لە هەڵەبجە یادی ٣٠ ساڵەی دامەزراندنی ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان کرایەوە

بەدروشمی "٣٠ ساڵ خزمەت و کاری بەردەوام" ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان یادی ٣٠ ساڵەی دامەزراندنی کردەوە.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- ئێوارەی دووشەممە ٢٠ی ئەیلول، لە پارێزگای هەڵەبجە یادی ٣٠ ساڵەی دامەزراندنی ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان کرایەوەو چەندین چالاکی جۆربەجۆر لە لایەن گەنجانی فێرخوازی منداڵپارێزەوە بەڕێوەچوو کە تیایدا تواناکانی خۆیانیان نمایش کردبوو.

لە پێشانگاکەدا چەندین جۆر کاری دەستی و میوزیک و دیزاینی جلوبەرگ نمایش کرا کە مەبەست لێی خستنە بەرچاوی توانای گەنجە فێرخوازەکانی ئەو شارەیە.

 

"لە سەنتەری گەنجان سەر بە منداڵپاریز فێری درومان بووم"

وەفا عوسمان ژنێکی بەشداربوو لە پێشانگای نمایشکردنی کارە دەستییەکان لە سەنتەری گەنجان باسی لەوەکرد سەرەتا تەنها چنینی زانیوە بەڵام پاش ئەوەی بەشداری خولی درومانی کردوەو فێری درومان بوە، سودێکی زۆری بینیوە و بە بابەتەکانی چنین و درومان بەشداری ئەم پێشانگایەی کردووە.

 

"پێشانگاکان هۆکارێکن بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانمان"

جگە لە ژنانی پارێزگای هەڵەبجە چەندین ژن لە شارەکانی دەورووبەرەوە بۆ نمایش کردنی کارەکانیان بەشداری پێشانگاکەیان کردبوو، کوردە محەمەد کە لە شارەزوورەوە بەشداری کردبوو باس لەوەدەکات، کە پێی خۆش بووە کارەکانی نمایش بکات کە فەیس پەینتین و نمایش کردن بوە لەسەر بەرد، هەرچەندە سەرەتا گرنگی نەدراوە بە ئیشەکەیان بەڵام ئێستا لەلایەن هاوڵاتیانەوە گرنگی پێ دەدرێت و لەگەڵ ئەوەشدا کاری دیزاین و ئیکسسوارات دەکات و دەڵێت: "پێشانگاکان هۆکارێکن بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانمان".

 

ئەتەمین لە ئێستادا فێرخواز و کڕیاریشی زۆرە

لەسوچێکی پێشانگای کاری دەستی ژنێک کە ناوی سابات لایەق-ە وەستابوو کە کاری ئەتەمین دەکات وتی: " دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجەم  بەشداری خولی دروست کردنی ئەتەمینم کردەوەو و لە پێشانگاکەدا نمایشم کردوون، خەڵک ئێستا بۆ ڕازاندنەوەی بەرگی گۆشەو بۆنەکانیان بەکاری دەهێنن"، سابات خوازیاریشە کە ژنان گرنگی بەتواناکانی خۆیان بدەن.

 

ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان ماوەی ٣٠ ساڵە دامەزراوەو لە پارێزگای هەڵەبجە چەندین بەش وهۆبەی لە خۆگرتوە کە ڕۆژانە بەشداری خول دەکەن و ساڵانە چەندین گەنج فێری کارو پڕۆژەی تایبەت بەخۆیان دەکەن.