هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوانی خێزاندار لایەنێکی دیکەی توندوتیژییە دژ بە ژنان ...٢
"هاوسەرگیری ژنی دووەمی پیاوێک لە دژی ئیرادەی ژنان پێشدەکەوێت"
پارێزەران و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ کە لەگەڵیاندا باسمان لە زیادبوونی هاوسەرگیری دووەم لە ڕەحا کرد، ئاماژەیان بەوەدا ئەم دۆخە پێشێلکاری گەورەی مافەکانی ژنانە و ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە لە دژی ئیرادەی ژنان پێشدەکەوێت.
مەدینە مەمەد ئۆغڵو
ڕەحا- ژنانی پەنابەر کە بەهۆی شەڕی سوریاوە بەرەو شارە سنورییەکان ئاوارەبوون، چەندین ساڵە ڕووبەڕووی پێشێلکاریی جدی مافە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانیان دەبنەوە، لە ڕەحا کە پێشێلکاری مافی مرۆڤی تێدا قوڵبووەتەوە ژیانی ژنانی پەنابەر بووەتە مەرگەسات و کوشتنی گوماناوی لە زۆربووندایە، لەکاتێکدا زۆربەی کوژراوە گومانلێکراوەکان ژنن یاخود ژنانی پەنابەرن.
وەک ئاژانسی نوژنها لێکۆڵینەوەمان لە هەوێ- هاوژینی دووەمی کرد کە یەکێکە لە پرسە سەرەکییەکانی شارەکە، لە بەشی یەکەمی دۆسیەکەماندا لە خاوەن کەیسەکەوە گوێبیستی چیرۆکی هەوێکان بووین، لەم بەشەدا پارێزەران و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤی شاری ڕەحا لەسەر پرسەکە بۆمان دەدوێن.
"هەوێیەتی ناچارییەکە لەبەردەم ژناندا"
پارێزەر جانان بێریتان گۆکان، ئەندامی لیژنەی مافی پەنابەریی لقی ڕەحا ئاماژەی بەوەدا کە هەوێیەتی لە ساڵی ٢٠١٥ەوە لە شارەکەدا زیادی کردووە، وتیشی فرە ژنی لە سوریادا ئاسایی دەبینرێت، ئەو ژنانەشی لەدوای شەڕەوە هاتوونەتە ڕەحا بێ پاراستن ماونەتەوە بۆیە بەهۆی سەختییەکانی ژیانەوە بوون بە هەوێ قبوڵ دەکەن، "قبوڵ کردنە لەبەر ئەوە نییە کە ژنان دەیانەوێت، بەڵکو ناچارییەکە لە بەردەمیاندا، لەم دۆخەدا پیاوی ٧٠ ساڵ هاوسەرگیری لەگەڵ کچە سورییە ١٥ ساڵەکاندا دەکەن، ئەم دۆخە خەریکە ئاسایی دەبێتەوە و ڕەچاوی دۆخی ژنان ناکرێت، ژنان بەبێ ئەوەی پرسیاریان لێ بکرێت کە ئایا ژنان ئیرادەی هەوێتیان هەیە یان نا، ناچار بە بوون بە هەوێ دەکرێن".
"ئەو ژنانەی کە لە چەوساندنەوە هەڵدێن ڕووبەڕووی چەوسانەوەیەکی دیکە دەبنەوە"
جانان بێریتان گۆکان ئاماژەی بەوەدا کە لە ئەنجامی پرۆسەکەدا کچانی تەمەن ١٤-١٥ ساڵ لە ڕێگەی نێوەندگیرییەوە هاوسەرگیریان لەگەڵ پیاوە ٧٠ ساڵانەکاندا کردووە و ئەو ئەنجامەش دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئابوری خێزانەکان، وتیشی: ئەو ژنانەی کە لە شەڕدا هەڵهاتوون بەم شێوەیە ئەشکەنجەیەکی دیکە دەدرێن و ئەمەش لە دەرەوەی ئیرادەی خۆیان بەڕێوەدەچێت.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دووبارە ناسنامەی ئەو منداڵانەی لەدایکبوون نین، ئەم دۆخە لە هەر لایەکەوە بێت ژنان ڕووبەڕووی سەختی دەکەنەوە، زۆرجار ژنان پێوانەکانی پاراستنی ٦٢٨٤ نازانن، ئەوان لە دیپۆرتکردن دەترسن بۆیە ناتوانن کێشەکانیان ببەنە بنکەی پۆلیس، ئەو ژنەی کە توندوتیژی بەرامبەرکراوە بە هۆی نەبوونی وەرگێڕەوە ناتوانێت ناخی خۆی دەرببڕێت لەم خاڵەدا سیستم بە کەموکورتی ماوەتەوە.
"هاوسەرگیری دەکەن چونکە دەرفەتی ژیان و ئاسایشی ژیانیان نییە"
سومەییە کۆچ، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی ڕەحا، ئاماژەی بەوەدا کە پێشینەی کلتوری و ئاینی پەنابەرانی سوری کاریگەری لەسەر هەوێتی دەکات، تیشکی خستەسەر هاوسەرگیری لە سوریا کە هەم سیستمێکی کۆمەڵگەیی و بنەمایەکی ئابوری هەیە و ئەم دۆخەش لەو وڵاتەدا پەسەندکراوە، وتیشی: زۆرینەی ئەوانەی ئاوارە بوون ژن و منداڵن، ئەو ژنانەی کە هاوسەرەکانیان لەدەستداوە یاخود نێردراون بۆ وڵاتێکی دیکە، زۆرینەی سورین و ئەمەش هاوسەرگیری دووەم زیاد دەکات، ئەو ژنانەی کە بوونەتە ئامانج مەترسی چەندین کاری دیکەی وەک لەشفرۆشی ، کاری زۆرەملێ و دەستدرێژییان لەسەرە، بۆ ئەوەی خۆیان بپارێزن، هاوسەرگیری دووەمی پیاوێک پەسەند دەکەن.
"هەوێیەتی دەبێتە هۆکاری پێشێلکردنی مافی ژنان"
سومەییە کۆچ ئاماژەی بەوەدا کە باری هەوێتی ژنان لە هەردوولاوە لایەنی سۆزداری و کۆمەڵگەیی و ئابووریەوە بێزارکەرە، ئەمەش پێشێلکارییەکی مافی مرۆڤە، بەڵام ژنانی سوریا ناچارن هەموو هەلومەرجێکی سەختی هاوسەرگیری قبوڵ بکەن بۆ ئەوەی لە نائارامی ئابووری و کۆمەڵایەتی ڕزگاریان بێت، وتیشی: لە هەوێیەتیدا هەردوو ژن لە ڕووی سێکسی و دەروونییەوە ئەشکەنجە دەدرێن، خۆپاراستن لەم توندوتیژییە و پاراستنی منداڵەکانیان دەبێتە تاکە چالاکی ژیانیان و لە بواری کۆمەڵایەتیدا بێبەشن لە هەلی خۆناسین".
لە کۆتایدا سومەییە کۆچ وتی: بۆ ڕێگەگرتن لەم پرسەیە پێویستە میکانیزمی ئاسایشی ئابووری و کۆمەڵایەتی دروستبکرێت و ژنان لە ئامانجی دەستدرێژیی ڕزگاریان بێت، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵایەتی پێویستە کێشەکانی جیاوازی زمان چارەسەر بکرێن و لێکۆڵینەوەی بەپەلە و گشتگیری زانیاری ئەنجامبدرێت، هەروەها پێویستە گەلەکەشمان تێبگات ئەو دۆخە لە ئەنجامی شەڕ و پەنابەرییە لە سوریادا، بۆ ئەوەیە ژیانی خۆیان بپارێزن کۆچبەر بوون، نەک بۆ ئەوەی ببنە هێرش بۆسەر ژیانی ئێمە".
کۆتای
ت.پ