کاریگەری سیستمی سەرمایەداری و پیاوسالاری لەسەر ئەنجامدانی جوانکاری لەلایەن ژنانەوە

سیستمی سەرمایەداری لە ڕێگەی میدیا و ڕیکلام و پڕوپاگەندەی جۆراوجۆرەوە، وێنەیەکی دیاریکراوی بۆ جوانی ژن دروست کردووە کە زۆر جار دوورە لە واقیعی سروشتی و تەندروستی جەستەی ژن.

دیدار شەهلا

 

ناوەندی هەواڵ-لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا، پەیوەندی نێوان سیستمی سەرمایەداری و ڕوانینە پیاوسالارییەکان کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر ژنان و پێگەیان لە کۆمەڵگادا هەبووە، سەرمایەداری وەک سیستمێکی ئابووری، بەردەوام هەوڵی داوە سوود لە جەستەی ژن وەربگرێت بۆ بەرهەمهێنانی قازانجی زیاتر، ئەم سیستمە لە ڕێگەی راگەیاندن و ڕیکلام و پڕوپاگەندەی جۆراوجۆرەوە، وێنەیەکی دیاریکراوی بۆ جوانی ژن دروست کردووە کە زۆر جار دوورە لە واقیعی سروشتی و تەندروستی جەستەی ژن.

 

ڕۆڵی کۆمپانیاکانی جوانکاری

کۆمپانیا گەورەکانی جوانکاری و نەشتەرگەری، بە بەردەوامی پەیامی ئەوە دەگەیەنن کە ژنان پێویستە شێوازێکی تایبەت و ستانداردێکی دیاریکراوی جوانییان هەبێت، ئەم پەیامانە وا لە ژنان دەکات هەست بە نائارامی و نادڵنیایی بەرامبەر بە شێوازی سروشتی خۆیان بکەن، کە ئەمەش پاڵیان پێوە دەنێت بەرەو بەکارهێنانی بەرهەمە جوانکارییەکان و ئەنجامدانی نەشتەرگەری جوانکاری بڕۆن، سەرمایەداران لەم ڕێگەیەوە قازانجێکی زۆر بەدەستدەهێنن، لە کاتێکدا ژنان دەبنە قوربانی ئەم بازنە بەردەوامە.

 

 دۆخی باشووری کوردستان

لە باشووری کوردستان، ئەم دیاردەیە لە ساڵانی دواییدا بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە، بە تایبەت دوای کرانەوەی ئابووری و هاتنی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، بازاڕی جوانکاری و نەشتەرگەری گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە، میدیای کوردی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە باڵوکردنەوەی ئەم کولتوورە نوێیەدا، لە شارە گەورەکانی هەرێم وەک هەولێر و سلێمانی، سەنتەری جوانکاری و کلینیکی نەشتەرگەری بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.

 

 کاریگەرییە دەروونی و ئابوورییەکان

ئەم دۆخە کاریگەری نەرێنی لەسەر لایەنی دەروونی و ئابووری ژنان هەبووە،زۆرێک لە ژنان بەشێکی گەورە لە داهاتی خۆیان بۆ کڕینی کەلوپەلی جوانکاری و ئەنجامدانی نەشتەرگەری تەرخان دەکەن، هەروەها ئەم فشارە کۆمەڵایەتییە کاریگەری لەسەر متمانەبەخۆبوون و کەسایەتی ژنان هەبووە، لە کۆمەڵگەی کوردیدا، پێویستە هۆشیاری زیاتر دروست بکرێت سەبارەت بەم دیاردەیە و گرنگە ژنان لە ڕێگەی پەروەردە و ڕۆشنبیرییەوە، بەرەنگاری ئەم جۆرە فشارە کۆمەڵایەتی و ئابوورییانە ببنەوە.

 

هەروەها گرنگە ئاماژە بەوە بکرێت کە چۆن سیستمی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەی کوردیدا، لەگەڵ بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی سەرمایەداری یەکیان گرتووە بۆ دروستکردنی فشار لەسەر ژنان، ئەم یەکگرتنە وای کردووە کە ژنان لە نێوان دوو بەرداشدا بن: لەلایەکەوە دەبێت خۆیان لەگەڵ پێوەرە کۆمەڵایەتییەکانی جوانی بگونجێنن، لەلایەکی تریشەوە دەبێت زیان بە کات و سامانی خۆیان بگەیەنن بۆ گەیشتن بەو پێوەرانە.