سەدەی ٢١ە و منداڵان لە ژێر هەڕەشەی شەڕ و هەژاریدان

منداڵان لە سەرانسەری جیهاندا بەهۆی شەڕ و هەژاری و گۆڕانی کەشوهەوا و کۆیلایەتییەوە ئازار دەچێژن، بۆیە پێویستە جیهان بەرپرسیارێتی لە ئامێزگرتنی منداڵان و پێدانی مافەکانیان لە ئەستۆ بگرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

٢٠ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانیی منداڵانە و تیایدا کار بۆ دابینکردنی پاراستن و بەرگریکردن لە منداڵان و مافەکانیان و ڕێگریکردن لە بەرکەوتنیان بە هەر جۆرە بەکارهێنان و توندوتیژییەک دەکرێت.

 

منداڵان وەک چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە بەدەست ئاڵنگارییەکانی قەیران و ئاڵۆزییە جیهانییەکانەوە دەناڵێنن، دیارترینیان قەیرانی خۆراکی جیهانییە کە لە ئەنجامی ململانێکانەوە دروست دەبێت، ڕێژەی سەدی ئەو منداڵانەی بەرکەوتەی هەژاری و برسێتی و دەرئەنجامی بەدخۆراکی و کەمی کێشن زیاتر لە ٪٣٠ی پێکدێنن کە خۆراک و خزمەتگوزاری و چاودێری تەندروستییان نییە، ڕۆژانەش زیاتر لە ٢٥ هەزار منداڵ بەهۆی هەژارییەوە گیانیان لەدەستداوە، کە بەشێکیان هۆکارەکەی نەخۆشییە لاوەکییەکانە و دەتوانرێت چارەسەر بکرێن، ئەگەر توانای پێویستیان هەبێت، هەروەها زیاتر لە ملیارێک منداڵ هەن کە بەدەست هەژاری جۆراوجۆر و فرەڕەهەندەوە دەناڵێنن بەهۆی بێبەشبوونیان لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان.

 

زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن منداڵ لە سەرانسەری جیهاندا لە مەترسیدارترین ئەو وڵاتانەدا دەژین کە شەڕی تیادایە و ڕووبەڕووی زیانی جەستەیی و دەروونی و ئاوارەبوون دەبنەوە، لە ساڵی ٢٠٢١یشدا بەهۆی شەڕی ئۆکراینا و ڕووسیاوە ٪٢٠ی منداڵانی زیانبەرکەوتوو زیادیان کردووە، ئەمەش جگە لە سەرهەڵدانی توندوتیژی لە مۆزەمبیق و ململانێ بەردەوامەکانی ئەفغانستان، یەمەن، سووریا، نەیجیریا و کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ. زیاتر لە ٢٤ هەزار پێشێلکاری قورس لە دژی منداڵان بەڵگەدار کراوە، کە بە تێکڕا دەکاتە لە ڕۆژێکدا ٦٥ پێشێلکاری.

 

نەخوێندەواری لە گرفتە باوەکانە کە منداڵان بەدەستیەوە دەناڵێنن، بەتایبەت ئەوانەی وڵاتەکانیان شاهیدی ململانێ و شەڕی ناوخۆن، وەک سودان و یەمەن، ئەمەش کاریگەری لەسەر داهاتوویان دەبێت و کێشەی هەژاری گەورەتر دەکات، زیاتر لە ٧٩٦ ملیۆن کەس هەن کە ناتوانن بخوێننەوە و بنووسن، لەناویاندا ٦٧ ملیۆنیان منداڵن کە لە خوێندنی سەرەتایی بێبەش بوون و ٧٢ ملیۆنی دیکەشیان لە خوێندنی ناوەندی بێبەش بوون.

 

هەژاری منداڵان ناچار بە هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵدا دەکات

هەژاری زۆرێک لە خێزانەکانی ناچار کردووە کچەکانیان لە تەمەنی پێش ماوەیی یاسایی و لە منداڵیدا هاوسەرگیری پێبکەن، یان منداڵەکانیان بفرۆشن بەو بازرگانانەی کە وەک کۆیلە بەکاریان دەهێنن و ڕووبەڕووی کارە توندوتیژییەکان دەبنەوە، بەپێی مەزەندەکان، زیاتر لە ١٢ ملیۆن منداڵ لە سەرانسەری جیهاندا بەدەست جۆرێک لە کۆیلایەتی مۆدێرنەوە دەناڵێنن، جگە لەوەش ٣ ملیۆن منداڵی دیکە بەرکەوتەی بەکارهێنان دەبنەوە بە مەبەستی ئەنجامدانی کاری زۆرەملێ، لەوانەش کارکردن لە کان و کارگەکاندا، یان وەک خزمەتکاری ناوماڵ، یان بۆ سواڵکردن یان فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکان، ئەمەش تەنانەت لە وڵاتە دەوڵەمەندەکاندا بەڕێوەدەبرێت، وەک یەکێتی ئەوروپا کە ئابوورییەکی پێشکەوتووی هەیە.

 

گۆڕانی کەشوهەوا و گۆڕانی پلەی گەرمی و نەخۆشی و دەردانی غاز دیارترین ئەو مەترسیانەن کە ڕووبەڕووی منداڵان دەبنەوە لە جیهاندا و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر تەندروستییان هەیە، ئەمە جگە لەوەی تەندروستی دەروونی زیاد دەکات و  کێشە و دواکەوتنی گەشەکردنی لێدەکەوێتەوە.

 

لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٪٤٧ی قوربانییانی بەکارهێنانی چەکی تەقەمەنی و پاشماوەی شەڕ منداڵان بوون، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠٢٢ زیاتر لە ١٢٠ هەزار منداڵ پشتڕاستکراوەتەوە کە کوژراون یان بوونەتە خاوەن پێداویستی تایبەت، ١٠٥ هەزار منداکەمئەندام بووە لە بارودۆخی شەڕی چەکداریدا و زیاتر لە ١٦ هەزار منداڵ هێرشیان کراوەتە سەر لەکاتێکدا لە قوتابخانە یان نەخۆشخانەکاندا بوون، هەروەها دەستدرێژی سێکسی یان هەر جۆرە توندوتیژییەکی سێکسی سەخت پێشێلکردنی مافی منداڵە و بە لایەنی کەمەوە ١٦ هەزار منداڵ لەلایەن بکەرانی شەڕ و ململانێکانەوە تاوانی دەستدرێژی و هاوسەرگیری بەزۆریان بەرامبەر کراوە، ئەم پێشێلکارییە بە شێوەیەکی ناڕێژەیی کاریگەری لەسەر کچان هەیە، کە ڕێژەیان ٪٩٧ی ئەو حاڵەتانەیە لەناو منداڵاندا تۆمار کراون لە نێوان ساڵانی ٢٠١٦ بو ٢٠٢٠.

 

منداڵانی سووریا بەرکەوتەی شەڕن و تا ئێستا کاریگەرییان لەسەرە

کاتێک باسی ململانێکان و بارودۆخی منداڵان دەکرێت، منداڵانی سووریا بەشێکین لەو منداڵانەی لە ئایندە و ژیانیان لە لێواری کۆتاییدایە، لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا زیاتر لە ١٢ هەزار منداڵ کوژران و بریندار بوون و زیاتر لە پێنج هەزار و ٧٠٠ منداڵی دیکەش بۆ بەشداریکردن لە ململانێکاندا بەکارهێنران، کە بەشێکیان تەمەنیان لە تەمەنی حەوت ساڵدا بوو، هەروەها زیاتر لە نیو ملیۆن منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ بەهۆی بەدخۆراکی درێژخایەن تووشی کێشەی گەشەسەندن بوون و نزیکەی دوو ملیۆن و ٤٥٠ هەزار منداڵ لەناو وڵات و ٧٥٠ هەزاری دیکەش لە دەرەوەی سووریا بێبەش بوون لە خوێندن.

 

کارەساتی سروشتی ڕۆڵی نەرێنی لەسەر منداڵان هەیە، بۆ نموونەی تووشی دڵەڕاوکێ، ترس، دڵتەنگی، تێکچوونی خەو و سەختی وردبوونەوەیان دەکات و تا ئێستاش منداڵان بەدەست تێکچوونی تەندروستی دەروونییەوە دەناڵێنن، هەروەها ٪٩ی ئەو منداڵانەی لە ساڵی ٢٠٠٥دا لە ئەمریکا دووچاری زریانی کاترینا بوون، تووشی تێکچوونی دەروونی و سۆزداری بوون کە بە مەترسیدار پێناسە دەکرێت.