خۆدۆزینەوەی ژن لەنێوان سیستمی کۆنەپەرست و سیستمی سەرمایەداری

مافی ژن کە لەنێوان سیستمی کۆنەپەرست "پیاوسالاری" و سیستمی سەرمایەداری پێشێلکراوە، خواست ئەوەیە هەمیشە ژن کۆیلە بێت و هەرگیز ژنێکی هۆشیارو زانا نەیەتە بوون، ژن بەناوی دینەوە سەرکوتکراو بەناوی ئازادییەوە کرایە کاڵا.

لاڤە کوردە

 

ناوەندی هەواڵ- چ سیستمی پیاوسالاری بێت یاخود سەرمایەداری بێت، ماف و ئەرکی ژن پێشێل دەکرێت و سیستمەکان بە سوودبینینی خۆیان چارەنوسی ژن دیاری دەکەن و ئاڕاستەی دەکەن، کاتێک ژنان تێکۆشانیان کرد بۆ ئەوەی لە عەقڵی کۆنەپەرست ڕزگاریان بێت و ئەرک و مافی خۆیان بەدەستبهێنن، سیستمی سەرمایەداری بەناوی ئازادییەوە درێژەی بە کۆیلایەتی ژنان دا، ژنی وەک کاڵایەکی بازرگانی نمایش کردو  ژنی بۆساغ کر نەوەی بەرهەمەکانیان بەکارهێنا، بە ڕادەیەک دەستدرێژی و توندوتیژی بۆ سەر ژنان لەنێوان دوو سیستمەکەدا درێژەی کێشاوەو ئەو عەقڵیەتەی بە چاوی حەزو تێرکردنی خۆیەوە لە ژنی ڕوانیوە هەمیشە وەک نێچیر دەیبینێت.

 

سیستمی پیاوسالاری لە ڕابردووەوە تا ئێستاش بە ناوی دین و داب و نەریتەوە، ژنی سنووردارو کۆیلە کردووەو، ئەمڕۆ ئەم سیستمە لە هەموو بەشەکانی جیهاندا مامەڵە لەگەڵ ژنان دەکات و توندوتیژی دژ بە ژنان ڕەوا دەکات، کولتووری دەستدرێژیکردن دروستدەکات و کار و بوونی ژن بە نرخ نازانێت، ئەو سیستمە ستەمکارە لەسەر بنەمای کۆیلایەتی ژنان درێژە بە بوونی خۆی دەدات.

 

ژن لە دەرەوەی سیستمەکان

ژنان لە کۆمەڵگەی سروشتی دا پێشەنگ بوون، کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵدارییان دەکرد، دایک بوون و ماڵیان بەڕێوەدەبرد، هەربۆیە دادپەروەری لەهەموو کۆمەڵگەدا بڵاوبوو، هەروەها توندوتیژی و چەوسانەوە نەبوو چینایەتی نەبوو، ژیانێکی هاوسەنگ و بێ توندوتیژی هەبوو، ژن بەدرێژایی مێژوو پەیوەندی بە سروشتەوە هەبووەو وەک پارێزەری سروشت کارو خەباتی کردووە، بەڵام دواتر ئەم ڕێڕەوەی ژیان گۆڕا بۆ پێچەوانەکەی کە تا ئێستاش بەردەوامە، پیاوان کاریان لەدەستی ژنان وەرگرت و ئیتر ژن كرایە ئامڕازێك بەدەست پیاوەوە، وەك كۆیلەیەكی پیاو كە تەنها ئیشی خزمەتكردنی پیاو ئەو سیستمەی كە لە لایەن پیاوەوە بنیاد نرابوو بەكار بهێندرێت، هەموو بوارەکانی ژیان هەر لە کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە تا پەروەردە، وەرزش، هونەر، یاسا و سیاسەت بووە موڵکی پیاوان و ژنان دوورخرانەوە.

 

ئەو عەقڵیەتەی ژنی پەراوێز خست هەزاران ساڵە بەهەمان سیستم خۆی بەڕێوەدەبات و تا ئێستاش ژن وەک پلە دوو دەبینیت، هەرچەندە ژنان بە تێکۆشان و خەباتی خۆیان لەبەرامبەر ئەو عەقڵیەت و سیستمە خۆیان پێشخست و دووبارە پیشەنگایەتی کۆمەڵگەو سروشتیان بەدەستهێنا، بەڵام هەر دژایەتی دەکرێن و لەو کۆمەڵگەیانەشی خۆیان بە پیشکەوتوو دادپەروەر دەزانن، هەمیش لەمپەرێک لەبەردەم ژنان هەیەو زهنیەتی پیاو-دەوڵەت هەرگیز پێی قبوڵ نییە ژن وەک خۆی و وەک ڕۆڵە سروشتییەکەی ببینێت.

 

 

داواکاری بۆ دەربازبوونی کۆیلایەتی قۆزرایەوە بۆ بەکاڵاکردن

دوای خزانە ماڵەوەی ژنان و دوورخستنەوەیان لە بوارەکانی ژیان، ئەو خەباتەی ژنان دەستیان پێکرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆیلایەتی و ژێردەستەیی، دووبارە لایەن پیاوانەوە دەستیبەسەردا گیرا بەشێوەیەک ژن لە سیستمی سەرمایەدارییدا کراوە بە کاڵا بۆ سەرنجڕاکێشانی ڕەگەزی بەرامبەر، ئەمە جگە لەوەی وێڕای بەناو پێشکەوتنی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا، ئێستاش ژنان لە ماف و ئیمتیازەکاندا لە دوای پیاوەوەن و وەک مرۆڤی ژمارە دوو لێیان دەڕواندرێت، ژن بە شێوازێک کراوە بە ڕیکلام لە سیستمی سەرمایەداریی، تەنانەت لە بەرگی هەموو ئەو کەرەستانەدا دەبیندرێت کە ڕۆژانە مرۆڤ بەکاری دەهێنێت، ئەم سیستمە وای کردووە، ژنانیش بە بێ ئاگاییەوە بکەونە داوی سەرمایەدارییەوە، بەنمونە، کاتێک لە هەندێک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵیەتییەکان دەڕواندرێت، بەشێکی ژنان هێندە گرنگی بە ڕووخسار، جلوبەرگ دەدەن، نیوهێندە گرنگی بە فکر و زانین نادەن.

 

سەرمایەداریی ئامانجی بە کۆیلەکردنی ژنە بۆ ئەوەی ژن گرنگی بە خودهۆشیاری نەدات، چونکە کاتێک ژن گرنگی بە پێگەیاندنی خۆی نەدات، دەکەوێتە ژێر هەژموونی ئەم سیستمەوە، کەواتە ژن دەکرێتە ئامانج لەبەرئەوەی ژنان بەشێکی کاریگەرن لە کۆمەڵگەدا.

 

بەبیانووی دابینكردنی ژیانێكی باڵاتر بۆ مرۆڤایەتی، سەرمایەداری خۆی لە ژیانی تاکەکانداو سەپاندنی ئەجندای بە سەر تەواوی گەلانی جیهاندا سەپاندووە، سەرمایەداری ب گشتی ئامانجی سەرکوتکردنی گەلان پاشان ژنانە.

 

خۆدۆزینەوەی ژنان

ڕەنگە کاتی بوێت تەواوی ژنان هۆشیار ببنەوەو لەژێر دەستی سیستمی دەسەڵاتدار و سەرمایەدار خۆیان ڕزگاربکەن، بەڵام خۆشباختانە ژمارەیەک لە ژنان لەڕووی فکرەوە گەشەیان کردووەو گەیشتوونەتە ئاستی پێشەنگ بوون، بەو مانایەی دووبارە ژنان بوونەوە پێشەنگی کۆمەڵگە، هەر ئەم ژنانە لە تێکۆشاندان بۆ ئەوەی هۆشیاری بدەنە ژنانی دیکەو بەڕێگەی جیاواز پێیان بگەن، ئامانجی ئەم ژنانە ئەوەیە بزووتنەوەی ژنان فراوانتر بکەن و بە یەکگرتوویی بەسەر سیستمی پیاوسالاری و سەرمایەداری زاڵ ببن.

 

تا تێکۆشانی ژنان زیاتر پەرە بسێنێت، مرۆڤایەتی دەتوانێت لەڕێگەی ژنانەوە خۆی ڕزگاربکات، کەواتە گۆڕانی هەر ژنێک بۆ ژنێکی بوێر و خاوەن هەڵویست و داکۆکیکار لە مافەکانی خۆی کە دواجار داکۆکیکاری کۆمەڵگەش دەبێت، کۆمەڵگەیەکی بوێرو خاوەن ئیرادەو ئازادی لێ بەرهەم دێت.

 

پێویستە ژنان ڕێگاکانی تێکۆشان بەردەوامی پێبدەن، تێکۆشان لەهەموو بوارەکانی ژیاندا، لە ماڵەوەو تا تەواوی دام و دەزگاکان، ئەمەش لە ڕێگەی خودهۆشیاری و خاوەن فکرو خۆناسینەوە دەبێت، واتە ژن کار بۆ خۆناسین بکات دواتر بە تێکۆشانی کارو خەباتی بڵاوبکاتەوە، بەمەش بەرپەرچی هەموو ئەو جیاکاری و دەستدرێژی و پەراوێزخستنە دەبێتەوە کە کۆمەلگەی پیاوسالار و ستەمکار خواستی ونکردنی ژن بووە لە ژیاندا.

 

ئەو ژنانەی بەناوی ئازادی کەوتوونەتە داوی سیستمی سەرمایەداری، یاخود ژنانی سەرکوتکراو لەبن دەستی سیستمی پیاوسالاری کە تا ئێستاش توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت و هان دەدرێن بۆ خۆکوشتن، پێویستیان بە هۆشیارکردنەوەو پەروەردە هەیە، هەر ژنێک لەڕێی پەروەردەوە دەبێتە پۆڵا بەشێوەیەک کاریگەری هیچ سیستمێک لەسەر خۆی قبوڵ ناکات، ئیتر ژنێک نابێت نەتوانێت بەرەنگاری عەقڵیەتی پیاو-دەوڵەت نەبێتەوە، ژن بە پەروەردە بەرەو ئەو ئازادییە دەڕوات هەوڵی گۆڕانکاری بدات لە ژنان و کۆمەڵگە.