لە مێژووی یەنەکەدا هیچ ژنێک پۆستی سەرۆک یان جێگری سەرۆک حزبی پێ نەدراوە

ژنان لە بەشداریکردنی شۆڕش و خەباتکردندا هەمیشە لە ڕیزەکانی پێشەوە بوون، بەڵام لە کاتی دیاریکردنی پۆستە حزبییەکاندا بەرامبەر بە ماندوبوونەکانیان هەقیان پێ نادرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

لە مێژووی گەلی کورددا ژنان هەمیشە بەشداری خەبات و شۆڕش بوون، باشووری کوردستان یەکێکە لەو پارچانەی کوردستان، کە نمونەی ژنی شۆڕشگێڕی وەک، لەیلا قاسم، مارگرێت، دایە گوڵە، خوشکە فریشتە، عادیلە خان و خانزادی میری سۆران و سەدان ژنی دیکەی تێکۆشەری تیادا هەڵکەوتووە، لە سەردەمی میرنشێنەکاندا خاوەن بڕیار و لە سەردەمی شاخدا پێشمەرگە و لە خەباتی شاریشدا بەرخۆدیر بوون.

 

یەنەکە، یەکێک لەو حزبانەی باشووری کوردستان، کە لە ١ی حوزەیرانی ١٩٧٥ وەکو ڕێکخستنێکی سیاسی لە باشووری کوردستان دامەزرا و بە فەرمی بە ناوی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە بەشداری تێکۆشانی کرد، بەشێک لە ئەندامەکانی ئەم ڕێکخستنە ژنان بوون کە بە شێوەیەکی بەرچاو لە شاخدا بەشداری پێشمەرگایەتی بوون و لە دامەزراندنی یەکەی ڕاگەیاندندا ڕۆڵی کارایان هەبووە، لە خەباتی رێکخستنی شاریشدا بە جەرگ بوون و سەرەڕای ڕژێمی بەعسی فاشیزم، ڕێکخستنیان کردووە، لە ماددەی حەوتەمی یەکەم پرۆگرامی ڕێکخستنی یەنەکەدا، چەند خاڵێک تایبەت کرا بە ژنان وەکو:

-ڕزگارکردنی ژنان لە نەریتە کۆنەکان و بەشداری پێکردنیان لە بوارە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان و پاراستنی مافی کارکردن و خوێندنیان.

-دابینکردنی سەربەستی دیموکراتی بزووتنەوەی ژنان بۆ بەهێزکردنی کایە سیاسییەکانی کۆمەڵگە.

 

دامەزراندنی یەکێتی ژنانی کوردستانیش، وەک ڕێکخستنێکی تایبەت بە ژنان لەناو یەنەکەدا، ئامانجی پێشخستنی خەباتی خۆسەری ژنان بوو، تا پێشکەوتنی زیاتر بە دۆخی ژنان بدرێت.

 

ژنان بە ڕێژەیەکی زۆر کەم بەشداریان پێ کرا لە سیاسەتدا

ژنانی سیاسەتمەدار وخەباتکار لەناو یەنەکەدا، جیاواز لە حزبەکانی باشووری کوردستان، دەرفەتی لەبارتریان بۆ پێشکەوتن هەبووە، لە سەردەمە جیاوازەکانی یەنەکەدا، دەبینرێت کە ژنانێکی زۆر لە ئاستی سیاسی و بەڕێوەبردندا دەرکەوتن و شایەنی ئەوەبوون لە جومگە جیاوازەکانی حزب و بەڕێوەبردندا پێگەیان پێبدرێت و دەرفەتیان بۆ بکرێتەوە، ئەوەی جێگەی سەرنجە دوای ئەو خاڵانەی لە ماددەی حەوتەم ئاماژەی پێکرا و لە کۆنگرە یەک لە دوا یەکەکاندا، یەنەکە نەیتوانی بە ڕێژەیەکی بەرز بەشداری بە ژنان لە کایە سیاسییەکانی ناو یەنەکەدا بکات.

 

بەپێی کۆنگرەکەدا یەنەکە، ڕێژەی بەشداری ژنان بەمشێوەیەیە؛

کۆنگرەی یەکەم

دوای تێپەڕبوونی ١٧ ساڵ لە دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان یەکەمین کۆنگرەی خۆی لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ١٩٩٢ ئەنجامدا و تیایدا چەند پۆستێک و کادرەکانی دیاریکرا، لەم کۆنگرەیەدا ٦٠٠ ئەندام بەشداریان تێدا کرد کە تەنها ١٠ بۆ ١٥ لەو ئەندامانە ژن بوون، لە کۆتایی کۆنگرەکەدا پۆستە ئیداری و سەرکردایەتییەکان درا بە ٢٦ ئەندامی پیاو و هیچ ئەندامێکی ژن پۆستی ئیداری و سەرکردایەتی پێ نەسپێردرا.

 

کۆنگرەی دووەم

دوای ٩ ساڵ و لە ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٠١ کۆنگرەی دووەمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەسترا، لەم کۆنگرەیەدا هەزار و ٢٤٧ ئەندام بەشداریان تێدا کرد، هەرچەندە چەند ژنێک خۆیان کاندید کرد، بەڵام دەرنەچوون، لە کۆتایی کۆنگرەکەدا ٣٧ ئەندامی سەرکردایەتی، ١٠ ئەندامی یەدەگ هەبوون و ١٦ کەسیش بوون بە ئەندامی مەکتەب سیاسی کە سەرجەمیان پیاو بوون، هیچ ئەندامێکی ژن هەڵنەبژێردرا.

 

کۆنگرەی سێیەم

پاش تێپەڕبوونی ٩ ساڵی دیکە، لە ١ی ئایاری ٢٠١٠دا کۆنگرەی سێیەمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەنجامدرا و هەزار و ٦٧١ ئەندام بەشداریان تیادا کرد، لەم کۆنگرەیەدا باسی بەشداریکردنی ژنان لە سیاسەتدا کرا و سیستەمی کۆتای ٪٢٠ بۆ ژنان دیاریکرا بۆ ئاستی سەرکردایەتی، ئەم کۆنگرەیە بە هەنگاوێکی جیاواز بۆ خەباتی ژنان بینرا و ژنان بەشداریان لە کۆنگرەدا کرد، بەڵام لە کۆتای کۆنگرەکەدا هیچ پۆستێکی سەرۆکایەتی نەدرا بە ژنان.

 

کۆنگرەی چوارەم

دوای تێپەڕبوونی ٩ ساڵی دیکە و لە ٢١ی کانونی یەکەمی ٢٠١٩ کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەنجامدرا، بە بەشداری هەزار ئەندام بەڕێوەچوو، لە کۆتایی کۆنگرەکەدا ١٢١ ئەندام هەڵبژێردران بۆ پۆستە ئیداری و سەرکردایەتییەکان، کە ٢٦یان ژن بوون و لە سێ ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی یەکێکیان ژن بوو.

 

کۆنگرەی پێنجەم

پاش تێپەڕبوونی ٤ ساڵ لە ٢٧ی ئەیلولی ٢٠٢٣ پێنجەمین کۆنگرەی یەکیتی نیشتیمانی کوردستان بە بەشداری ٦٠٠ ئەندام ئەنجامدرا، بە پێی پەیڕەوی نوێی ئەو حزبە، لە بەشی دەیەم، ماددەی ٥٨ـدا هاتووە لە ئەنجامی کۆتایی کۆنگرەدا ڕێژەی ٪٢٥ی ئەندامی ئەنجومەنەکان ژن بن، بەڵام لە کۆتاییدا لە کۆی ٦٠ ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی تەنها ٩یان ژن بوون، بە ئەنجومەنەکانی دیکەشەوە بەشداری ژنان ٪٢٥ی تێنەپەڕاند، کە بە کۆتای بەشداری ژنان دانرابوو.

 

بە پێی زانیارییەکان ئەو حزبە دەیەوێت لە ئەنجومەنەکانی پشتیوانی و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیدا قەرەبووی ژنان بکاتەوە بۆ تێپەڕاندنی کۆتای ٪٢٥، بەڵام بەپێی ئەنجامەکان، لە کۆنگرەی پێنجەمیشدا ژنان کۆتای ٪٢٥یان پڕ نەکردەوە.

 

بە پێی ئەو ٥ کۆنگرەی ئەنجامدراوە لە مێژووی دروستبوونی یەنەکەوە تا ئێستا هیچ ژنێک نەبووە بە سەرۆک یان جێگری حزب، کە ئەمەش بە ڕێژەی ٪٠ بەرامبەر بە ٪١٠٠ی پیاوان دێت.