پانۆڕامای ٢٠٢٥_ ڕووداو و چالاکییەکانی ژنانی باشووری کوردستان

لەم پانۆڕامایەدا چالاکی و تێکۆشانەکانی ژنانی باشووری کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ دەخەینەڕوو، کە ڕۆڵی کارایان لە هەموو بوارەکاندا گێڕا و توانیان دەستکەوتی گرنگ بەدەستبهێنن.

هێرۆ عەلی

 

ناوەندی هەواڵ- هەرچەندە سەدەی بیست و یەک بە سەدەی خەباتی ژنان ناسراوە، بەڵام هێشتا ژنان ڕووبەڕووی ترسناکترین شێوەکانی کوشتن و هەراسانکردن و ئازاردان دەبنەوە، تا تێکۆشانی ژنانیش چڕتربێتەوە، هێرشی پیاوە ستەمکارەکان توندتردەبێتەوە، بەجۆرێک چەندین ڕێگە بۆ سەرکوتکردنی تێکۆشان و بێدەنگکردنی دەنگی ژنان بەکاردەهێنن، بەڵام ژنان سەرەڕای هەموو ئاڵەنگارییەکان وەکو ساڵانی ڕابردوو بە دروشمی ''ژن، ژیان، ئازادی''، ئەم ساڵیش توانیویانە بەرامبەر هەموو جۆرە هێرشێکی تایبەت و دەروونی و دژی سیاسەتی دەستێوەردانی کولتووری، دەسەڵاتی پیاوسالاری بوەستنەوە، هەروەها ئەم ساڵ ساڵێکی مێژووی بوو بۆ تەواوی گەلی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، کە ڕیبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بانگەوازی مێژووی ''ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک''ی لە ئیمرالییەوە ڕاگەیاند، ژنانیش پێشەنگایەتی ئەم پرۆسەیەیان کرد، ڕاگەیاندنی پەیامە مێژووییەکەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، بە تەواوی ڕۆژەڤی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناوخۆیی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی گۆڕی، هەمووان چاوییان چووە سەر ئەو پەیامە بەهادارە کە ئۆقرەیی و ئارامی بەدوای خۆیدا هێنا و خوێنی لە جەستەی ڕۆڵەکان و فرمێسکی لە چاوی خانەوادەکان وەستاند، هەربۆیە وەکو ئاژانسی ''نوژنها'' لە پانۆڕامای ئەم ساڵدا تیشک دەخەینەسەر هەوڵ و تێکۆشانەکانی ژنان لە گەڵ پەیامی سەدە.

 

''دەستکەوتەکانی ژنان''

لەم بەشەی پانۆڕامادا ئەو دەستکەوتانەی ژنان دەهێنینەوە یاد کە لە ماوەی ساڵێکدا توانیویانە بەدەستی بهێنن.

 

٦ی شوبات، شیرین مەحموود، بۆجاری دووەم وەک قایمقامی قەرەداغ دەستنیشانکرا.

 

١٤ی نیسان، پلاتفۆرمی یەکگرتوویی ژنانی کورد لە شاری سلێمانی، بە بەشداری نوێنەری٢٤ ڕێکخراو و دامەزراوەی ژنان دامەزرا.

 

٢١ی نیسان، لە هۆڵی تەواری شاری سلێمانی، کۆنگرەی یەکێتی ژنانی کوردستان بەڕێوەچوو، کە تێیدا خەڵات بەخشرایە ١٨ ژنە چالاکوان و داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان.

 

٢٢ی نیسان، لە ساڵڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی، لە هۆڵی کۆماری کوردستان، لە کۆلێجی زانستە مرۆڤاییەتییەکانی زانکۆی سلێمانی، لە لایەن ''کۆسار محەمەد عەلی موراد'' سەرۆکی زانکۆی سلێمانی، بڕوانامەی ڕێزلێنان بە ٣٧ بەشداربووی دەزگا میدیایەکانی شاری سلێمانی، بەخشرا، کە تێیدا لەسەر پرسی ژنان، خەڵاتی ڕێزلینان بە '' ئاژانسی نوژنها و ژن تیڤی''، بەخشرا.

 

٣١ی ئایار، لە ئۆفیسی ڕێکخراوی ئازادبوون لە سلێمانی، بە دروشمی "یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان و پیاوان"، ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان، لە کۆڕیکدا ڕێکخراوەکەیان ناساند، هەروەها ١ی تشرینی دووەم، کردنەوەی ناوەندی ڕێکخراوەکەیان ڕاگەیاند، کە تێیدا ژنان لە تەواوی پارچەکانی کوردستان دەتوانن وەک ئەندامێک کار بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان بکەن.

 

١ی حوزەیران، لە هەڵەبجە، لە ئەنجامی پێشبرکێیەکی فۆتۆگرافیدا، کە بۆ ناساندنی ناوچە گەشتیارییەکانی سنوری هەورامان و شارەزووربوو، شێنێ موحسین، خەڵاتی سێیەمی بەدەستهێنا.

 

٣ی تەمووز، بەهۆی بەشداری کارای ژنانی پارێزگای سلێمانی لە بواری وەرزشدا، لیژنەی ئۆڵۆمپی نیشتمانی عێراق بڕیاریدا نازناوی پایتەختی وەرزشی ژنان بە شاری سلێمانی بۆ ساڵی ٢٠٢٥ ببەخشێت.

 

٢٨ی ئاب، سێیەمین مەراسیمی ساڵانەی پەیمانگایی لوتکەی زانست بەرێوەچوو، کە تێیدا خەڵات بەخشرایە سێ ژن و منداڵێکی کچ کە یەکەمی خولێکی هاوینەیی بوون.

 

٥ی ئەیلوول، لە دەیەمین کۆڕبەندی نیشتمانی بۆ ڕێزلێنان لە دەستەبژێرە نیشتمانییەکان، کە بە پاڵپشتی پارێزگاری سلێمانی بەڕێوەچوو، نوخشە ناسح، پارێزگاری هەڵەبجە، وەک یەکەمین ژنی پارێزگار لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان خەڵاتی ڕێزلێنانی پێبەخشرا.

 

٢٠ی تشرینی یەکەم، لە تەلاری تەواری شاری سلێمانی، لە لایەن یەکێتی ژنانی کوردستان، مەراسیمێکی ڕێزلێنان بۆ "پەریا محەمەد" یاریزانی پاڵەوانی هەڵبژاردەی عێراق و یاریزانی یانەی وەرزشی سلێمانی، سازکرا، ئەویش بەبۆنەی بەدەستهێنانی پلەی یەکەم و مەدالیای زێڕ لە پاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەبیدا.

 

''گرفت و ڕێگرییەکانی بەردەم ژنان''

کۆمەڵگەی پیاوسالاری و دەسەڵات هەمیشە لە هێزی ژنان ترساون، بۆیە هەمووهەوڵێکیان بۆ بێدەنکردنی دەنگی ژنان و هێزی ژنان داوە، بەڵام ئەو هەوڵانە نەبوونەتە ڕێگر لەبەردەم تێکۆشانەکانی ژنان، بەم شێوەیە:

 

دوای ئەوەی لە کۆتا ڕۆژی ساڵی ٢٠٢٤دا، ئاسایشی سلێمانی، هەڵیکوتایە سەر چوار ناوەندی ژن و سەرجەمیانی بەبێ هەبوونی فەرمانی دادگا داخست، کە یەکێک لەوانەش کۆمپانیای ''گزنگی بەرەبەیان''بوو، کە بەرنامە بۆ کەناڵی ژن تیڤی ئامادە دەکات،٢ی کانوونی دووەم، لە ئۆفیسی سەنتەری میترۆ، ژنانی ڕۆژنامەنووسی کۆمپانیاکە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامداو ڕایانگەیاند، داخستنی کەناڵی ژن تیڤی پێشلکاری یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

 

٢١ی  کانوونی دووەم، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە و یەکێک لە بڕگەکانی دەنگدان کە هەموواری یاسای باری کەسی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩بوو، دەنگی پێدراو هەمووارەکە پەسەندکرا، کە ئەو هەمووارە ڕێگە بۆ هاوسەرگیری منداڵان دەکاتەوە و مافی ژنان پێشێل دەکات، ژنانی باشووری کوردستانیش وەک چۆن هەمیشە دژی هەموو جۆرە ستەمێک وەستاونەتەوە، دژی ئەم هەمووارەش وەستانەوە و چەندین پانێڵ و سیمیناریان لە بارەی زیانەکانی ئەو هەمووارە ئەنجامدا.

 

''چالاکییەکانی ٨ی ئادار و نەورۆز''

بە بۆنەی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان ونەورۆزەوە،  چەندین چالاکی جۆراو جۆر لە شارو شارۆچکەکانی کوردستان ئەنجامدرا و ئەو بۆنانەیان بەرزڕاگرت.

١ی ئادار، لە شاری سلێمانی لە بینای ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان - پی دی ئۆ، کۆبوونەوەی تۆڕی '' ٨ی مارس'' بە مەبەستی ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکانی ٨ی ئادار بە بەشداریی ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی و داکۆکیکارانی مافەکانی ژنان بەڕێوەچوو.

 

١ی ئادار، خوێندکارانی زانکۆی کۆیە پێش هاتنی مانگی ڕەمەزان، ڕۆژی جلی کوردییان بەرز ڕاگرت.

 

١ی ئادار، لەسەر گۆڕی ژنانی بێناونیشان لە گۆڕستانی سەیوانی شاری سلێمانی، دەستپێکی چالاکییەکانی ٨ی ئادار لەلایەن کامپەینی ژنانی باشوور بۆ پشتیوانی ڕۆژئاوا بە درووشمی "ژنان بە فەلسەفەی ژن ژیان ئازادی، کۆمەڵگەی دیموکراتیک بونیاد دەنێن" لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیەندرا.

 

٢ی ئادار، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانیی ژنان، کامپەینی ژنانی باشوور بۆ پشتیوانی ڕۆژئاوا، سەردانی شوێنی کارکردنی شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازاد ''هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا''یان کرد.

 

٤ی ئادار، لە زانکۆی ڕاپەرینی ڕانییە، مامۆستا و خوێندکاران ڕۆژی جیهانی ژنانیان پیرۆزکرد.

 

٥ی ئادار، ژنانی ڕاگەیاندنكار و ئازادیخواز و بنەماڵەی شەهید هێرۆ، بەبۆنەی نزیكبوونەوەی ٨ی ئادار بە چاندنی نەمام لە شوێنی شەهیدبونی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین، نزیكەی ١٥ نەمامی زەیتوونیان چاند و بەڵێنی بەردەوامیشیاندا بە خەباتی شەهیدانی ڕۆژنامەنووس.

 

٧ی ئادار، کۆمیتەی دیپلۆماسی تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی ''تاژێ''، بە بۆنەی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی ژنان، لە سلێمانی سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان، پارتی کۆمینیست و حزبی زەحمەتکێشانی کوردستانیان کرد.

 

٨ی ئادار، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، سیاسەتمەدار، پەیامێکی بڵاوکردەوەو تێیدا پیرۆزبای لە سەرجەم ژنان کرد و ڕایگەیاند: بە پەرۆشەوە میراتی ژنانمان شکۆمەند دەکەین.

 

٨ی ئادار، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، تایبەت بە ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان، لە ڕێگەی شاندی ئیمرالییەوە پەیامێکی بۆ ژنان نارد و وتی: بانگەوازییەکە بۆ ژنان ڕێنیسانسە.

 

٨ی ئادار، بە بۆنەی رۆژی جیهانی ژنانەوە لە قایمقامیەتی قەزای ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە، لەلایەن نوخشە ناسح، قایمقامی هەڵەبجەوە خەڵات بەخشرایە ژنانی ڕۆژنامەنووس.

 

٨ی ئادار، لە مەراسیمێکی شکۆمەندانەدا، ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان لە بەردەم باخی گشتی شاری سلێمانی بەرز ڕاگیرا، کە تێیدا ژنانی چالاکوان و ئازادییخواز بە جلوبەرگی کولتووریی کوردییەوە، مەڕاسیمێکی تایبەتیان ئەنجامدا و بە ئاهەنگ و بەخشینی خەڵات ئەم ڕۆژەیان پیرۆز کرد.

 

٨ی ئادار، رۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان لەشاری كۆیە، لقی یەكێتی ژنانی كوردستان، لە بارەگای خۆیان یادی ئەو ڕۆژەیان بەرز ڕاگرت.

 

٢٠ی ئادار، بەچاودێری قایمقامی کۆیە، بە داگیرساندنی مەشخەڵ و ئاگری نەورۆز پێشوازی لەساڵی نوێی کوردی کرا و بڵێسەی ئاگر لەلایەن كچە شەهیدێك بەناوی ''نازەنین یوحنا یوسف'' لەگەڵ شانۆكار كەیفی ئەحمەد کرایەوە، بڵێسەی ئاگر ئاسمانی شینی داپۆشی و بەچەپڵە ڕێزان پێشوازی لە ساڵی نوێی كوردی وجەژنی نەورۆز كرا.

 

٢١ی ئادار، لە چیای قەندیل، بە بەشداری ژنانی هەرچوار پارچەی کوردستان ئاگری نەورۆز کرایەوە، کە تێیدا چەندین چالاکی ئەنجامدرا.

 

٢٣ی ئادار، لە شاری سلێمانی، بە بۆنەی نەورۆزو بەهارەوە فێستیڤاڵێک ئەنجامدرا، کە تێیدا ژنانی سلێمانی کارە دەستییەکانیان لە چنین و سیرامیک و گڵکاری و خواردن نمایش کرد، وەک پاڵنەرێک بۆ ئابووری خۆیان.

 

''ڕووداوە سیاسییەکان''

ڕاگەیاندنی پرۆسەی"ئاشتی و کۆمەڵگەیی دیموکراتیک'' لە لایەن ڕیبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە، دەستپێشخەرییەکی مێژووی بوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گەلی کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتیی، پرۆسەکەش چەند هەنگاوێکی بەخۆوە بینیوە، هەروەها هەر لەم ساڵیشدا پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، بەم شێوەیە:

٢٧ی شوبات، لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە چالاکوانان و هاوڵاتیان، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندانی ئیمرالییەوە بانگەوازی بۆ پرۆسەی ''ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'' کرد.

 

٩ی ئایار، پەکەکە ڕایگەیاند، کە لە ٥ بۆ ٧ی ئایاردا ١٢یەمین کۆنگرەی خۆی بەستووە و بڕیاری مێژوویی دراوە، هەروەها لە ١٢ی ئایاریشدا، بە فەرمی ڕایگەیاند، کە ڕێکخستن لەسەر بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بڕیاری داوە کە کۆتایی بە چالاکییەکانی لەژێر ناوی پەکەکەدا بهێنێت، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە تەنیا ڕێبەر ئاپۆ دەتوانێت ئەم پرۆسەیە بەڕێوە ببات.

 

١١ی تەمووز، مەراسیمی چەک لەناوبردن لە لایەن "گروپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ەوە لە ئەشکەوتی جاسەنەی سنووری پارێزگای سلێمانی ئەنجامدرا، کە پێکهاتبوون لە ٣٠ گەریلا، کە ١٥یان ژن بوون، ١٥ی دیکەشیان پیاو بوون، کە بەسێ هۆزات و نەدیم سەڤەن پێشەنگایەتییان کرد. 

 

٢٦ی تشرینی یەکەم، لە قەندیل، بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادی کورد، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، بە ئامادەبوونی ئەندامی کۆنسەری بەڕێوەبەریی کەجەکە، سەبری ئۆک، ئەندامی فەرماندەیی ئەیالەتی سەرحەدی یەژا ستار، ڤەژین دەرسیم و ئەندامی کۆنسەی فەرماندەیی هەپەگە و فەرماندەی ئەیالەتی گارزان دەڤریم پالو، کە لە باکووری کوردستانەوە هاتبوونە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، لەگەڵ ٢٥ گەریلای ئازادیخواز ئامادەبوون، ڕایگەیاند، بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە، هێزەکانمان لە سنوورەکانی تورکیا لەو شوێنانەی کە مەترسی ڕووبەڕووبوونەوە و پێکدادانیان لەسەرە دەکشێنینەوە.

 

١١ی تشرینی دووەم، پرۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی نوێنەرانی عێراق لە تەواوی هەرێمی کوردستان و عێراق ئەنجامدرا، کە دوو هەزار و ٢٤٨ کاندیدی ژن لە کێبرکێدا بوون بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین کورسییەکانی پەرلەمانی عێراق، هەروەها بەپێی داتاکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە هەرێمی کوردستان و لە پارێزگای سلێمانی ٣٢٥ هەزار و ٣٢١ دەنگدەری ژن و لە پارێزگای هەولێر ٣٥٣ هەزار و ٤٩٩ دەنگدەری ژن و لە پارێزگای دهۆک ٢٩٥ هەزار و ٢٩٦ دەنگدەری ژن بەشدارییان کردبوو، دواتریش ئەنجامەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاندرا و تێیدا  ٨٤ ژن دەرچوون و ٢٥ ژنیش بە دەنگی خۆیان سەركەوتن، لە ئێستادا ڕێژەی ژنان لە پەرلەمانی عێراق گەیشتووەتە ٢٥.٥٪ .

 

''لە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان چەندین چالاکی بەڕێوەچوو''

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ٢٥ی تشرینی دووەم ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانان چەندین چالاکییان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبرد، ئەوانیش:

 

١٦ی تشرینی دووەم، لە شاری سلێمانی، نوێنەرایەتی کۆنگرە ستار و ئەنجومەنی ژنانی پارتی یەکێتی دیموکراتیک "پەیەدە"، بە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی، دەستیان بە چالاکییەکانیان بۆ ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان کرد.

 

٢٠ی تشرینی دووەم، لەنوسینگەی نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەریی لە شاری سلێمانی، پلاتفۆرمی بۆنە هاوبەشەکان لە هەرێمی کوردستان، بە دروشمی"پێکەوە کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و کۆمەڵایەتی بونیات دەنێین بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی" ئەنجامدرا، کە تێیدا جەختیان لە دانان و پەسەند کردنی یاسایەکی تایبەت بە توندوتیژی تەکنەلۆژیا دژ بە ژن کرد.

 

٢٥ی تشرینی دووەم، بەبۆنەی ساڵڕۆژی ۲٥نۆڤەمبەر، ڕۆژی تێکۆشان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ڕێکخراوی پەیوەندییەکانی ژنانی کورد ''ڕێپاک''، هەڵسا بە ئەنجامدانی پانێڵێک بە ناونیشانی "ڕۆڵی یاسای جەعفەری لە زیادکردنی توندوتیژی لەسەر ژنان"، بە مەبەستی هۆشیارکەدنەوەی ژنان دەربارەی یاساکان.

 

٢٥ی تشرینی دووەم، گروپی هەماهەنگی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای كۆمەڵایەتی چالاكییەكانی بۆ ٢٥ تشرینی دووەم  خستەڕوو، کە ژنانی چالاکوان، ڕێکخراوەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی و بەرپرسان ئامادەی بوون، هەروەها هەر لەوڕۆژەشدا بەبۆنەى هاتنى هەفتەى بەرەنگاربونەوەى توندوتیژی دژ بە ژنان، لقى یەکێتى ژنانى کۆیە، بەئامادەبوونی ژمارەیەک لە ژنان سمینارێکی بە ناونیشانی ''پاراستنى ژنان، پاراستنى کۆمەڵگەیە لە هۆشیاریەوە بەرە و کردار'' ئەنجامدا، لە سیمینارەکە دا گفتوگۆ لە بارەی توندوتیژییەکان و چارەسەرییەکانی کرا بۆئەوەی کۆمەڵگەیەکی تەندروستمان هەبێت.

 

٢٦ی تشرینی دووەم، لە کارگەی کولتووری شاری سلێمانی، شانۆکاران لە سلێمانی بە بڵاوکردنەوەی پروشەر و پێشکەشکردنی گوڵ بە ژنانی خاوەنکار، بە دروشمی "بە ڕێکخستنیبوونی ژنان توندوتیژی دژ بە ژنان و شەڕی تایبەتی دژ بە کۆمەڵگە کۆتایی پێدەهێندرێت" هۆشیاریان بڵاوکردەوە.

 

٢ی کانوونی یەکەم، لە زانکۆی سلێمانی، لە درێژەی کارەکانی هەڵمەتی ۱٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، پانێڵێک بە ناونیشانی " لەمپەرەکانی بەردەم ژنانی ڕۆژنامەنووس"، بەڕێوەچوو.

 

 هەر لە درێژەی کارو چالاکییەکانی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ٣ی کانوونی یەکەم، لە زانکۆی سلێمانی، پانێڵێک کە لە ڕووی یاساییەوە باسی لە توندوتیژی و ڕێکارە یاساییەکان دەکرد، بۆ خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی ڕێکخرا.

 

٤ی کانوونی یەکەم، لەكامپی کۆنی زانکۆی سلێمانی، بەبۆنەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوی توندوتیژی دژی ژنان، پانێڵێک لە لایەن کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سلێمانی، سەبارەت بە ڕۆڵی دامەزراوە پەروەردەیی، ئایینی، یاسایی و کارگێڕییەکان، بەناونیشانی "پاراستنی ژن گەرەنتی ئاسایشی کۆمەڵگەیە" بەڕێوەچوو.

 

هەر لەو ڕۆژەشدا٤ی کانوونی یەکەم، لە پارکی نالی شەقامی سالم، لە شاری سلێمانی، لەلایەن تۆڕی ٨ی مارس، لە چوارچێوەی هەڵمەتی ۱٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، چالاکوانانی ژن بە وەستان و هەڵگرتنی دروشم و بەستنی ٥۳ ماسک بە دەمووچاویانەوە، کە ئاماژەبوو بۆ ئاماری تۆڕی ٨ی مارس کە کۆیکردۆتەوە، کە لە ماوەی ۱۱ مانگ ٥۳ ژن کوژراون، چالاکییەکیان ئەنجامدا.

 

٧ی کانوونی یەکەم، لە هۆڵی کۆنگرێستی زانکۆی سلێمانی، لە درێژەی چالاکییەکانی هەڵمەتی ١٦ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکان بە هاوبەشی لەگەڵ سەنتەری ڕاوێژکاری دەروونی و کۆمەڵایەتی، پانێڵێکیان بە ناونیشانی "کوشتن خۆکوشتن لە هەرێمی کوردستان"، ڕێکخست، هەر لەو ڕۆژەشدا لە هۆڵی رۆشنبیرى کۆیە لە چوارچێوەی چالاکییەکانی هەڵمەتی ١٦ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، کۆمیتەى زاگرۆس بەهاوبەشى ڕێکخراوى ڕۆشنبیرى کۆیە، سمینارێکیان بۆ هەریەکە لە بەسیدە حەیدەرانور، مامۆستاى زانکۆ, و کنێرە لوقمان خورشید، مافپەروەر بە بەشداری ژمارەیەک لە ژنانى سنوورەکە ڕێکخست.

 

٨ی کانوونی یەکەم، لە بەردەم باخی گشتی پارێزگای هەڵەبجە، هاوپه‌یمانى ژنانى كوردستان له‌ هه‌ڵمه‌تى ١٦ڕۆژەی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژ به‌ژنان، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و لە لایەن کوێستان ئەکرەم چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان ڕاگەیەندراوی هاوپەیمانەکە خوێندرایەوە کە تێیدا هاتبوو: توندوتیژى بناغه‌ى كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان تێكده‌دات و ئه‌و متمانه‌یه‌ ده‌شێوێنێت کە بڕوامان پێیه‌تى، ئەمڕۆ لەپێناو تۆقاندن و زیانگەیاندن بە مرۆڤایەتی بەیەکگرتوویی وەستاوین و پاپه‌ندبوونى بێوچانمان بۆ بنیانتنانى كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى ته‌ندرووست دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى ته‌نها كارى یه‌ك لایه‌ن نییه،‌ به‌ڵكو ئه‌ركێكى ده‌سته ‌و كۆمه‌ڵه‌.

 

هەروەها بە پێی ئامارە کۆکراوەکانی ئاژانسەکەمان''نوژنها''، لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤، تاوەکو تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٥، ٤٢ ژن کوژراون، ١٩ ژنیش بەشێوەیەکی گوماناویی گیانیان لەدەستداوە، ٥ ژنیش هەوڵی کوشتنیان دراوە، ١ ژنیش ناچار بەخۆکوشتن کراوە.

 

''لە بواری هونەری و کولتووریدا ژنان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبوو''

ساڵی ٢٠٢٥ شاهیدی ڕێکخستنی زۆر چالاکی ڕۆشنبیری و هونەری و ناساندنی پەرتووکی هونەری بوو لە سەرتاسەری کوردستان، بەو پێیەی کورد لە ڕێگەی ئەو ڕووداوانەوە هەوڵیدا ڕووبەڕووی مەترسیی پەراوێزخستنی کولتووری و هونەری ببێتەوە کە لە هەندێک بواردا ڕووبەڕووی دەبێتەوە.

 

٢٣ی شوبات، لە هۆڵی کتێبخانە گشتییەکانی شاری کۆیە، لە مەراسیمێکدا ناساندن بۆ پەرتوکی هۆنراوەی شۆخە كامەران کرا، کە جگە لە نووسین لەبواری مندألان لە بواری هۆنراوەی گەورانیش دەنووسێت.

 

١٢ی ئادار، لە پارێزگای هەڵەبجە لە هۆڵی تودەی کافێ، بە دروشمی پەرەپیدانی "ڕۆڵی ئافرەت لە ئابووریدا بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی بەهێزتر" پێشانگایەک بۆ ژنانی دەستڕەنگین کرایەوە.

 

٤ی نیسان، لەکارێزە کڵاوەی شاری سلێمانی، لە لایەن ژنانی باشووری کوردستان، بە ئامادە بوونی ژنان و چالاکوانان و سیاسەتمەداران، بە جلوبەرگی ئاڵاو واڵای کوردانەوە، هەروەها بە بەشداری هاوڵاتیانی پارچەكانی تری کوردستان و بە پێشکەشکردنی وتاری ژنانی باشووری کوردستان، ئەندامی کۆمیتەی ئازادی ڕێبەر ئۆجالان، چالاکی هونەری و نەمام ناشتنیان ئەنجامدا، هەروەها ئاهەنگێكی فراوانیان بەبۆنەی لەدایک بوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە سازکرد.

 

٢٢ی نیسان، لە پارکی شاری یاری لە شارۆچکەی شارەزوور، لە لایەن مەکتەبی ڕێکخراوە دیموکراتییەکانی شارەزوورەوە ، دووەمین فێستیڤاڵی کاری دەستی و دەستڕەنگینی بۆ ٤٠ ژن کرایەوە.

 

٢٤ی نیسان لە شاری قەڵادزێ، گروپی پەری، بەهاوکاری ماڵی کەلەپووری و دامەزراوەی کەریمی عەلەکە، فێستیڤاڵێکی خواردنە کوردەوارییەکان و کارە دەستیەکانی بۆ ژنان کردەوە.

 

٢٧ی نیسان، لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی، بەشی شانۆ، ئەنجومەنی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان بەهاوکاری ڕێد ئیڤێنت پلانەر، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە شانۆکاران و خوێندکارانی بەشی هونەر، پانێڵێکیان بۆ شانۆکار بەدیعە دارتاش ئەنجامدا.

 

٨ی ئایار، لە پارێزگای هەڵەبجە، لەلایەن بەشی شێوەکاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە، دووەمین پێشانگای شێوەکاری ژنان، بە دروشمی "هونەری ژنان، ئاوێنەی باڵا نمای جوانی ژیانە"، بۆ شێوەکارانی ژن لە هەڵەبجە بەڕێوەچوو.

 

٢٠ی ئایار، لە شارەدێی سەنگەسەری دەڤەری پشدەر، لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری ڕاپەڕین، بە بەشداری دامەزراوەی کەریمی عەلەکە، فێستیڤاڵێک بۆ ژنانی قەڵادزێ و سەنگەسەر و ڕانیە ڕێکخرا، کە ئامانج لێی خستنەڕوو بەبازاڕکردنی کارە دەستییەکانیان بوو.

 

٢٧ی حوزەیران، لە هۆڵی ڕۆشنبیری ڕانیە، فێستیڤاڵێکی هۆنراوە خوێندنەوە بۆ ١٧ ژن لە شاعیرانی کوردستان ڕێکخرا، کە ماوەی دوو ڕۆژی خایاند و لە کۆتاییدا خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە ژنانی شاعیری بەشداربوو.

 

٢١ی تەمووز، لە هۆڵی مۆزەخانەی سلێمانی، لەلایەن ڕێکخراوی فادیا بۆ ڕۆشنبیریی و هونەریی، پێشانگایەکی شێوەکاری بۆ٥٠ شێوەکاری کورد و عەرەب کرایەوە، کە ٣٠ لەو هونەرمەندانە شێوەکارانی ژنبوون.

 

٦ی ئاب، لە گەلەری ئەمنەسوورەکەی شاری سلێمانی، یەکەمین پێشانگای گروپی ڤانگارد بە ناوی "دایک"، لە لایەن شەش شێوەکار بە ناوەکانی " هەڵاڵە سان، تارا مەحمود، گوڵنار شێخ سدیق، نازە حەمەڕەزا، فاروق عەبدولڕەحمان، هەڤاڵ بەرزنج" کرایەوە، کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بە ٣٤ تابلۆی ڕەنگاڵەی ژنان بەردەوامبوو.

 

٢٠ی ئەیلوول، لە پارێزگای هەڵەبجە و بەئامادەبوونی شاعیران و نووسەران، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە ، دووەمین فێستیڤالی ئەدەبی شعری ژنانی ڕێکخست، کە لەسەرەتایی فێستیڤاڵەکەدا وتاری هەریەک لە پارێزگاری هەڵەبجە و بەڕیوەبەرایەتی ڕۆشنبیری خوێندرانەوە و پاشان لەلایەن شاعیرانی بەشدار بوو هۆنراوەکان خوێندرانەوە، هەروەها لەدوای پێشکەش کردنی هۆنراوەکان خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە ژنانی شاعیر.

 

٢١ی ئەیلوول، لە شارۆچکەی شارەزوور، شەشەمین فێستیڤالی پایز لەلایەن نوێنەرایەتی ڕێکخراوە دیموکراتییەکانی شارەزوور بە هەماهەنگی لەگەڵ گروپی ژنانی دەستڕەنگینی شارەزوور بەڕێوەچوو، کە لە فێستیڤاڵەکەدا ٦٠ ژنی دەستڕەنگین بە چەندین کاری دەستی بەشداربوون.

 

٢٧ی ئەیلوول، لە زانکۆی ئەمریکی لە شاری سلێمانی، لە کۆتا ڕۆژی کۆنفڕاسی کوردناسی گروپی هونەری "هونەرگەی وڵات" کۆنسێرتێکیان ئەنجام دا، کە تێیدا ١٢ بەرهەمیان بە زمانی کوردیی و عەرەبیی لەگەڵ چەندین چالاکی و هەڵپەڕکێ پێشکەش کرد.

 

٢٣ تشرینی یەکەم، بە ئامادەبوونی چەندین نووسەر و شێوەکار، پەرتوکەکانی "سفر هونەر" کە باسی لە کۆمەڵێک کار و چالاکی و نمایشی هونەری دەکرد، لە لایەن ئاڤان عومەرەوە ناساندی بۆ ئەنجامدرا.

 

١ی کانوونی یەکەم، له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى ڕۆشنبیرى و هونه‌رى هه‌ڵه‌بجه‌، پێشانگای هونه‌ریی و ژینگه‌یی بۆ كاره‌ هونه‌رییه‌كانى  به‌هره‌مه‌ند حوسنا هه‌ورامى بە ناوى "گڵۆپه‌كان ده‌دوێن" كرایەوە، کە تێیدا ٢٨٥ تابلۆى نمایش کرد.

 

٢١ی کانوونی یەکەم، لە هۆڵی نووسەران، یەکێتی نووسەرانی کورد - لقی سلێمانی، کۆڕێکی خوێندنەوەی شیعری بۆ هەریەکە لە  رۆژ هەڵەبجەیی، شەیدا مەعروف، نەشمیل عەلی بەرزنجی، ئاوێزان نوری، گوڵزار فەرەج، ڕێکخست، کە لە کۆڕەکەدا هەر یەک لە شاعیرانی ژن بە جیا شیعر و نوسینەکانی خۆیانیان پێشکەش کرد.

 

''فێستیڤاڵەکانی ناساندنی بەرهەمە خۆماڵییەکان لە لایەن ژنانەوە''

٢٥ی تشرینی یەکەم، لە کارگەی کولتووری جگەرە لە شاری سلێمانی، بە دەستپێشخەری ڕێکخراوی ڕۆزا لۆکسمبۆرگ لقی بەیروت و بە هاوکاری ڕێکخراوی ئارت پڵەس و کارگەی کولتوور، فێستیڤاڵێک بە ناونیشانی "لە جوتیار و باخداری خۆماڵییەوە بۆ خەڵک"، بە بەشداری ۲٠ خاوەنکار کە ۱۳ خاوەنکاریان ژنبوون، بە مەبەستی پشتگیری کردنیان بۆ بەهەمی خۆماڵیی و ناوخۆیی جوتیاران و خاوەن کارە بچووکەکان ڕێکخرا.

 

٣١ تشرینی یەکەم، یانزەهەمین فێستیڤاڵی هەنارو پایزی هەڵەبجە، لە لایەن تۆڕی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵ و بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزار هەڵەبجە دەستیپێکرد، کە ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوامبوو، کە چەندین ژن بە کارە دەستییەکانیان و بەرهەمە خۆماڵییەکان بەشداریان تێداکردبوو.

 

٩ی تشرینی دووەم، یەکەمین فێستیڤاڵی "زەیتوون بۆ پێکەوە ژیان" لە گوندی هەرمۆتە لە شاری کۆیە بەڕیوەچوو، کە لەو گوندە ساڵانە سەدان تۆن زەیتون بەرهەم دەهێندرێت و ژنانیش پێشەنگی ئامادەکردنی زەیتونن.

 

٢١ی تشرینی دووەم، پەیمانگای داژیاربەمەبەستی زیندووکردنەوەی کولتووری ڕەسەنی کوردی و بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان لە بواری ئابووریدا، فێستیڤاڵێکی تایبەتی بۆ چالاکییە کولتوورییەکان لە شاری ڕانیە ڕێکخست، کە تێیدا ژنانی دەستڕەنگین و خاوەن پڕۆژە بەرهەمەکانیان نمایشکرد.

 

١١ی ئایار، لە پارکی دەروازە لە شاری ڕانیە، لە لایەن هەڵمەتکارانی "کار بۆ کار" سەر بە پڕۆگرامی تۆڕی گۆڕانکاری دووی ڕێخراوی سپارکی هۆڵەندی بە هاوبەشی ڕێخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت  " CDO"، فێستیڤاڵێکیان بۆ چەندین ژن و خاوەن کار ڕێکخرا، کە ئامانج لێی ناساندن و بە بازاڕ کردنی کارەکانیان بوو.

 

 

''ژنان لە چالاکییەکانی هۆشیارکردنەوە ڕۆڵی دیاریان هەبووە''

ژنان بەردەوام لە هەوڵی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەدان، کە بۆ ئەم مەبەستەش چەندین سیمینار و پانێڵ و چالاکیان ئەنجامدا لەم ساڵیشدا.

 

٧ی کانوونی دووەم، لە شاری سلێمانی لە پەیمانگای تەکنیکی کوردستان، دیالۆگێک سەبارەت بە فشارە دەروونییەکانی ژنان لە نێوان ئەرکی ماڵەوە و ژینگەی کاردا لە لایەن ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان بە هاوکاری ڕێکخراوی فریاگوزاری نەرویجی بەڕێوەچوو، کە تێیدا ئاماژە بە فشاری دەروونی ژنان لە نێوان دوو بەرپرسیاریەتیدا کرا، هەروەها ئەرکی ژنان لە ماڵ و بەرپرسیاریەتیان لە جیهانی کاردا خڕایەڕوو.

 

٢٠ی کانوونی دووەم، لە هۆڵی ساڵۆنی شەقامی جمهوری شاری کەرکوک، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەر و ڕۆژنامەنوس و چالاکوانان، سیمینارێک سەبارەت بە گرنگی بەشداری ژنان لە کایەی سیاسیدا، بۆ سەمیرە ئەحمەد، چالاکوانی بواری ژنان ڕێکخرا.

 

٨ی شوبات، کامپینی دژ بە کوشتنی ژنان ئاماری نافەرمی کوشتنی ژنانی باشووری کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٤دا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا بڵاوکردەوە، کە بە پێێ ئامارەکە لە ساڵی ٢٠٢٤دا، ٤٨ حاڵەتی کوشتنی ژنان تۆمارکراوە، هەروەها بەرزترین ڕێژەی کوشتنی ژنانیش لە پارێزگای هەولێر تۆمار کراوە کە ١٨ حاڵەتەبووە.

 

٢٤ی شوبات، لە هۆڵی دامەزراوەی دیجلە لە شاری کەرکوک، بە ناونیشانی "رۆڵی ژن لە نێوەندگیری و دانووستان و ئاڵنگارییەکانی ناو کۆمەڵگە"، ڕێکخراوی ناز بۆ پەرەپێدانی کاروباری ژن و منداڵ لەگەڵ دامەزراوەی دیجلە بۆ پێکەوە ژیان،  سیمینار و گفتوگۆیەکی کراوەیان بۆ ژمارەیەک لە چالاکوان، رۆژنامەنووس، ژنانی سیاسەتمەدار ڕێکخست.

 

٢٦ی ئادار، لە شاری هەولێر، ڕێکخراوی ئێمە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی کە رێكخراوێكی بواری ژنانە، لە پێناو دەربڕینی ناڕەزایی دژ بە زیادبوونی ڕێژەی کوشتنی ژن لە ماوەی سێ مانگدا، لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە هەولێر، گردبوونەوەیەکیان ڕێکخست.

 

١٥ی نیسان، لە هۆتێل تایتانیکی شاری سلێمانی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بە ناونیشانی "بەهێزکردنی تواناکانی ژنانی ڕۆژنامەنووس: برەودان بە یەکسانی، هاوبەشیپێکردنی ژنان لە جومگەکانی بەڕێوەبردن لە پێناو ڕەخساندنی ژینگەیەکی تەندروست لە میدیادا"، لەلایەن سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ، بە هاوبەشی ڕێکخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیڕوڕا و میدیا و بە پاڵپشتی ڕێكخراوی" UPP"بەڕێوەچوو.

 

٢٣ی نیسان، لە هۆڵی ڕووناک ڕەئوف، لە شاری سلێمانی،  ڕێکخراوی ڕاگەیاندن و ڕووناکبیری ژنان، بەئامادەبوونی ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسانی ژن، گفتوگۆیەکی کراوەیان بەمەبەستی بەرز ڕاگرتنی ڕۆڵ و پێگەی ژنان لەبواری ڕاگەیاندن ئەنجامدا، دواتر چەند چالاکیەکی هونەری تێدا بەڕێوەچوو.

 

٢٤ی نیسان، لە هۆڵی کۆنفڕانسی زانکۆی سلێمانی، لە لایەن ڕێکخراوی چەمک بۆ چاکسازی و بونیادنان، بە ئامادەبوونی مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی، پانێڵێک بە ناونیشانی "کۆمەڵگە پێویستە دوبارە پەیوەندی لەگەڵ سروشت دروست بکات"، ئەنجامدرا.

 

٦ی ئایار، لە ناوەندی ئەرشیف، توێژینەوە و پەرتوکخانەی ژنی کورد، لە سلێمانی، کۆڕێک بۆ ناساندنی پەرتوکی" ژنۆلۆژی باشوور"، بەئامادەبوونی ژمارەیەک لە ژنانی نووسەر و چالاکوان، سازکرا.

 

١١ی ئایار، لە پارێزگای هەڵەبجە، سەنتەری هەرس و جگەر و نەخۆشیەکانی  مەمک  کرایەوە، بەو شێوەیە ژنان دەتوانن پێشوەختە پشکنینی سنگیان بکەن بۆ ئەوەی ڕێگری لەهەر حاڵەتێکی نەخوازراو بکەن.

 

١٥ی ئایار، لە هۆتێل هایکرست لە شاری سلێمانی، بە دەستپێشخەریی ڕێکخراوی یەکێتی ژنانی کوردستان، بە دروشمی "لەسەر بنەمای شۆڕشی ژنان، بەرەو کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک"، یەکەمین کۆنگرەی دوای دامەزراندنی هاوپەیمانی نادا ''هاوپەیمانی ژنانی دیموکراتیکی هەرێمی'' دەستیپێکرد، کە ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوامبوو.

 

٢٢ی ئایار، لە هۆڵی ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت، لە شاری سلێمانی، سیمینارێک بە ناونیشانی ئەزموونی ٥٣ ساڵی تەمەن لەگەڵ شەکرە و کاریگەریەکانی بۆ پەریخان جاف، دکتۆر سازکرا.

 

٢٤ی حوزەیران، لە ڕێکخراوی ئازادبوون، لە شاری سلێمانی، لە لایەن ناوەندی ئەرشیف، توێژینەوەو پەرتوکخانەی ژنی کورد، دووەمین ساڵیادی دامەزراندنی ناوەندەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهید "ناگیهان ئاکارسەل" و ژنانی ڕێگای ئازادی بەرز ڕاگیرا.

 

٥ی تەمووز، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنان، وۆرکشۆپی تایبەت بە "پلاتفۆرمی یەکێتی نەتەوەیی ژنی کورد - باشووری کوردستان" لە سلێمانی دەستیپێکرد، کە لە کۆتاییدا بە ١٠ خاڵ ئەنجامی پلاتفۆڕمەکە ڕاگەیاندرا، کە تێیدا جەخت لەوەکرایەوە کە بەشداری ژنان لەم یەکێتییە نەتەوەییەدا، تێکۆشان دەبێت بەرامبەر سیستمی سەرمایەداری.

 

١٥ی تەمووز، لە هۆتێل تایتانیک لە شاری سلێمانی، لە لایەن دامەزراوەی کەریمی عەلەکە، دیداری " پرسەکانی ژنانی کورد، لە دوێنێ و ئەمڕۆدا"، بە ئامادەبوونی چەندین چالاکوان و توێژەری کۆمەڵایەتی و مامۆستای زانکۆ، بۆ شرۆڤەکردن و گۆڕینەوەی بیروڕای ژنان لە بارەی پرسەکانی ژنان لە قۆناغێکی دیکەی ژیانی ژناندا بەڕێوەچوو.

 

٢٧ی تەمووز، لە ناوەندی ئەرشیف، توێژینەوە و پەرتوکخانەی ژنی کورد لە شاری سلێمانی، بە بەشداری ژنانی چالاکوان و نووسەر، ناساندن بۆ پەرتوکی "چەردەیەک ژن لە مێژودا"ی فەوزیە ساڵح مەنمی نووسەر کرا، کە لە بەرگی دووەم و سێیەم و چوارەم پێکهاتووە، تێیدا باس لە مێژووی چەندین ژنی کورد دەکات کە ڕەچەشکێنیان بۆ مافی ژن کردووە و ژنانێکیش ڕۆڵیان لە سەرجەم سێکتەرەکانی ژیان هەبووە.

 

٤ی ئاب، لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی شاری سلێمانی، بە دەستپێشخەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی خوپاراستنی تەندروستی و هۆبەی پتەوکردنی تەندروستی، بە پاڵپشتی ڕێکخراوی یونیسێف، بە دروشمی "پێشەنگی بە شیردانی سروشتی بدەین بە دانانی سیستەمی پاڵپشتی بەردەوام" هەفتەی شیرپێدانی سروشتی ڕاگەیەندرا، کە تێیدا ئاماژە بە سوودەکانی شیرپێدانی سروشتی بۆ دایکەکە و منداڵەکەی کرا.

 

٣ی ئاب، پلاتفۆرمی یەکێتیی نەتەوەیی ژنانی کورد بەبۆنەی ١١یەمین ساڵیادی قڕکردنی ئێزدییەکانەوە، لە باخی گشتی شاری سلێمانی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجام درا و تێیدا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، کە لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کرا، لە ٣ی ئابی ٢٠١٤، ٧٤هەمین فەرمان دژی گەلی ئێزدی بەشێوەیەکی سیستەماتیک ئەنجامدرا، وتی: "زیاتر لە ١٠ هەزار کەس ژن و منداڵ و خەڵکی مەدەنی گیانیان لەدەستدا، زیاد لە ٤٠ منداڵ لە چیای شەنگال لە توێنیتیدا مردن، زیاد لە سێ هەزار ژن لەلایەن داعشەوە ڕفێنران، کۆیلە کران، دەستدرێژییان کرایە سەر و پاشان لە بازاڕەکاندا لە لایەن ‌"داعش"ەوە کڕین و فرۆشتنیان پێوە کرا، نەک تەنها وەک قوربانی شەڕ، بەڵکو وەک ئامانجی هەڵمەتێکی سیستماتیکی بۆ لەناوبردنی گەلێک و سڕینەوەی باوەڕێکی پیرۆز.

 

٦ی ئاب، لە سیزەر کافێ لە شاری سلێمانی، بە نوێنەرایەتی گۆنگرەی ستار لە باشووری کوردستان و ڕێکخراوی پەیوەندییەکانی ژنانی کورد، پانێڵێک بە ناونیشانی "تێکۆشان و خۆپاراستنی ژنان لە بەرامبەر جینۆسایدا"، سازکرا.

 

هەر لە ٦ی  ئابدا، لە تاوەری تەندروستی سمارت، لە شاری سلێمانی، لە لایەن بەشی چاودێری و ڕاهێنانی دایکانی دووگیان، لە هەفتەی جیهانی شیرپێدانی سروشتی، بە بەشداری ١٣ دایک خولێک بۆ شیرپێدانی سروشتی بەڕێوەچوو.

 

٧ی ئەیلوول، تیمی ڕێکخراوی فەلەکناسی کوردستان، لەسەر چیای کۆساری شاری کۆیە کۆبوونەوە، بۆ تۆمارکردنی مانگ گیران، کە ژنانیش تێیدا ئامادەبوون.

 

٢٠ی ئەیلوول، لە هۆتێڵ ڕۆتانای شاری سلێمانی، یەکەمین دیداری ڕێکخراوی چاردۆز بە ناونیشانی ''کەمئەندامیی و مێینەبوون شانازی دەوێت نەک شەرم" بۆ پشتگیری ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت ڕێکخرا، کە ئامانج لێی باشکردنی بارودۆخی ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت و گونجاندنی ژینگە و ژیانیانبوو پێکەوە.

 

٢٢ی ئەیلوول، لە هۆتێل ڕامادای شاری سلێمانی، تۆڕی داکۆکی بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ڕاپۆرتێکیان تایبەت بە ڕەوشی داکۆکیکاران بۆ ساڵی ٢٠٢٤- ٢٠٢٥ لەهەرێمی کوردستان خستەڕوو، چونکە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ژنان هەمیشە خەباتی مەدەنی بە ڕێگەیەکی ڕاست و دروست دەزانن بۆ داکۆکی لە ماف و ئازادییەکان.

 

٢٣ تشرینی یەکەم، لە نوێنەرایەتیی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە شاری سلێمانی، بە پێشەنگایەتی کۆنگرە ستار و بە ئامادەبوونی بەشێک لە ژنانی چالاکوان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پشتیوانی خۆیان بۆ هەڵمەتی ''بە یەکگرتوویی ژنان سووریای دیموکراتیک و لامەرکەزی بونیاد دەنێن'' ڕاگەیاند و بانگهێشتی سەرجەم بزووتنەوەکانی ژنان و رێکخراوە دیموکراسیەکانیان کرد، بۆ ئەوەی هەوڵەکانیان یەک بخەن لە پێناو بونیادنانی سووریایەکی نوێ.

 

هەر لەو ڕۆژەشدا ٢٣ی ئەیلوول، لە ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت "CDO"،  لە شاری سلێمانی، مەڕاسیمی ناساندن بۆ هەر سێ پەرتوکی "ژن و ئابووریی سەربەخۆ" و "چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی بزووتنەوەی ژنانی عێراق" و "مێگەرایی ڕوانگە و ڕەهەندەکانی بزووتنەوەی ژنان"ی نووسەر نەرمین عوسمان بەڕێوەچوو.

 

٢٨ی تشرینی یەکەم، بە هاوبەشی ڕێکخراوی خەڵک لەگەڵ پەیمانگای تەکنیکی کوردستان، بە ئامادەبوونی مامۆستایانی زانکۆ و چالاکوانان، پانێڵێک بە ناونیشانی " ژن وەک خۆی، نوێنەرایەتیکردنی پرسەکانی ژنان لەسەروو ئایدۆلۆژیای حزبییەوە" ئەنجامدرا.

 

٢٣ی تشرینی دووەم، لە کۆیە، دیداری زانستی و ژنانی پەراوێزخراو بە ڕێوەچوو، کە تێیدا باس لە پەراویزخستنی ژنان و مۆسیقا و گۆرانی کوردی کرا.

 

٢ی کانوونی یەکەم، یاری باسکە لە نێوان کچانى فاکەڵتى پەروەردەى جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان لەگەڵ یانەى وەرزشى کۆیە بەڕێوە چوو، لە کۆتاییدا یانەى کۆیە یاریەکەى بردەوە.

 

٢ی کانوونی یەکەم، لە هۆڵی داڵدار لە کتێبخانەی گشتی شاری کۆیە، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە نووسەران و ڕووناکبیران و خوێنەران و ئەدەب دۆستان کۆڕێک بۆ ناساندن ڕۆمانی ''مرواری تاقانە''، لە نووسینی لاڤە ئاسۆ بەڕێوەچوو.

 

٩ی کانوونی یەکەم، لە کتێبخانەی ناوەندی زانکۆی سلێمانی، لەلایەن بەڕێوبەرایەتی کتێبخانەی ناوەندی و چاپخانەی زانکۆی سلێمانی، گفتووگۆیەک بەناونیشانی ''ئەزموونە میتافیزیکیەکان لە دەرەوەی ئاین و فەلسەفەدا'' ، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک مامۆستا و خوێندکار بۆ ڕووناک کاکە حەمە، ڕێکخرا.

 

١١ی کانوونی یەکەم، پلاتفۆڕمی یەکڕیزی ژنانی کورد لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرەخۆشی لە کوسوکاری قوربانیانی لافاوەکەی باشووری کوردستان کرد و وتی: هیوادارین هەموو بەشەکانی کوردستان بە هەستێکی نیشتمانپەروەرانە و هاودەنگی هەنگاو بنێن بۆ هاوکاری گەلەکەمان، هەروەها بانگەوازی هاوکاری بۆ قوربانیانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و کەرکوک و کەلار کرد.

 

١٤ی کانوونی یەکەم، لە بەردەم باخی گشتی شاری سلێمانی، لەلایەن ناوەندی یەکێتی ژنانی سلێمانی، چالاکیەک بۆ ٢٠ژنی دەست ڕەنگین بەڕێوەچوو، کە هەر یەکەیان بە جۆرە دەست ڕەنگینیەک بەشداریان تێداکرد، وەک ئیشی دەست و دروست کردنی خواردن و فرۆشتنی پێداویستیەکانی ژنان.

 

 

''یادکردنەوەکان و بەرزڕاگرتنیان''

٣ی ئادار، لە گوندی گردجانی دەڤەری ڕاپەڕین، لە مەراسیمێکدا ساڵیحە ڤیان وهاوڕێکانی لە شوێنی بە ئامانج گرتنیان بەبیرهێندرانەوە کە بە فڕۆکەی بێفرۆکەوان لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ کرانە ئامانج.

 

١٣ی ئادار، لە مەڕاسیمێکدا لە شاری کەرکوک، یادی ٥١هەمین ساڵیادی شەهیدبوونی ژنە تێکۆشەری کورد لەیلا قاسم کرایەوە.

 

٢٩ی ئادار، لە گۆڕستانی قەرەتۆغان، لە شاری سلێمانی، بە بۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزانەوە، خانەوادەی شەهیدان، ڕاگەیاندکارانی ئازاد و هاوکارانی، بە دانانی تاجە گوڵینەی وەفا، شەهیدی ڕاگەیاندی ئازاد " هێرۆ بەهادین "، بەبیرهێنایەوە.

 

٢٤ی نیسان، لە ماڵی زەینەب خان لە سلێمانی، یادی ٧تەمین ساڵیادی کۆچی دوایی کەژاڵ ئیبراهیمی شاعیر، بە ئامادەبوونی  بنەماڵەکەی و بەشێک لە هاوڕێکانی بەرز ڕاگیرا، ئەویش بەمەبەستی ئاشنابوون بەو تەمەنەی کە خزمەتی بە ئەدەبیات کردوە.

 

١٩ی تەمووز، لە هۆڵی باخانی شاری سلێمانی، بە ئاهەنگێک  ١٣یەمین ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان کە بە شۆڕشی ژنان ناسراوە، بەرزڕاگیرا.

 

٢٣ی ئاب، لە ساڵیادی بە ئامانجگرتنی هەردوو شەهیدی ڕاگەیاندنی ئازاد هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا لە ناوەندی کۆمپانیای چەتر بۆ کاری میدیایی، مەراسیمی یەکەمین ساڵیادی شەهیدکردنیان دەستیپێکرد، کە لە مەراسیمەکەدا خانەوادە و هاوکار و هاوخەباتانی هەردوو شەهید، خەباتکارانی ڕاگەیاندنی ئازاد، وڵاتپارێزان، ئازادییخوازان و ڕۆژنامەنووسان بەشداربوون.

 

٣ی ئەیلوول، لە مەزارگەی شەهیدانی محەمەد قەرەسونگول لە بناری قەندیل، بە مەڕاسیمێکی شکۆدار تەرمی دوو تێکۆشەری ڕێگای ئازادیی، بێریتان ئامەد و چیا ڕزگار، کە بەهۆی نەخۆشییەوە شەهیدبوون دوای خوێندنەوەی ناسنامەیان بەوتنەوەی دروشمی ''شەهید نامرن'' بەخاک سپێردران.

 

٤ی تشرینی دووەم، لە هۆڵی تەواری شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی ئەندامانی یەکێتی ژنانی کوردستان و بەشیک لە ژنانی ئازادی خواز، بە دروشمی " ژیان بۆ ژن، ژن بۆ ژیان"، ٣٦هەمین ساڵیادی بونیادنانی یەکێتی ژنانی کوردستان بەرز ڕاگیرا.

 

٢ی کانوونی یەکەم،  لە هۆڵی تەواریش، لە شاری سلێمانی، لە لایەن یەکێتی ژنانی کوردستان، بە ئامادەبوونی ئەندام و چالاکوانانی یەکێتیەکە و خانەوادەی عائیشە مەلا حەکیم، بە دانانی چەپکە گوڵی وەفا مەراسیمی چلەی ماتەمینی بۆ ''عائیشە مەلا حەکیم'' بەڕێوەچوو.