مەغریبی عەرەبی: پێنج وڵات، قەیرانێک و ژنان باجەکەی دەدەن – ٥

لە مۆریتانیا سەرەڕای نیشانەکانی بوژانەوەی ئابووری، ژنان هێشتا تووشی کێشە و گرفت دەبن لە دەستڕاگەیشتن بە بازاڕی کار و سەربەخۆیی ئابووری و پاراستنی کۆمەڵایەتی.

لە مۆریتانیا گەشەی ئابووری بە واتای سەربەخۆیی ئابووری بۆ ژنان نییە

 

خەدیر عەباس

 

ناوەندی هەواڵ – نۆرم و تێڕوانینە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ڕۆڵەکان لە ناو خێزاندا کاریگەرییان لەسەر کار هەیە، بەرپرسیارێتی چاودێری بێ موچە زیاد دەکات، سنووردارکردنی توانای ژنان بۆ جوڵە یان کارکردن لە دەرەوەی ماڵەوە کاریگەری لەسەر دەرفەتەکانی ژنانی مۆریتانیا هەیە و ڕێگری دەکات لە بەشداریکردنیان لە بازاڕی کاردا، ئەم هۆکارانە پەیوەندییان بە بەربەستە ئابووری و یاسایی و دامەزراوەییەکانیشەوە هەیە.

 

ژنانی مۆریتانیا وەک ژنانی ناوچەکانی دیکەی جیهان ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبنەوە کە کاریگەرییان لەسەر چوونە ژوورەوە و مانەوەیان لە هێزی کاردا هەیە.

 

کەمی ڕێژەی بەشداریکردنی ژنانی مۆریتانیا لە هێزی کاردا تەنها بە هۆکارە ئابوورییەکان ڕوون ناکرێتەوە، کولتوور، نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان و تێڕوانین بۆ ڕۆڵەکانیان لەناو خێزاندا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە دیاریکردنی کوالیتی بەشداریکردنی ژنان لە چالاکییە ئابوورییەکاندا، هەروەها پێناسەکردنی کولتوور وەک "بەربەستێکی ڕەها لەبەردەم دامەزراندنی ژنان" نادروستە، ژنانی مۆریتانیا پۆستی گرنگیان لە بواری کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، بازرگانی، پیشەسازی خۆراک، کاری کارگێڕی، بازاڕی خزمەتگوزاری، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە هەندێک نۆرمی کۆمەڵایەتی جۆری ئەو کارە دیاری دەکەن کە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە قبوڵکراوە، لەگەڵ شوێنەکەی و کاتی کارکردن و توانای ژنان بۆ بەردەوامبوون لەو کارەدا.

 

دۆخی ژنانی مۆریتانیا لە بازاڕی کاردا جیاوازی نییە لەگەڵ ژنانی وڵاتانی دیکەی عەرەبی، لە مۆریتانیا ساڵی ٢٠٢٥ ساڵی داڕمانی ئابووری نەبوو، بەڵام ساڵی دابەشکردنی یەکسانی قازانجەکانیش نەبوو، بەپێی دوایین داتاکانی بانکی نێودەوڵەتی لەماوەی ئەمساڵدا ئابووری نزیکەی ٤.٢٪ گەشەی کردووە، هەڵاوسان بۆ ١.٥٪ دابەزیوە، هەروەها ڕێژەی هەژاریش لە ساڵی ٢٠٢٤ بۆ ٢٧٪ و لە ٢٠٢٥دا بۆ ٢٥.٢٪ دابەزیوە، بەڵام پێوەرەکانی بازاڕی کار دیوێکی دیکەی ئابوورییەکە ئاشکرا دەکەن، بێکاری لەنێو ژنان لە ٢٠٢٥ لە ١٤.٧٪ و لەنێو پیاواندا ٨.١٪سا.

 

ئەم ژمارەیە دژایەتییەک ئاشکرا دەکات کە سەختە پشتگوێ بخرێت، ڕەنگە سەقامگیری ئابووریی گەورە بۆ ژنان سەقامگیری ئابووری نەبێت، تا کاری نائەمنی زیاتر بێت، تێچووی لەدەستدانی زیاتر دەبێت، تا داهاتی ژن ناجێگیرتر بێت، توانای دابینکردنی تێچووی ژیان یان پاراستنی خۆی و خێزانەکەی لاوازتر دەبێت.

 

ئەم نیشاندەرە سێ کێشەی جیاواز دەپێوێت، کەمی بەشداریکردن بەو واتایەیە کە تەنها ژمارەیەکی سنووردار لە ژنان دەچنە ناو بازاڕی کارەوە، بەرزی بێکاری ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە بەشێک لەو کەسانەی دەچنە ناو هێزی کارەوە ناتوانن کار بدۆزنەوە، ڕێژەیەکی بەرزی کارە نائەمنیەکان کێشەی سێیەم ئاشکرا دەکات کە پەیوەندی بە کوالیتی و سەقامگیری کارەوە هەیە.

 

بەپێی ڕاپۆرتی “ژن، بازرگانی و یاسا ٢٠٢٦”ی بانکی نێودەوڵەتی، لە وڵاتێکدا کە بەشداری ژنان لە هێزی کاریدا سنووردارە بە نزیکەی لە ٢٧٪، پرسی دامەزراندن و سەربەخۆیی ئابووریی ژنان بەشێکە لە کێشەیەکی فراوانتر کە هەژاری و پاراستنی کۆمەڵایەتی و توندوتیژی و خێزان لەخۆدەگرێت.

 

ژنان ڕووبەڕووی دابەزینی ئابووری و کۆمەڵایەتی دەبنەوە

دابەزینی ئابووری و کۆمەڵایەتی تەنها لە ژمارە و پێوەرەکانی ئابووریدا ڕەنگ ناداتەوە، هەروەها کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خێزانە مۆریتانییەکان هەیە، ئەوانەی قورسایی ئەم قەیرانەیان لە ئەستۆ گرتووە دیسان ژن بوون، بەهۆی کەمتربوونی هەلی کار و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان، زۆرێک لە ژنان بژاردەی سنوورداریان لەبەردەستدا نەماوە،

ژنان ڕووبەڕووی لەدەستدانی سەرچاوەی داهاتیان بووەنەتەوە و ناچاربوون بگەڕێنەوە بۆ وابەستەیی ئابووری یان بەدوای جێگرەوەیەکدا بگەڕێن لە بازاڕێکی کاردا کە ناجێگیرترە.

 

قەیرانەکە تەنها ئابووری نەبووە، بەڵکو بە تێپەڕبوونی کات گۆڕاوە بۆ قەیرانی کۆمەڵایەتی و مافەکان. شێوازەکانی پێشووی نایەکسانی نێوان ژنانی بەرهەم هێناوەتەوە و مەودای لاوازییەکانی ئێستای فراوانتر کردووە، بەتایبەتی بۆ ئەو ژنانەی کە بژێوی ژیانن و ئەو خێزانانەی کە لە بازاڕە کەمتر پارێزراوەکاندا کاردەکەن.

 

کێشەکە بۆ ژنان تەنها پەیوەندی بە ژمارەی ئەو هەلی کارانە نییە کە لەبەردەستدایە، بەڵکو پەیوەندی بە کوالیتی ئەو کارانە و توانای دابینکردنی داهاتێکی جێگیر و پاراستنی کۆمەڵایەتیشەوە هەیە، داتاکانی بانکی نێودەوڵەتی، بە پشتبەستن بە خەمڵاندنەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار، دەریدەخەن کە تا ساڵی ٢٠٢٥، لە ٧١.١٪ی ئەو ژنانەی لە مۆریتانیا کاردەکەن، لە کارێکی ناجێگیردا کاردەکەن، لەکاتێکدا بۆ پیاوان لە ٤٥.١٪، ئەم جیاوازییە کە نزیکەی ٢٦ خاڵە لەسەدا بەو واتایەیە کە ژنانی کارێکار زیاتر لە کارە ناجێگیرەکان یان ئەو کارانەدان کە پارێزگارییەکی گونجاویان نییە.

 

بەم شێوەیە قەیرانەکە لە “بێکاری” تێدەپەڕێت، لەوانەیە ژنێک لەنێو ئەو کەسانەدا هەژمار بکرێت کە دامەزراون، بەڵام لە کارێکدا کار بکات کە داهاتی سنووردار بێت یان ناجێگیر بێت و لەوانەیە پاشەکەوت یان ئاسایشی نەبێت بۆ پاراستنی ئەگەر کارەکەی بوەستێت، بۆیە ڕێژەی بەرزی کاری نائەمنی کاریگەری هەر خاوبوونەوەیەک لە گەشەی ئابووری لەسەر ژنان گەورەتر دەکات.

 

لەسەر ئاستی گشتی، دوایین پێوەرەکان ئاشکرای دەکەن، کە ڕێژەی بێکاری لە چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦ لە ١٢٪ بۆ ١١.٩٧٪ دابەزیوە، هەروەها ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەدوای کاردا دەگەڕێن بە نزیکەی ١٨٠ هەزار کەس تۆمارکراوە، لەدەستدانی کار واتە لەدەستدانی سەربەخۆیی.

 

بازاڕی کار یەکێک بوو لەو بوارانەی کە زۆرترین کاریگەری قەیرانەکان تێیدا دەرکەوت، هەرچەندە ڕەخساندنی هەلی کار لە کاری موچەخۆردا چڕبووەوە، بەڵام ٢٤٩ هەزار هەلی کاری نوێ لەم کەرتەدا ڕەخسێندرا و ٥٥ هەزار هەلی کار کەمتر لە کاری بێ موچەدا ڕەخسێندرا، بەڵام گۆڕانکارییەکە بە یەکسانی کاریگەری لەسەر ژنان و پیاوان نەبووە، ژنان زیاتر بەرکەوتەی کارێکی نائەمنی و ناجێگیر دەبن، هەروەها بوونی ئەوان لە بازاڕەکانی وەک قوماش و کشتوکاڵ و خزمەتگوزارییەکان وایان لێدەکات زیاتر بەرەوڕووی دابەزینی ئابووری یان کەمبوونەوەی هێزی کار ببنەوە.

 

بۆ هەندێک لە ژنان لەدەستدانی کارەکانیان لە بواری قوماش و کشتوکاڵ و خزمەتگوزاریدا نەک تەنها بە واتای لەدەستدانی کارەکانیان نایەت، بەڵکو لەدەستدانی تاکە سەرچاوەی داهاتی خێزانەکەیان، ژنێک کە لە کۆتایی ڕۆژدا دەگەڕێتەوە ماڵەوە و پارەیەکی ئەوتۆی هەبێت کە بتوانێت خێزانەکەی یان منداڵەکانی بژیێنێت، لەوانەیە لەناکاو خۆی ببینێتەوە کە داهاتی نەبێت و بێ ئەو ئاسایشە کۆمەڵایەتییە بێت کە لە هەژاری دەیپارێزێت.

 

لێرەدا دژایەتییەک سەرهەڵدەدات؛ ژنێک کە بۆ بەدەستهێنانی پلەیەک لە سەربەخۆیی ئابووری دەچێتە بازاڕی کارەوە، ڕەنگە جارێکی دیکە خۆی ببینێتەوە کە وابەستەی هاوژینەکەی یان ئەندامانی خێزانەکەی بێت ئەگەر کارەکەی لەدەست بدات.

 

بەرزبوونەوەی نرخەکان هەڕەشە لە سەربەخۆیی ئابووری ژنان دەکات

لەدەستدانی کار تاکە هۆکار نییە کە دۆخی ژنان خراپتر دەکات، گرانی نرخی پێداویستییە سەرەتاییەکان و تێچووی ژیان، بەهای ڕاستەقینەی داهاتی کەمکردووەتەوە و وایکردووە خێزانەکان دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕۆژانەیان قورستر بێت.

 

بۆ ژنان کاریگەری زۆری تێچووی ژیان دوو هێندە بووە، لە لایەکەوە توانای دابینکردنی پێداویستیەکانیان کەمکردووەتەوە و لە لایەکی دیکەشەوە پشکێکی زیاتریان لە بارگرانی بەڕێوەبردنی بودجەی خێزان و چاودێریکردنی منداڵان وەرگرتووە.

 

بە کەمبوونەوەی سەرچاوە، ژنان خۆیان لە دووڕیانێکدا دەبیننەوە، کەمبوونەوەی داهات و گرانبوونی نرخ و بەرپرسیارێتی بێکۆتایی خێزان... لە هەندێک حاڵەتدا فشاری ئابووری دەبێتە هۆی دروستبوونی گرژی لەناو خێزان و مەترسیی ململانێ و توندوتیژی خێزانی زیاد دەکات.

 

بۆیە نابێ پەیوەندی نێوان قەیرانی ئابووری و توندوتیژی وەک پەیوەندی ڕاستەوخۆ یان دڵنیات تێبگەین، پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە فشارە ئابوورییەکان دەتوانن لاوازی و گرژی لە هەندێک خێزاندا زیاد بکەن، بەتایبەتی لەو بارودۆخانەدا کە میکانیزمەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی و پشتیوانی لاوازن.

 

ژنانی گوندنشین و کشتوکاڵ: دژایەتی بێکاری

ژنانی مۆریتانیا لە قۆناغە جیاوازەکانی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی و خۆراکدا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن، بەڵام بەشداریکردنی ژنان لە چالاکییە کشتوکاڵییەکان بەو واتایە نییە کە خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانن، دەستڕاگەیشتن بە زەوی وەک یەکێک لە گرنگترین بەربەستەکان دەمێنێتەوە، داتاکانی ئێستا دەریدەخەن کە ژنان ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە لە خاوەندارێتی زەوی و بڕیاردان سەبارەت بە بەکارهێنانی زەوی، بەو پێیەی بەشێکی بەرچاو لە کاری کشتوکاڵی ژنان لە دەرەوەی چوارچێوەی کاری فەرمی موچەخۆر ئەنجام دەدرێت، ڕەنگە ئەم چالاکییە بە تەواوی لە ئاماری ئابووریدا ڕەنگ نەداتەوە.ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (FAO) ئاماژەی بکات بەوەی کە ژنان لە سیستەمی کشتوکاڵی و خۆراکدا زیاتر لە کاری وەرزی و نافەرمی و کەم موچەدا چڕ دەبنەوە و نایەکسانی لە دەستڕاگەیشتن بە زەوی و دارایی و پەروەردە و خزمەتگوزارییە کشتوکاڵییەکان بەردەوامە، ئەم دژایەتییە لە بازاڕی کشتوکاڵدا بە ڕوونی دیارە، ئەو ژنانەی لە ناوچە گوندنشینەکان دەژین دەتوانن ڕاستەوخۆ بەشداری بکەن لە بەرهەمهێنانی بەروبووم و ئاژەڵداری و بەرهەمهێنانی خۆراک و بەبازاڕکردن، بەڵام لەوانەیە ئەم ژنانە داهاتی سەربەخۆیان نەبێت، خاوەنی زەوی نەبن یان داهاتی ئەو چالاکییانە کۆنترۆڵ بکەن.

 

بەپێی شیکارییەکی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار، تەنها لە ٦٪ی ژنان لە مۆریتانیا خاوەنی زەوین، ئەم ژمارەیە بۆ ٤.٢٪ بۆ ئەو ژنانەی لە ناوچە گوندنشینەکاندا دەژین دادەبەزێت،  هەروەها ڕێکخراوەکە سەرنج ڕادەکێشێت بۆ چڕبوونەوەی زۆری ژنان لە ئابووریی نافەرمی و نائەمنیدا.

 

ئاستی نزمی بەشداریی فەرمی ژنان لە بازاڕی کاردا نابێت وەک دوورخستنەوەی ژنان لە چالاکییە ئابوورییەکان لێکبدرێتەوە، هەروەها پێویستە سروشتی کار، پێگەی ژنان لەناو خێزان، خاوەندارێتی سەروەت و سامانی بەرهەمدار و درووستکردنی داهاتی سەربەخۆیان لەبەرچاو بگیرێت.

 

یاسا بوونی هەیە، بەڵام بۆشاییەکان زۆرن

لاوازی ژنان تەنها لە ئابووریدا سنووردار نییە، کێشەکە درێژدەبێتەوە بۆ چوارچێوەی یاسایی و توانای دامەزراوەکان بۆ وەرگێڕانی مافەکان بۆ پاراستنی ڕاستەقینە.

 

ڕاپۆرتی "ژن، بازرگانی و یاسا ٢٠٢٦"ی بانکی نێودەوڵەتی کەلێنێکی بەرچاو لە نێوان چوارچێوەی یاسایی و جێبەجێکردنی لە مۆریتانیا ئاشکرا دەکات، وڵاتەکە لە چوارچێوە یاساییەکان ٣٣.٥ لە کۆی ١٠٠، لە چوارچێوەی پشتیوانیدا ٣١.٤٥ و لە پێوەرەکانی پەیوەست بە بەدیهێنانی مافە ئابوورییەکانی ژنان ٣٦.٤٨ نمرەی بەدەستهێناوە.

 

بە تایبەتی لە بواری دامەزراندندا، چوارچێوەی یاسایی لە کۆی ١٠٠ نمرەی ٢٥ی بەدەستهێناوە، لە کاتێکدا چوارچێوە پشتگیرییەکان بەپێی میتۆدۆلۆژیای ڕاپۆرتەکە نمرەی سفریان بەدەستهێناوە، هەروەها نمرەی تێڕوانین لە کاتی جێبەجێکردندا ٣١.٢٥ بووە لە کۆی ١٠٠.

 

پێوەرەکان کەلێنەکانی نێوان چوارچێوەی یاسایی و میکانیزمەکانی پشتیوانی و میکانیزمەکانی جێبەجێکردن ئاشکرا دەکەن، بۆ نموونە، ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە یاسای مۆریتانیا بەپێی یاسای کار و یاسای تاوانبارکردنی هەڵاواردن، جیاکاری لەسەر بنەمای ڕەگەز لە دامەزراندندا قەدەغە دەکات، بەڵام بەڵگەی سنووردار هەیە بۆ پشتگیریکردن لە بوونی میکانیزمی تایبەتمەند بۆ چارەسەرکردنی سکاڵاکانی هەڵاواردن لە شوێنی کار یان ستراتیژییەکی نیشتمانی ڕوون، بەتایبەتی بۆ زیادکردنی دەستڕاگەیشتن بە بازاڕی کار لەلایەن ژنانەوە.

 

توندوتیژی دژی ژنان: هێشتا ژمارەکان ڕادەی بێدەنگییەکە ئاشکرا دەکەن

قەیرانی مافەکان ڕەهەندێکی مەترسیدارتر وەردەگرێت کاتێک باس لە توندوتیژی دژی ژنان دەکرێت، ڕاپۆرتێک کە لە ساڵی ٢٠٢٥ لەلایەن کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، بە پشتبەستن بە داتای ڕاپرسی، خەمڵاندب دەکات کە لە ١٠٪ی ژنانی تەمەن ١٥-٤٩ ساڵ لە تەمەنی ١٥ ساڵییەوە تووشی توندوتیژی جەستەیی بوون، لە ٦٪ تووشی توندوتیژی سێکسی بوون, لەوەش سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە کە لە ٦٥٪ی ئەو کەسانەی کە تووشی توندوتیژی بوون، داوای یارمەتییان نەکردووە.

 

ئەم دوایین ئامارە پرسیارێکی گرنگ دەوروژێنێت: بۆچی ژنان بێدەنگ دەبن؟ لێرەدا زۆر هۆکار دێنە مەیدانەکەوە، لە ترس و چەواشەکاری کۆمەڵایەتییەوە تا وابەستەیی ئابووری و دژواری دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە یاسایی و دەروونییەکان، بۆیە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەتەنها بە یاسا دەست پێناکات و کۆتایی نایەت، دەبێت سیستەمێک هەبێت کە ژنان بتوانن بەکاری بهێنن کاتێک بڕیار دەدەن داوای یارمەتی بکەن.

 

پەناگە

لەم بۆشاییەی نێوان پێویستی و پاراستن، گرنگیی پەناگە و کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانی کارکردن لە بواری مافەکانی ژناندا ڕوون دەبێتەوە.

 

ڕاپۆرتی بانکی نێودەوڵەتی ئاشکرای دەکات، ئەو ژنانەی کە بەهۆی توندوتیژیەوە زیانیان بەرکەوتووە، هاوکاری یاسایی و تەندروستی و دەروونی و خزمەتگوزارییەکان وەردەگرن کە لە ڕێگەی ناوەندەکانەوە پاڵپشتی بژێوی ژیانیان دەکەن، هەروەها بەڵگەکانی بوونی پەناگەی تایبەت بۆ ژنانی زیانلێکەوتووی توندوتیژی بەس نین و میکانیزمی دادپەروەری تایبەت لەم ڕووەوە سنووردارە.

 

ئەم دامەزراوانە نەک هەر مامەڵە لەگەڵ دەرئەنجامەکانی توندوتیژی دەکەن، بەڵکو ڕووبەڕووی کێشەی فراوانتر دەبنەوە وەک بێکاری، وابەستەیی ئابووری، ململانێی ناوخۆیی یان نەبوونی زانیاری لەسەر مافەکان، بۆیە داڵدەگاکان نەک هەر دەبنە شوێنێک کە گلەیی لێ وەردەگیرێت، بەڵکو دەبنە بەشێک لە تۆڕی پارێزراوی کۆمەڵایەتی.

 

قەیرانی ئابووری بێلایەن نییە

لە ئەنجامدا، قەیرانە ئابوورییەکان بە یەکسانی کاریگەرییان لەسەر هەموو سێکتەرەکانی کۆمەڵگە نییە، ڕەنگە ژنان لە کاتی قەیرانێکدا باجی قورستر بدەن بەهۆی لاوازی پێگەی خۆیان لە بازاڕی کار و بەرپرسیارێتی زیاتر و کەمتر سەربەخۆیی ئابووری.

 

هەر بۆیە چارەسەری قەیرانەکە ناتوانرێت تەنها لە ڕەخساندنی هەلی کارێکی گشتیدا سنوردار بکرێت، پێویستە ئەو سیاسەتانەی کە ڕاستەوخۆ ژنان بکەنە ئامانج، پێویستە پارێزگاری لەو ژنانە بکرێت کە لە بازاڕە نائەمنەکاندا کاردەکەن، دەرفەتی کارکردنی سەقامگیر بڕەخسێنن، پاڵپشتی ئەو ژنانە بکرێت کە بژێوی خێزانەکانیانن، هەروەها بەهێزکردنی میکانیزمەکانی پاراستن لە توندوتیژی و فراوانکردنی خزمەتگوزارییەکانی پشتیوانی دەروونی و یاسایی، دەبێت کەلێنی نێوان یاسا و پراکتیک دابخرێت بۆ ئەوەی پاراستنی ژنان ببێتە مافێکی ڕاستەقینە کە لە کاتی پێویستدا بتوانن دەستی پێ بگات.

 

لە کۆتاییدا، کێشەکە تەنها ئەوە نییە کە ژنان چەند کاریان لەدەستداوە یان ڕێژەی بێکاری لە نێو ژناندا چەندە، پرسیاری ڕاستەقینە ئەوەیە کە ئەم لەدەستدانی کارانە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا واتای چییە؟ ئایا ژنان دەتوانن سەربەخۆیی ئابووری خۆیان بپارێزن؟ ئایا ژنان دەتوانن بژێوی منداڵەکانیان دابین بکەن؟ ئایا ژنان دەتوانن دامەزراوەیەک بدۆزنەوە کە گوێیان لێبگرێت کاتێک پێویستیان بە یارمەتی دەبێت؟

 

لەپشت ئەم پرسیارانەوە چیرۆکێکی قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی هەیە کە لە ژمارەکان تێدەپەڕێت، ئەم چیرۆکە ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە پاراستن و بەهێزکردنی ژنان پرسێکی لاوەکی نییە، بەڵکو توخمێکی بنەڕەتییە لە هەوڵدان بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی خۆڕاگر لە بەرامبەر قەیرانەکاندا.