پێشەنگایەتی کام ژنانە ڕۆژئاوای کوردستانی پاراست؟

ڕۆژئاوای کوردستان، بە پێشەنگایەتی ژنان و بە سیستمی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک بووەتە نموونە لە ئاستی جیهاندا، لەم ڕاپۆرتەدا ناوی بەشێک لەو ژنانە بەبیردەهێنێتەوە کە تا دوا هەناسە پارێزگارییان لە ڕۆژئاوای کوردستان کرد.

هێلین ڕەشید

 

سلێمانی- لە کاتی دروستبوونی جەنگەکاندا بەردەوام ڕووبەڕووی ئەو دەستەواژەیە دەبیننەوە کە زیاتر ژنان و منداڵان دەبنە قوربانی. جەنگێک کە بە داگیرکردنی وڵات و کوشتنی هاوڵاتیان بێت، یاخود ئەو جەنگە نەرمەی لە ڕێگەی شەری تایبەت و دەروونییەوە بەڕێووە دەچێت.

 

رۆژئاوای کوردستان وەک پارچەکانی دیکەی کوردستان ڕووبەڕووی هێرش و داگیرکاری بووەتەوە، تا ڕۆژی ئەمرۆش ئەو هێرشانە بەردەوامن و ئامانجی دوژمنان داگیرکردنی خاکی ڕۆژئاوایە.

 

ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان هەمیشە ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە و گرینگیان لە خەباتی دژ بە داگیرکەران و گەیشتن بە ئازادیدا هەبووە. بێ گوێدانە ئەو گرفت و ئاستەنگە زۆرانەی کە لەبەردەمیاندا بوون. بێدەنگ نەبوون و تێکۆشانیان لەپێناو ئازادیی و پاراستنی خاکەکیان بەردەوامە.

 

بەرخۆدان و ڕاپەڕینی ژنان لە دژی ڕژێمە فاشیستەکان و هەموو جۆرەکانی توندوتیژی لە جیهاندا تا ئێستاش بەردەوامە، بە تیشک خستنەسەر ناسنامەی ژنان  وەک پێشەنگی شۆڕش و بنیادنەری ژیان و کۆمەڵگە، ژنانی وەک زەهرا، هەبوون، ئامینە هەن، کە لە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا لە ئەنجامی بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێک لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە گیانیان بەخت کرد.

 

زەهرا بێرکل نموونەی ژنێکی ئازاد و هێزی چارەسەرکردنی کێشەکانی ژن بوو، ئەم ژنە تێکۆشەرە داوای یەکسانی نێوان هەردوو ڕەگەزەکەی دەکرد و دەیویست ژنان ڕۆڵی پێشەنگ لە کۆمەڵگەدا بگێڕن.

 

ئاڤێستا خابور و هەڤرین خەلەف

ئاڤیستا خابوریش قۆناغێکی نوێی بەرخۆدانی دەستپێکرد و بوو بە سیمبولی ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکەران. ئاڤێستا شەڕڤانی فیدایی یەکینەکانی پاراستنی ژن-یەپەژە بوو، لە چاوپێکەوتنێکدا وتوویەتی: ئێمە هێزی ژن دەخەینە بەر چاو و نیشانی دەدەین".

 

عەفرین کە بڵێسەی بەرخۆدانی لە کۆبانێ وەرگرتووە، ڕۆژ بە ڕۆژ داستانی قارەمانانەی گیانبەختکردوانی لە پێناو پاراستنی رۆڵەکانی تۆمار دەکات، یەکێک لە و ژنانەی پێشەنگی خەباتی مەدەنی لە دژی دیکتاتۆر و داگیرکەرانی کوردستان بوو ''هەڤرین خەلەف'' بوو.

 

هەڤرین خەلەف پشتیوانێكی گەورەی مافی ژنان بوو لە ڕۆژئاوا کوردستان، یەکێک لە وتە گرنگەکانی دەربارەی ژنان ئەوە بوو کە هەمیشە دەیوت ''ڕۆڵی ژنان لە چارەسەرکردنی قەیرانی سووریادا گەورەیە. ژن تەنها نیوەی کۆمەڵگە نییە، بەڵکو هەموو کۆمەڵگە پێكدەهێنێت".

 

 

"دەبێت ژنان بەرەنگاری دوژمن ببنەوە"

زەینەب سارۆخانیش، کە لە ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سیخوڕی سوپای تورکیا گیانی بەختکرد، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢١ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی نەوای ژن، پرۆسەی شۆڕشی ژنانی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەم شێوەیە هەڵسەنگاند:

"ژنان مێژوویان شرۆڤە دەکرد، سودمەندبوون لە شۆڕشەکانی پێشوو. بەپێی سروشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەنگاویان بەرەو ناو هێزە سەربازییەکان ناوە، بۆیە دەیانزانی بۆ ئەوەی مافی سیاسی بەدەستبهێنن، دەبێت دەسەڵاتی سەربازییان هەبێت، لە هەمانکاتدا لە هەموو بوارەکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری کۆمەڵگەدا ڕۆڵیان هەبووە، هەربۆیە شۆڕش بە ژن ناسرا، ژنان لە ڕێگەی خەبات و بەرخۆدانی بێهاوتاوە چەمکەکانی کۆیلایەتییان ناسی و خۆیان لە هەڕەشەکان پاراست، دۆخی ئێستایان بە باشی بۆ داهاتوو هەڵسەنگاند، هەروەها بۆ ئەوەی تێکۆشان بۆ بوونی ژن وەک خەبات بۆ ئازادی گەلی کورد بەردەوام بێت، بوونی خۆیان سەلماند و درێژەیان بە تێکۆشانی ئازادی دا.

ژنان بۆ کۆتایهێنان بە مەترسییەکان، لەلایەک دەبێت بەرەنگاری دوژمن ببنەوە، لەلایەکی تریشەوە تێکۆشان دژی عەقڵیەتی کۆنەپەرستی کۆمەڵگە بەڕێوە ببەن، ئەم تێکۆشانە بە تایبەتی بۆ پاراستنی ڕەوای ژنان و بەدەستهێنانی مافە سروشتییەکانی، دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان ڕەگەزەکاندا گرنگە".

 

ئارین میرکان، تێکۆشەری ڕاستەقینە و سیمبولی بەرخۆدانی کۆبانێ لە ساڵی ٢٠١٤دا دژی چەتەکانی داعش چالاکییەکی گیانبازیی ئەنجامدا، بوو بە سیمبولی نەبەزین. ئارین میرکان بە هەڤاڵەکانی گوتبوو، “هێشتا ژنان کۆتا قسەی خۆیان لەبارەی بەرخۆدانی کۆبانێوە نەکردووە، ئێمە تا کۆتایی لە دژی چەتەکان بە گیانبازییەوە دەجەنگین و خۆمان ڕادەست ناکەین”، ئەم وتەیەی ئارین میرکان بووە هێمای سەرکەوتن، ئیرادەی خۆڕاگریی ژن و شەڕڤانانی کوردی بە گوێی جیهاندا چرپاند.

 

لێمان شوێش، یەکێکی دیکە لە ژنانی ڕۆژئاوای کوردستانە کە بێ ماندوو بوون ساڵانێک لە باشووری کوردستانیش بۆ یەکڕیزی ژنان خەباتی کردووە، لە بارەی دروستبوونی کۆنگرەی ستارەوە دەڵێت: لە ڕۆژئاوای کوردستان خەباتی ژنان مێژوویەکی درێژی هەیە، لەسەر دوو بنەمای سەرەکی کە ئازادیی ژن و ئازادیی کوردستانە، کۆنگرەی ستار لەسەر درێژەدان بەو میراتە دروستبووە، بەبەشداری سەدان و هەزاران ژن هاتنە ناو ئەم تێکۆشانە و دەستیان بە کار و خەبات کرد ئەمەش پێویستی بە ڕێکخستنکردن و کۆکردنەوەیان بوو لەژێر چەترێکدا، لەسەر ئەم بنەمایە لە ساڵی ۲۰۰٥ یەکێتی ستار واتا کۆنگرەی ستاری ئەمڕۆ یەکەمین کۆنگرەی خۆی بەست لە ڕۆژئاوای کوردستان

 

ژنانی ڕۆژنامەنووس

ژنانی رۆژنامەنووس لە ڕۆژئاوای کوردستان بە پێنووس و کامێرەکانیان خەبات دەکەن بۆ بەڵگەکردنی تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا و کۆمەڵکوژییەکان و پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و ستەمکاری سیاسی، لە بەرامبەردا دەوڵەتی تورکیا بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان ڕۆژنامەنووسان دەکاتە ئامانج و دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە دەنگی گەل بێدەنگ بکات.

 

سەدان ڕۆژنامەنووس وەک گوربێتێلی ئەرسۆز، شیلان کۆبانێ، دەنیز فورات، دلیشان ئیبیش، دیلۆڤان گەڤەر و دەیان ژنی دیکە لە کاتی بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکان گیانیان بەختکرد و تا دوا ساتی ژیانیان بوون بە زمان و هەست و دەنگی گەلەکەیان.

 

دلیشان ئیبیش لە کاتی گەڕان بە دوای ڕاستییەکان و پیشاندانی دڕندەیی داعش بە رووی جیهاندا، لە ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧  گیانی بەختکرد. ئەو  تیشکی دەخستە سەر خۆڕاگری و خەباتی ژنان. لە ڕێگەی هەواڵ و بەرنامەی جیاوازەوە، دلیشان بە دەقێک باوەڕی خۆی بە خۆڕاگری و خەبات و پێشەنگایەتی ژنان دەردەبڕێت و دەڵێت:"ژن نە بێدەسەڵاتن و نە لاوازن، نە مەحکومن لە بازاڕەکانی کۆیلەدا بفرۆشرێن. بە ستەم و ئینکاری بەڕێوەناچن، بەڵکو بوونەتە پێشەنگ لە بەرخۆدان لە دژی عەقڵیەتی پاوانخوازی".

 

دیلۆڤان گەڤەر ڕۆژنامەنووسێکی دیکەی ڕێگەی ئازادە، وەک هەموو ئەو ژنانەی بەدوای ئازادی خۆیاندا دەگەڕێن، لە تێڕوانینی دواکەوتوو یاخی بوون و دووبارە مێژووی ژنیان نووسیوە، ئەو نەیدەویست لە سیستەمی حوکمڕانیدا مەحکوم بە ژێردەستەیی بکرێت. دیلۆڤان گەڤەر  بە دوای ڕاستیەکاندا وێل بوو و گوتی: ''مێژوو دەنووسینەوە.''

 

ئەو لە پێناو بەدواداچوون بۆ ڕاستی و پیشاندانی ئازارەکانی کۆمەڵگە و خستنەڕووی دڕندەیی و داگیرکاری دەوڵەتی تورک ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ گیانیان بەخت کرد.

 

خەباتی بەرفراوانی ژنانی کورد بۆ گەیشتن بە ئازادی و دیموکراسی چ بواری کۆمەڵایەتی و چ لە بوارەکانی سیاسیدا، تێڕوانینی پێشکەوتنخوازانە نیشان دەدەن، ئەم ئاڵاهەڵگریی و پێشەنگایەتیی ژنان لە خەبات و بەرخۆدان دژی داگیرکەران کوردستان بەردەوامە و بە هەزاران ژنی پێشەنگ ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستاندا سنگی خۆیان کردووە بە قەڵغان و لە چوار پارچەشدا دژی داگیرکاری وەستاونەتەوە و ڕەنگێکی تریان بە مێژووی بەرخۆدانی ژنانی کورد بەخشیوە.