ناگیهان ئاکارسەل؛ خەباتێک بۆ ئامانج و ڕێبازی ژنان بەردەوامە

ناگیهان ئاکارسەل، ئەو زیلانەی هەمیشە هەوڵی لە پێناو هۆشیارکردنەوە و ئاگادارکردنەوەی ژنان لە پرسەکاندا دەدا، ئەمڕۆ بیرۆکەکانی بووەتە چرای ڕووناکی ڕێگای حەقیقەت بۆ ژنانی تێکۆشەر.

هێرۆ عەلی

 

ناوەندی هەواڵ- ناگیهان ئاکارسەل، ناسراو بە ''هەڤاڵ زیلان''، ژنێکی شۆڕشگێر و پێشەنگی تێکۆشانی ژنان، ساڵی ١٩٧٦ لە گوندی خێلیکانی سەر بە شارۆچکەی گولیازی شاری کۆنیای تورکیا لەدایک بوو، تەواوی ژیانی تەرخان کرد بۆ تێکۆشان و خەباتی ژنان، ڕۆژی ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢،  لە هێرشێکی چەکداریدا لە گەڕەکی بەختیاریی شاری سلێمانی لە نزیک ماڵەکەی شەهیدکرا.

 

ئەمە چیرۆکی ژنە تێکۆشەرێکی کوردە، کە ژیانی بۆ ئازادی کۆمەڵگە و ژن تەرخانکردبوو، ئەو ژنەی هەتا کۆتاساتی ژیانی هەوڵی بۆ پێشخستن تواناکانی ژنان دەدا.

 

ناگیهان ئاکارسەل، تەمەنی منداڵیی لە سرووشت و دەشتە فراوانەکانی گوندا بەسەر بردووە، بۆیە هەمیشە باسی لە یادگاریی و بەسەرهاتەکانی منداڵی کردوە، لە وتەکانیشیدا ئازادیی و جوانییەکانی سرووشت هەستی پێکراوە.

 

بەهۆی کاریگەریی کولتوور و ئەو بیروباوەڕانەی لە گوندەکەیاندا هەیانبووە، پیرۆزبینینی خۆر، ئاگر و گەنم، خۆشەویستییەکی زۆری لە ناخیدا بۆ ناوچەکانی دێرسیم و شنگال دروست کرد، هەروەها خەم و پەژارەی گەلێکی دەربەدەرکراو، چارەنوسێکی هاوبەشی لەگەڵ ئەو هەبوو، لەو شوێنەی کە تێیدا لە دایک بوو، دەستی بە خویندن کردووە و هەر لەوێش قۆناغی ئامادەیی تەواو کردووە، لە ساڵانی یەکەمی خوێندنی بەیەکەم زلەی مامۆستاکەی چاوی لەو ستەمە کرایەوە کە لە گەلی کورد دەکرا، کاتێک لێیان بپرسیایە خەڵکی کوێی دەیگوت قۆنیا، بەڵام مامۆستا تورکەکان بە گوشار دەیانگوت کۆنیا، بەڵام ئەو هەر پێداگربوو لەسەر وتنی قۆنیا، ئەویش بەهۆی قەدەغەکردنی زمانی کوردی و پیتی قاف.

 

لەناو بیری ڕێبەر ئۆجالان خۆشەویستی نیشتیمانی دۆزییەوە

پاش وەرگیرانی لە بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی ئەنقەرە، سیستمی ژیانی شار و دیمەنی سەرمایەداریی هەستی بێزاریی و نامۆبوون لای درووست دەکەن، بۆیە هەوڵدەدات لە شوێنێک ئارامیی و هەستکردن بە پێکەوەژیان بدۆزێتەوە، دواجار لە نێو یەکێتی گەنجانی کوردستاندا خۆی دەدۆزێتەوە، دواتریش لە نێو ڕێباز و فکری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالاندا خۆشەویستی و عەشقی نیشتمان دەدۆزێتەوە و سەرسامی دەبێت.

 

دواتر بەهۆی بۆچوون و هەڵوێست و چالاکییەکانییەوە لە سەردەمی زانکۆیدا، ساڵی ٢٠٠١ تا ٢٠٠٧ زیندانیی دەکرێت، دوای ئازادکردنی، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٨  تا ٢٠١٤ لە ئاژانسی هەواڵی دیجلە، وەک هەواڵساز و پەیامنێر کار دەکات، هەروەها ناگیهان دامەزرێنەری نەریتی ڕۆژنامەگەریی ئازاد بووە، مامۆستایی بۆ زۆرێک لەو ڕۆژنامەوانانە کردووە کە تا ئێستاش کاری ڕۆژنامەگەری دەکەن، هەروەها بە مەبەستی قوڵبوونەوە و زیاتر ڕۆچوون لە پرسی ژن و گرنگی ئازادیی ژن لەم پڕۆسەیەدا کۆرسەکانی بەشی خوێندنی ژنان لە زانکۆی حاجەتەپە وەردەگرێت، وە لە دامەزراندنی یەکەمین ئاژانسی ژنان "ژن نیوز" جێگا دەگرێت، لە پێشخستنی ڕاگەیاندنی ژنان زۆر هەوڵدان و تکۆشان دەکات، لە پێناو پەرەدان بە ڕۆژنامەوانیی ژنان لەو شوێنانەی کاری تێدا کردوون، تێکۆشەر و مامۆستا و هەڤاڵێکی نزیکی هەمووان بووە، هەر بۆیە تەنها لە چوارچێوەی ژنانی کورد نامێنێتەوە و ئاشنایەتی لەگەڵ ژنانی سەرجەم نەتەوەکانی دیکەی تورکیادا پەیدا دەکات.

 

وەک چرا ڕۆشنایی ژنۆلۆژی بڵاوکردەوە

فەلسەفەی ژنۆلۆژی "زانستی ژن" کە لەلایەن ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە داڕێژراوە، وەک کانیاوێکی زوڵاڵ بووە کە ناگیهان تینوویەتی فکریی و ڕۆحیی خۆی پێ شکاند، بەم شێوەیە بە عەشقەوە دەستی بە هەوڵەکانی بۆ دانانی بەردی بناغەی ژنۆلۆژی لە ساڵی ٢٠١٥ەوە کردوە، باوەڕی ناکۆتایی بە حەقیقەتی ژن و ئەزموونی تێکۆشانی سەدە وگەشەکردنی لە زەمینەی زانستیدا گۆڕا بۆ وزەیەکی ناکۆتا و ڕەنج و جۆشی ژیان، بۆیە ناگیهان نەک تەنها خوێندکارێکی چالاکی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی بووە، بەڵکو لە ڕێگەی بەشداریکردن لە دامەزراندن و بەڕێوەبردنی گۆڤاری ژنۆلۆژی، وەک چرایەک ڕۆشنایی ئەم زانستەی بڵاوکردۆتەوە.

 

ناگیهان ئاكارسه‌ل بە ئەقڵ و هەستی خۆیەوە لەوە تێگەیشتبوو کە ژنۆلۆژی لەگەڵ کۆمەڵگەدا گەشە دەکات، لە وتنەوەی هەر وانەیەک لە کۆلێژی ژنۆلۆژی لە عەفرین و جزیرە، لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی سۆسیۆلۆژی لە شنگال کاری بۆ ڕۆشنگەری ژن کردوە، هەروەها بەو چیرۆکانەی کە دایکان و ژنانی گەنج گێڕاویانەتەوە، هەنگاوێکی تری بەرەو حەقیقەت ناوە، هەروەها کاتێک لە ڕۆژئاوای کوردستان شەرەڤانانی ئازادی لەسەر ژنۆلۆژی پەروەردە کردووە، بە نیگایەکی زەردەخەنەوە هیوا و مانای پێناسە کردوە و بەخشیوە، بەم شێوەیە بووە دڵۆپێک لە خرۆشانی شۆڕش.

 

ئەو لەوکاروانەدا هەر حەقیقەتێک کە پێی گەیشتوە گەیاندۆتیە کۆمەڵگە، ناگیهان باشترین فێرکار بوو بەوەی چۆن وشەکان لەگەڵ شۆڕش، کۆمەڵگە و ژیاندا ئاوێتە بکات و واتای پێبدات، ئەو جوانناسی بە ''جوانکردنی ژیان'' پێناسە کردوە، وتویەتی: ''ئەگەر ژیان جوان نەکەین، هەموو جوانییەک لە مەترسیدایە، جوانیشی لە ئازادکردنی ڕۆحی ژندا دەبینیەوە''، بەو شێوەیەش ڕێی حەقیقەتی بە قسەکانی ڕۆشن کردۆتەوە.

 

ناگیهان ئاكارسه‌ل زانیویەتی ڕێی بڵاوکردنەوە و ناساندنی ژنۆلۆژی ڕێیەکی درێژە، بۆیە  یەکێک لە وێستگەکانی ئەو ڕێیەی باشووری کوردستان بوو، کە لە ساڵی ٢٠١٩ هەنگاوێکی تری ناوە بەرەو داهێنانێکی نوێ، لە ماوەیەکی کورتدا خۆی فێری کوردی سۆرانی کردووە و خۆی گەیاندۆتە زۆر کەسی جیاواز، هەروەها وەک مامۆستایەکی دڵسۆز، چالاکانە کاری کردوە.

 

ئامانجی یەکگرتوویی ژنان بوو

بە عەشق و جۆشەوە، لەگەڵ هونەرمەندانی ژن هەنگاوی پرۆژەی ''خۆبوونی''ناوە، ئەو زانیویەتی خۆبوون ئەستەمە، بەڵام ئەو مۆمی هیوای داگیرساند، ئەگەر ڕۆژانە چەندەها جار دووبارەی بکردایەوە وای دەزانی قەت ئاماژەی پێنەکردووە کاتێک دەیوت: ''دەبێ ژن یەکتریان خۆش بوێت و یەکگرتوو بن''.

 

هەروەها لە چاوپێکەتنێکیشیدا، دەڵێت: "سەرەکیترین هەنگاو بۆ خاوەن بڕیاری و خۆبەڕێوەبردنی ژنێک، خودبوونی ژنە، ئەوەش پڕۆسەیەکە بۆ گەیشتنی ژن بە ڕاستینەی خۆی، ڕێگایەکە بۆ گەیشتن بە جوانی و ڕاستی، گەیشتن بە خۆبوون تەنها لەسەر خۆڵی ئازادی دەبێت، کاتێک ئازادی نەبێت ئەو کاتە خۆبوون بوونی نابێت، لەبەر ئەوە یەکەم هەنگاو جێبەجێکردنی بیردۆزی ئازادی ژنە''.

 

بۆ ئەوەش زەمینەی بەشداریی بۆ زۆر ژن ڕەخساند لە پرۆژەی ''ناوەندی ئەرشیف، توێژینەوە و پەرتوکخانەی ژنی کورد''، کە یەکێک بوو لە خەونەکانی و دەیویست بە یەکگرتوویی ژنانی هەرچوار پارچەی کوردستان و ژنانی دەرەوەی وڵات بەدی بهێنێت، هەروەها لە نووسینێکیشدا، دەڵێت: ''ژن لە تورەگەکەیدا بۆ خۆشویستنی دەنگی دەریا هێلکە شەیتانۆکە، بۆ خۆشویستنی خاک ڕەیحانە، بۆ خۆشویستنی هەوا پەروانە هەڵدەگرێت، بۆ ئەوەی نهێنی هەستکردنی بەو شتانە لەبیر نەکات، پێداگری لەسەر نەمری دەکات، مەعریفەی چۆنێتی ژیانمان لەگەڵ خاک، هەوا و ئاودا پێدەبەخشێت''.

 

ناگیهان ئاکارسەل لە ساڵی ٢٠١٩ەوە تا دوا ساتەکانی ژیانی، لە باشووری کوردستان چالاکانە هەوڵیداوە بۆ کۆکردنەوە و ئەرشیفکردنی توێژینەوەکانی ژنان لە کوردستاندا، خەونی ئەوە بووە ناوەندێک دابمەزرێنێت کە ببێتە چرای ڕێنیشاندەری ڕۆشنبیریی ژنان، وەک ئەوەی بیەوێت کۆشکێکی مەزن بۆ زانست و مێژووی ژنان بنیات بنێت، بیرۆکەی دامەزراندنی ناوەندی پەرتووکخانە و ئەرشیف و لێکۆڵینەوەی ژنانی کوردی لە مێشکدا دەچەسپێنێت، دواتریش ئەو بیرۆکەیە دەکاتە ڕاستیی و ژنانی باشووری کوردستانی لەدەوری یەکدی کۆکردەوە.

 

بەڵام لە٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، لە نزیک ماڵەکەی خۆی لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی، لە هێرشێكی چەكدارییدا لە شاری سلێمانی بەئامانج دەگیرێت و شەهید دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستاش بیرۆکەکانی زیندوون و سەرچاوەی ئیلهام بەخشینن بۆژنانی تێکۆشەر.