جلی کوردی بۆ ژیانی ڕۆژانە یا بۆنەکان؟ ئەمساڵ چۆن یادکرایەوە؟

جلوبەرگی کوردی مێژوویەکی هەزاران ساڵەی هەیە، یەکێکە لە پۆشاکە کەلتورییەکانی جیهان و تایبەتە بە نەتەوەی کورد، لە کاتێکدا لە ڕابردوودا جێی شانازیی کوردان بووە، بەڵام ئێستا ئەگەر جلی کوردی لەبەر بکەیت دەڵێن، بۆچی جلی کوردیت لەبەر کردووە.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- جلوبەرگی کەلتوری پێناسەی نەتەوەکانە و پێی دەناسرێنەوە، جلوبەرگی کوردییش یەکێکە لە جلوبەرگە ڕەسەنەکانی جیهان، مێژوویەکی هەزاران ساڵەی هەیە، بەپێی هەندێک لەو شوێنەوارانەی کە دۆزراوەتەوە مێژووەکەی بۆ سەردەمی مادەکان دەگەڕێتەوە.

 

بەپێی ئەو شوێنەوارانەی کە دۆزراونەتەوە، جلوبەرگی مادەکان هاوشێوەی جلوبەرگی ئێستای ناوچەکانی باشوری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە، هەروەها ئەو جلوبەرگەی لەسەر شوێنەوارە بەردینەکانی "بێستون" دۆزراوەتەوە، ئەو شەڕواڵەی لە شوێنەوارەکەدا هەیە، هەمان ئەو شەڕواڵەیە کە ئێستا کوردانی فەیلی لەبەری دەکەن.

 

هەروەها ئەو کەمەربەند و پشتێنەی کە زەردەشتییەکان پێش زانین لەبەرییان کردووە، هەمان ئەو پشتێنەیە کە لە جلوبەرگی کوردیدا هەیە، کە پێشی وتراوە "کۆست"، چەندین بەڵگەی دیکەش لەسەر جلی کوردی هەن.

 

ئەم بەڵگانە دەیسەلمێنن کە جلوبەرگی کوردی، جلوبەرگێکی نەتەوەییە و تەمەنی هەزاران ساڵە، ئەگەرچی بە تێپەڕبوونی کات گۆڕان بەسەر شێوازەکانیدا هاتووە، بەڵام هەر لەسەر هەمان شێوە بنەڕەتییەکەی گۆڕانکاری تێداکراوە و شێوە بنەڕەتەکەی تەواو لەدەست نەداوە.

 

بە درێژایی مێژوو ژنان، پیاوان و منداڵان بە بەردەوامی جلی کوردییان لەبەرکردووە، شانازییان پێوە کردووە و تەنانەت بووەتە مۆرکێک کە کەسێتی و هەیبەت بداتە ئەو کەسەی لەبەری دەکات، ئەمەش بە تەواوی لە نامەکانی گەڕیدە ئەوروپییەکاندا ڕەنگ دەداتەوە، کە بەردەوام باسیان لە شێوازی جلی کوردی و ڕەنگاوڕەنگی و تایبەتی جلەکە کردووە.

 

لە ماوەی ئەو هەزاران ساڵەدا هیچ کات کورد، جلی کوردی لەخۆی دانەبڕیووە، لە هەموو ژیانیان و شایی و شینیاندا لەبەریان کردووە، سەرکردە و میرنشینەکان هەمیشە بە شانازییەوە لەبەرییان کردووە، بەڵام ئێستا دۆخەکە تەواو پێچەوانەیە، سەرکردەکان لە کاتی سەردانی وڵاتان، پێشوازی لە شاندی وڵاتانی دەرەوە و بۆ کاری ڕۆژانەیان بەکاری ناهێنن، جگە لە بەتەمەنەکان کەس جلی کوردی لەبەر ناکات.

 

بێ هەبوونی بۆنەیەک، جلی کوردی لەبەر ناکرێت

ئەگەر بۆنەیەک نەبێت جلی کوردی لەبەر ناکرێت، دۆخەکە بەجۆرێک پێچەوانە بووەتەوە ئەکەر کەسێک جلی کوردی لەبەردا بێت لێی دەپرسن بۆچی جلی کوردیت لەبەر کردووە؟.

 

کاتێک لە هاوڵاتیانیش دەپرسیت هۆکاری لەبەر نەکردنی جلی کوردی چییە، پێت دەڵێن ناتوانین کاری ڕۆژانەی پێوە بکەن و چەندین هۆکاری دیکە، لەکاتێکدا لە ڕابردوودا کارەکان زۆر قورستربوون بەڵام هێشتا بە شانازیشەوە لەبەرییان کردووە.

ڕۆژی جلی کوردی چۆن یادکرایەوە؟

سەرباری ئەوەی جلی کوردی هەمیشە و بۆ هەموو دۆخێک بەکارهاتووە، کەچی ئێستا ڕۆژی تایبەت دانراوە بۆ لەبەرکردنی، بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی ١٠/٣ بە ڕۆژی جلی کوردی دانراوە، هاوڵاتیانیش زۆر کەم لەبەری دەکەن.

 

ئێستا جگە لەوەی ڕۆژی تایبەتی بۆ جلی کوردی دانراوە، تەنانەت ئەو قوماشەی بەکاریش دێت بۆ دوورینی، لە وڵاتانی ڕۆمانیا، بولگاریا، چین، هیندستان، وڵاتە عەرەبییەکان و ئێرانەوە دەهێندرێت، هاوڵاتیان تەنها لە بۆنە، یادەکان و وەرزی بەهاردا جلی کوردی دەکڕن و لەبەری دەکەن.

 

لەبەرکردنی جلی کوردی تەواو کەم بووەتەوە، لە کاتێکدا ئێستا لە تەواوی جیهاندا نەتەوەکان دەیانەوێت جلی نەتەوەییان بناسێنن، کەچی لە هەرێمی کوردستان ڕۆژ بۆ لەبەرکردنی جلی کوردی دەدرێت، ئەمساڵیش و لەچاو ساڵانی پێشووتردا، ساردوسڕی بە یادکردنەکەوە دیاربوو.

 

لە ساڵانی ڕابردوودا، ڕۆژی جلی کوردی بە مەراسیم و چالاکی جۆراوجۆر لە باشووری کوردستان یاد دەکرایەوە و بەرز ڕادەگیرا، لە قوتابخانەکاندا، فیستیڤاڵ و چالاکی و شانۆیی ڕێکدەخران، لە زانکۆکاندا خوێندکاران بە جلی کوردییەوە لەو ڕۆژەدا وانەکانیان دەخوێند، هەرچی دامودەزگای حکومیشە لە ١٠ی ئازاردا، بە جلی کوردییەوە کاروباری هاوڵاتیانیان ڕادەپەڕاند، تایبەت بەو ڕۆژە چالاکی و نمایشی جلی کوردی ڕێکدەخرا.

 

ساڵی ٢٠٢٠ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، هەموو یاد و بۆنەکان لە ٢٥ی شوباتەوە ڕاگیران و بە نزیکەی ٥ مانگ کەرەنتینە بوو، ڕۆژەکانی، ڕۆژی جیهانی ژن ٨ی مارس، ڕۆژی جلی کوردی، ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە و سەری ساڵی کوردی-نەورۆز و چەندین بۆنەی دیکەش نەکرانەوە، رۆژی جلی کوردیش لەناویدا و لەو ساڵەدا بەرز ڕانەگیرا.

 

لەم ساڵدا ئەگەرچی مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەماوە، بەڵام پیرۆزکردنی ڕۆژی جلی کوردی، ساردی بەخۆیەوە بینی، هیچ چالاکییەکی تایبەت بەم بۆنەیە نەکرایەوە و لە خوێندنگەکاندا کەمترین خوێندکار و مامۆستا و دەستەی بەڕێوەبەری جلی کوردییان پۆشیبوو، لە زانکۆ و دامودەزگاکانی حکومەتدا زۆر کەم دەبینرا کە بە جلی کوردییەوە ڕۆژەکەیان تێبپەڕێنن.

 

هۆکارەکانی پشت ئەم دۆخەش، قەیرانی داراییە کە باری ئابووری هاوڵاتیان لە دۆخێکی خراپدایە و لەچاو ساڵانی پێشوودا ناتوانن ئامادەکارییەکان بۆ ئەو ڕۆژە و بۆنە و یادەکان بکەن، هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نەبوونی مووچەدا، ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکاتە بەهانە و بە فەرمی مۆڵەت بە یادکردنەوەی بۆنە و مەراسیمەکان نادات، لە تازەترین بڕیاریشدا ئاماژەیان بەوەدا، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا تەنها ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە یاد دەکرێتەوە و بۆ بۆنەکانی نەورۆزیش پێویستە هاولاتیان قەرەباڵغی دروست نەکەن و یادەکان پێکەوە پیرۆز نەکەن.

 

ت.پ