هەژمونیەتگەرایی دەردی کوشندەی کۆمەڵگە ...٦
دەوڵەت کە لەدژی کۆمەڵگە دامەزرا، خۆی بە شێوازی ڕێکخستنبوونی کەڵەکەیی دەسەڵات بەڕێکخستن کرد. کۆمەڵگەش لە ڕێگەی کۆمینەکانەوە ڕێکخستنە سەرەتاییەکانی خۆی کە لەسەر کاری هاوبەش، پێکەوەیی و هەرەوەزی دامەزراندبوو بەڕێوەدەبرد.

تەوار عادل
ناوەندی هەواڵ- هەژمونیەت پەیوەندی بە سیستمە چینایەتی و دەوڵەتگەرا و دەسەڵاتخوازەکانەوە هەیە. لە تاکێکی دەسەڵاتخوازەوە سەردەکەوێت تا دەوڵەت و سیستمە ناوەندگەرا جیهانییەکان، هەر ئەمەش دەبێتە بنچینەی دەسەڵات-دەوڵەت و ناوەندگەرایی. لە ڕووی چەمک و دابەشکاری سیستمەوە لەسەر ناوەند-کەنار بەڕێوەدەچێت. هەژمونگەرایی ئەگەر کەناری نەبێت؛ ئەو لق و پۆپانەی کە پەیڕەوی لە باڵادەستی دەرەکی دەکەن دروست نابێت. بۆیە دوانەی ناوەند-کەنار وێنای هەژمونگەرایی - کۆیلەیی دەکات. دەوڵەت کە لەدژی کۆمەڵگە دامەزرا، خۆی بە شێوازی ڕێکخستنبوونی کەڵەکەیی دەسەڵات بەڕێکخستن کرد. کۆمەڵگەش لە ڕێگەی کۆمینەکانەوە ڕێکخستنە سەرەتاییەکانی خۆی کە لەسەر کاری هاوبەش، پێکەوەیی و هەرەوەزی دامەزراندبوو بەڕێوەدەبرد.
کۆمەڵگەی سروشتی بەو کۆمەڵگە کۆمیناڵە دەوترێت کە لەسەر هاوبەشیە کۆمەڵایەتیەکان دامەزراوە. شەڕە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانیش بە شێوەی شەڕی کۆمۆن - دەوڵەت گوزارشت لەخۆی دەکات.
شەڕی نێوان دەوڵەت - کۆمەڵگە ئاراستەی کۆمەڵگەی سروشتی گۆڕی و توشی نەخۆشی شێرپەنجەی کرد. ئەو نەخۆشییە لەلایەن کەسە دەسەڵاتخواز و لە کۆتاییدا دەوڵەتگەرا دەسەڵاتخوازەکانەوە بەسیستم بوو لە شێوەی دەوڵەتی ڕێکخراودا کەوتە شەڕ لەگەڵ کۆمەڵگەدا. هەربۆیە کاتێک باسی دەوڵەت دەکرێت، لە یادگەی کۆمەڵگەدا شەڕ، کۆمەڵکوژی، تاڵانی، ژنکوژی و بەهەدرەدانی ڕەنجی کۆمەڵایەتی وێنا دەکرێت. ڕێکخستنە سەرەتاییەکانی چینە باڵادەستەکانیش مێژوویەکی درێژی چەند هەزار ساڵەی هەیە. بەڵام لە میزۆپۆتامیا و بە تایبەت شارەکانی ئور، ئوروک، لەکیش، ئەریدۆدا بوونە سیستم و لە ڕێگەی کاهینەکانی سۆمەرەوە لە زیگوراتەکاندا سیستماتیک کران و بوونە هێزی بەڕێوەبەری شەڕ و کۆمەڵکوژی و دەستگرتن بەسەر کۆمەڵگەدا.
کاهینەکان ڕۆڵی بناغەدانەری سیستمە زهنی و بەڕێوەبەریەکەی دەوڵەت - دەسەڵاتیان گێڕا و لە باری زهنییەوە هەلومەرجی قبوڵکردنی ئەو سیستمەی لە ئەستۆ گرت. بۆیە ڕۆڵی خوداوەند بۆ قبوڵکردنی زهنیەتی جیاوازی وەک ئەو شیشە وایە کەلە کۆنکرێتدا بەکاردەهێنرێت. لە دوای دەوڵەت شارەکان، دەسەڵاتە دەوڵەتیەکانی بنەماڵە بەدوایەکداهاتوەکان دامەزرا. کە ئیتر قۆناغی دەوڵەت شاری کۆتایی پێهێنا و ئیمپراتۆریەتەکان دەستیان بە دروستبوون و دامەزراندن کرد. لە ئەنجامی شەڕ و ناکۆکی دەوڵەت-شارەکان و هێرش و داگیرکاریدا دەوڵەتی سۆمەر دامەزرا. کە یەکەمین هێرشە داگیرکاری و ئیمپریالیستیە دەرەکیەکان دەستیان پێکرد و بەدوای خۆیدا گۆڕانکارییەکانی دەوڵەت دروستبوو. هاتنی ئاشوریەکان، ئەکەدییەکان و بابلیەکان، ناوچەکەی کردە گۆڕەپانی شەڕ و پيکدادان و بەریەککەوتنە ئیمپریالیستیەکان. هەموو ئەمانەش شەڕیان لە دژی کۆمەڵگەی سروشتیی زاگرۆس پەرەپێدا.
هاتنە خوارەوەی ئەنکیدۆ و داستانی گلگامێش بۆخۆی گێڕانەوەی ئەو شەڕە داگیرکاری و ئیمپریالیستیانەی دەوڵەت و بەریەککەوتنی شارستانیەتی دەوڵەت و کۆمەڵگەی سروشتیە. هێرشی سەر کۆمەڵگەی سروشتی داستانی خومبابا و بەدیلگرتنی داوای کوشتنی لەلایەن ئەنکیدۆوە و هێشتنەوەی بەدیلکراوی لەلایەن گلگامێشەوە داستانی بەردەوامی شێوازی شەڕی داگیرکاری و بەکارهێنانی هێڵی خیانەت و بەکارهێنانی لاوازیەکانی کۆمەڵگەی سروشتییە. خومبابا بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی سروشتی و پارێزوانی ڕێبەریەکەیەتی. کاتێک گلگامێش بۆ تاڵانی و داگیرکاری و نەمری هێرش دەکات، سود لە شارەزاییەکانی ئەنکیدۆ وەردەگرێت. چونکە ئەنکیدۆ کەسێتی هەڵگەڕاوەی بەشاربووی خیانەتکاری کۆمەڵگەی سروشتییە، کە لە ڕێگەی ژنە سۆزانیەکانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت. هەربۆیە دەتوانین بڵێین یەکەمین خیانەتکار و هەڵگەڕاوەکانی کۆمەڵگەی سروشتی بە ئەنکیدۆ دەست پێدەکات و لێدان لە ژن و کۆیلەکردن و بەکارهێنانیشی دەستی پێکردووە. هەربۆیە شەڕی ژنی ئازاد پڕ واتاترین شەڕ و تێکۆشانێکە کە تەواوی سیستمی دەسەڵات و کۆمەڵگە بەئامانج دەگرێت و دەگۆڕێت.
لە شەڕە داگیرکارییەکاندا دوو هێز ڕۆڵی گەورەیان هەیە:
یەکیان؛ هێزی ڕێکخراو و بە سوپابووی دەوڵەتە.
ئەویتریشیان؛ سود وەرگرتنە لە هێڵی خیانەت و بەکرێگیراوانی ناوخۆیی.
ئەم شەڕە هەتا ئێستا بە هەموو دەرهاویشە نەرێنی و قرێژەکانییەوە بەردەوامی هەیە. بۆیە سیستمە هەژمونگەراکان بەپێی ڕۆڵی مێژوویی و خۆڕێکخستن و دڕندەییان گۆڕانکارییان بەسەرداهاتووە و لە مەیدان و گۆڕەپان و جوگرافیا جۆراوجۆرەکاندا جێگۆڕکێیان کردووە. سەردەمانێک ئەگەر دەوڵەت شارەکان ناوەندبوون و کەنارەکان دەوروبەریان بوون. لەدوای گۆڕانکاری دەوڵەت-شار بەرەو ئیپمراتۆریەت و پاشایەتیەکان و دەوڵەتە ئیمپریالیستیەکان، ناوەندەکانی هێزی هەژمونیش هەم گۆڕاوە هەم بوەتە چەند ناوەند؛ کە هەمیشە لە هەوڵی فراوانخوازی و داگیرکاریدابوون و بەریەککەوتنەکان وێرانە و کۆمەڵکوژی و تێکدانی ژینگە و کۆیلەکردنی ڕەگەزی لەگەڵ خۆیدا هێناوە.
ئەگەر لەپێشدا ناوەند بە سۆمەر دەستی پێکردبێت و میزۆپۆتامیا هێزی ناوەندگەرا بووە، ئەوا دوای ئەوان ئاشور کە نوێنەرایەتی هەرە دڕندەترین دەسەڵات و داگیرکاری و ناوەندگەرایی دەکات، دروست دەبێت لەپاڵ ئەویشدا ئەکەد، بابل و بەهۆی پاراستنی کۆمەڵگەکان و دڕندەیی ئاشوریەکانەوە، میدیەکان بۆ پاراستنی خۆیان و ناوچەکە لە دڕندەیی ئاشوریەکان بە هاوپەیمانی لەگەڵ بابلیەکاندا کۆتایی بە هەژمونیەتی ئاشور و دڕندەییەکەی دەهێنن. بەڵام ماددەکان نابنە هێزی هەژمونی داگیرکار؛ بەڵکو بە سیستمی فیدراسیۆن لەگەڵ ئەوانی تردا سیستمی بەڕێوەبەری بنیاد دەنێن، تا هێرشی فارسەکان بۆ لێسەندنەوەی ڕۆڵی پێشەنگی لە میدیەکان.
لەو کاتانەدا لە میسر فرعەونەکان گەشە دەکەن و شارستانیەتێک دادەمەزرێنن، لەگەڵ ئەواندا یۆنانیەکان لە ئەنجامی یەکگرتن و پێکەوەبونی شارەکاندا دوای شەڕێکی ناوخۆیی ئیپمراتۆریەتێک دادەمەزرێنن و هێرشەکانی ئەسکەندەری مەکدۆنی لەو چوارچێوەیەدایە. ئەوکات ڕۆم و بێزەنتیەکان و تا دەگاتە سەردەمی دەوڵەت-نەتەوە و دەپەڕێتەوە کەناڵی ئینگلیز، کە ئینگلیز سەرکێشی دامەزراندنی ئەو سیستمە دەکات. کە ئەویش لە پێناوی تەختکردنی ڕێگەی بەدەستهێنانی قازانجی سەرمایەی پیشەسازی؛ بە سیستمی ناوەندی دەگات و جیهان بەسەر دەوڵەت-نەتەوە بەکرێگیراو و کۆیلەکاندا دابەشدەکات و پشکی کورد لەم سیستمەدا، نکوڵی لێکردن و کۆمەڵکوژی و سڕینەوەیەتی و خاکەکەشی دابەشی سەر چواردەوڵەتی داگیرکەر دەکرێت و ناو و نیشتیمانی کورد دەسڕدرێتەوە.
لەناو هەموو ململانێکاندا، وەک گەل؛ کورد ڕادەستی سیاسەتی نکوڵی نەبووە، بەدرێژایی سەد ساڵەی تەمەنی دەوڵەت-نەتەوە بەرخۆدان و تێکۆشانی کردووە و وەک یەکێک لە کۆمەڵگە و گەلە سروشتیەکانی کۆمەڵگەی مێژوویی بوونی خۆی و سروشتە مێژوویی کولتووریەکەی خۆی پاراستووە و بۆ شەڕی بوون و ئازادی واتای بە تێکۆشانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک داوە و بۆ پێکەوەژیانی گەلان و گەیاندنی کورد بە ئاستی پێشەنگی تێکۆشانی ئازادی و وەک یەکی لەگەڵ گەلانی تردا بە کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک بانگەوازی ژیانێکی نوێی کردووە.
کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک واتە پێکەوەژیانی کۆمەڵگە جیاوازەکان بەگوێرەی سروشتی ژیانی گەردوونی و بەگوێرەی ئیکۆسیستمی هاوبەشی و پێکەوەیی هەبوونەکان بەشێوەی ئازاد و ڕێکخراو. بۆ باسکردن لە کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک دەبێت پێناسەی تاکی ئازاد، خۆبەڕێوەبەری، ناسنامەی جیاواز، پێکەوەژیان و سیستمی ھەرەوەزی و ژنی ئازاد بکەین. چونکە کۆنفیدراڵیزم واتای سیستمی پێکەوژیانی جیاوازییەکان لە کەشێکی ئازاد و خۆسەردا.
کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک سیستمی بەرجەستەبوویی کەسێتی، ھەبوونەکان و پێکەوەبونی جیاوازی و پارادایمی سۆسیالیزمی کۆمەڵایەتییە. بۆیە ناکرێت باسی کۆنفیدراڵیزم بکەیت و باسی بەرجەستەبوونی ھۆشمەندی گەردوونی لە کەسێتی و لە زھنیەتی مرۆیی بەرجەستە نەکەیت. چونکە مرۆڤ بەشە ھۆشمەندەکەی بەڕێوەبردن یان وێرانکردنی ژینگە و سروشت و کۆمەڵگەیە. کاتێک زھنیەت لەسەر بەرژەوەندی و قازانج دادەمەزرێت وێرانەیەک لە ژیانی گشتی دەردەکەوێت. کاتێکیش زھنییەت لەسەر ئازادی پێکەوەژیان و کۆمەڵگەی دیموکراتیک دامەزرابێت، ئەوا ژیانی ئازاد حەقیقەتی ئەو خەون و خەیاڵە ئاسمانییە دەبێت؛ کە دەبێتە حەقیقەت و ڕاستی کۆمەڵایەتی، ڕەگەزی و ژینگەیی.
هەربۆیە تێکۆشانی گەلی کورد واتادارە، بەو مانای کە بۆ ئازادی و بوون تێکۆشان دەکات و لە دژی زهنیەتی دەوڵەتگەرایی نکوڵیکەر لە شەڕێکی بەردەوامی زهنی، ئایدۆلۆژی، ڕێکخستنی، کۆمەڵایەتی و ڕەگەزیدایە. تێکۆشانی گەلی کورد بە ئاستی گۆڕانکاری لە زهنیەتی فەرمی و دەوڵەتگەرای داگیرکاریدا گەیشتووە و هاوسەنگیەکانی تێکداوە. ئەو گۆڕانکارییانە بە تێکۆشانی گەلی کورد و ڕێبەرایەتی ڕێىەری کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک عەبدوڵا ئۆجالان، بۆ ئاستی گفتوگۆ و بانگەوازێک گەیشتووە کە لە ئیمراڵیەوە بە (بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک) ئەنجامگیر بوو.
ئاشتی بۆ کورد دوو واتای هەیە؛ هەم ئاشتی ناوخۆییە، هەم ئاشتیە لەگەڵ دەوڵەت و نەتەوە تێکەڵ و پێکەوە ژیاوەکانی ناوچەکەدا. بۆیە گرنگی ئاشتی لەگەڵ کورد پانتایی جوگرافی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش دەگرێتەوە و تێکۆشانە دیموکراتیک و کۆمەڵایەتیەکان بەهێز دەکات و دەیکاتە ئەرکی هەمووان و تێكڕاش بەشداری چارەسەریی قەیرانەکان پێدەکات.
لە خاکێکدا کە هەم سیستمی دەوڵەت-نەتەوە گەشەی کرد و هەمیش نەتەوەی دیموکراتیک لە بارە بۆ ڕەگ داکووتانی، بێگومان بێ ململانێ نابێت. دەوڵەت-نەتەوە کە لە قازانجی خۆیدا هەموو شتێک تێکدەدات، دژبەری نەتەوەی دیموکراتیکە، چونکە مەرگی خۆی تیادا دەبینێت، لە سەدەی ٢١دا هەموو هەنگاوەکانی گەلی کورد بەرەو پرۆسەی چارەسەری و ئاشتیین، سەرکەوتنی پرۆسەی چارەسەریش بێ دوژمنایەتی نابێت، چونکە ستراکتۆری نەخشەی جیهانی فەرمی هەژمونگەرا وەردەچەرخێنێ. ئەمڕۆش بەڕوونی دەبینین ئەو قەوارە کۆنانەی کە لەسەر ئایدۆلۆژیای ئینکار دامەزراون، ئەو بازرگانانەی کە لەسەر خوێن و شەڕ دەژین، ئەو پیشەسازییە سەربازیانەی کە لەسەر چەک و فرۆشتنی دەژین، ئەو نۆکەرانەی کە نان لە شەڕ و مرۆڤکوژی دەخۆن، ئەو پیاوانەی کە بە زهنیەتی پیاوسالاری و ژنکوژی و بازرگانی جەستەیی سێکسواڵیەوە دەژین، ئەو پیرانەی کە تەنیا بەرزی باڵای سەرمایەکانیان دەزانن، ئەو سیخوڕ و ڕاگەیاندنە شاراوانەی لە ڕێگەی هەڵڕشتنی پارەوە دەژین و ئەگەر ئەوە نەبێت دەمرن لە برساندا. هەموو ئەوانە و کۆمەڵگەی دواکەوتووی داگیرکراو.. لە دژی ئاشتی و چارەسەری پرسی کورد و دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگە و ڕۆڵ و پێشەنگیی ژنی ئازادن.
لەم چوارچێوەیەشدا ناکرێت باسی سیستمی هەژمونگەرای دەوڵەت نەتەوە و مۆدێرنیتەکەی بکەیت و باسی سیاسەتی ئینکار و کۆمەڵکوژی و ژنکوژی و گۆڕانکاری سیستمە فەرمیەکەی نەکەیت و بەریەککەوتن لەگەڵ هێڵی داگیرکار بەکرێگیراوی نەکەیت. چارەسەری پرسی کورد بە گۆڕانکاری لە ئایدۆلۆژیای دەوڵەتە بەکرێگیراوەکانی سیستمی هەژمونیدا دەگوزەرێت و بەو پێیەش سیستمە هەژمونیەکە تووشی وەرچەرخان و گۆڕانکاری دەبێت؛ بە گوێرەی گۆڕانکاریەکانیش هێز و هاوسەنگییە نوێیەکان دروست دەبن؛ وەرچەرخانە کۆمەڵایەتی سیاسیەکان ڕوو دەدات و کۆن دەڕوات و نوێ دێت. شەڕی ئیسرائیل-عەرەب و دەرهاویشتە نوێیەکانی شەڕی غەززە، لوببان، سوریا، ئێران و یەمەن و کە بۆ عێراقیش پەل دەهاوێت، لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکاری و هاوسەنگیانەدایە.
ترسی تورکیاش لە سووتانی لەناو ئاگری ئەم شەڕەدا ناچاری کردووە کە لەگەڵ کورددا لە ڕێگەی ئیمراڵی و ڕێبەرگەلانی ئازادیخواز، عەبدوڵا ئۆجالانەوە بکەوێتە ناو گفتوگۆ و دانوستاندنەوە بۆ خۆڕزگارکردن لە دۆخی تیاچوون. ئەوەی بنەڕەتیشە، گۆڕینی زهنیەتی دەوڵەت و کۆمەڵگە و داننان بە ناسنامە و بون و ئازادی گەلی کوردە. هەربۆیە هەنگاوەکانی تێکۆشانی ئازادی کورد بە واتا و هۆشیارانە و خوێندراوەیە و ڕەنجی تێکۆشانی گەل و گەلان لە یەکێتیەکی فیدراسیدا بەرجەستە دەکات و شەڕە کۆمەڵایەتیەکان دەخاتە قۆناغێکی بەرزتر و جیاوازەوە.