ئاوارە کەرکوکی، خۆبەڕێوەبەریەکی بچوکمان لە ناخی شەنگال بینی

یەکێک لە ئەندامانی شاندێکی هونەری کە سەردانی شەنگالیان کرد ڕایگەیاند، ئامانج لە سەردانیکردنی شاندەکەی باشوری کوردستان پشتیوانیکردنە لە گەلی شەنگال و دەرخستنی ئەو هێز و بیروباوەریەی شەنگالیەکانی لە ژیانی ئاوارەیی و چیاوە گەڕاندەوە بۆ ناوچەکەی خۆیان. شنیار بایز

یەکێک لە ئەندامانی شاندێکی هونەری کە سەردانی شەنگالیان کرد ڕایگەیاند، ئامانج لە سەردانیکردنی شاندەکەی باشوری کوردستان پشتیوانیکردنە لە گەلی شەنگال و دەرخستنی ئەو هێز و بیروباوەریەی شەنگالیەکانی لە ژیانی ئاوارەیی و چیاوە گەڕاندەوە بۆ ناوچەکەی خۆیان.

شنیار بایز

 

سلێمانی-دوای ئەوەی شەشی ئەم مانگە، شاندێکی باشوری کوردستان بە بەشداری ژمارەیەک لە ڕۆشنبیران، ڕۆژنامەنووسان، نوسەر، چالاکوانانی مافی مرۆڤ و ژنان، سەردانی شەنگالیان کرد، بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە بەرخۆدان و داخوازییەکانی خەڵکی شەنگال و پیشاندانی هەڵوێست بەرامبەر بەو پیلانگێڕیانەی بەرامبەر شەنگالییەکان ئەنجام دەدرێت.

ئاوارە کەرکوکی، هونەرمەند یەکێک بوو لە ئەندامانی شاندەکە، باس لە ئامانجی سەردانیکردنەکەیان دەکات بۆ شەنگال و دەڵێت "بەردەوام لە هەوڵی ئەوە دابووین سەردانی شەنگال بکەین، بەڵام چەندین جار لە لایەن دەسەڵاتەوە ڕێگریمان لێدەکرا بچین و ئەو خۆ ڕاگریەی خەڵکی شەنگال ببینین".

باسی لەوەش کرد پێش سەردانیکردنەکەیان بیر و بۆچونیان زۆر جیاوازبوو لەچاو ئەو کاتەی سەردانیان کرد، دەڵێت " کە چوین بۆ شەنگال، چاوەڕێمان دەکرد خەڵکێکی بێ هێزو و بێ هەڵوێست ببینین، باوەڕمان ناکرد خەڵکەکەی ئەوەندە لەسەر پێی خۆیان وەستابن بەڵام بینیمان کۆمەڵێک خەڵکی بە توانا و بە هێز لە شەنگالدا بوونی هەیە".

 

" شەنگال وانەیەکە بۆ دوژمن و هەموو لایەنێک"

ئاوارە کەرکوکی، تایبەت بە ئاژانسی ژنها دەڵێت کە سەردانیکردنەکەیان وانەیەکە بۆ هەموو کوردوستانیان و لایەنێک بەتایبەت دوژمنان، بۆ ئەو وڵاتانەی دەیانەوێت چنگی پیسیان لەسەر شەنگال گیر بکەن، بەڵام شەنگال ئەو هێزەیە خۆی بەڕێوەدەبات و هەوڵی دووبارە دەستپێکردنەوەی ژیان و ئاسایش دەدات.

لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت "شەنگال وەک دەوڵەتێکی بچوککراوە وایە پڕە لە یاسا، پێویستە هەموو کەسێک سەردانی شەنگال بکات و ئەو خۆبەڕێوەبەرییە بەهێزە ببینێت" ،شەنگال لەگەڵ ئەوەی ڕووبەرێکی بچوکی هەیە بەڵام بووەتە جێگای سەرنج و بەردەوام لەلایەن دەوڵەتە زلهێزەکانەوە هەڕەشەی داگیرکاری لەسەرە.

ئاوارە کەرکوکی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئامانجیان لە سەردانیکدنی شاندەکە بۆ پشتیوانیکردنی شانگالە، دوای ئەو هەوڵانەی کە دەدرێت بۆ داگیرکردنی شەنگال و لەناوبردنی ئەو خۆبەڕێوەبەرییەی لە شەنگال هەیە، لە سەردانەکەشیاندا چەندین لایەنیان بەسەرکردووەتەوە وەک، ڕێکخراوە حیزبیەکان، شوێنە حکومیەکان، هەروەها ژنانی یەبەشە.

 

ژنانی شەنگال ئومێدێکن بۆ کوردستانیان

ئاوارە کەرکوکی، باس لە ژنانی شەنگال دەکات کە هێزێکی شاراوە لەناو ناخی ژنانی شەنگالدا هەیە، کە ئەوان زۆر بەهێزانە پشتیوانیان لە ژنان دەکرد، داواشیان دەکردن ئێمەی ژنان ببینە پاڵپشتی ژنانی شەنگال، ژنانی شەنگال بە خۆڕاگر و بەهێز وەسفدەکات، کە چەند بوێرانە ڕووبەڕووی داگیرکارییەکان دەبنەوە، هەوڵیش بۆ سەربەخۆیی ژنان دەدەن، ژنانی هەموو دینەکان بێ جیاوازی دژی دوژمنان  تێدەکۆشن.

لەبارەی دۆخی ئێستای شەنگالەوە، ئاوارە کەرکوکی باسی لەوەکرد، ئەگەرچی شەنگال یەکێکە لەو ناوچانەی بەردەوام مەترسی داگیرکاری لەسەرە، بەڵام شەنگال بە بەهێزی خۆی ماوەتەوە و خەڵکەکەی بەردەوامە لە هەوڵدان بۆ پاراستنی خۆی و سیاسەتەکەی.

 

پێویستە بەرخۆدانی گەلی شەنگال بگیەنرێتە تەواوی جیهان

ئاوارە کەرکوکی، پێی وایە کە خۆبەڕێوەبەری شەنگال نمونەیەکی جیاوازی سیاسەتکردنە، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەجیاتی کۆککردنەوەی داهات بۆ خۆیان، چاو لە سیاسیەتی شەنگال بکەن،کە لەجیاتی چاوخستنە سەر پۆست و پارە، کار بۆ بەرژەوەندی هاوڵاتیان دەکرێت، هەر کەسێکیش لەو سیاستە لابدات، ئەوا زیندانی دەکرێت و سزا دەدەرێت.

 

لە کۆتایدا ئاوارە کەرکوکی، بە پێویستی دەزانێت باشوری کوردستان پێویستە هاوشێوەی هاوڵاتیانی شەنگال بن، لە ئاست سەرکوتەکردنی هاوڵاتیان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بێدەنگ نەبن، هەروەها ئەگەر ئەو سیاسەتەی لە شەنگال پەیڕەودەکرێت بگاتە باشوری کوردستان، مێژوویەکی جوان لە بەڕێوەبردنی کوردی تۆمار دەکرێت و دۆزی کورد ٪٧٠ پێشدەکەوێت.