هێزی پاراستنی جەوهەری ژن؛ پارێزەرەکانی خاک و وڵات
هێزی پاراستنی جەوهەری "هەپەجە" پێش ئەوەی بە فەرمی ڕابگەیەندرێت، یەکەم چروسکی ئاگرەکەی بە گیان بەختکردنی ژنێک بوو بە ناوی گوڵێ شەمۆ، دوای دامەزراندنی هەپەجە و هەپەجە-ژنیش کوچە و کۆلانەکانی ڕۆژئاوای کوردستانی لە هێرشی لەناکاوی چەتەکان پاراست.
بێگەرد ئازاد
سلێمانی- دوژمنانی گەلی کورد لە ڕێگەی هێرش و داگیرکارییەکانیانەوە هەموو هەوڵێک بۆ لەناوبردنی خاکی کوردستان و کوردان دەدەن، ساڵانێکە لە چەندین ڕێگاوە بۆ داگیرکردنی خاکی کوردستان هەموو پیلانێک بەڕێوەدەبەن، هەر چوار پارچەی کوردستان لە ڕێگای جیاوازەوە لە ژێر هێرش و داگیرکاری دایە، رۆژئاوای کوردستانیش هاوشێوەی پارچەکانی دیکە ڕووبەڕووی داگیرکردن دەبێتەوە، جارێک لە ڕێگەی داعش و جارێک لە ڕێگەی سوپای تورکیاوە هەوڵی داگیرکردن و لەناوبردنی ئیرادەی گەل دەدەن، لەم هێرشانەشدا تاوانێک دژی مرۆڤایەتی بەڕێوە دەچێت و دەیان منداڵ لە ئەنجامی هێرشەکاندا گیان لەدەستدەدەن.
ڕۆژئاوای کوردستان کە زیاتر لە ٥٠ ساڵە لە سایەی ڕژێمی بەعسی سووریا بە سەرۆکایەتی ئەسەدی باوک و کوڕ لە ژێر قڕکردندایە، لە هەموو مافی هاوڵاتیبوونێک پێشێلکراوە، کوردان ناسنامەیان پێنەدەدرا، جلوبەرگ و بۆنە کوردییەکان قەدەغە بوو، قسە کردن بە زمانی کوردی قەدەغە بوو، پەرتوک و نووسراوی کوردی بوونی نەبوو و هەموو ناسنامەیەکی کوردی لە گەل سەندرابووەوە، پاش ساڵی ٢٠١٢ و شۆڕشی گەل لە ڕۆژئاوای کوردستان بە پێشەنگایەتی یەکینەکانی پاراستنی گەل "YPG" ، لەسەر خاکی ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە و بە پەیڕەوکردنی فکرو فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک دامەزرا و بووە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی کوردان و هەموو پێکهاتەکانی دیکەی ناوچەکە.
سەرەڕای دەستکەوتە گرنگەکان، بەڵام ڕۆژئاوای کوردستان لەم ماوەیەدا بەردەوام ڕووبەڕووی هێرشەکانی گروپە تیرۆرستییەکانی داعش و دەوڵەتی تورکیا بووەتەوە، لەپێناو لەناوبردنی خۆبەڕێوەبەری، کە ژنان پێشەنگایەتییان دەکرد، ژنانی پێشەنگ و فەرماندار و خەڵکی مەدەنی کراونەتە ئامانج.
لەناو هەموو هێرشەکانیشدا بە تایبەت لە ساڵی ٢٠١٢وە گەلی ڕۆژئاوای کوردستان ئامادەکارییان بۆ ئاواکردن و دروسکردنی هێزێک دەکرد، کە بتوانن خۆیانی تیادا بپارێزن، دوای چەندین کۆبوونەوە و سەردان لەناو گەلی وڵاتپارێزدا لە ساڵی ٢٠١٤ هێزێک بە ناوی "هێزی پاراستنی جەوهەری "HPC " ڕاگەیەندرا و ژنان و پیاوان لە یەک ئاستدا لەناو ئەو هێزەدا ڕۆڵیان بینیوە، بەڵام ژنان لەسەر ناوی HPC-JIN توانیویانە ژنان و کۆمەڵگە بپارێزن و لە ساڵی ٢٠١٨ HPC-JIN یەکەم کۆنفرانسی لە شاری کۆبانێ بە بەشداری ٣٢٥ ئەنجام بەڕێوەبرد.
هەپەجە پێش ئەوەی بە فەرمی ڕابگەیەندرێت، یەکەم چروسکی ئاگرەکەی بە گیان بەختکردنی ژنێک بوو بە ناوی گوڵێ شەمۆ، کە ماوەی ٧ ساڵ بوو ئەندامی کۆنگرەی ستار بوو، لە ساڵی ٢٠١٢ بوو بە ئەندامی هێزەکەو هەر لەو ساڵەشدا لە کاتێکدا کە هەوڵی داوە چەند ڕۆژنامەنووسێک بپارێزێت لە چەکدارانی حکومەتی شام، بە سەختی بریندار کراوە و گیانی بەختکردووە.
لەگەڵ هێرشکردنی داعش بۆسەر خاکی رۆژئاوای کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤ ژنان و پیاوانی کۆمەڵگە هاوشانی یەکینەکانی پاراستنی گەل "یەپەگە" و یەکینەکانی پاراستنی ژن "یەپەژە" تێکۆشانیان بۆ پاک کردنەوەی خاکەکەیان لە چەتەکانی داعش کرد، لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی کە دەوڵەتی تورکیاش دەیکاتە سەر خاکی ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوام ئەو هێزانە هەوڵدەدەن پاراستنی خۆیان و خاکەکەیان بکەن. لە ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ کاتێک دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هێرشی کردە سەر عەفرین، سەرێکانی و عین عیسا، دووبارە هێزەکانی پاراستنی کۆمەڵگە لەناو گەڕەک و شەقامەکاندا بە شەو و ڕۆژ مانەوە و بەرپەرچی هەر هێرشێکی لە ناکاوی چەتەکانیان داوەتەوە، ئەوەی سەرنجڕاکێشە، لەناو هێزەکانی هەپەجەدا، دایکانی بە تەمەن، کە ڕۆڵەکانیان لە سەنگەری پێشەوەی شەڕدان، لەناو کوچە و کۆڵانەکاندا شەوان دەمێننەوە و ئێشکگری دەکەن، تا وەک زنجیرەکان لە بەرەی شەرەوە تا کۆڵان و شەقامەکان نەکەوێتە دەستی داگیرکاران.
لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ئەمساڵیشەوە کاتێک چەتەکانی تەحریر شام هێرشیان کردە سەر شاری حەلەب، هەر زوو هێزەکانی سووریای دیموکراتیک "قەسەدە"، یەکینەکانی پاراستنی گەل "یەپەگە"و یەکینەکانی پاراستنی ژن "یەپەژە" کەوتنە ئامادەباشی و هێزەکانی پاراستنی جەوهەری "هەپەجە" و هەپەجە-ژن بەردەوام بە ڕۆژ و بە شەو لە کۆڵانەکاندا لە تێکۆشاندان بۆ پاراستنی خاکی ڕۆژئاوای کوردستان.