لە پشت کوشتنی ژنانەوە ...٣
شنە عەلی، هۆکاری زیادبوونی توندوتیژییەکان و کوشتنی ژنان دەگەڕێنێتەوە بۆ لاوازی ڕۆڵی دادگاکان، کە پاساو بۆ کوشتنی ژنان دەهێندرێتەوە، هەروەها جەختیش لەوەدەکاتەوە ئەگەر کۆدەنگی بۆ کەیسەکانی ژنان هەبێت، کەیسەکانی ژنان بە ئاڕاستەیەکی دیکەدا دەڕوات.
توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان لە شاری سلێمانی
سلێمانی
شنە عەلی، مامۆستا و چالاکوانی بواری مافەکانی ژنانە، ئاماژە بۆ ئەوەدەکات توندوتیژییەکان کە بەرامبەر ژنان دەکرێت جۆری زۆرە، یان ژنەکە دەکوژن یاخود هاندەدرێت تا ژنەکە خۆی بکوژێت، ئەمەشی گەڕاندەووە بۆ چەند هۆکارێک، لەوانەی لاوازی پەروەردە و خوێندن، کە منداڵەکان فێرناکرێن وەک مرۆڤێک بێ جیاوازی سەریری یەکتر بکەن.
بەشێکی دیکەی هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ ئەو پەروەردە خێزانییەی منداڵان پەروەردە دەکات، کە لەبری ئەوەی منداڵ فێری یەکسانی ڕەگەزی بکرێت، جیاوازی دەکرێتە نێوان منداڵی کچ و کوڕەوە، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانیشی بۆ ئەو دابونەریتە گێڕایەوە کە کۆمەڵگای کوردی لەسەر بنیادنراوە.
دەڵێت "لەڕووی کۆمەڵگاوە، لەسەر دابونەریتێک دەژین، کە ژن سەرکوتکراوە، لە باوباپیرانمانەوە بۆمان ماوەتەوە کە دەبێت ژن لەماڵەوە بێت، منداڵ بەخێوبکات و کاری ماڵ بکات، دەبێت میوانداری بکات و دووبارە دەبێت کۆیلایەتی بۆ کۆمەڵگا بکات".
کۆمەڵگا هۆکاری توندوتیژییەکانە
ئەو چالاکوانە تێپەڕاندنی ئەم قۆناغ و بیرکردنەوەیە بە پێویست دەزانێت، کۆمەڵگا لەوە تێبگەیەندرێت کە ژن وەک چۆن ئەرکی هەیە، بەو شێوەیەش مافی هەیە، دەبێت ڕێزی لێبگیرێت و توندوتیژی بەرامبەر ئەنجام نەدرێت، بەڵام وەک دەڵێت "ئەوە کۆمەڵگایە وایکردووە ئەم ڕقە لەنێوان ڕەگەزەکاندا دروستببێت و زەق کراوەتەوە، کۆمەڵگا هۆکاری تەواوی توندوتیژییەکانە".
شنە عەلی ڕەخنە لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانانی هەرێمی کوردستان دەگرێت کە بەشێوەیەکی جدی کار لەسەر پرسی ژنان ناکەن، لە کاتێکدا پەرلەمان یاسایەک دەردەکات دەبێت لەلایەن حکومەتەوە جێبەجێبکرێت و دواتر جارێکی دیکە پەرلەمان بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەو یاسایانە بکات.
بەڵام وەک باسی دەکات ئەم میکانیزمە لەم هەرێمەدا جێبەجێناکرێت، دەڵێت "ئێستا لە پەرلەمان یاساکان دەردەکرێت، بەڵام نە جێبەجێدەکرێت و نە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت، کەواتە لێرە پلانی حکومەت پلانێکی تۆکمە و جێگر نییە، پلانێک نییە کە خەڵک بتوانت پشتی پێببەستێت".
لە دادگاکاندا دۆسیەی کوشتنی ژنان بەلارێدا دەبرێت
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، شنە عەلی ڕەخنە لە دەسەڵاتی دادوەری دەگرێت، کە لە دادگاکاندا دۆسییەکانی کوشتنی ژنان بەلارێدا دەبرێن و پاساو بۆ کوشتنی ژنان بە ناوی شەرف یاخود بە هەڵە و لەدەست دەرچوونی فیشەک لێکدەدرێتەوە، وەک باسی دەکات چەندین دۆسیە هەیە کە گۆڕاون، لە هەندێک حاڵەتیشدا وایلێهاتووە ژنەکە بووەتە خۆکوژ و پیاوەکە لە کەیسەکە ڕزگاری بووە، هەندێک جاریش ئەگەر بکوژەکە دەستگیربکرێت ئەوا دوای چەند ساڵێک بە لێبووردنی گشتی ئازاد دەکرێت، بەمەش ئامادە دەبێت بۆ تاوانێکی دیکە.
سەرباری ئەوەی لەنێوان پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەماهەنگی نییە، هاوکات ساردییەک لەنێوان حکومەت و هاوڵاتیان و ڕێکخراوەکاندا هەیە، وەک شنە عەلی ئاماژەی پێدەکات بەشێکی زۆری ڕێکخراوەکان حزبین، ئەوانەی کە سەربەخۆشن ناتوانن کارێکی ئەوتۆ بکەن، کاری ڕێکخراوەکان بووەتە خوێندنەوەی بەیاننامەیەک لەبەردەم دادگادا، لەهەمان کاتیشدا ڕێکخراوەکان بەپێی یاسا مافیان نییە سکاڵا تۆمار بکەن، لە کاتێکدا پێویستە کۆدەنگی بۆ توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان کۆبکرێتەوە، کە دەبێتە پاڵپشتییەکی تەواو بۆ کەیسەکانی ژنان.
دەشڵێت "کە کۆدەنگی هەبوو، کەیسەکانی ژنانە بەرەو پێش دەچێت وە کەیسەکانی دیکەش زیندوو دەبێتەوە، وایلێدێت کۆمەڵگا بوێر دەبێت بەوە کەسانێک هەن لەسەر مافەکانیان دێنە دەنگ، تەنانەت ئەو کەسانەیشی کە بیانەوێت تاوانێک ئەنجام بدەن، دەترسن چونکە دەزانن ئەگەر ئەو کەسەی بووەتە قوربانی سکاڵاش تۆمارنەکات ڕێکخراوەکان سکاڵا تۆمار دەکەن".
ت.پ