تواناکانیان پەرەپێدەدەن، ئەم گۆڕانکارییە تەنها لە ژیانی ڕۆژانەدا سنووردار نییە، هەروەها لە بواری پەروەردەدا ڕەنگ دەداتەوە، کە ژنان خەریکی پەرەپێدانیبابەتێکن کە خۆئاگاداری و هۆشیاری بەکۆمەڵیان بەرز دەکەنەوە.

 

هەڵوێستی یەکلاکەرەوە: بەرخۆدان لە هەموو شوێنێک

بە وردی لە ڕێڕەوی ساڵی ٢٠٢٥ بۆ ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەتوانین بە دڵنیاییەوە بڵێین کە لە بەرامبەر هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و گروپە جیهادییەکان نموونەیەکی ناوازەی بەرخۆدانیان خستۆتە ڕوو، ئەم ژنانە بەرجەستەی بێهاوتای بەرخۆدانیان کردووە، کە ڕەگ و ڕیشەی لە باوەڕێکی قووڵ بە مافی ژیان و شکۆمەندی و هەڵوێستێکی چەسپاو و بوێرانەیە کە بە بەرخۆدان لە دژی بەنداوی تشرین گەیشتە لوتکە، ئەم بەرخۆدانە تەنها کاردانەوەیەک نەبوو، بەڵکو دروشمێکی فەلسەفی قووڵیان بەرزکردەوە، کە دروشمی "ئێمە لە مردن گەورەترین"، بووە بەردی بناغەی بەرگریکردنیان لە شۆڕش و دەستکەوتەکانی.

 

لە بەرامبەر توندوتیژی کۆمەڵایەتی و خێزانی و پەراوێزخستن، تێکۆشانیان فراوانتر کرد بۆ پاراستنی مافی ژیانێکی شکۆمەندانە لە ناو ماڵ و شەقام و شارەکاندا، لە کامپەکانی کۆچبەران، هیوایان بۆ ژیانێکی پارێزراو و بەردەوام بونیاد بنێنەوە، ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەموو کوشتنێکی ژنێکیان کردە هێزێک بۆ پێشکەوتن و سەرکەوتن و لە ساڵی ٢٠٢٥دا توانیان بە یەکگرتوویی و خەباتی بەردەوامیان وەڵامێکی دەستەکۆمەڵی بدەنەوە.