منداڵ لە تورکیا; لە نێوان هەژاری و ئازاردان و بێ سزا
داتا فەرمییەکان و ڕاپۆرتە مەیدانییەکان ئاشکرای دەکەن کە منداڵان لە تورکیا بە قەیرانێکی فرەڕەهەنددا دەژین کە ڕۆژانە خراپتر دەبێت و ملیۆنان کەسیش بەبێ دەستڕاگەیشتن بە مافە سەرەتاییەکانیان گەورە دەبن.
ساریا دەنیز
ناوەندی هەواڵ-بەپێی داتا فەرمییەکان و ڕاپۆرتە مەیدانییەکان، بارودۆخی ژیانی منداڵان لە تورکیا بەرەو قووڵبوونەوەی قەیرانێک دەڕوات، منداڵان کە ڕێژەیان لە کۆی دانیشتووان کەم دەبێتەوە، لە نێوان سووڕێکی خراپ، پەرەسەندنی هەژاری لە لایەک و پێشێلکردنی سیستماتیکی مافەکانیان و توندوتیژی و ئازاردانیان لە لایەکی دیکەوە لە خەباتدان بۆ گەورەبوون.
نایەکسانی لە دەستڕاگەیشتن بە مافە سەرەتاییەکانی وەک پەروەردە، چاودێری تەندروستی، خانووبەرە و پارێزراوی فراوانتر دەبێت، بەتایبەتی لە نێوانیاندا، کاری منداڵان، هاوسەرگیری منداڵان، دەستدرێژی سێکسی، کۆمەڵکوژی، نەبوونی دادپەروەری و بێ سزایی ئەم دۆخە خراپتر دەکەن.
هەرچەندە ڕێژەی دانیشتووانیان لە کەمبوونەوەدایە، بەڵام منداڵان ڕووبەڕووی سووڕێکی ئاڵۆز دەبنەوە لە قووڵبوونەوەی هەژاری و پێشێلکردنی مافەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک و جۆرەها توندوتیژی و ئازاردان، کەلێنەکانی دەستڕاگەیشتن بە خوێندن، چاودێری تەندروستی، خانووبەرەی پارێزراو و ئاسایشی کەسی زیاتر لە نێو ئەو گروپانەدا بەرچاو دەکەوێت.
ئەم قەیرانە درێژدەبێتەوە بۆ کاری منداڵان، هاوسەرگیریی منداڵان، دەستدرێژی سێکسی و ڕووداوە کوشندەکان، جگە لە بۆشایی سیستەمی دادوەری و سیاسەتەکانی بێ سزا، دۆخەکە هێندەی تر مەترسیدارتر دەکات، هەرچەندە مافەکانی منداڵان بەپێی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان مسۆگەری دەکرێن، بەڵام بەکارهێنانی پراکتیکییان کەلێنێکی بەرچاو لە پاراستنی کاریگەردا ئاشکرا دەکات.
هەروەها پێشێلکارییەکان درێژدەبێتەوە بۆ منداڵانی پەنابەر، منداڵانی "لێخوراو بۆ تاوان"، بێسەروشوێنکردن و کردەوەی توندوتیژی، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کێشەکە تاکەکەسی نییە بەڵکو پێکهاتەیی و دامەزراوەییە. بەم واتایە دۆخەکە لە قەیرانێکی کۆمەڵایەتی هەمەلایەنە نزیک دەبێتەوە کە کاریگەری لەسەر داهاتووی تەواوی نەوەیەک هەبێت.
لە بەرامبەر ئەم پێکهاتانەدا، ئاهەنگگێڕان بە ڕۆژێکی وەک ٢٣ی نیسان، کە گوایە ڕۆژی منداڵانە، دەبێتە هێمایەک کە ڕەنگدانەوەی دژایەتی ڕیتۆریکی فەرمی و ڕاستیە، ملیۆنان منداڵ لەم ڕۆژەدا لە بارودۆخی یەکسانی و پارێزراوی و خۆشگوزەرانیدا ناژین، بەڵکو لە ژینگەیەکدا دەژین کە هەژاری و نەبوونی پاراستن و پشتگوێخستن زاڵە.
لە کۆتاییدا، ئەم ڕاستیانە ئاماژە بە قەیرانێکی قووڵ دەکەن کە کاریگەری لەسەر خودی پێکهاتەی پاراستنی منداڵان هەیە و پرسیارێکی بنەڕەتی سەبارەت بە توانای سیاسەتەکانی ئێستا بۆ مسۆگەرکردنی کاریگەر و بەردەوام مافەکانی منداڵان دەوروژێنن.
منداڵان ئەوانەن کە هەست بە قووڵترین کاریگەرییەکانی قەیرانە فرەییەکان دەکەن
لە ماوەی دەیان ساڵەی دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدان ”ئاکەپە”دا، منداڵان پشتگوێ خرابوون، دواڕۆژ داهاتوویان لێ وەرگیرا، حکومەت بە هەوڵی "دروستکردنی نەوەی نوێی خۆی" هەوڵیدا چاکسازی لە هەموو بوارەکاندا جێبەجێ بکات بۆ خزمەتکردنی ئەم ئامانجە.
لە بواری پەروەردەدا، بابەتەکانی سەرەکی سنووردار کران، بابەتەکانی لە باخچەی ساوایانەوە بۆ ئامادەیی گۆڕانکارییان بەسەردا هات، دەسەڵات دەستی بە زنجیرەیەک چاکسازی کرد و بە هاوکاری سەرۆکایەتی کاروباری ئایینی ”دیانەت”، کەرتی پەروەردە وردە وردە لە زانست دوور کەوتەوە، بەم چاکسازییانە جۆرێکی نوێ لە "ئەندازیاری کۆمەڵایەتی" لە تورکیا کرایەوە، کە ڕاهێنەرە پەروەردەییەکان جێگەی کەسایەتییە ئایینیەکان گرتەوە.
هەر بەوەوە نەوەستا، لە قوتابخانەکاندا، کە هەر لە کۆنەوە وەک ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنانەوەی ئایدۆلۆژیا بەکارهێنراون، دروشمی "یەک نیشتمان، یەک نەتەوە، یەک ئاڵا" چێندرا، هەوڵیش درا بە پێی ئەم ئایدۆلۆژیایە هۆشیاری منداڵان لە قاڵب بدرێت.
زیاتر لە ٣٣ هەزار دۆسیە
کاری منداڵان، دەستدرێژی سێکسی، هاوسەرگیری منداڵان، پێشێلکردنی مافی منداڵان کە لەگەڵ خێزانەکانیان لە زیندانەکاندا دەژین.
ئامارەکانی وەزارەتی داد بۆ ساڵی ٢٠٢٥ بەردەوامی بێ سزایی بۆ دەستدرێژی و هەراسانکردن و دەستدرێژی سێکسی ئاشکرا دەکەن، لە ساڵی ٢٠٢٥دا ٣٣ هەزار و ٤٠٧ دۆسیەی لێکۆڵینەوەی نوێ لە دژی ٣٠ هەزار و ٥٩١ تۆمەتبار لە حاڵەتەکانی "دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان" کراوەتەوە.
لە کۆی ٣٥ هەزار و ٦٠ دۆسیەی داواکاری گشتی تەواوکراو، بڕیاری "بێ بنەما بۆ لێپێچینەوە" لە ١٢ هەزار و ٥٨٢ دۆسیەدا دراوە کە ١٥ هەزار و ٢٧٢ تۆمەتبار تێیدا بەشداربوون، واتە ٣٥٪ی دۆسیەکان بەبێ ئەوەی ڕەوانەی دادگا بکرێن داخران، لە ١٢ هەزار و ٣١٤ دۆسیەدا، سکاڵا لەسەر ١٣ هەزار و ٧٦٠ کەس تۆمار کراوە.
٤٥٪ی تۆمەتباران بێتاوان دەرچوون
٤٦٪ی دۆسیەکانی دەستدرێژی سێکسی بەبێ لێپێچینەوە داخران، لە ساڵی ٢٠٢٥ لە کۆی ١٨٧٥٦ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی دەستدرێژی سێکسی کە داخراون، بڕیاری لێپێچینەوە لە ٨٦٩٩ کەیسدا دراوە کە ٩٩٩٣ کەس بەشداربوون، بەم شێوەیە ٤٦٪ی دۆسیەکانی دەستدرێژی سێکسی بەبێ ئەوەی ڕەوانەی دادگا بکرێن داخران، لە کۆی هەشت هەزار و ١٧٢ تۆمەتبار کە دادگایی کراون، تەنها ٣٥٪یان سزا دراون، ئەوانی دیکەش کە ٣٧٪ بێتاوان دەرچوون.
ئەم ژمارانە بەتەنها ڕادەی مەترسییەکانی سەر پاراستنی منداڵان لە وڵاتەکەدا نیشان دەدەن، بە لە بەرچاوگرتنی ئەو کەیسانەی کە خێزانەکا دەیشارنەوە، وێنەکە زۆر ترسناکتر دەبێت.
منداڵ منداڵی دەبێت
لە تورکیا لە هەر پێنج ژن یەکێکیان بە منداڵی هاوسەرگیری دەکات و لە هەر سێ ژن یەکێکیان دەبێتە دایکی منداڵ، نیوەی ئەو ژنانەی کە بە گەنجی هاوسەرگیری دەکەن تووشی توندوتیژی جەستەیی دەبن.
هەروەها دەستدرێژی سێکسی لە ژێر پەردەی "هاوسەرگیری"دا "شەرعییەت"ی پێ دەدرێ، بەپێی ئاماری هاوسەرگیریی دامەزراوەی ئاماری تورکیا ”TÜİK”، هاوسەرگیری منداڵانی کچی تەمەن ١٦-١٧ ساڵ لە ساڵی ٢٠٢٥دا ١٠٥٪ی سەرجەم هاوسەرگیرییە فەرمییەکانی پێکهێناوە، لەکاتێکدا هاوسەرگیری کوڕانی هەمان گروپی تەمەن تەنها ٠.١٪ی پێکهێناوە.
لە ماوەی ٢٤ ساڵدا ٥٩٠ هەزار و ٣١٧ لەدایکبوون بۆ مندالانی کچی خوار تەمەن ١٨ ساڵ تۆمارکراون، لەنێویاندا ٢١ هەزار و ٤٨٧ لەدایکبوون بۆ منداڵانی کچی خوار تەمەنی ١٥ ساڵ، هەموو ئەم حاڵەتانە وەک دەستدرێژی سێکسی پۆلێنکراون.
ئەم سیستەمە کە لەپاڵ سیستەمی پەروەردەدا دەرگای هاوسەرگیری منداڵان دەکاتەوە، منداڵانی کچ لە مافە بنەڕەتییەکانی وەک خوێندن، تەندروستی، دامەزراندن بێبەش دەکات، بە واتایەکی تر ئازاردان و دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان بە یاسایی دەکات.
توندوتیژی بە یەکپۆشی
لە تورکیا و بە تایبەتی لە شارەکانی باکووری کوردستان، سیاسەتەکانی "شەڕی تایبەت" تەنها لە توندوتیژی جەستەیی سنووردار نییە، هەروەها بە شێوەیەکی فرەلایەنە پەیکەری کۆمەڵایەتی دەکەنە ئامانج.
لەم پرۆسەیەدا سەدان منداڵ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر بووە، هەندێکیان ناچار بوون واز لە خوێندن بهێنن، هەندێکی تریش کە توانیویانە درێژە بە خوێندن بدەن، لەلایەن بریکارەکانی دەوڵەتەوە بە یەکپۆشیەوە تووشی توندوتیژی و فشار و چاودێری کراون.
ڕووداوەکانی زرێپۆش و توندوتیژی جەستەیی بووەتە هۆی ئەوەی هەزاران منداڵ تووشی برینێکی سەخت بن کە بۆ هەتا هەتایە کاریگەرییان دەبێت، بەڵام وێنەکە تەنها لە زیانەکانی جەستەیی سنووردار نییە، هەروەها سیاسەتەکانی "جەنگی تایبەت" دەستێوەردانێکی قووڵتر ئاشکرا دەکەن کە پەیکەری کولتووری و ڕەوشتی کۆمەڵگە دەکاتە ئامانج.
بڵاوبوونەوەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لەنێو منداڵان و وەرگرتنی گەنجان بۆ ناو باندەکان و ناڕێکخراو و بە ئاسانی دەستکاریکردنیان، پێکهاتەی سەرەکی ئەم پرۆسەیەن.
لە سەردەمی دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدان ”ئاکەپە” و پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی ”مەهەپە”دا، منداڵان و گەنجان زیاتر بەرەوڕووی ئەو سیاسەتانە دەبنەوە، لە کاتێکدا بێ سزایی لە زۆر حاڵەتی پێشێلکارییەکاندا بەشداربوو لە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە، بووە یەکێک لە میکانیزمە هەرە بەرچاوەکانیەتی.
پەنابەران زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت

لەماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا، بەپێی داتا فەرمییەکان، تورکیا زیاتر لە ١٠ ملیۆن پەناخوازی وەرگرتووە و منداڵانی پەنابەریش لەنێو ئەو دەستدرێژییانە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.
سەرەڕای ئەوەی تورکیا ڕێکەوتنی جۆراوجۆری لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا و وڵاتانی دیکە واژۆ کردووە و پارەی تایبەت بۆ پەنابەران وەردەگرێت، بەڵام بە تەواوی ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ نەکردووە. منداڵانی پەنابەر وەک هێزی کارێکی هەرزان ئیستغلال کراون و ئەو دەستدرێژیانەی کە تووشی بوون تەنانەت بە فەرمی بەڵگەدار نەکراون.
لەم چوارچێوەیەدا، دۆخی منداڵانی "لێخوراو بۆ تاوان" چەندین جار هاتۆتە پێشەوە. ژمارەی ئەو منداڵانەی کە بە هۆی ئەو کردەوەی کە لە ڕووی یاساییەوە وەک تاوان پۆلێنکراون، دەهێنرێنە بەردەم دادگاکان، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی دامەزراوەی ئاماری تورکیا (TÜİK)، لە ساڵی ٢٠٢١دا ٤٩٩ هەزار و ٣١٩ منداڵ گەیشتوونەتە یەکە ئەمنییەکان یان هێنراونەتە یەکە ئەمنییەکان، ئەم ژمارەیە لە ساڵی ٢٠٢٢دا بە ڕێژەی ٢٠.٥% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ٦٠١ هەزار و ٧٥٤ منداڵ، دواتر لە ساڵی ٢٠٢٣دا گەیشتووەتە نزیکەی ٥٣٧ هەزار و ٥٨٣ منداڵ.
بۆ نموونە لە یەک ساڵدا ٤٤ هێرش بۆ سەر قوتابخانەکان تۆمار کراوە و ڕووداوەکانی ئورفا و مەراعش لە دیارترین و جددیترین ڕووداوەکان دادەنرێت.
کاری منداڵان
لەم چوارچێوەیەدا، پرسەکانی مافەکانی منداڵانیش لە ساڵی ڕابردوودا هاتنە ئاراوە، بە تایبەتی سەبارەت بە دۆخی نالەباری ئەو منداڵانە کە لە چوارچێوەی سیستەمێکی بەکارهێندراودا گیریان خواردووە، هەروەها پراکتیکەکانی ناو ناوەندەکانی خولی پەروەردەی پیشەیی ”MESEM” لە ساڵانی ڕابردوودا ئاشکرایان کردووە کە چۆن منداڵان هەم وەک هێزی کار و هەم وەک تاک بەکارهێنانی دەکرێن و دەیانخەنە ژێر ئازاردان و توندوتیژی.
لە ساڵی ٢٠٢٥دا ١٦ منداڵ کە لە چوارچێوەی پرۆگرامی ناوەندەکانی خولی پەروەردەی پیشەیی ”MESEM” کاردەکەن، کە بەهۆی ڕووداوەکانی شوێنی کارەوە گیانیان لەدەستداوە، بەپێی داتاکانی دامەزراوەی ئاماری تورکیا ”TÜİK” بۆ ساڵی ٢٠٢٣، ٤.٤٪ی منداڵانی تەمەن ١٥-١٧ ساڵ، زیاتر لە ٦٠٠ هەزار منداڵ، لە بازاڕی کاردا دامەزراون، داتاکانی ساڵی ٢٠٢٤ ئاماژە بەوە دەکەن، کە ٤٠٠ هەزار منداڵی دیکە دەچنە بازاڕی کارەوە، زۆرجار بەبێ تۆمارکردن یان هیچ پارێزگارییەکی یاسایی کاردەکەن.
بەپێی داتاکانی ساڵی ٢٠٢٤، ژمارەی ئەو منداڵانەی کە کاردەکەن و تۆمارکراون لە ناوەندەکانی خولی پەروەردەی پیشەیی ”MESEM” ٥٠٣ هەزار کەسی تێپەڕاندووە، بەمەش کۆی ژمارەی منداڵانی کرێکاری تۆمارکراو گەیشتووەتە یەک ملیۆن و ٤٧٤ هەزار منداڵ، بە کارە تۆمارنەکراوەکانیشەوە، ژمارەی مەزەندەکراوی منداڵانی کرێکار نزیکەی ٣.٥ ملیۆن کەسە.
هەژاری بەرەو هەڵکشان دەچێت و منداڵانیش برسی دەبن
بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری ”OECD”، بە لانیکەم شەش ملیۆن و ٥٠٠ هەزار منداڵ لە تورکیا لە هەژاریی "لەڕادەبەدەر"دا دەژین، ئەمەش بەو واتایەیە کە لە هەر پێنج منداڵ یەکێکیان خۆراکی پێویست وەرناگرێت و لە هەر سێ منداڵ یەکێکیان بە برسێتی دەچێتە قوتابخانە.
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی کۆمەڵەی پزیشکی ئەنقەرا، لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا هەژاری منداڵان بە ڕێژەی ٤٠٪ی زیادی کردووە، ٢٥ ملیۆن کەس مەترسی هەژارییان لەسەرە، ١٧١ هەزار منداڵیش ناتوانن پێداویستییە سەرەتاییەکانیان دابین بکەن، تەنانەت لەکاتێکدا لەگەڵ خێزانەکانیان دەژین.
پرسی منداڵە ونبووەکان
پرسی منداڵە ونبووەکان لە تورکیا هێشتا پرسی گفتوگۆیق و خەمڵاندنەکان باس لەوە دەکەن، کە ساڵانە زیاتر لە ١٠ هەزار منداڵ دیارنەماون و نزیکەی ١٠٠ هەزار منداڵیش لە ماوەی هەشت ساڵدا ون دەبن، لە کاتێکدا دەسەڵاتداران ئەم ژمارانە ڕەتدەکەنەوە، بەڵام دان بە نەبوونی ئاماری فەرمیدا دەنێن.
لە ساڵی ٢٠١٦ەوە دامەزراوەی ئاماری تورکیا ”TÜİK” داتای لەسەر منداڵانی ونبوو بڵاونەکردووەتەوە، ئەمەش بە شێوەیەکی کاریگەر ئەو پرسە نەبینراوە، بەڵام داتاکانی ساڵی ٢٠٠٨ تا ٢٠١٦ ئاماژە بەوە دەکەن، کە ١٠٤ هەزار و ٥٣١ منداڵ بێسەروشوێن بوون و بە تێکڕا ٣٣ منداڵ لە ڕۆژێکدا.
هەروەها داتاکانی ساڵی ٢٠١٥ تا ٢٠٢٣ دەریدەخەن کە ساڵانە هەزاران حاڵەت وەک "ونبوو (دۆزراوەتەوە)" تۆمار دەکرێن.
دەوڵەت زەمینەسازی دروست دەکات
ئەم داتایانە ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئەو کێشانەی کە لە تورکیا ڕووبەڕووی منداڵان دەبنەوە، گۆشەگیر و کاتی نین، بەڵکو ڕەنگدانەوەی قەیرانێکی پێکهاتەیی قووڵن، هەژاری بەردەوام، نایەکسانی لە بواری پەروەردە، کاری منداڵان، هاوسەرگیریی منداڵان و دەستدرێژی سێکسی هەموویان ئاماژەن بۆ ئەوەی کە ڕەگ و ڕیشەی کێشەکە تەنها پەیوەست نییە بە بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە، بەڵکو بە سیاسەت و چاودێری سست و کولتووری بێ سزاییشەوە گرێدراوە.
جگە لەوەش ڕێژەی بەرزی "بێ زەمینە بۆ لێپێچینەوە" لە حاڵەتەکانی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان ئاماژەیە بۆ سستی ڕێگری یاسایی و توانای تاوانباران بۆ دەربازبوون لە دادپەروەری لەناو خودی سیستەمەکەدا، بەمەش دەرگا بۆ بەردەوامبوون و دووبارەبوونەوەی پێشێلکارییەکان دەکرێتەوە.
”هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە ناگیرێتەبەر”
خراپتربوونی هەژاری کە بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە توندتر دەبێتەوە، منداڵان پاڵدەنێتە ناو کاری پێشوەختەوە و بێبەشیان دەکات لە خوێندن، بەمەش هەژاری نێوان نەوەکان بەردەوام دەبێت، ئەو پێشێلکاریانەی کە منداڵانی پەنابەر تووشی دەبن، لە ڕەهەندە هەرە دیار و توندەکانی ئەم قەیرانەن.
نەبوونی داتا و ڕوونی سەبارەت بە منداڵە ونبووەکان، زیانبەرکەوتووان یان توندوتیژەکان ڕێگری دەکات لە تێگەیشتن لە قەبارەی ڕاستەقینەی کێشەکە و ئەگەری دۆزینەوەی چارەسەری کاریگەر سست دەکات.
لە کاتێکدا، پابەندبوونەکان بە پاراستنی مافەکانی منداڵان لە ڕووی تیۆریەوە لە هەردوو ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتیدا هەن، بەڵام بۆشایی بەرچاو لە جێبەجێکردندا ئەم مافانە لە پراکتیکدا بێکاریگەر دەکات، دۆخی گشتی ئاماژە بە پێویستی بەپەلە دەکات بۆ دووبارە بونیادنانەوەی سیاسەتەکانی منداڵی لەسەر بنەمایەکی گشتگیر و بنەمادار بە مافەکان کە خۆپاراستن لە پێشینەی کارەکاندایە لەبری ڕێوشوێنە کاردانەوەکان.