له ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا... ئێستا کاتی گۆڕانکارییە(٢)

ژنان لە هەموو شوێنێک دژی توندوتیژی و بێ سزای و هەژاری و جیاکارییان شەڕیان کردووە و بەرگرییان لە مافی ژیان کردووە و ئیرادەی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە بڕیاردان لە کاتی "رێگای ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکدا" دووپاتکردووەتەوە.

 ژنان بێدەنگ نەبوون... بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و هەژاری و شەڕ

 

سەرپیل سافوملو

 

ناوەندی هەواڵ – توندوتیژی دژی ژنان لە سەرانسەری جیهان بەردەوامە و بەهۆی شەڕ و ململانێکانەوە توندوتیژی توندتر دەبێت، لە ناوچە جێناکۆکەکاندا، ئازارەکانی ژنان و منداڵان لە بۆردومان و ئاوارەبوون و لەناوبردن تێدەپەڕێت و توندوتیژی سێکسی و ڕفاندن و بازرگانیکردن بە مرۆڤ و برسێتی و پێشێلکردنی سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ دەگرێتەوە.

 

شەڕەکان پەڵەی قووڵ لەسەر ژیان و جەستە و یادەوەرییەکانی ژنان بەجێدەهێڵن، ملیۆنان ژنی ئاوارە ڕووبەڕووی بارودۆخێکی سەخت دەبنەوە کە بە نائەمنی و بێبەشبوون لە پێداویستییە سەرەتاییەکان و بەرکەوتن بە توندوتیژی تایبەتمەندن، لە غەززە ژنان و منداڵان بەدەست بۆردومان و برسێتی و داڕمانی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانەوە دەناڵێنن، لە سودان دەستدرێژی و ئاوارەبوونی زۆرەملێ لە زیادبووندایە، لە سووریا و یەمەنەوە تا ئۆکرانیا و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە، پێشێلکارییە قورسەکانی مافەکانی ژیان و ئاسایش و پارێزراوی جەستەیی ژنان بەردەوامە.

 

ئازاری ژنان بە وەستانی شەڕەکان کۆتایی نایەت. شێوازەکانی جیاکاری و کۆنترۆڵکردنی جەستە و ژیانیان بەردەوامن، جا چ وەک چەک لە ململانێکان یان وەک ئامرازێک بۆ چەسپاندنی باڵادەستی پیاو لەناو خێزان و کۆمەڵگەدا، سەرەڕای هەڵگرتنی قورسایی شەڕەکان، بەڵام زۆرجار ژنان لە دانوستانەکانی ئاشتی و بڕیاردان بەدەر دەکرێن.

 

توندوتیژی تەنها لە بەرەکانی شەڕدا قەتیس نییە

توندوتیژی دژی ژنان تەنها لە بەرەکانی شەڕدا سنووردار نییە، ژنان لە ماڵەکانیان، لەسەر شەقامەکان، لە شوێنی کارەکانیان و لە شوێنە گشتیەکاندا ڕووبەڕووی توندوتیژی بەدەست پیاوانەوە ئەزموون دەکەن. کوشتن، توندوتیژی خێزانی، دەستدرێژی، هەراسانکردن، هاوسەرگیری زۆرەملێ، چەوساندنەوەی ئابووری و هەڵاواردن وەک کێشە باوەکانی بەردەم ژنان، تەنانەت لە سەرانسەری ناوچە جیاوازەکاندا.

 

سەرەڕای هەوڵدان بۆ وێناکردنی توندوتیژی دژی ژنان لە چوارچێوەی سیستەمی ئێستای هەر وڵاتێکدا وەک ڕووداوی گۆشەگیر، ژنان لە سەرانسەری جیهاندا ناچارن ڕووبەڕووی قەیرانێک ببنەوە کە لە پەراوێزخستنی سیستماتیکی و بێبایەخکردنی مافەکانیانەوە سەرچاوەی گرتووە، زۆرجار یاسا و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان کە مەبەست لێی پاراستنی ژنانە، تەنها وشەیەکی سەر کاغەز دەمێننەوە، جێبەجێکردنی ناتەواو و ڕێوشوێنی گرتنەبەری بۆ پاراستنی سیستەمی پیاوسالاری و بێ سزای لە گەورەترین بەربەستەکانن بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی دژی ژنان.

 

تورکیا و سیاسەتەکانی “خێزانی پیرۆز”

توندوتیژی دژ بە ژنان و ژنکوژی وەک بابەتێکی دیار لە تورکیا و کوردستاندا ماوەتەوە، بەتایبەتی بە ڕاگەیاندنی “ساڵی بنەماڵە” و یەکەمایەتی دانانی پاراستنی بنەماڵە و بەهێزکردنی لە سیاسەتەکانی دەوڵەتدا، ئەمەش پرسیار دەوروژێنێت کە تا چەند ئەم سیاسەتانە ڕێز لە ماف و ئازادی و مافی ژیان دەگرن.

 

لە کاتێکدا پیرۆزی خێزان پەیوەستە بەو ڕۆڵانەی کە بەسەر ژناندا سەپێنراوە، بەڵام زۆربەیان لەلایەن ئەو پیاوانەی نزیکترینیان لێیانەوە دەکوژرێن، تەنانەت لەناو ماڵەکانی خۆیاندا، بەپێی ئەو زانیاریانەی لە ڕاپۆرتە میدیاییەکانەوە وەرگیراون، لە نێوان کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥ تا تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، ٢٥٩ ژن لە تورکیا کوژراون، هاوکات مردنی ٢٠٥ ژنی دیکەش بە گوماناوی تۆمار کراوە.

 

تاوانباران لەناو خێزانەکەدا

لە کاتێکدا ساڵانە ژیانی هەزاران ژن لە وڵاتدا دەکەوێتە مەترسییەوە، بەڵام ئەو ڕاستییەی کە بەشێکی زۆری توندوتیژی دژی ژنان لە چوارچێوەی پەیوەندییە خێزانییەکان ڕوودەدات، پرسیار لەسەر ئەو پێداویستیانە دەوروژێنێت کە سیاسەتەکانی پاراستنی خێزان باسی دەکەن.

 

خواستی ژنان بۆ بڕیاردان لەسەر ژیانی خۆیان دەبێتە بیانووی توندوتیژی دژی ئەوان، ڕاستی و داتاکان ئەوە دەردەخەن کە کوشتنی ژنان بە توڕەیی تاکەکەسی، ناکۆکی یان حەسودی ڕوون ناکرێتەوە، بەڵکو بە شێوەیەکی سیستماتیک بووە.

یەکەمایەتی بۆ پاراستنی خێزان

کەموکوڕیەکانی جێبەجێکردنی یاساکانی پاراستنی ژنان، کوشتنیان سەرەڕای فەرمانی پاراستن، لێکۆڵینەوە لاوازەکان و سزای نەرم بۆ تاوانباران کێشەی بێ سزای گەورەتر دەکەن، چاوپۆشیکردن لە گلەیی ژنان و نەناسینی هەڕەشە و مردنی گوماناوی پێشوەختە پرسیار لەسەر بەرپرسیارێتی دەوڵەت لە پاراستنی مافی ژیانیان دروست دەکات.

 

لە بەرامبەردا، ڕێکخراوەکانی ژنان جەخت لەوە دەکەنەوە، کە پاراستنی خێزان مەرج نییە بە واتای پاراستنی ژنان بێت، ئەوان داوای جێبەجێکردنی کاریگەرانەی یاسای ژمارە ٦٢٨٤ و جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانە دەکەن کە لە ڕێککەوتننامەی ئیستەنبوڵدا هاتووە و لێکۆڵینەوەی گشتگیر لە ژنانە.

 

لە نێوان ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ و ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، ژنان لانیکەم ٧٨ خۆپیشاندان و لێدوان و کۆنگرەی ڕۆژنامەوانییان لە شارە جیاوازەکانی تورکیا ڕێکخست بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە سیاسەتی بنەماڵەیی، توندوتیژی پیاوان، ژنکوژی و بێ سزا.

 

ژنان دەچنە سەر شەقامەکان بۆ داوای مافەکانیان

لەو چوارچێوەیەدا، ژنانی شارە جیاوازەکانی تورکیا لە ئەنقەرە کئبوونەوە و وەڵامی بانگەوازی ٣٤ دامەزراوە و ڕێکخراویان دایەوە، ئەوان لەبەردەم ناوەندی ڕۆشنبیری ئەتاتورک کۆبوونەوە و بەرەو مەیدانی تاندۆغان ڕێپێوانیان کرد و داوای کۆتاییهێنان بە ژنکوژی و جێبەجێکردنی کاریگەرانەی یاسای ژمارە ٦٢٨٤ و ڕەتکردنەوەی گفتوگۆکانی تایبەت بە نەفەقە و یاسای باری کەسی و هەوڵدان بۆ قەتیسکردنی ژنان لە چوارچێوەی پێکهاتەی بنەماڵەدا کرد، ئەم کۆبوونەوەیە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦دا یەکێک بوو لە بزووتنەوە هاوبەشەکانی ژنان لە ڕووی بەشدارییەوە.

 

لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، پلاتفۆرمی ژنان بۆ یەکسانی (EŞİK) میوانداری کۆبوونەوەیەکی نێودەوڵەتیی ئۆنلاینیان کرد بە ناونیشانی "بەرەو ڕێکخستنێکی کۆمەڵایەتی نوێ: سیاسەتی ژنان، ژینگەیی و دەوڵەتی بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری گشتی"، بە بەشداری زیاتر لە ١٤٠ کەس. لە کۆبوونەوەکەدا باس لە خەباتی ژنان بۆ یەکسانی و ئازادی، سیاسەتی گشتی، ئاسۆی بونیادنانی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی نوێ کرا، پلاتفۆرمی ژنان بۆ یەکسانی (EŞİK لە ڕاگەیاندراوەکەدا، کە بە بۆنەی سەدەمین ساڵیادی یاسای باری کەسییەوە، جەختی لەسەر پێویستی پاراستنی مافی یەکسانی هاووڵاتیبوون کردەوە.

 

لە ٨ی ئاداردا ژنان لە چەند ناوچەیەک بە دروشمی "ساڵی خێزان نییە، بەڵکو ساڵی خەبات" ڕژانە سەر شەقامەکان، دووپاتیان لە ڕەتکردنەوەی سیاسەتی بنەماڵەیی کرد، کە مافەکانیان کەمدەکاتەوە، داوای پاراستنی مافی ژیانیان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و بەدیهێنانی یەکسانی لە هەموو بوارەکانی ژیانیاندا.

دۆسیەی گوڵستان دۆکو و ڕۆژین کابایش

دۆسیەی گوڵستان دۆکو یەکێک بوو لەو حاڵەتە دیارانەی کە بزووتنەوەی ژنان لە ساڵی ٢٠٢٦دا تیشکی خستە سەر، وەک بەشێک لە خەباتی دژی توندوتیژی پیاوان و بێ سزای پیاوان و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی حکومەت و بەرگریکردن لە مافی ژیانی ژنان. دوای پێکهاتەکانی لێکۆڵینەوەکە لە مانگی نیساندا، ڕێکخراوەکانی ژنان داوای ئەوەیان کرد کە چارەنووسی ئەو ئاشکرا بکرێت و هۆکارەکانی چەقبەستووی شەش ساڵەی لێکۆڵینەوەکە ڕوون بکرێتەوە و ئەوانەی کە ئەگەری بەرپرسیارن لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

 

دۆسیەکە بوو بە خاڵی سەرەکی بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر دژایەتی نێوان قسە و باسەکانی پاراستنی خێزان و نەبوونی مسۆگەری بۆ پارێزراویێ ژنان، لەو چوارچێوەیەدا، پلاتفۆرمی ژنانی دێرسیم بەردەوام بوو لە داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی گوڵستان دۆکو، هاوکات لە ئیستەنبوڵ، ئیزمیر، ئامەد، ڕێیهانلی و وان خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی ڕێکخست.

 

لای خۆیەوە دەستپێشخەریی "پێویستم بە ئاشتییە" چەوساندنەوەی دۆسیەکەی لە ململانێ سیاسییەکان ڕەتکردەوە و جەختی لەسەر پێویستی بەدواداچوونێکی هەمەلایەنە لە تاوانەکانی دژ بە ژنان کردەوە و دۆسیەکەی بەستەوە بە خەباتی فراوانتر بۆ ئازادی و ئاشتی و ڕاستی.

 

هەروەها کوشتنی ڕۆژین کابایش بوو بە خاڵی سەرەکی بۆ بزووتنەوەکانی ژنان کە داوای لێکۆڵینەوەی تەواو لە بارودۆخی مردنەکەی و لێپرسینەوە لە بەرپرسان دەکەن، چەندین شار شایەتحاڵی ناڕەزایەتی و لێدوان بوون کە بەرپرسیارێتی دەوڵەتیان لە پاراستنی ژنان و ڕەتکردنەوەی توندوتیژییەکانی پیاوان و دەوڵەت و کولتووری بێ سزای دووپاتکردەوە.

 

خۆڕاگری لە بەرامبەر هەژاری و نایەکسانی ئابووری

هەروەها ژنان ڕووبەڕووی پەرەسەندنی هەژاری و نایەکسانی ئابووری بوونەتەوە، کە بووە جێگەی سەرنجی سەرەکی خەباتیان، ئەمەش بەهۆی کەمی موچە و بارودۆخی ناجێگیری کارکردن و بارگرانی بەرپرسیارێتی چاودێریکردن و سنوورداربوونی دەرفەتە ئابوورییەکان بوو.

 

لە ماوەی ١٠ مانگی ساڵی ٢٠٢٦دا، لانیکەم ١٢٠ ژن لە ڕووداوی کوشندە لە شوێنی کاردا گیانیان لەدەستدا. داتاکانی دامەزراوەی ئاماری تورکیا (TÜİK) و ناوەندی توێژینەوەی کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی پێشکەوتنخوازی کرێکاران (DİSK-AR) ئاشکرایان کردووە کە جیاوازیی ڕەگەزی لە بازاڕی کاردا فراوانتر دەبێت.

 

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی توێژینەوەی کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی پێشکەوتنخوازی کرێکاران (DİSK-AR) کە لە ئەیلوولی ٢٠٢٦ بڵاوکراوەتەوە، ڕێژەی بێکاری فراوان لەنێو ژنان گەیشتووەتە ٤٠.٤٪، بە پێی ئەم پێوەرە سئ میلیۆن و ٣٨٢ هەزار ژن بێکارن، لە کاتێکدا لە نێوان پیاوان ٢٥.٦٪ بووە، بەرزی ڕێژەی بێکاری بەرفراوان لە نێو ژناندا، بە بەراورد لەگەڵ بێکاریی بەرتەسک کە ١١.٣٪یە، ڕادەی ئەو قەیرانە ئابوورییە ئاشکرا دەکات کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بەتایبەتی کاتێک ڕەچاوی ئەو کەسانە دەکرێت کە بێهیوا بوون لە گەڕان بەدوای کاردا و ئەوانەی لە خوار ئاستی دامەزراندنێکی تەواوەوە دامەزراون.

 

داوای موچەی یەکسان دەکات بۆ کارێکی یەکسان

داتاکان ئەو سەختییانەیان ئاشکرا کردووە کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە، نەک تەنها لە دەستڕاگەیشتن بە هەلی کار بەڵکو لە دەستەبەرکردنی کارێکی سەقامگیر و مسۆگەری و تەواوکاتیشدا، بەمەش سەربەخۆیی ئابوورییان سنووردار دەکات.

 

لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٦دا ژنان چالاکییەکانیان لە شەقام و شوێنی کار و مەیدانی سەندیکاکان چڕتر کردەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەژاری و نایەکسانی ئابووری، پێش ٨ی ئادار، ژنانی سەر بە کۆنفیدڕاڵی سەندیکاکانی پێشکەوتنخوازان (DİSK) و کۆنفیدڕاڵی سەندیکاکانی کەرتی گشتی (KESK) ڕێپێوان و ڕاگەیاندراوی ڕۆژنامەوانییان ڕێکخست، داوای دامەزراندنی مسۆگەر و موچەی یەکسان و چاودێری منداڵانی بێبەرامبەر و خزمەتگوزارییەکانی خۆشگوزەرانی گشتییان بەخۆڕایی دەکرد، هەروەها لە یەکەمی ئایاردا، کرێکارانی ژن لە شارە جیاوازەکاندا داواکارییەکانیان بەرزکردەوە و داوای کرد کە ڕێوشوێن لە دژی کەمی موچە و کاری ناجێگیر و چەوسانەوەدا بگیرێتەبەر.

 

خەباتی ژنان بۆ ئاشتی

بەشداری ژنان لە پڕۆسەی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" و هەوڵەکانیان بۆ چەسپاندنی ئاشتی لەناو کۆمەڵگەدا لە دیارترین تەوەری ساڵی ٢٠٢٦ بوو، ڕێکخراو و سەندیکاکانی ژنان، لە ڕێگەی ڕێپێوان و ڕاگەیاندراوە و کۆنگرەوە، جەختیان لەوە کردەوە، کە ئاشتی تەنها بە ئاگربەست سنووردار نییە، بەڵکو پێویستی بە بەشداری ژنان هەیە لە دانوستان و بڕیاردان، هەروەها پێکهێنانی لیژنەی سەربەخۆ بۆ ئەوەی چاودێری پرۆسەکە و دڵنیابوون لە پێشکەوتنەکانی لە ڕێگەی هەنگاوە دیموکراتیکیە بەرجەستەکراوەکانەوە.

 

بزووتنەوەی ژنانی ئازاد ڕۆڵێکی بەرچاوی لەم بزووتنەوەیانەدا هەبوو، لانیکەم ١٠ بۆنەی لە ٨ شوێنی جیاوازدا سازکرد. هەروەها ژنان بە دروشمی "پێداگری لەسەر ئاشتی" ڕاگەیاندراویان بڵاوکردەوە و دەستپێشخەریی "پێویستم بە ئاشتییە" خۆپیشاندانی هاوکاتی لە حەوت ناوەنددا ڕێکخست، لەوانە ئیستەنبوڵ، مێرسین و رەها، داوای هەڵوەشاندنەوەی یاسای دژە تیرۆر و ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و مسۆگەری خوێندن بە زمانی دایکی و دانوستان لەگەڵ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان کرد لەسەر بنەمای یەکسانی، هەروەها دەستپێشخەرییەکە ناڕەزایی دەربڕی بەرامبەر بە دوورخستنەوەی پێنج داواکاری بەپەلە کە پێشتر پێشکەشی لیژنەی پەرلەمانی کردبوو لە ڕاپۆرتەکەیدا.

 

لە ئەنقەرە ژنان لە بەردەم دەروازەی دیکمەنی پەرلەمان بەڤدروشمی "نا بۆ شەڕ، ئاشتی ئێستا" و "ژن، ژیان، ئازادی" کۆبوونەوە، داوای هەنگاوی کۆنکرێتی و دەرکردنی ڕێکخستنی یاسایی پێویست و دانپێدانانی لیژنەیەکی چاودێری سەربەخۆ کە لەلایەن بزووتنەوەی ژنانەوە وەک لایەنێک لە پرۆسەی ئاشتی پێکهێنراوە.

 

هەروەها کۆنگرەی سێیەمی ژنانی کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی کەرتی گشتی جەختی لەسەر دروشمی "ئاشتی نییە بەبێ ژن" کردەوە، جەختی لەسەر پێویستی هاوبەشییان لە بەڕێوەبردنی پرۆسەکەدا کردەوە، چاگلار دەمیرەل، چالاکوان لە بزووتنەوەی ژنانی ئازاد، ئامادەیی ژنانی بۆ پێکهێنانی لێژنەی چاودێری ئاشتی و پێشوازیکردن لەو ژنانەی لە دەرەوەی وڵات لە ئەوروپا دەژین و ئارەزووی گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکەی ڕاگەیاند.

 

لە هەنگاوێکی دیکەدا، ٨٠ ژن لە پاشخانی جیاوازی سیاسی، ژنان، ئەکادیمی، هونەری و مافی مرۆڤ ڕاگەیانداوێکی هاوبەشیان بە دروشمی "پێکەوە، شانبەشانی یەکتر، باس لە داهاتوو دەکەین" بڵاوکردەوە، داوای بونیادنانی هاوبەشی ئاشتی و داهاتوویەکی دیموکراتیکیان کرد، دواتر کۆنگرەیەک بەڕێوەچوو کە زیاتر لە ٥٠٠ ژن بەشداریان تێدا کرد.

 

داواکارییەکانی ژنان لەماوەی ئەم بزووتنەوەیانەدا لەسەر دەستەبەرکردنی نوێنەرایەتی ڕاستەوخۆیان لە دانوستان و بڕیاردان، پێکهێنانی لیژنە سەربەخۆکانی چاودێری ژنان، ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و کۆتاییهێنان بە دانانی سەرپەرشتیاران، مسۆگەرکردنی خوێندن بە زمانی دایکیان و دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان و پتەوکردنی میکانیزمەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بوو، هەروەها جەختیان لەسەر پێویستی ئاشکراکردنی ئەو پێشێلکارییانەی کە لە کاتی شەڕەکاندا ئەنجامدراون و زەمینەسازی بۆ گەڕانەوەی ژنانی دەربەدەر و بونیادنانی ئاشتییەک لەسەر بنەمای یەکسانی ڕەگەزی و دیموکراتیک و ئازادی کردەوە.

 

بزووتنەوەی دایکانی ئاشتی

هەروەها دایکانی ئاشتی بەشێکی چارەنووسساز بوون لە خەبات بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان. ئەوان هاوکات لە شارە جیاوازەکان ڕاگەیاندراویان بڵاوکردەوە و خوازیاری جێبەجێکردنی "مافی هیوا" و کردنەوەی کەناڵەکانی دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالان بوون، ٨ی ئایاری ٢٠٢٦، دایکان داوایەکیان ئاراستەی وەزارەتی داد کرد، داواکەیان دووپاتکردەوە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵیدا، ١ی تشرینی دووەم دایکانی ئاشتی لە ٢٤ شارەوە بەرەو ئەنقەرە بەڕێکەوتن.

 

ئەو دایکانە لە ئەنقەرە دانیشتنێکیان بۆ ئاشتی ڕێکخست و لەو ماوەیەدا داواکارییەکانیان بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان و ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و هەنگاوی کۆنکرێتی لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتی دەربڕی.

 

ژنان دەستبەرداری خەباتیان نەبوون

خەباتی ژنان بە درێژایی ساڵی ٢٠٢٦ ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئەو شێوازانەی هەڵاواردن و نایەکسانی کە لە بوارە جیاوازەکاندا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بەیەکەوە گرێدراون و لەیەکتر جیا ناکرێنەوە  ژنان دووچاری دەرئەنجامەکانی شەڕ و کوشتنی ناوماڵ و مردنی گوماناوی لەگەڵ هەلومەرجێکی چارەسەرنەکراو و هەژاری و نائەمنی کاردا لە شەقام و شوێنی کار و مەیدابی هاودەنگیدا درێژەیان بە خەباتیان دا و داوای مافی ژیان و ئازادی و یەکسانی و ئاشتییان دەکرد.

 

ژنان جەختیان لەوە کردەوە، کە دروشمی پاراستنی خێزان مسۆگەری مافی ژیانیان ناکات، هەروەها جەختیان لەسەر پێویستی ڕێگریکردن لە توندوتیژی و لێپرسینەوە لە تاوانباران و جێبەجێکردنی کاریگەرانەی یاساکانی پارێزگاری کردەوە، هەروەها بەردەوام بوون لە داوای سەربەخۆیی ئابووری و موچەی یەکسان بۆ کارێکی یەکسان و مسۆگەری دامەزراندن و لە چوارچێوەی "پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"دا، هەروەها٥ ئەوان تەنها چاودێرانی پرۆسەی ئاشتی نین، بەڵکو هاوبەشن لە بونیادنانەوەی و بڕیاردانیدا.

 

لەو چوارچێوەیەدا، ڕێکخراوەکانی ژنان کە لە پێشەنگییاندا بزووتنەوەی ژنانی ئازاد، بەردەوام بوون لە داوای دامەزراندنی میکانیزمی چاودێری سەربەخۆ و مسۆگەری بەشداریکردنی ڕاستەوخۆ و کاریگەرانەی ژنان لە پرۆسەی ئاشتیدا.

 

یەکسانی و ئازادی و ئاشتی بەبێ ژن بەدی نایەت

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان، ٢٥ی تشرینی دووەم و لەکاتێکدا کە ڕەهەندە جیاوازەکانی توندوتیژی دەخرێتە بەر چاو، ئەو خەباتانەی ئەمساڵ ژنان بەڕێوەیان بردووە، خواستی بەردەوامی خۆیان بۆ یەکسانی و ئازادی لە هەموو بوارەکاندا، لە سیاسەتی بنەماڵەیی و ژیانی کارەوە تا بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و بونیادنانی ئاشتی نیشانداوە.

 

ژنان بە بیستنی دەنگی خۆیان و دووپاتکردنەوەی ئیرادەییان لە بەرامبەر ئەو بڕیارانەی کە بەناوی خۆیانەوە دەدرێن، دووپاتیان کردووەتەوە کە یەکسانی و ئازادی و ئاشتییەکی بەردەوام بەبێ ئەوان بەدەست ناهێنرێت.