وەدەرنان و نکۆڵی لە شوناس و ناسنامە؛ بەردەوامیی کۆچ بۆ کورد
لە ڕۆژی جیهانیی پەنابەراندا، کۆچی هەزاران گەنج و خێزانی کورد بەهۆی ناسەقامگیریی سیاسی، داڕووخانی ئابووری و نەبوونی ئاسایشەوە بەردەوامە. ئەم شەپۆلە پڕ لە مەترسییە، پرۆسەیەکی سەختە لە نێوان هیوای ژیانێکی شایستە و تاڵیی جودایی لە نیشتمان.
هێڤی سەڵاح
سلێمانی- ڕۆژی جیهانیی پەنابەران هەموو ساڵێک لە ٢٠ی حوزەیراندا لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەرز ڕادەگیرێت و تایبەتە بە ڕێزلێنان لە ئازایەتی، خۆڕاگری و تێکۆشانی ئەو کەسانەی کە بەهۆی جەنگ، چەوساندنەوە، توندوتیژی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤەوە ناچاربوون زێد و ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن. ئەم ڕۆژە لە ساڵی ٢٠٠٠دا لەلایەن کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە فەرمی پەسەند کراو بڕیار درا لە ساڵی ٢٠٠١ەوە هەموو ساڵێک یاد بکرێتەوە، کە هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم ڕێکەوتەش هاوكاتبوونی بوو لەگەڵ ڕۆژی پەنابەرانی ئەفریقا و یادکردنەوەی ٥٠ ساڵەی پەیماننامەی ساڵی ١٩٥١ی تایبەت بە بارودۆخی پەنابەران. ئامانجی سەرەکی ئەم ڕۆژە بریتییە لە بەرزکردنەوەی هۆشیاریی جیهانی دەربارەی کێشە و مافەکانی پەنابەران و پشتگیریکردن لە مافی ئەوان بۆ ژیانێکی ئارام و بەکەرامەت.
بۆ گەلی کوردیش ئەم یادە تەنها بۆنەیەکی نێودەوڵەتی یان دەقێکی سەر کاغەز نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی مێژوویەکی درێژخایەن و خوێناوی لە ڕاگواستنی زۆرەملێ، کیمیاباران، ئەنفال، کۆمەڵکوژی و کۆچی بەکۆمەڵە، کە دیارترینیان کۆچە ملیۆنییەکەی ساڵی ١٩٩١ بوو، بەڵام جیاوازیی نێوان کۆچی ڕابردوو و ئەوەی ئێستا لە سەرانسەری کوردستاندا ڕوودەدات، لەوەدایە کە ئێستا پرۆسەکە گۆڕاوە بۆ جۆرێکی تر لە چۆڵبوونی ناوخۆیی؛ کۆچێک کە زیاتر لەلایەن توێژی گەنجان، خوێندکاران، دەرچووانی زانکۆ و هێزی کار و بەهرەمەندەوە ئەنجام دەدرێت. ئەم دیاردەیە لە ئێستادا لەلایەن ناوەندە ئەکادیمی و کۆمەڵایەتییەکانەوە بە کۆچی بێدەنگ یان کۆچی ئارەزوومەندانەی ناچاری دەناسرێت، کە تێیدا مرۆڤەکان لە ژێر فشاری دەروونی و هۆکاری ناڕاستەوخۆدا بڕیاری جێهێشتنی نیشتمان دەدەن.
پسپۆڕان و کارناسانی بواری کۆمەڵناسی و زانستە سیاسییەکان پێیان وایە کە کۆچکردن هەرگیز تەنها بڕیارێکی تاکەکەسی یان سەرکێشییەکی کتوپڕ نییە، بەڵکو ئەنجامی کۆمەڵە هۆکارێکی هاوبەش و پێکەوەبەستراوی سیاسی، ئابووری، ئەمنی و کۆمەڵایەتییە. کاتێک تاک لە کۆمەڵگەدا هەست بە نادیاریی پاشەڕۆژ، نەبوونی دەرفەتی یەکسانی کار و بەرتەسکبوونەوەی ئازادییەکان دەکات، بژاردەی کۆچ وەک تاقە دەرچە لەبەردەمیدا خۆی نمایش دەکات. ئەم دۆخە بەپێی تایبەتمەندیی جوگرافی و سیاسیی هەر چوار پارچەی کوردستان بە شێوازێکی جیاواز گەشەی کردووە.
باشووری کوردستان؛ قەیرانی بێئومێدی و گەڕان بەدوای دادپەروەریدا
سەرەڕای ئەوەی باشووری کوردستان خاوەنی قەوارەیەکی دەستووری، پەرلەمان و حکومەتێکی نیمچە سەربەخۆیە و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا گەشەیەکی بەرچاوی شارستانی و ئاوەدانی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام شەپۆلی کۆچی گەنجان نەک هەر کەمی نەکردووە، بەڵکو ساڵانە ڕێژەکان ڕوو لە هەڵکشان دەکەن. کۆچبەرانی ئەم بەشە جیاوازن لەوانەی لە ترسی تۆپبارانی ڕاستەوخۆ ڕادەکەن، چونکە لێرەدا قەیرانی ئابووری و بێکاریی چەقبەستوو پاڵنەری سەرەکین، بەهۆی نەبوونی هیچ پلانێک بۆ دامەزراندن یان ڕەخساندنی دەرفەتی کاری گونجاو بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان، و پشتبەستنی تەواوی جومگەکانی ئابووری بە کەرتی گشتی و پشێوی لە سیستمی مووچەی فەرمانبەران، کە گەنجانی تووشی جۆرێک لە ئیفلاسی دارایی کردووە، هاوکات نادادیی کۆمەڵایەتی و واستەکاری و قۆرخکاریی دەرفەتەکان و نەبوونی بنەمای لێهاتوویی لە بەدەستهێنانی پێگەی پیشەیی، وایکردووە گەنجان متمانەیان بە دامەزراوەکان نەمێنێت و هەست بە نامۆیی بکەن لە ناوخۆی وڵاتی خۆیاندا. لە پاڵ ئەمانەشدا پاشەکشەی ئازادییە گشتییەکان وایکردووە بەشێک لە گەنجانی خاوەن بیرۆکە، ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی مەدەنی بەهۆی ترسی ڕاوەدوونان، گرتن یان سنووردارکردنی فەزای دەربڕینی ئازاد، ناچار بن بۆ پاراستنی خۆیان ڕێگەی هەندەران بگرنە بەر.
باکووری کوردستان؛ کۆچ لە نێوان سیاسەت و ئابووریدا
باکووری کوردستان، کە لە ڕووی ڕووبەر و ژمارەی دانیشتوانەوە گەورەترین بەشی کوردستان پێکدەهێنێت، یەکێکە لەو ناوچانەی کە زۆرترین ڕێژەی کۆچبەر و پەنابەری سیاسی پێگەیشتوو بەرهەم دەهێنێت. فشارە سیاسییە توندەکان و زەوتکردنی ئیرادە لە ڕێگەی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییە کوردییەکان لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندییەوە و سەپاندنی سیستمی قەیوم لەسەر حیسابی دەنگی شەرعیی خەڵک، لەگەڵ دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ و بەردەوامی سەرکردە، پەرلەمانتار و چالاکوانان، فەزایەکی خنکێنەری دروستکردووە کە تێیدا هیچ هیوایەک بۆ خەباتی مەدەنی نەهێڵدراوەتەوە، لەلایەکی ترەوە، شەڕ و ناسەقامگیریی سەربازی و ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکان لە ناوچە شاخاوییەکان، گوندەکان و قەزاکان، دۆخێکی وایان خوڵقاندووە کە دانیشتوانی ڕەسەن نەتوانن لەسەر کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی خۆیان بەردەوام بن، ئەمەش گوندنشینانی ناچار بە کۆچ کردووە بۆ شارە گەورەکان و لەوێشەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا. ئەم دۆخە کاتێک قورستر دەبێت کە دەوڵەت بە شێوەیەکی سیستماتیک پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری لە شارە کوردییەکاندا پاشگوێ دەخات و ئەمەش ڕێژەی بێکاریی گەیاندووەتە ئاستێکی پێوانەیی و بژێویی ژیانی ئەستەم کردووە.
ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ سێدارە، گرانی و کۆڵبەریی خوێناوی
بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەموو پارچەکانی تر ئاڵۆزتر و دژوارترە، لەم بەشەدا کۆچکردن تەنها گەڕان نییە بەدوای خۆشگوزەرانی و باشترکردنی ئاستی بژێویدا، بەڵکو لە زۆربەی حاڵەتەکاندا پرسی پاراستنی مان و نەمانە. سێدارە و سەرکوتکردنی توندوتیژانە دوای ڕاپەڕین و بزووتنەوە جەماوەرییەکانی ساڵانی ڕابردوو، و بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەسێدارەدان، گرتنی هەڕەمەکی و ئەشکەنجەدانی هاووڵاتیان و لاوانی کورد بە شێوەیەکی مەترسیدار، ترسی ڕاستەوخۆ لەدەستدانی ژیانی دروستکردووە و گەنجان ناچار دەکات بە قاچاخ و بە شەو سنوورەکان ببڕن.
ئەمە جیا لە داڕوخانی ئابووری و هەڵاوسانی بێپێشینە بەهۆی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان و خراپ بەڕێوەبردنی وڵات لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، کە تێیدا پارێزگا کوردییەکان بەهۆی جیاکاریی ڕەگەزی، نەتەوەیی و ئایینییەوە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە و لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بێبەش کراون. نەبوونی هیچ سەرچاوەیەکی تری کار، هەزاران گەنج، خوێندکار و تەنانەت کەسانی خاوەن بڕوانامەی باڵای ناچار کردووە ڕوو لە پیشەی پڕ لە مەرگی کۆڵبەری بکەن لەسەر سنوورەکان، کاتێک ئەم کۆڵبەرانە، کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی تەقەی ڕاستەوخۆ، ڕەقبوونەوە لە سەرما و کەوتنەخوارەوە لە شاخەکان دەبنەوە، بچوکترین دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت، یەکسەر ڕێگەی کۆچ بەرەو هەندەران دەگرنە بەر.
ڕۆژئاوای کوردستان؛ گەمارۆ، هێرشی دەرەکی و گۆڕینی دیمۆگرافی
ڕۆژئاوای کوردستان، سەرەڕای ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی، بەدەست کۆمەڵێک قەیرانی قووڵ و هەمەلایەنەوە دەناڵێنێت کە بوونەتە هۆی چۆڵبوونی ناوچەکە لە هێزی گەنجان کە بڕبڕەی پشتی کۆمەڵگەن. هێرشە بەردەوامەکان و تێکدانی ژێرخان لە ڕێگەی لێدانی ئاسمانی و زەمینی بۆ سەر وێستگەکانی کارەبا، پاڵاوگەکانی نەوت، تۆرەکانی ئاو و نەخۆشخانەکان، ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیانی بە تەواوی پەکخستووە. هاوکات داگیرکردنی ناوچەکانی وەک عەفرین و سەرێ کانی، بووە هۆی ئاوارەبوونی سەدان هەزار کوردی ڕەسەن و نیشتەجێکردنی خەڵکی تر لە شوێنیان، کە ئەمەش پرۆسەیەکی مەترسیداری گۆڕینی دیمۆگرافیایە.
لەلایەکی ترەوە گەمارۆی ئابووریی توند و داخرانی دەروازە سنوورییەکان لە لایەن هێزە نەیارەکانەوە، بازرگانی و گەشەی ئابووری پەکخستووە، ئەمەش هۆکارە بۆ گرانیی بێشێواز و کەمیی توندی پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک دەرمان و سووتەمەنی. هەموو ئەمانە لەگەڵ ناسەقامگیریی ئاییندە بەهۆی نەبوونی دانپێدانانی نێودەوڵەتیی فەرمی بە قەوارەکە و ترسی بەردەوام لە گەڕانەوەی شەڕی ناوخۆیی یان هێرشی نوێ، وایکردووە هاووڵاتیان متمانەیان بە ئاییندەی ناوچەکە نەمێنێت و تەنها بیر لە جێهێشتنی بکەنەوە.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەڵەی کۆچ
لە پاڵ ئەم هۆکارە بابەتیانەدا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندییە خێزانییەکان ڕۆڵیان هەیە لە دروستکردنی وێنەیەکی تەمومژاوی و زۆر سەرنجڕاکێش لە ژیانی کۆچبەران لە وڵاتانی پێشکەوتوو، ئەمەش وەک هاندەرێکی دەروونیی بەهێز کار لەسەر عەقڵیەتی گەنجان دەکات. بەڵام واقیعی کۆچ هەمیشە واتای گەیشتن بە بەهەشتی بەڵێندراو نییە، چونکە زۆرێک لە کۆچبەران لە ڕێگاکانیاندا ڕووبەڕووی مەترسیی ڕاستەوخۆیی مەرگ دەبنەوە، هەندێکیان لە دەریاکاندا دەخنکێن، هەندێکی تر لە دارستانەکاندا دەبنە قوربانیی بازرگانانی مرۆڤ، و ئەوانەشی دەگەن، دەبێت ساڵانێکی درێژ لەناو کەمپە سارد و بێبەزەیییەکاندا لەژێر فشاری دەروونیی تونددا چاوەڕوانی چارەنووسیان بکەن، ئەوەش وایکردووە ڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام هۆشدارى بدەن و داوای پاراستنی کەرامەتی مرۆیی کۆچبەران بکەن.
ڕیشەی کێشەکە و نەخشەی چارەسەر
کۆچی کوردان لە هەر چوار پارچەی کوردستان، ئەگەرچی لە ڕووی جوگرافییەوە دابەشبووە و شێوازی فەرمانڕواییەکان لێی جیاوازن، بەڵام لە ناوەڕۆکدا یەک سەرچاوەی سەرەکی و بنەڕەتی هەیە، ئەویش بریتییە لە بێبەشبوونی گەلی کورد لە مافە بنچینەییەکان، نادادی لە دابەشکردنی سامانی نیشتمانی و پێشێلکردنی کەرامەتی مرۆیی.
شارەزایانی ستراتیژی جەخت دەکەنەوە کە چارەسەری کێشەی کۆچ هەرگیز بە داخستنی سنوورەکان، توندکردنی یاساکانی ڤیزا و ڕێوشوێنی ئەمنی ناکرێت، بەڵکو ئەم دیاردەیە پێویستی بە چارەسەری ڕیشەیی و ناوخۆیی هەیە لە ڕێگەی دابینکردنی دەرفەتی کاری یەکسان، پەرەپێدانی ڕاستەقینەی کەرتی ئابووری، باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، چەسپاندنی سەروەریی یاسا و بەرزکردنەوەی ئاستی ئازادییە مەدەنی و سیاسییەکان، کە ئەمانە تاقە هەنگاون دەتوانن پاڵنەرەکانی کۆچ کەم بکەنەوە و گەنجان لە نیشتماندا ڕاگرن.
لە ڕۆژی جیهانیی پەنابەراندا، ئامار و ڕێژەکان تەنها ژمارەی سەر کاغەز نین، بەڵکو چیرۆکی تراژیدیی مرۆڤەکانن؛ چیرۆکی خنکانی گەنجانن لە دەریای ئیجە، ڕەقبوونیانە لە سەرما و سۆڵەی دارستانەکانی بیلاڕووس و پۆڵەندا، و بەفیڕۆچوونی بەهرە، وزە و توانای نەوەیەکە کە دەبوو نیشتمانی خۆیانی پێ ئاوەدان بکەنەوە. تا ئەو کاتەی هۆکارە ڕیشەییەکان چارەسەر نەکرێن، کوردستان وەک دەرامەتێکی مرۆیی دەمێنێتەوە کە ڕۆڵەکانی خۆی پۆل پۆل بەرەو نادیار بەڕێ دەکات و ناسنامەی خۆی لە وڵاتانی نامۆدا ون دەکات.