شنگال... لە تاڵی ئازارەوە بۆ خەباتی ڕێکخراو و گۆڕانکاری بەرەو دادپەروەری
سەرەڕای ئەوەی دەیان هەزار کەس کۆچیانکرد، بێسەروشوێن کران و کارەساتێکی قورسیان لە دوا بە جێ هێشت، کۆمەڵگەی ئێزدی لە نێوان دوو بەرەی مێژوویدا دەژی، برینە قووڵەکانی فەرمان و ئیرادەی دووبارە بونیادنانەوەی ژیان بە هێزیان
ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە ـ ئێزدییەکان بە درێژایی مێژوو چەندین جار تووشی چەوسانەوە، دەرکردن و فەرمان بوون، هەر لەبەر ئەوەشە، وشەی "فەرمان" لە یادەوەریی ئێزدیدا تەنها واتای بڕیارێکی حکومی نادات، بەڵکو ئاماژەیە بۆ هەڵمەتەکانی لەناوبردن و ئەو هێرشانەی کە کۆمەڵگەی ئێزدییان کردە ئامانج بۆ بنەبڕکردنی.
مێژوو لەم ناوچەیەدا بەرامبەر بە ئێزدییەکان بە بەزەیی نەبووە، ئەم ئایینە کۆنە تووشی کارەسات و ئازاری دووبارە بووەوە، هەر هێزێک هەوڵی داوە دەسەڵاتی خۆی بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنێت، ئێزدییەکانی کردووە بە یەکێک لە دیارترین قوربانییەکانی.
شنگال... نیشتیمانی مێژوویی ئێزدییەکان
شنگال دەکەوێتە نزیک سنووری سووریا و تورکیا و لە دووریی نزیکەی ٨٠ کیلۆمەتر لە موسڵ، ئەمەش گرنگییەکی ستراتیژیی پێبەخشیوە، شاخی شنگال وەک ناوەندێکی مێژوویی بۆ ژیانی ئایینی و کۆمەڵایەتیی ئێزدییەکان دادەنرێت، هەروەها پەناگەیەک بوو بۆیان لە سەردەمی چەوسانەوە و هێرشەکاندا، بەتایبەت لە کاتی هێرشی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا، کە دەیان هەزار کەس لە ترسی کوشتن و کۆچکردن پەنایان بۆ برد.
مێژووی ئێزدییەکان یادەوەرییەکی درێژی لە هەڵمەتەکانی جینۆساید هەڵگرتووە، هێرشی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا لە یادەوەریی ئێزدیدا بە "فەرمانی ٧٤م" ناسراوە، بەو پێیەی نوێترین هەڵمەتە لە زنجیرە هێرشەکان کە بە درێژایی مێژوو کۆمەڵگەی ئێزدیی کردووەتە ئامانج.
شنگال پێش ٣ی ئابی ٢٠١٤... ژیان لە لێواری کارەساتدا
پێش هێرشی داعش بۆ سەر شنگال، ناوچەکە بە ژیانێکی جێگیرەوە دەجووڵایەوە، دانیشتووانەکەی پشتیان بە کشتوکاڵ، ئاژەڵداری و بازرگانی بەستبوو، منداڵان بەردەوام بوون لە خوێندن، لە کاتێکدا کۆمەڵگەی ئێزدی بە ئازادی پارێزگاری نەریتە ئایینییەکانی خۆی دەکرد، بەڵام لەگەڵ گەشەسەندنی هەژموونی داعش لە عێراق و سووریا لە ساڵی ٢٠١٤دا، نیشانەکانی مەترسی وردە وردە لە شنگال نزیک بوونەوە، تا گەیشتە ئەو ڕۆژەی کە ئاراستەی مێژووەکەی گۆڕی.
لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا، داعش هێرشێکی فراوانی بۆ سەر شنگال ئەنجام دا، پاش قۆناغێک لە گرژی و پێکھاتە ئەمنییەکانی پێش هێرشەکە، هێرشەکەش پێشوازی لێکرا بە چاوپێکەوتن و لێکتێگەیشتنی سیاسی و ئەمنی هەرێمی، کە دواتر بە کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی سەر بە پەدەکە لە ناوچەکە لە بەیانی ئەو ڕۆژەدا کۆتایی هات، کە ئەمەش دانیشتووانی بەبێ پاراستنی پێویست بەجێهێشت لە بەرامبەر پێشڕەوییەکەدا کە داعش بە چەکی قورس پاڵپشتی دەکرد.
لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا، داعش توانی دەست بەسەر چەندین گوند و شارۆچکەدا بگرێت، یەکێک لە دڕندەترین کارەساتەکانی مێژووی هاوچەرخی ئێزدی دەستی پێکرد، هەروەها هەزاران کەس لە ماڵەکانیان بەجێهێشت بەدوای ڕزگاربووندا ڕۆشتن، لە کاتێکدا پیاوان کەوتنە دەست داعش و زۆرینەیان تووشی لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ بوون، ژنان و منداڵانی کچان ڕفێنران و بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تیرۆریستان گوازراونەتەوە، وەک موسڵ و ڕەققە، لە چوارچێوەی هەڵمەتێکدا کە بوونی ئێزدییەکان و ناسنامە ئایینی و کولتوورییەکەی کردبووە ئامانج، نەک تەنها کۆنترۆڵکردنی خاك.
کارەساتی چیای شنگال و ٧٤مین فەرمان
دوای هێرشی داعش بۆ سەر شەن٥گال لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا، دەیان هەزار ئێزدی بۆ بەدەستهێنانی پارێزراوی کۆچیانکرد بۆ چیای شنگال، بەڵام خۆیان لە ناو بارودۆخێکی سەختی مرۆییدا بینییەوە، کە تێیدا ڕۆژان و شەوان بە بێ ئاو، خۆراک یان چاودێری پزیشکی بەسەر برد، بەپێی ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچکردن، دەیان منداڵ و بەتەمەن گیانیان لەدەستدا بەهۆی تینوێتی، برسییەتی و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، لە کاتێکدا کارەساتی شاخەکە بە یەکێک لە گەورەترین کارەساتە مرۆییەکان دادەنرێت کە جیهان لە ساڵی ٢٠١٤دا بینیویەتی.

کارەساتی چیای شنگال و ٧٤مین فەرمان
دوای هێرشی داعش بۆ سەر شەن٥گال لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا، دەیان هەزار ئێزدی بۆ بەدەستهێنانی پارێزراوی کۆچیانکرد بۆ چیای شنگال، بەڵام خۆیان لە ناو بارودۆخێکی سەختی مرۆییدا بینییەوە، کە تێیدا ڕۆژان و شەوان بە بێ ئاو، خۆراک یان چاودێری پزیشکی بەسەر برد، بەپێی ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچکردن، دەیان منداڵ و بەتەمەن گیانیان لەدەستدا بەهۆی تینوێتی، برسییەتی و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، لە کاتێکدا کارەساتی شاخەکە بە یەکێک لە گەورەترین کارەساتە مرۆییەکان دادەنرێت کە جیهان لە ساڵی ٢٠١٤دا بینیویەتی.
هێرشەکە تەنها کوشتن و کۆچکردنی لەخۆ نەگرت، بەڵکو بە شێوەیەکی تایبەت ژنان و منداڵانی کچی ئێزدی کردە ئامانج، بە جۆرێک کە هەزاران کەس لەوان تووشی ڕفاندن و کۆیلایەتی سێکسی بوون، ژنان لە خێزانەکانیان جیاکرانەوە، زۆرێک لەوان لە بازاڕەکانی ژێر دەسەڵاتی تیرۆریستان لە موسڵ و ڕەققە فرۆشران، هەروەها منداڵانیش لە دایکانیان جیاکرانەوە.

ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەریانخست کە داعش توندوتیژی سێکسی وەک ئامرازێکی جەنگ بەکارهێنا بە مەبەستی لەناوبردنی کۆمەڵگەی ئێزدی و لێدان لە ناسنامە و بوونیان، ئەمەش ئەوەیە کە لەیلای ئیبراهیم، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری یەکێتیی ئێزدییەکانی سووریا، جەختی لەسەر کردەوە، وتی فەرمانی ٣ی ئاب تەنها ڕووداوێکی مێژوویی نییە، بەڵکو برینێکە کە تا ئەمڕۆش لە ویژدانی کۆمەڵگەی ئێزدیدا بە زیندوویی ماوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ١٢ ساڵ بەسەر فەرمانی شنگالدا تێپەڕیوە، لەم بۆنەیەدا سەرجەم شەهیدان بە ڕێزەوە یاد دەکەینەوە.، ئەم فەرمانە یەکێک بوو لە سەختترین ئەو فەرمانانەی کە کۆمەڵگەی ئێزدی تووشی بوو، تا ئەمڕۆش چەندین لە ژنان و منداڵانمان بێسەروشوێنن، ئامانجی ئەم فەرمانە لەناوچردنی کۆمەڵگەی ئێزدی بوو، چونکە شنگال بنەمای بوونی ئێزدییەکان و نیشتیمانی مێژووییانە.
ڕێڕەوێکی مرۆیی لە شنگال بەرەو ڕۆژئاوا
لە سایەی داڕمانی ئەمنیی دوای کشانەوەی هێزە حکومییەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەکە، یەپەگەو یەپەژە، بە هەپەگە، جووڵان بۆ کردنەوەی ڕێڕەوێکی مرۆیی لە شنگالەوە بەرەو ڕۆژئاوا، کە ئەمەش بەشداری کرد لە رزگارکردنی هەزاران مەدەنی گەمارۆدراو لە چیاکان و دابینکردنی گەیشتنی هاوکارییەکان پێیان، هەروەها ئەم هێزانە دواتر بەشدار بوون لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی داعش و ڕزگارکردنی چەندین ناوچە لە دەسەڵاتی، کە ئەوەش بووە هۆی ڕزگارکردنی ژمارەیەک لە ژنە ئێزدییە ڕفێنراوەکان.
یەپوژە پێگەیەکی تایبەتیان لەلایەن زۆرێک لە ئێزدییەکانەوە بەدەستهێنا، بە جۆرێک کە ئەو ژنە شەڕڤانانەی ڕووبەڕووی داعش بوونەوە بوونە سیمبولی هیوا و هێز، نموونەیەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و گەڕاندنەوەی توانای خۆڕاگری.
لەیلا ئابراهیم وتی: یەپەگە و ژنان ئەوانە بوون کە ژنان و منداڵانی ئێزدییان لە تیرۆری داعش ڕزگار کرد، بە شێوەیەکی تایبەت، ڕزگارکردنی ژنانی ئێزدی ئامانجی سەرەکی یەپەژە بوو لە هەموو ئۆپەراسیۆنەکاندا، و بەرخۆدانی گەورەی لەم بوارەدا پیشاندا.
ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەریانخستووە کە فەرمانی ٧٤ کارەساتێکی گەورەی بەجێهێشتووە؛ زیاتر لە پێنچ هەزار مەدەنی کوژران، نزیکەی شەش هەزار و ٤١٧ ژن و منداڵ ڕفێنران، لە کاتێکدا نێوان ٣٦٠ هەزار بۆ ٤٠٠ هەزار ئێزدی لە ناوچەکانیان کۆچیانکرد، هەروەها زیاتر لە ٨٠ گۆڕی بەکۆمەڵ لە شنگال دۆزراونەتەوە، هێشتا هەزاران کەس تا ئەمڕۆش بێسەروشوێنن، لە ناو بەردەوامبوونی ئازاری خێزانەکاندا کە بەدوای چارەنووسی خۆشەویستەکانیاندا دەگەڕێن.

لەیلای ئابراهیم روونی کردەوە، کە چارەنووسی زۆرێک لە بێسەروشوێنبووان هێشتا نەزانراوە، و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان کە بۆ کردنەوەی دۆسیەکانیان دەدرێن بەس نییە، وتی: مێژووی کۆمەڵگەی ئێزدی چەندین فەرمانی بەخۆوە بینیوە، بەڵام کەس بەرپرسیارەتی ئەوەی هەڵنەگرتووە کە ڕوویداوە، ئێمەش لە یەکێتیی ئێزدییەکانی سووریا بەردەوام بەدواداچوون دەکەین و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین بۆ گەڕاندنەوەی بێسەروشوێنبووان و ئاشکراکردنی چارەنووسیان، بێدەنگی بەرامبەر بەم کارەساتە تا ئەمڕۆش بەردەوامە.
دوای ڕزگارکردنی شنگال لە داعش، هێزەکانی پاراستنی شنگال پێکهێنران، لەوانەش یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (YBŞ) و یەکینەکانی پاراستنی ژنان لە شنگال(YJŞ)، ئەم هێزانە ڕۆڵێکی گرنگیان گێڕا لە پاراستنی کۆمەڵگەی ئێزدی و دابینکردنی ئاسایشی ناوچەکە، لەیلای ئیبراهیم لە کۆتایی قسەکانیدا، جەختی لە گرنگی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵگەی ئێزدی کردەوە، و پەنای بۆ پەندێکی کوردی برد کە دەڵێت:ئەو بەردەی ئازارت نادات هۆشیارت ناکاتەوە، سەرەڕای هەموو ئازار و فەرمانەکان، کۆمەڵگەی ئێزدی ئەمڕۆ بووەتە یەکگرتووتر، دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەری شنگال، پێکهێنانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (YBŞ) و یەکینەکانی ژنان لە شنگال (YJŞ)، و ڕێکخستنی کۆمەڵگە بۆ خۆی، هەنگاوی مێژووین کە ئێزدییەکان توانادار دەکەن لە پاراستنی خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەر فەرمانێکی داهاتوودا.
ماڵی ئێزدییەکان... لە پاراستنی ناسنامە تا بەرگریکردن لە مافەکان
ماڵی ئێزدییەکان لە ساڵی ٢٠١٢ وەک دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی دامەزرا کە گرنگی بە خزمەتکردنی کۆمەڵگەی ئێزدی، پاراستنی ناسنامە کولتووری و مێژووییەکەی، چارەسەرکردن ئەو کێشانە دەدا کە رووبەڕووی دەبوونەوە، بەڵام ڕۆڵەکەی بە شێوەیەکی فراوان گەورە بوو دوای فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ و ئەو فەرمانەی کە داعش دژی ئێزدییەکان ئەنجامی دا، بەو پێیەی بووە یەکێک لە دامەزراوە کاراکان لە بەڵگەدارکردنی تاوانەکان، بەرگریکردن لە مافەکانی زیانبەرکەوتووان، پشتگیریکردنی رزگاربووان، بەتایبەت ئەو ژنان و منداڵانەی کە لە چنگی داعش رزگار بوون، لەگەڵ بەدواداچوونی دۆسیەی بێسەروشوێنبووان و هاوکاریکردنی خێزانی زیانبەرکەوتووان.
ماڵی ئێزدییەکان هەوڵەکانی خۆی لە بواری یاسایی و دبلۆماسییدا بەردەوام پێ دەدات لە پێناو ناساندنی فەرمانی ئێزدی و پۆلێنکردنی تاوانەکانی شنگال وەک جینۆساید و تاوانی دژی مرۆڤایەتی، لە تەنیشت پاراستنی زمان، کولتوور، مێژوو و یادەوەریی بەکۆمەڵی ئێزدی، وەک بنەمایەک بۆ بەردەوامیی بوونی کۆمەڵگە و ناسنامەکەی.
سەبارەت بە شنگال، کە پێش فەرمانی ٢٠١٤ نیشتیمانی زیاتر لە ٤٠٠ هەزار ئێزدی بوو، گۆڕانکارییەکی کارەساتاوی بەخۆوە بینی دوای هێرشی داعش کە بووە هۆی ئاوارەبوونی فراوان، وێرانکارییەکی گەورە و گۆڕانکارییە دیمۆگرافییە قووڵەکان، سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵان، گەڕانەوەی زۆرێک لە خێزانەکان هێشتا رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە بەهۆی وێرانکاری، نەبوونی خزمەتگوزاری و تێكچوونی باری ئەمنی، بەڵام کۆمەڵگەی ئێزدی بەردەوامە لە دووبارە بونیادنانەوەی خۆی و ڕێکخستنی هێزەکانی و پاراستنی خاکەکەی بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی کارەساتەکە.
ئەمڕۆ، ئێزدییەکان، بە شێوەیەکی تایبەت بە سەرکردایەتیی ژنانیان، خەباتێکی یاسایی و مافی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەبەن بەڕێوە بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی تاوانە ئەنجامدراوەکانی دژیان، کۆمەڵگەی ئێزدی لە قۆناغی زیانبەرکەوتووەوە گواستراوەتەوە بۆ قۆناغی بەرخۆدان و داواکردنی مافەکان، بۆ ئەوەی دووپاتی بکاتەوە کە پاراستنی یادەوەری و ناسنامە ڕێگەی بونیادنانەوەی داهاتووە.