سێ دەیە لە ئامادەنەبوون... چۆن ژنانی مەغریب لە دوو کورسی پەرلەمانەوە بۆ چارەکێک لە کورسییەکان ڕۆیشتن؟

چیرۆکی ژنان لە پەرلەمانی مەغریبدا نەک تەنها ڕەنگدانەوەی زیادبوونی ژمارەیە، بەڵکو ڕێڕەوێکی گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیش لە دوای سەربەخۆییەوە، پرسی نوێنەرایەتی تا ئێستاش پەیوەستە بە توانای سیستەمی سیاسی بۆ فراوانکردنی بەشداریکردن.

حەنان حارت

 

مەغریب – لە نێوان ئامادەنەبوونی تەواوەتی ژنان لە پەرلەمانی مەغریب بۆ ماوەی سێ دەیە و ئامادەبوونیان ئەمڕۆ لە چارەکێک لە ئەندامانی دەستەی یاسادانان، مێژوویەکی دوور و درێژی گۆڕانکاری سیاسی و دەستووری و هەڵبژاردنەکان هەیە، بەڵام لە پشت ژمارەکانەوە پرسیارێکی تر هەیە، کە ئایا ئەم گۆڕانکاریانە سەرکەوتوو بوون لە گۆڕینی یاساکانی نوێنەرایەتی سیاسی یان تەنها دەرئەنجامەکانی ڕاستکردۆتەوە؟

 

بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ پەرلەمانی مەغریب وەک کەشێکی سیاسی بەڕێوەدەبرا کە نیوەی ئەو کۆمەڵگەیەی کە بڕیار بوو نوێنەرایەتی بکات، ڕەنگدانەوەی نەبوو، لە یەکەم هەڵبژاردنی یاسادانان لە دوای سەربەخۆیی لە ساڵی ١٩٦٣ تا سەرەتای نەوەدەکان یەک ژن بۆ دەستەی یاسادانان هەڵنەبژێردرا، ئامادەنەبوونەکە تەواو بوو، بەبێ جیاوازی و پێشکەوتن.

 

لە کاتێکدا، ژنان لە بەرخۆدان و سەندیکا و چالاکی کۆمەڵایەتی و تەنانەت لە بونیادنانی دەوڵەتی کۆمەڵایەتیدا لە دوای سەربەخۆیی ئامادە بوون، بەڵام لە کاتی داڕشتنی یاساکەدا بە تەواوی نەما، ئەو پرسیارە تەنانەت نەهاتە ئاراوە، بۆچی ژن لە پەرلەماندا نییە؟ چونکە پێدەچوو خودی نەبونەکە بەشێک بێت لە "سروشتی سیاسی" سیستەمی هەڵبژاردن.

 

پەرلەمانێک کە لە دەرەوەی نیوەی کۆمەڵگە لەدایک بووە

لە نێوان ساڵانی ١٩٦٣بۆ ١٩٨٤، مەغریب پرۆسەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی تێپەڕاند کە تایبەتمەند بوو بە بونیادنانی هێواشی دامەزراوەکان لە دوای سەربەخۆیی، لە چوارچێوەیەکدا کە هاوسەنگی هێزی لەناو کۆمەڵگە و دەوڵەتدا داڕشتەوە، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر سروشت و سنووری بەشداری سیاسی هەبوو.

 

لەم ماوەیەدا، وڵات شایەتحاڵی چوار هەڵبژاردنی یەک لە دوای یەک بوو بەبێ ئەوەی هیچ نوێنەرایەتییەکی ژن لە ئەنجومەنی نوێنەراندا هەبێت، کە ئەمەش ئەوەندە دەرئەنجامی دەقێکی یاسایی ئاشکرا نەبوو کە ژنانی بەدەر دەکرد، بەڵکو ڕەنگدانەوەی پێکهاتەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بوو کە بەشێوەیەکی نەوتراو وەدەرنانی بەرهەمهێنایەوە.

 

هەڵبژاردنەکان لەو ماوەیەدا، بە لۆژیکێکی جیاواز لە کێبڕکێی سەردەمی بەڕێوەدەبرا، کە تۆڕە ناوخۆییەکانی کاریگەری و کەسایەتییە دیارەکان و پەیوەندییە خێزانییەکان ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان هەبوو لە دیاریکردنی ئەنجامەکان لەناو بازنەی لاوازەکاندا.

 

لەم چوارچێوەیەدا، نەبوونی ژن تەنها هەلومەرج نەبوو، بەڵکو دەرئەنجامی سیستەمێکی نوێنەرایەتی بوو کە لەسەر بنەمای پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە نایەکسانەکان دامەزراوە، سیستەمێک کە هێشتا بنەمای یەکسانی لە هاوڵاتیبوونی سیاسیدا وەرنەگرتبوو.


        

 

سەرەڕای ئامادەنەبوونی تەواویان لە پەرلەمان، ژنان لەناو پارتە سیاسییەکاندا ئامادەبوون، بەڵام ئەم ئامادەبوونە تەنها لە کۆکردنەوە و ڕێکخستن و کاری کۆمەڵایەتیدا قەتیس بوو، بەبێ ئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەر درێژ بێتەوە بۆ پۆستەکانی بڕیاردان یان پرۆسەی کاندیدکردن، مەرج نییە بەشداری حیزب یەکسان بێت بە بەشداریکردن لە بڕیاردان.

 

لە دەرەوەی چوارچێوەی حیزب، ژنان لەو ماوەیەدا ڕۆڵی بەرچاویان لە کایەی گشتیدا هەبووە، ئەوان خەریکی خەباتەکانی سەربەخۆیی بوون، بەشدارییان لە چالاکییەکانی بەرخۆدان و سەندیکاکاندا دەکرد و لە چوارچێوەی کۆمەڵە ناوخۆییەکان و کەشی کۆمەڵایەتیدا چالاک بوون، بەشدارییان لە پەروەردەی نافەرمی و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی و دەستپێشخەرییەکانی ڕێکخستندا دەکرد، بەڵام ئەم ئامادەبوونە سەرەڕای فراوانییەکەی، ڕێگەی خۆی نەدۆزیەوە بۆ ناو دامەزراوە هەڵبژێردراوەکان یان کامپەکانی یاسادانان.

 

ئیلهام بێلفحیلی، سکرتێری گشتی پارتی یەکێتی دیموکراتی مەغریب، باس لەوە دەکات، کە نەبوونی ژنان بارودۆخێکی تێپەڕ نەبووە، بەڵکو دەرئەنجامی یارییەکی ئاڵۆزی نێوان سیاسەت و کولتوور و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان بووە، ئەم لێکدانەوەیە لە چوارچێوەی دامەزراوەیی زیاتر درێژ دەبێتەوە بۆ ئەوەی کۆمەڵگە چۆنێتی هەستکردن بە سیاسەتی لەخۆبگرێت، دوورخستنەوە تەنها یاسایی نەبوو، هەروەها لەناو پێکهاتەیەکی کولتووری قووڵدا چەسپاوە کە سیاسەتی بە دەسەڵات و ململانێیەوە بەستەوە، ئەو بوارانەی کە بە شێوەیەکی نەریتی پەیوەست بوون بە پیاوانەوە، لە هەمان کاتدا بوونی ژنان لە کایەی تایبەتدا قەتیس دەکرد، بە تێپەڕبوونی کات ئەم تێڕوانینانە گۆڕا بۆ ڕێسای نەنووسراو کە کاریگەرییان لەسەر میکانیزمەکانی کاندیدکردن و هەڵبژاردن و بەرهەمهێنانی نوخبە سیاسییەکان هەبوو.

 

سەرەتای درزێک لەناو پێکهاتەیەکی داخراودا

ناوچەی فراوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا گۆڕانکاری سیاسی هاوکاتی بەخۆیەوە بینی، کە بە وتارێکی گەشەسەندوو لەسەر چاکسازی سیاسی و گفتوگۆیەکی فراوانتر لەسەر بەشداریکردن و نوێنەرایەتی تایبەتمەند بوو، کە ئەمەش لە چوارچێوەی سەردەمی دوای جەنگی سارد و سەرهەڵدانی چەمکی نوێی دیموکراتی و مافی مرۆڤدا ڕوویدا، ئەم کەشوهەوای ناوچەییە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە گفتوگۆی ناوخۆیی مەغریبیشدا ڕەنگدانەوەی هەبوو، کە پرسەکانی چاکسازی سیاسی و سەردەمیەکانی ژیانی گشتی وردە وردە دەستی کرد بە دەرکەوتنی بەرچاو لە وتاری گشتیدا.

 

لەم ماوەیەدا، بزووتنەوەی ژنانی مەغریب وەک ئەکتەرێکی کاریگەری مافەکانی مرۆڤ کە تادێت زیاتر بووە، سەریهەڵدا، وتارەکەی لە داواکارییە کۆمەڵایەتییەکانەوە گۆڕا بۆ داکۆکیکردن لە بەشداریی سیاسی و نوێنەرایەتی لەناو دامەزراوە هەڵبژێردراوەکاندا، بەم شێوەیەش نەبوونی ژنان لە دۆخێکی "ئاسایی"دا پێناسەکرایەوە بۆ کێشەیەکی کراوە بۆ گفتوگۆی گشتی.

 

پارتە سیاسییەکان لە نێوان لۆژیکی ئۆپۆزسیۆن و کرانەوەی وردە وردە بۆ بەشداریکردن لە دۆخێکی نوێدا بوون، کە کەشی سنوورداری بۆ چاوخشاندنەوە بە میکانیزمەکانی کاندیدکردن دروستکرد و ڕێگەی بە گفتوگۆی ناوخۆیی سەبارەت بە نوێکردنەوەی نوخبەکاندا، کە لە بەرامبەردا ڕێگەی بەشەکی بۆ کاندیدکردنی ژنان دروستکرد کە پێشتر بەدەرکرابوون.

 

لە ساڵی ١٩٩٣ تەنها دوو ژن چوونەتە ناو پەرلەمانی مەغریب، ئەوانیش بەدیعە سەقلی و لەتیفا بنانی سمیرس، ئەم هەنگاوە زیاتر ئاماژەی دەرکەوت نەک ژمارەیی، بەڵام ڕەنگدانەوەی سەرەتای شکاندنی قۆرخکارییەکی دەیان ساڵەی پیاوانە بوو.

 

ڕێگایەکی خەبات پێش دامەزراندنی دامەزراوەکە

بەدیعە سەقلی لە ساڵی ١٩٤٤ لەدایک بووە و ئەزموونی سیاسی ئەو لە چوارچێوەی شەستەکاندا پەرەی سەندووە، کاتێک بزووتنەوە چەپەکانی ئۆپۆزسیۆن یەکێک لە دیارترین ڕێگاکانی گفتوگۆی سیاسی لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان پێکدەهێنن.

 

چوونە ناو پەرلەمان ڕووداوێکی لەناکاو نەبوو، بەڵکو لوتکەی گەشتێکی دوور و درێژ بوو لەناو کاری حزبیدا، بوونی ئەو ژنەوردە وردە لە چالاکیی ڕێکخراوەییەوە بەرەو بەشداریکردن لە گفتوگۆکانی سیاسیی ناو پارتەکەیدا پێشکەوت، لە سەردەمێکدا کە نوێنەرایەتی ژنان لە دەستەی یاسادانان نزیک بوو لە نەبوون.

 

هەڵبژاردنی ئەو لە ساتێکی سیاسیدا بوو کە پێکهاتەی نەریتی نوێنەرایەتی دەستی دەکرد بە دەرخستنی یەکەم نیشانەکانی درز، ئەمەش وایکرد هاتنی ئەو ڕەهەندێکی ئاماژەی هەڵبگرێت کە لە کەسایەتییەکەی تێدەپەڕێت بۆ ئەوەی ئاماژەیەک بێت بۆ دەستپێکردنی گۆڕانکارییەکی سنووردار لە پەیڕەوی ناوخۆی دەستڕاگەیشتن بە پەرلەمان.

 

لە ڕێکخستنی حیزبەوە تا ساتەوەختی نوێنەرایەتی

لەتیفا بنانی سمیرس لە ڕێگەی کاری ڕێکخراوەیی لە ناو حیزبی ئیستیقلالدا سەریهەڵدا، پێش ئەوەی بگوازرێتەوە بۆ کایەی نوێنەرایەتی، ئەزموونی لەناو پێکهاتەی حیزبدا کۆکردەوە کرد.

 

ڕێبازی سیاسی ئەو لە دەرەوەی لۆژیکی حزبە نەریتییەکان نەبوو، بەڵکو بەشێکی دانەبڕاوە بوو، چونکە بوونی ئەو بە پلەی یەکەم پەیوەست بوو بە کار و پێکهاتە ناوخۆییەکانەوە.

 

هاتنە ناو پەرلەمانی لە ساڵی ١٩٩٣دا، گواستنەوەی لە "نوێنەرایەتی ڕێکخراوەیی" لەناو حیزبەوە بۆ "نوێنەرایەتی سیاسی" لەناو دامەزراوەی یاساداناندا، لە چوارچێوەیەکدا، کە چەمکی کۆتا یان میکانیزمی پشتیوانی دامەزراوەیی بۆ نوێنەرایەتی ژنان هێشتا پەرەی سەندبوو.

 

بەم واتایە سەرهەڵدانی لەتیفا بنانی سمیرس و بەدیعە سەقالی هێندە دەرئەنجامی گۆڕانکاری لە یاساکانیدا نەبوو، بەڵکو کەمیەک بوو کە بەهۆی کارلێکی گۆڕانی زەمینەیەکی سیاسی لەگەڵ ڕێبازە تاکەکەسییەکان ڕێگەی پێدرابوو کە بەدرێژایی ساڵان بوونییان لەناو پێکهاتەی حیزبدا کۆکردبووەوە.

 

بەڵام ئەم پێشکەوتنە ئاماڕازەییە سەرکەوتوو نەبوو لە هێنانەدی گۆڕانکاری لە نوێنەرایەتی سیاسیدا، لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٩٧دا ژمارەی جێگرەکانی ژن تەنها بۆ دوو کورسی سنووردار مایەوە و بەدیعە سەقالی و فاتمە بلمودن لە ئەنجومەنی نوێنەران بوون، هەرچەندە ناوێک بە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٩٣ گۆڕا، بەڵام ژمارەکە وەک خۆی ماوەتەوە، لەگەڵ بەردەوامبوونی ئەم چەقبەستنە تا سەرەتای هەزارەی نوێ، ئەوە ڕوون بووەوە، کە ئاڵەنگاریرکە چیتر پەیوەندی بە هێنانی ژمارەیەکی سنووردار لە ژنانەوە نییە بۆ ناو پەرلەمان، بەڵکو لەسەر دووبارە داڕشتنەوەی ڕێساکانی دەستڕاگەیشتن بە خودی دامەزراوەی یاسادانان بووە.

 

لەم ڕوانگەیەوە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٢ قۆناغێکی نوێی دەستپێکرد بە پەسەندکردنی لیستی نیشتمانی کە تایبەتە بە ژنان، میکانیزمێکی کۆتایی بە ئامانجی فراوانکردنی ئامادەبوونی ژنان لە پەرلەماندا.

 

ناساندنی پشک و داڕشتنەوەی نوێنەرایەتی

هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٢ خاڵی وەرچەرخانی لە پێکهاتەی نوێنەرایەتی سیاسی ژناندا بەدیهێنا، پەسەندکردنی لیستی نیشتمانی کە تایبەتە بە ژنان، بووە هۆی زیادبوونی ژمارەی ژنە پەرلەمانتارەکان بۆ ٣٥ پەرلەمانتار، کە لە ١٠٪ تێپەڕی.

 

ئەم گۆڕانکارییە لە چوارچێوەی گرنگیدانێکی نوێ لەسەر پرسی نوێنەرایەتی سیاسی لە ژێر فشاری زیاتری بزووتنەوەکانی ژنان و مافی مرۆڤدا ڕوویدا، کە دەیانوت چیتر ناتوانرێت بوونی لاوازی ژنان تەنها بە هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان ڕوون بکرێتەوە، بەڵکو ناهاوسەنگییەکی پێکهاتەیی لە میکانیزمەکانی کاندیدکردن لە ناو پارتە سیاسییەکاندا ئاشکرا دەکات، بەم شێوەیە سیستەمی کۆتا وەک پچڕانێک لە نۆرمەکانی هەبوودا سەریهەڵنەدا، بەڵکو وەک میکانیزمێکی وردە وردە بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی لەناو سیستەمێکی نوێنەرایەتی نایەکساندا سەریهەڵدا.

 

سەرەڕای هێنانەکایەی لیستی نیشتمانی و هەموارکردنەکانی هاوپێچ لە یاسای هەڵبژاردنەکاندا، گۆڕانکارییەکە زیاتر وەک دابەشکردنەوەی تەکنیکی نوێنەرایەتی ماوەتەوە نەک پێداچوونەوەی قووڵی پێکهاتەی سیستەمی هەڵبژاردنەکان، ئەم هەموارکردنانە سنووردار بوون بە دروستکردنی لیستە نیشتمانییە داخراوەکان و دەستکاریکردنی ڕێکوپێکی کاندیدەکان بۆ دەستەبەرکردنی نوێنەرایەتی ژنان، بەبێ ئەوەی دەستکاری لە بناغەی کێبڕکێ لە بازنەکانی هەڵبژاردنی ناوخۆییدا بکرێت، کە هەر بە هەمان لۆژیکی نەریتی بەڕێوەچوو.

 

بەم واتایە ئەم چاکسازییانە ئەوەندەی لەگەڵ یاساکانیدا نەشکێن، لە ڕێگەی میکانیزمی هاوتەریبەوە ناهاوسەنگییەکانیان بەڕێوەبرد کە ڕێگەیان بە زیادبوونی ژمارەی ژنانی پەرلەمانتاران دەدا بەبێ گۆڕینی ئەو هەلومەرجەی کە نوخبە سیاسییەکان لە ژێردا بەرهەم دەهێنرێن.

 

لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٧، ژمارەی ژنانی پەرلەمانتار بە جێگیری لە ٣٤ پەرلەمانتاردا مایەوە، لە دۆخێکی نزیک لە بەردەوامیدا کە ڕەنگدانەوەی بەردەوامی سەقفی نوێنەرایەتییە لە چوارچێوەی هەمان پێکهاتەی هەڵبژاردندا، سەرەڕای بەردەوامی بەکارهێنانی میکانیزمی پشتیوانی، پشتڕاستیکردەوە کە گۆڕانکارییە ژمارەییەکان لەگەڵ گۆڕانکارییەکی پێکهاتەیی لە لۆژیکی نوێنەرایەتیدا نەبووە.

 

ناڕەزایەتییەکان پەیڕەوی نوێنەرایەتی سیاسییان نووسیەوە

هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١١ خاڵی وەرچەرخانێکی لە ڕێڕەوی نوێنەرایەتی ژنان لە پەرلەماندا بەدیکرد، نەک تەنها بەهۆی خودی ئەنجامەکانەوە، بەڵکو بەهۆی زەمینەی سیاسی پێشووەوە، دوای بزووتنەوەی ٢٠ی شوبات، کە لە ساڵی ٢٠١١ وەک بەشێک لە شۆڕشەکانی ناوچەیی "بەهاری گەلان" سەریهەڵدا و گفتوگۆی دەوروبەری چاکسازی سیاسی و نوێنەرایەتی دیموکراتی و پەیوەندی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگەیان فراوانتر کرد.

 

لەم کەشوهەوادا، پرسی بەشداری سیاسی ئیتر تەنها لە میکانیزمی دەنگداندا سنووردار نەبوو، بەڵکو درێژبووەوە بۆ سروشتی ئەو گروپانەی کە لە چوارچێوەی دامەزراوە هەڵبژێردراوەکاندا نوێنەرایەتیان دەکرد و ڕادەی کرانەوەیان بەرامبەر پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگە لەناو ئەم بزووتنەوەیەدا، مەغریب دەستوورێکی نوێی پەسەند کرد کە لە مادەی نۆزدەهەمدا یەکسانی ڕەگەزی دیاری کرد و پابەند بوو بە گەیشتن بە یەکسانی، ئەم گۆڕانکارییە دەستورییە لە پێکهاتەی نوێنەرایەتی لەناو ئەنجومەنی نوێنەراندا ڕەنگدانەوەی هەبوو، ژمارەی ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە بۆ نزیکەی ٦٧ ئەندام، کە نزیکەی ١٧٪ی کۆی ئەندامێتی پێکدەهێنێت، زیادبوونێکی بەرچاو بە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشوو.

 

بەڵام ئەم زیادبوونە لە چوارچێوەی گشتی گۆشەگیر نەبوو، پەیوەست بوو بە داڕشتنەوەی بەشەکی سیستەمی هەڵبژاردن و فراوانکردنی میکانیزمەکانی کردەی ئەرێنی و ئەو فشارە سیاسی و ئامڕازییەی کە ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠١١ دروستی کرد، کە چەمکی "بەشداری سیاسی"ی لە وتاری فەرمیدا پێناسەکردەوە.

 

بەڵام ئەم گۆڕانکارییە سەرەڕای گرنگییەکەی، سنوورەکانی چاکسازیشی ئاشکرا کرد، لە کاتێکدا، ژمارەی ژنان لە پەرلەمان زیادی کرد، پرسی بەهێزکردنی ڕاستەقینەیان لەناو ناوەندەکانی بڕیاردان، لەناو پارتە سیاسییەکان و لیژنەکانی پەرلەمان، وەک پرسێکی بەرچاو مایەوە، کە ئەمەش وایکرد دەستووری ساڵی ٢٠١١ زیاتر ببێتە خاڵێکی گوازراوە نەک شوێنێکی کۆتایی لە بەدواداچوونی یەکسانی سیاسیدا.

 

فاتمە مازی، سیاسەتمەدار لە لێدوانێکدا وتی: بە دەستووری ساڵی ٢٠١١، میکانیزمەکانی ئەرێنی فراوانتر کرا، بەڵام هەندێک سنووردارکردن مانەوە، لەوانە ڕێگریکردن لە هەندێک لە ژنانی پەرلەمانتار بۆ خولی دووەم بە هەمان مەرجەکان خۆیان کاندید بکەن،  وایکرد ژمارەیەکیان بچێتە بازنەکانی هەڵبژاردنی ناوخۆیی.

 

لە نوێنەرایەتییەوە تا پرسی بەهێزکردن

نوێنەرایەتی ژنان لە ماوەی دەیەی دواتردا بەردەوام بوو لە بەرزبوونەوە، لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٦دا گەیشتە ٨١ ئەندامی پەرلەمان لە ژن، پێش ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢١دا بۆ ٩٦ ئەندامی پەرلەمان بەرزبێتەوە، کە ئەمەش بەرزترین ژمارەیە لە مێژووی پەرلەماندا.

 

فاتمە مازی ڕوونیدەکاتەوە، لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١دا لیستی نیشتمانی هەڵوەشێندرایەوە و جێگرتنەوەی بە لیستە هەرێمییەکان بەسەر هەرێمەکاندا دابەشکرا، حزبەکان پابەندبوون بە دانانی ژنان لە پۆستە دیارەکاندا،  ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی ژنانی پەرلەمانتار بۆ ئاستێکی بێ وێنە، بەڵام ئەم زیادبوونە ژمارەییە کۆتایی بەو کاردانەوەیە نەهێنا کە لە دەوری سروشتی خودی نوێنەرایەتیکردن بوو.

 

لە کاتێکدا، ژمارەکان پێشکەوتنی ڕوون نیشان دەدەن، ژمارەیەک لە توێژەران و چالاکوانانی مافی مرۆڤ پێیان وایە کە بەشێکی بەرچاو لەم گۆڕانکارییە پەیوەستە بە میکانیزمەکانی کردەی ئەرێنی، لە کاتێکدا ژمارەی ئەو ژنانەی کە لە ڕێگەی کێبڕکێی ڕاستەوخۆوە دەگەنە پەرلەمان لە بازنەکانی هەڵبژاردنی ناوخۆییدا تاڕادەیەک سنووردارە.

 

ئەمەش پرسیارێک دەوروژێنێت: ئایا چاکسازییەکان سەرکەوتوو بوون لە گۆڕینی مەرجەکانی گەیشتن بە پەرلەمان، تەنها سەرکەوتوو بوون لە ڕاستکردنەوەی دەرئەنجامەکانی؟

 

گرێ چارەسەرنەکراو

سەرەڕای پێشکەوتنی ژمارەیی، پارتە سیاسییەکان وەک هەستیارترین ئەڵقە لە هاوکێشەی نوێنەرایەتی ژناندا دەمێننەوە، لە سیستەمی نوێنەرایەتیدا دەستڕاگەیشتن بە پەرلەمان لە هەڵبژاردنی کاندیدەکان و ڕێکخستنی لیستەکانی هەڵبژاردن دەست پێدەکات،  دەسەڵاتی ڕاستەقینە لێرەدایە.

 

سەرەڕای زیادبوونی بوونی ژنان لە چوارچێوەی پێکهاتە ڕێکخراوەکانی حیزبییەکان، نوێنەرایەتیان لە پۆستەی بڕیاردەرەکان و لە پرۆسەی کاندیدکردندا زۆر کەمترە لە بوونی ژنان لە ئاستی بنەڕەتیدا  بۆیە زۆرێک لە چاودێران پێیان وایە کە ئاڵەنگاریرکە چیتر تەنها لەسەر زیادکردنی ژمارەی ژنانی پەرلەمانتارەکان نییە، بەڵکو لەسەر دووبارە دابەشکردنەوەی دەسەڵاتە لەناو خودی ڕێکخراوە سیاسییەکان، ڕێگەدان بە ژنان بۆ بەشداریکردن لە بەرهەمهێنانی بڕیاری سیاسی، نەک تەنها لە نوێنەرایەتیکردنیان.

 

تاقیکردنەوەیەکی نوێ لە گەشتێکی دوور و درێژدا

زیاتر لە سێ دەیە دوای هاتنی دوو ژنی یەکەم بۆ پەرلەمان و زیاتر لە دوو دەیە دوای پەسەندکردنی سیستەمی پشک، گفتوگۆی سەبارەت بە سنوور و سروشتی ئەم نوێنەرایەتییە بەردەوامە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی یاسادانانی داهاتوو، بزووتنەوەکانی ژنان و مافی مرۆڤ، هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢٦ وەک تاقیکردنەوەیەکی نوێ بۆ توانای چاکسازییەکانی پێشوو بۆ بەرهەمهێنانی گۆڕانکارییەکی بەردەوام دەبینن.

 

دوای ساڵانێک لە گرنگیدان بە زیادبوونی ژمارەکان، ئێستا باسەکە بەرەو پرسیاری ئاڵۆزتر دەگۆڕێت: ئایا ژنان دەتوانن لەڕێگەی کێبڕکێی ڕاستەوخۆوە کورسی زیاتر بەدەستبهێنن؟ ئایا پارتە سیاسییەکان سەرکەوتوو دەبن لە بەرزکردنەوەی ئاستی سەرکردەکانی ژنان بۆ پۆستی بڕیاردان و کاندیدکردن؟ و ئایا دەتوانرێت لە لۆژیکی پشتیوانی ناوازەوە بگوازرێتەوە بۆ لۆژیکێکی دەرفەتی یەکسان؟

 

هەروەها کاردانەوەکە سەبارەت بە داهاتووی خودی میکانیزمەکانی کردەی ئەرێنی نوێ دەبێتەوە، لە نێوان ئەوانەی کە بە پێویستی دەزانن بۆ چارەسەرکردنی ناهاوسەنگییەکی مێژوویی کە بە تەواوی ڕاست نەکراوەتەوە، لەگەڵ ئەوانەی پێیان وایە ئاڵەنگاری ڕاستەقینە لە گۆڕینی ئەو پێکهاتە سیاسییەدایە کە لە پلەی یەکەمدا ئەم ناهاوسەنگییەی بەرهەمهێناوە.

 

لە نێوان ژمارە و پێکهاتەدا

ئەزموونی نوێنەرایەتی ژنان لە مەغریب ڕێڕەوێکی ناوازە ئاشکرا دەکات کاتێک بەراورد دەکرێت بە خاڵی دەستپێکی، لە پەرلەمانێکەوە کە لە نێوان ساڵانی ١٩٦٣ بۆ ١٩٩٣ ژنی تێدا نەبوو، تا دەگاتە دەستەیەکی یاسادانان کە ئەمڕۆ دەیان ئەندامی ژن لەخۆدەگرێت، بێ گومانی ئەو مەودایەی کە دەیگرێتەوە بەرچاوە.

 

بەڵام لێکدانەوەی ئەم ڕێڕەوە تەنها لە ڕێگەی ژمارەکانەوە بەس نییە بۆ ئەوەی تێبگەین کە چی ڕوویداوە، لە پشت هەموو بازدانێکی ژمارەییەوە، چاکسازییەکانی هەڵبژاردن یان دەستوور، فشارەکانی مافی مرۆڤ، هەبوون کە پاڵیان بە فراوانبوونی ئامادەیی ژنانەوە دەنا، پرسیارێک کە دەمێنێتەوە ئەوەیە کە ئایا بەڕاستی ئەم گۆڕانکاریانە سەرکەوتوو بوون لە گۆڕینی میکانیزمەکانی بەرهەمهێنانی دەسەڵاتی سیاسی لەناو حزبەکان و دامەزراوە هەڵبژێردراوەکاندا؟

 

لە نێوان ئەو نەبوونی تەواوەی کە تایبەتمەندی دەیەکانی یەکەمی دوای سەربەخۆیی بوو و ئەو بوونی ڕێژەیی کە دیمەنی پەرلەمانی ئەمڕۆ جیا دەکاتەوە، پرسیارەکە بە کراوەیی دەهێڵێتەوە: ئایا بەڕاستی یاساکانی سیاسی گۆڕاون، یان تەنها ئەنجامەکان گۆڕاون؟ ڕەنگە هەڵبژاردنی ٢٠٢٦ یەکەم تاقیکردنەوەی ڕاستەقینە بێت بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە.