تێكۆشانی به نوخبهکراوی ژن و فێمێنیزمی توێندراوهی سیسته‌م
ده‌ستێوه‌ردانی نیۆلیبڕاڵیزم له فێمێنیزم؛ نوخبه‌ی كاستی پڕۆژیست و ڕێکخراوه ناحكومییه‌كان
ڕاپۆرتی شیكاریی ئه‌كادیمیای ژنۆلۆژی
له فه‌رهه‌نگی سیاسی‌دا سه‌باره‌ت به پێناسه‌ی ڕێکخراوه ناحكومییه‌كان ده‌گوترێت: "ئه‌و ڕێکخراو و ده‌زگایانه‌ن كه سه‌ربه‌خۆیانه كێشه و گرفته‌كانی كۆمه‌ڵگه هه‌ڵده‌سه‌نگێنن، ڕای گشتی ئاگادار و هۆشمه‌ند ده‌كه‌نه‌وه و پێشنیاری گونجاویان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن". له‌م واتایه‌دا ڕێکخراوه ناحكومییه‌كان به ڕێکخراوه‌یه‌ك داده‌نرێت كه له ده‌ره‌وه‌ی مه‌یدانی به‌ڕێوه‌به‌ریی ده‌وڵه‌ته و ده‌وڵه‌ت به‌ره‌و دیموکراسی ڕاده‌كێشێت. ده‌كرێت بگوترێت ئه‌م ڕێکخراوانه كه له ئه‌نجامی پێویستییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا دروستبوون و كۆمه‌ڵگه به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ تیایدا به‌شداره و كاری بۆ ده‌كات، ڕۆڵێكی به‌رچاویان هه‌یه. به‌ڵام ده‌بێت ئاماژه به‌وه‌ش بكه‌ین كه ژماره‌یه‌كی زۆر به‌ربڵاویشیان له ئارادایه، كه به ته‌واوی له ده‌وڵه‌ت دانه‌بڕاون، له ده‌زگا (مه‌ده‌نی)ییه‌كانی كۆمه‌ڵگه دروست نه‌بوون و ڕاسته‌وخۆ به پشتیوانی ده‌وڵه‌ت یاخود به هه‌وڵی ده‌وڵه‌ت هاتوونه‌ته كایه‌وه.
به‌پێی ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی له ڕۆژگاری ئه‌مڕۆماندا ده‌ركه‌وتوون، مشتومڕێكی زۆر هه‌یه له‌سه‌ر ڕۆڵی ڕێکخراوه ناحكومییه‌كان له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا، كه چۆن و خزمه‌تی چی ده‌كه‌ن، لێره‌دا به‌ده‌ر له‌وه‌ی كه بگوترێت ئه‌مانه "به‌كه‌ڵكن"، "بواری دیموکراتین"، "سه‌ر به ده‌وڵه‌ت"ن و به یه‌كجاری قبووڵ یان ڕەتبكرێنهوه، پێویستییه‌كی زۆر به‌په‌له‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن و ڕیزبهندكردنیشیان له ئارادایه، هاوكات له ئاستی ناوچه‌یی و گه‌ردوونیدا كاركردنی ڕێکخراوه ناحكومییه‌كان به سیاسه‌ته‌كانی نیۆلیبڕاڵیزم كه ڕۆژ له دوای ڕۆژ له قووڵبوونه‌وه‌ی زیاتردایه، ده‌بێته مایه‌ی ره‌خنه‌ی زیاترین. به‌هۆی ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی نیۆلیبڕاڵیزمهوه ڕێکخراوه ناحكومییه‌كان چی له‌ناو بواره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموکراتی، و چی له ته‌وه‌ری ئه‌كادیمییه‌كاندا بێت؛ ڕۆژانه زیاتر به ده‌زگا و ڕێکخراوه‌ی هۆكاری دژایه‌تیكردنی كۆمه‌ڵگه له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێن. له ئه‌نجامی ئه‌و ره‌خنانه‌شدا به دهستهواژهكردنێكی نوێی وه‌كو به‌كاربردنی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، به ڕێکخراوی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی كردن، پڕۆژهگەرایی.. هتد، هاتوونه‌ته ئاراوه. به‌تایبه‌تیش له‌و جوگرافیایانه‌ی وه‌كو ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین، ئه‌فریقا، ئاسیا و ئه‌مریكای باشووردا كه شێوازه‌كانی داگیركه‌ریی نوێ و داگیركه‌ریی كلاسیكی به‌شێوه‌یه‌كی تێكهه‌ڵكێش په‌یڕه‌و ده‌كرێن؛ ڕێکخراوه ناحكومییه‌كان، ڕۆڵی ئه‌و پڕۆژانه‌ی به‌ده‌ستی ئه‌مان به‌ڕێوه‌ده‌بردرێن، سه‌رچاوه‌كانی گوزهڕانیان، ته‌وه‌ری باسه‌كانیان و په‌یوه‌ندییان بهكۆمهڵگهوه لێپرسینه‌وه‌ی زۆر زیاتر هه‌ڵده‌گرێت. لێره‌وه با تاڕاده‌یه‌ك له چۆنێتی هاتنه‌ئارا و په‌ره‌سه‌ندن و چۆنێتی بهكارهێنرانی ڕێکخراوه ناحكومییه‌كان وردببینه‌وه.
له مه‌یدانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا؛ ده‌ستپێكی زه‌قبوونه‌وه‌ی كاروباره‌كانی ڕێکخراوه ناحكومییه‌كان كه سیمبۆڵی پڕۆژیستیی به‌به‌ردا کراوه، ته‌نانه‌ت دانرانی به تاكه بواری تێكۆشان، دانرانی به تاكه به‌ڕێوه‌به‌ری تێكۆشانی هه‌ر له بزووتنه‌وه‌كانی ژنانه‌وه تا به بزووتنه‌وه ژینگه‌پارێزییه‌كان و له هه‌موو پلاتفۆرمه‌كانی تریشدا؛ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تای هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، پاش ده ساڵ و له نه‌وه‌ده‌كانیشه‌وه ده‌ستکرا به په‌سه‌ندكردنی وه‌ك تاقانه به‌ڕێوه‌به‌ر و بواری تێكۆشان. ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش هاوسه‌رده‌مه له‌گه‌ڵ شكانه‌وه‌ی سیاسه‌ته‌كانی نیۆلیبڕاڵیزم به‌باری سیسته‌می پیاوسالاریدا و ده‌ستنیشانكردنی هه‌موو شتێك به‌گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی سیسته‌م.
له‌لایه‌ن ڕۆژئاواوه به ڕاگه‌یاندنی به‌رنامه‌ی تایبه‌ت سه‌باره‌ت به ڕۆژه‌ڤه سه‌ره‌كییه‌كانی تێكۆشانی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌كو ژینگه‌پارێزی، دیموکراسی و ئازادی ژن و به دانانی بودجه‌ی تایبه‌ت؛ به دروشمی "رێگه‌ی دیموکراتیزهكردن و ئازادكردنی جیهانی سێهه‌م" هاورده‌کرا. ده‌كرێت ساڵی ١٩٧٥ كه مێژووی یه‌كه‌مین كۆنفڕانسی جیهانییه و له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه به "ساڵی جیهانی ژن" ڕاگه‌یه‌ندرا و تیایدا ده‌ستی به هه‌ڵمه‌تێك بۆ یه‌كسانی ژن كرد، له هه‌مانكاتدا به سه‌ره‌تای بڵاوبوونه‌وه‌ی ڕێکخراوه ناحكومییهكانیش به‌ناو تێكۆشانی ژن‌دا دابنرێت. به‌رچاوترین تایبه‌تمه‌ندی روانگه‌ی ڕێکخراوه ناحكومییه‌كان ئه‌وه‌یه كه سیاسه‌ت و تێكۆشان به ململانێی ده‌سه‌ڵاتی نێوان (كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی) و ده‌وڵه‌ت ده‌كات به تێگه، ئه‌و بواره له ناكۆكییه زایه‌ندی، چین و نه‌ته‌وایه‌تییه‌كان داده‌ماڵێت و به (قه‌ڵای ئازادییه‌كان) وێنای ده‌كات. له دۆخێكی وه‌هاشدا تێكۆشانی ژن ئه‌ركی دووركه‌وتنه‌وه له جه‌وهه‌ری خۆی و زه‌مینه سازكردن بۆ دابڕاندنی له داینامیكه مێژووییه‌كه‌ی گێڕا. كه‌وته دۆخێكه‌وه كه پڕۆژه‌ی نه‌بێت، ئه‌گه‌ر ڕێکخراوه‌كانی ژنان له شوێنێكه‌وه بودجه‌یه‌كیان بۆ دابین نه‌كرێت، ناتوانن بژین و ناتوانن به‌ناوی ژنانه‌وه هیچ شتێك بڵێن. زۆر له‌وه‌ش خراپتر ئه‌وه‌یه كه جاران (جیهانی سێهه‌م) بوون به‌تایبه‌تیش ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و ئه‌مریكای لاتین و حاڵی حازریش ئه‌و تێكۆشانه‌ی ژن كه له جوگرافیای باشووری جیهاندا ره‌گی به‌رخۆدانی دژه سیسته‌م بوون، ئێستاكه خراونه‌ته دۆخی تایه‌ی (سپێری) یه‌ده‌گی سیسته‌مه‌وه. واتا له تێكۆشانی دژی لیبڕاڵیزم كه ئایدیۆلۆژیا تاقانه‌كه‌ی مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌دارییه، خرانه دۆخێكی نادیار و ته‌مومژاوییه‌وه.
ده‌ستوه‌ردانه گه‌وره‌كه‌ی نیۆلیبڕاڵیزم
له‌كاتێكدا باس له گه‌شه‌كردنی جوڵانه‌وه‌كانی ئه‌م بیست ساڵه‌ی دوایی ژنان ده‌كه‌ین، پێویسته سه‌رنج بخهینەسهر ئه‌و پڕۆژانه‌ی به ده‌ستی ئه‌و ڕێکخراوه ناحكومییانه ده‌كرێن، كه بوون به بوار بۆ جێبه‌جێكردنی سیاسه‌ته‌كانی نیۆلیبڕاڵیزم و ئه‌و پڕۆژانه چۆن بوون به مایه‌ی له په‌لوپۆخستنی جوڵانه‌وه‌كانی ژنان و تیایدا هه‌موو هێز و توانایان قۆرخ ده‌كرێت. به‌تایبه‌تیش ده‌زگا بودجه به‌خشه‌كان (سندوقی نێوده‌وڵه‌تی) به یه‌كێتی ئه‌وروپا و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیشه‌وه، هه‌ر كاتێك بواری ژن ده‌بێته جێگه‌ی باس زۆر (جوامێر)انه مامه‌ڵه ده‌كه‌ن. لێره‌دا نه‌ك له‌به‌ر لۆژیكی (مۆدێرنیزه)كردنی جوگرافیا دواكه‌وتووه‌كان، نه‌خێر، به‌ڵكو جێگه‌ی خۆیه‌تی وه‌كو هه‌وڵێكی گه‌وره‌ی نه‌زۆككردن و له‌ناوبردن به‌دواداچوونی بۆ بكرێن.
به‌تایبه‌تیش كاتێك جوڵانه‌وه و ڕێکخراوه‌كانی ژنان، ڕێکخراوه فێمینیستییه‌كان و ئه‌و سیاسه‌تی بودجه و پڕۆژانه‌ی له‌سه‌ریان ده‌كرێن له‌چوارچێوه‌ی وڵاته‌كاندا لێكدانه‌وه‌ی بۆ ده‌كه‌ین به ئه‌نجامی زۆر په‌رده‌پۆشکراو و مه‌ترسیدارمان ده‌گه‌یه‌نێت. ڕاستییه‌كی حاشا لێنه‌کراوه كه له‌م سی ساڵه‌ی دواییدا له‌ئه‌نجامی داگیركه‌ریی تازه‌ی نیۆلیبڕاڵیزم و هه‌وڵی ڕاكێشانی بۆ ناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان؛ جوڵانه‌وه فێمینیستییه‌كان دووچاری وه‌رچه‌رخانێكی زۆر نه‌رێنی بوونه‌ته‌وه و خراونه‌ته دۆخێكه‌وه كه کراوه به پارچه‌ی تێكههڵكێشکراوی سیسته‌م و وابه‌سته‌کراوه، ئازادی تاكه‌كه‌سی به هه‌ند وه‌رده‌گرێت، به‌ده‌ستی ژن ژن ده‌كات به میتا. جگه له‌وه‌ی ڕێکخراوه‌كانی ژنان ناچارکراون به‌شێوه‌ی پارچه و جیاجیا بابه‌ته‌كانی تێكۆشان هه‌ڵبسه‌نگێنن، ته‌نانه‌ت كاتێك له چوارچێوه‌ی كات و زۆری كاریشه‌وه سه‌یری بكه‌ین، ده‌بینین كه ده‌رفه‌تی قوڵبوونه‌وه و بینینی یه‌كپارچه‌یی بۆ نه‌هێشتووەته‌وه. ئه‌مه‌ش بووه به مایه‌ی بێ سیاسه‌ت و نه‌زۆككردنی هه‌وڵه‌كانی ژنان و به ئامڕازكردنی ڕێکخراوهكانییان. پشتیوانی و تێكۆشانی هاوبه‌ش و ڕێکخراوه‌یی له نێوان ئه‌و گرووپه ژنانه‌دا له‌بیر کرا كه له‌سه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك كۆده‌بوونه‌وه. گرووپه لێكدابڕاوه‌كان، كه كار له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن، له‌جیاتی هاوبه‌شكردنی ئه‌نجامه بهدهستخراوهكانی پڕۆژه‌كانیان، ده‌ستیانكرد به به‌كارهێنانی ئه‌و ئه‌نجامانه بۆ به‌رز ڕوانین به‌سه‌ر یه‌كتردا. ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ خۆیدا شێوازێكی نوێی ده‌سه‌ڵاتی داهێنا كه تیایدا زانیاری کراوه به ده‌سه‌ڵات و به (كلتووری جوڵانه‌وه‌یه‌كی نوخبه‌یی ژن) ته‌نیا قسه‌ی ئه‌و توێژه به هه‌ند وه‌رده‌گیرێت. پڕۆژیستی کرا به كه‌رتی تایبه‌ت و دۆخی ئاڵۆز و سه‌ختی پرۆسێسی نوسین و ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌ش (كاستی پسپۆڕان)ی هێنایه كایه‌وه.
ئه‌وانه‌ی كه زۆرجار به په‌سنی زۆر گه‌وره‌وه ده‌خرێنه به‌رده‌ممان، له‌كاتێكدا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه بۆ چاكه‌ی ئه‌و ژنانه‌ی پشتیوانی دامه‌زراوه بودجه به‌خشه‌كانی پشته‌وه‌یان كار ده‌كه‌ن، له هه‌مانكاتدا پێودانگی ئه‌و چاكه‌یه‌ش (مه‌رج) و ویستی دامه‌زراوه بودجه به‌خشه‌كانه و وێنایه‌ك دروست ده‌كات كه له هه‌مووان زیاتر وته‌بێژی ژنانن، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وانن ژن ده‌كه‌ن به میتا، رێگه‌ی ئازادی تاكه‌كه‌س نیشانده‌ده‌ن، له‌ولاشه‌وه نوێنه‌انی ڕێکخراوه ناحكومییه‌كان یاخود كارگێڕانی پڕۆژه‌كان وه‌كو مۆدێلێك و ته‌نانه‌ت وه‌كو قاره‌مانێك پیشانی ده‌ده‌ن.
ڕێکه‌وتێکه که به گشتی ئه‌م مۆدێلانه زۆر له سه‌رووی پێوه‌ره‌كانی ژیانی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌وه ده‌ژین كه تیایدان، پرۆفایلێک ده‌کێشن، که گوزارشت له که‌لتووری ئه‌و دامه‌زراوانه ده‌کات که بودجه‌ی زیاتر ده‌دات و فهزاکانیان به‌رجه‌سته ده‌کات و دوورن له شوێن و که‌لتووری کۆمهڵگهیهكهوه كه (پڕۆژه)ی بۆ داناوه و بودجه‌ی بۆ وه‌رگرتووه. لێره‌وه چینێكی كۆمه‌ڵایه‌تی نوێ له‌وانه‌ی له‌م پرۆفایلهدان له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی پێیان وایه پێشکه‌وتنخواز و ئازادتر و باشترن دروست کراوه چونکه ئه‌مانه پێیانوایه له ئه‌وروپا په‌روه‌رده کراون یان به‌لایه‌نی که‌مه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامدا بوون له‌گه‌ڵ جیهانی ڕۆژئاوادا یان به هۆی ئه‌وه‌ی که زمانی بێگانه ده‌زانن.
له‌ناو ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌دا له‌کاتێکدا هه‌ندێک ژن بوونه‌ته ده‌نگی زاڵی فێمینیزم، هه‌ندێکی تریش په‌ڕاوێزخراون. له‌م پرۆسه‌یه‌دا بوو که زایهندگەرایی كۆمه‌ڵایه‌تی بوو به زاراوه‌یه‌کی ته‌کنیکی و له‌چوارچێوه‌ی گوتاری ئازادیخوازی مافه‌کانی مرۆڤدا دانرا، بواوه و دۆڕاوانی ڕێکخراوه ناحکومییه‌کانی ناو بزووتنه‌وه‌کانی ژنانیش له‌م پرۆسه‌یه‌دا ناسێنران. ئه‌م پرۆسه‌یه بووه هۆی ئه‌وه‌ی که دوو جۆر ئه‌زموونی ژنانی دژ به یه‌ك بێته كایه‌وه. له‌كاتێكدا ئه‌و چالاکوانانه‌ی که بوونه‌ته بیرۆکرات باکگراوندی فێمینیستی خۆیان بۆ شاره‌زایی سیاسه‌ت به‌کارده‌هێنن، خوشکه هه‌ژاره‌کانیش بوون به کڕیاری ئه‌و به‌رنامه کۆمهڵایهتییانهیان كه وه‌كو جه‌وهه‌ری ئازادی خاوه‌ن مافێك ده‌سته‌به‌ركردنیان له‌ڕێگه‌ی بازاڕه‌وه به‌دیده‌هێنێت.
لەسەر ناوی خێرخوازی درێژە بە داگیرکاری وڵاتان دەدرێت
زۆرجار به میهره‌بانییه‌كی گه‌وره‌وه سه‌یری ئه‌و وێنانه‌مان کردووه، که له‌م پرۆفایله‌وه دراون و ته‌نانه‌ت وتوومانه "ئافه‌رین"، داده قژ كاڵ و چاوشینهكهمان له به‌رگی ڕزگارکه‌رێکدا بۆ داگیركردنی ویژدان ده‌چێته ئه‌فریقا که له‌لایه‌ن باوباپیرانیه‌وه داگیرکراوه و بوتڵی شیری ده‌ستی (که ڕه‌نگه ڕوخساری ڕیکلامی کۆمپانیای شیرهمهنیهکهی ئه‌وێ بێت) خۆراک به کوڕه ڕه‌شه په‌راسوو ده‌رپه‌ڕیوه‌كه ده‌دات.
له ئه‌فریقاوه بۆ ئه‌مریکای لاتین، له هیندستانه‌وه تا ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئاشکرایه که ڕێکخراوه ناحکومییه‌کان ڕۆڵێکی گرنگیان هه‌یه له‌نێو کۆلۆنیالیزمدا. ئه‌گه‌ر یادی پرۆسه‌ی داگیرکاری بکه‌ینه‌وه که له سه‌ده‌ی شازده‌هه‌مه‌وه ده‌ستی پێکردووه، ئه‌وا ده‌بینین كه ئه‌و ڕۆڵه‌ی مۆدێله‌كانی ئه‌مڕۆ ده‌یگێڕن هاوته‌ریبیان هه‌یه له‌گه‌ڵ ڕۆڵی میسیۆنهرهكانی سه‌رده‌می جاران كه له گه‌شته‌كانیاندا گێڕاویانه، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا كه داگیرکاری هه‌رگیز ته‌نیا له‌ڕووی سه‌ربازی و ئابووریه‌وه رووی نه‌داوه و روونادات، هاوكات له ڕووی ئایدۆلۆژییشهوه ڕوو ده‌دات. بۆ نمونه له سه‌ده‌ی شانزه‌هه‌مدا، میسیۆنهرڕانی مه‌سیحی ڕۆڵێکی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌یان گێڕا له داگیرکهرکردنی هزری خه‌ڵک و شکاندنی به‌رگری و توانه‌وه‌یان له‌ناو ئه‌و ڕێکخستنه کۆمه‌ڵایه‌تیه تازه‌یه‌ی پاتریاركاڵ و سه‌رمایه‌داری، واته ناچارکردنیان به له‌بارچوون و نامۆبوون.
هه‌روه‌ک چۆن کۆلۆنیالیزمی مۆدێرن ڕه‌هه‌ندی سیاسی و ئابووریشی هه‌یه، ڕه‌هه‌ندێکی کولتووریشی هه‌یه که ئه‌م ڕه‌هه‌نده دروستده‌کات و ره‌وایه‌تی پێده‌دات.
ئه‌و ئه‌زموونه داگیرکاریانه‌ی که له ڕێگه‌ی پرۆسه‌ی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌وه سه‌ری هه‌ڵدا، زایه‌ندپه‌رستی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ک ئامڕازێک بۆ ره‌وایه‌تیدان به توندوتیژی خۆیان ده‌بینن. بۆ نموونه له چوارچێوه و مێژووی جیاجیادا نایه‌کسانییه زایه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی نێوان گرووپه چه‌وساوه‌کان وه‌ک هێمایه‌ک بۆ دواکه‌وتوویی سه‌راپای گروپێک به‌کارهاتووه و كردوێتی به ئامڕازێک که ببێت به پاساو بۆ ره‌وایه‌تیدان به هه‌ر ده‌ستێوه‌ردانێكی داگیرکارییانه‌ی وڵاتانی ڕۆژئاوا یان وڵاته گه‌شه‌سه‌ندووه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و گرووپانه.
به درێژایی مێژوو، (پیاوی سپی پێست) هه‌میشه پێویستی به هاوکاره خۆجێیه‌كان هه‌بووه بۆ په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تی داگیرکه‌ری. به‌پێی تێپه‌ڕبوونی كات، قاسهدارانی نیۆلیبڕاڵ تێگه‌یشتن كه (نمایشی ویژدان) قازانجێكی ئه‌وتۆ هه‌ڵناگرێت، ئه‌وجار ده‌ستیان کرد به خستنه‌گه‌ڕی "ڤێرژنه خۆجێیه‌كان یان هه‌رێمییه‌كانیان"
ژنانی جوگرافیای سودمه‌ندی پڕۆژهگهرییهكان
كاتێك وڵات به وڵات بخرێته به‌ر لێكۆڵینه‌وه‌وه؛ نموونه‌یه‌كی زۆر به‌دیده‌كرێت كه ئه‌و پێکهاتانه‌ی، ئه‌و جوڵانه‌وه و ڕێکخراوانه‌ی ڕاسته‌وخۆ له‌و فۆرماتهدا دامه‌زراون یاخود بۆ ئه‌و فۆرماته گۆڕدراون، كار بۆ پارچه‌كردن، باڵباڵ كردن، ناچالاككردن، قۆرخكردن و تواندنه‌وه‌ی جوڵانه‌وه و ڕێکخراوه‌كانی ژنان له‌ناو سیسته‌مدا ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت بیكه‌ن به رێكخستنی شیاوی ئامانجی ده‌سه‌ڵات و مه‌ڵبه‌ندی به‌رژه‌وه‌ندییه ته‌سكه‌كان.
به‌م شێوه‌یه فێمینیزم له پرۆسه‌ی بوون به پڕۆژه نه‌ک بزووتنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیدایه و هاوكات له چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵات و په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تدا که ڕووی دامه‌زراوه‌یی ده‌سه‌ڵاته، له ئاستی بوون به جوڵانه‌وه‌یه‌كی به‌رهه‌ڵستكار دووركه‌وتووەته‌وه. وه‌ک نازان ئوستونداغ ئاماژه‌ی پێده‌كات؛ ئه‌م پڕۆژانه به‌زۆری وه‌ک ڕاهێنانێک داڕێژراون که تێیدا ژنانی چینی ناوه‌ندی سه‌رمایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری به‌ده‌ست؛ له بابه‌ته جیاوازه‌کاندا زانیاری و شاره‌زایی بۆ ژنانی پله نزم ده‌ڕه‌خسێنن. به‌م شێوه‌یه وای بۆده‌چن که ژنانی به‌شداربووی مه‌شق و ڕاهێنانه‌كان له هه‌ندێک مژاردا هۆشیاریی په‌یدا بکه‌ن و به‌هێزتر ببن.
له ئه‌نجامی ئه‌م دامه‌زراوه‌ییه له ئه‌مریکای لاتیندا بۆ ماوه‌ی ٣٠ ساڵی ڕابردوو له‌كاتێكدا فێمینیسته لیبڕاڵه‌كان که وزه و توانای ژیانیان له جموجۆڵی سندوقی نیۆلیبڕاڵدایه بوونه‌ته ده‌نگی ژنان و ناونیشانی حکومه‌ته‌کان و ده‌زگا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و میدیاكان و بزووتنه‌وه‌كانی تری ژنانیش فەرامۆش و په‌رده‌پۆش کراون.
له هیندستان که بزووتنه‌وه‌کانی ژنان تا ٢٠ ساڵ پێش ئێستا به شێوه‌یه‌کی داهێنەرانه سه‌ربه‌خۆ بوون، خه‌سڵه‌تی چالاکیان هه‌بوو، له‌م ساڵانه‌ی دواییدا شێوه‌کانی چالاکییه ناجه‌ماوه‌ری و تاڕاده‌یه‌ك خۆشهكهری توندوتیژییه‌كان؛ دیمه‌نی په‌رته‌وازه‌ی تاکه‌کان که له ڕێگه‌ی هاشتاگ و بلۆگهکانهوه له تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا له‌په‌یوه‌ندیدا بوون، سه‌باره‌ت به سروشتی بنه‌ڕه‌تی فێمینیزمی نیۆلیبڕاڵ تێگه‌یشتنمان پێده‌دات. چالاکگه‌ری ژنان كه پڕۆژه-بودجه‌یان كردووه به ناوه‌ند و ئه‌و ژنانه‌یان كردووه به دیارده‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه که توندوتیژی و ده‌ستدرێژییان کراوه‌ته سه‌ر، ده‌یانكه‌ن به میتایهك و له‌وه‌ش خراپتر خۆیان ده‌ستکه‌وت له‌سه‌ر قوربانییه‌کان ده‌كه‌ن، ده‌بێت وه‌كو بابه‌تی پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی هه‌موو جوڵانه‌وه و ڕێکخراوه‌كانی تری ژنان لێكبدرێنه‌وه و به‌و شێوه‌یه‌ش بخرێنه به‌ر لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداچوون. سه‌یره‌كه‌ش له‌وه‌دایه که ئه‌م لایه‌نه فێمینیستیانه‌ی زۆربه‌یان یۆرۆسێنتریکن یان به‌لایه‌نی که‌مه‌وه هه‌ڵگرتنی مۆدرێن بوونی كلتووری کۆلۆنیالی به په‌سه‌ندكردنی به‌هاكانی ڕۆژئاوا داده‌نێن وه‌ک له ئه‌مریکای لاتین و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست که دواتر شیرۆڤه‌ی ده‌كه‌ین؛ له‌جێگه‌ی نوێنه‌ڕانی جوڵانه‌وه‌كانی ژنانی هیندستان داده‌نرێن.
ئارۆنداتی ڕۆی ده‌ستێوه‌ردانی نیۆلیبڕالی له بزووتنه‌وه‌کانی ژنان له هیندستان به‌م شێوه‌یه هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت: "له ١٩٧٠دا بزووتنه‌وه‌ی فێمینیستی که فۆرمی ئاسۆیی ڕێکخراوی هه‌بوو؛ به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی هوشیاری و جموجوڵی جه‌ماوه‌ریان له‌خۆده‌گرت، هه‌ره‌می ده‌سه‌ڵات و بیرۆکراسییان ره‌تده‌كرده‌وه، له ساڵانی ١٩٩٠یشدا بوو به دامه‌زراوه، ئه‌وجار خودی ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی له‌خۆگرت که ڕه‌خنه‌ی ده‌كردن و ره‌تی ده‌كردنه‌وه".
له‌حاڵه‌تی ئه‌فغانستاندا وێنه‌یه‌کی به‌ئێشتر ده‌بینین، نایه‌کسانی زایه‌ندپه‌رستی كۆمه‌ڵایه‌تی به سیناریۆی ڕزگارکردنی ژنانی موسڵمان ڕۆڵی خۆی ده‌بینێت له ره‌وایه‌تیدان به داگیرکردنی ئه‌فغانستان له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه. به‌پێی ئه‌م سیناریۆیه ژنانی ئه‌فغانی له ئه‌نجامی ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازی ئه‌مریکادا له‌زیندانه‌کانی خۆیان (رزگارکراون) و (ئازادکراون).
ڕاستینەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە ئەفغانستان
له‌م قۆناغه‌دا وێنه‌که‌ی ئه‌فغانستان نموونه‌یه‌كی جه‌رگبڕی ئه‌و ئه‌نجامه‌یه که ڕێکخراوه ناحکومییه‌کان چۆن ڕۆڵیان له دژی خۆ ڕێکخستنه‌کانی كۆمه‌ڵگه و ژنان به‌تایبه‌تی ده‌بینن. له وڵاته‌كه‌دا داگیرکردنی وڵات به‌ده‌ستی ئه‌مه‌ریکا به‌و مشتومڕه پاساو به‌خشه ئه‌نجامدرا که گوایا بۆ 'ئازادی ژنان' بووه، چینێکی کۆمه‌ڵایه‌تی نوێ دروستکرا که به‌و هۆكاره‌ی له ئه‌وروپا په‌روه‌رده‌کراون یان به لایه‌نی که‌مه‌وه له په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامدان له‌گه‌ڵ جیهانی ڕۆژئاوادا خۆیان به پێشکه‌وتنخواز و ئازادتر و باشتر ده‌زانن، ئه‌و جۆره كه‌سانه كه له چێشتخانه، قاوه‌خانه و هه‌موو جۆره بازاڕه‌كانی ڕۆژئاوا قارچك ئاسا هه‌ڵتۆقیون و له‌و هه‌رێمه ئارامانه‌دا ده‌جوڵێنه‌وه كه به‌تایبه‌ت بۆیان دروستکراون و جاروبار له ئۆتۆمبێلی زرێپۆشدا سه‌ردانی پڕۆژه‌کانیان ده‌که‌ن؛ خۆیان به‌ته‌واوی له کۆمه‌ڵگه جیاکردووەتهوه که به "نه‌زان و دواکه‌وتوو"یان داده‌نێن و به‌گشتیش له‌ڕووی فیزیكییه‌وه له هه‌موو به‌شه‌كانی تری كۆمه‌ڵگه‌ش كه به‌لای خۆیانه‌وه جیاوازن. کاتێک تاڵیبانیش گەرایهوه، ئه‌وان له‌و یه‌که‌مین که‌سانه بوون که وڵاتیان به‌جێهێشت. بێگومان نه‌یانتوانی به‌پڕۆژه سنوورداره‌کانیان ڕێگری له گەرانهوهی تاڵیبان بکه‌ن و ئێستا هه‌موو به‌هره و شاره‌زایی و پابه‌ندبوونیان به‌قازانجی ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپا و ئه‌مریکا به‌گشتی به‌کاردێنن، نه‌ک كۆمهڵگهکانی خۆیان.
ئه‌کادیمیستی فه‌له‌ستینی (ئیسڵاح جهد) خۆی ئه‌زموونی ئه‌وه‌ی کردووه که ڕێکخراوه ناحکومییه‌کان چۆن کێشه‌ی ژنان داده‌پۆشن و بۆ وه‌رگرتنی بودجه‌ی تایبه‌تی؛ چۆن توندوتیژی دژی ژنان ده‌که‌نه بڕگه‌یه‌کی ئه‌جینداكانیان، چۆن توندوتیژی پیاویان له قاڵبی كێشه‌كانی سیسته‌م ده‌رهێناوه و له چوارچێوه‌ی كێشه‌ی كه‌سێتیدا خستوویانه‌ته به‌ر لێكۆڵینه‌وه‌وه. هاوكات هه‌ر ئه‌و گرووپانه چۆن ده‌مامك ده‌كه‌ن به‌به‌ر ئه‌و رژێمه‌ی توندوتیژی له‌دژی هه‌موو كه‌سێك به‌وانه‌شه‌وه كه له شه‌ڕ و له‌ژێر چه‌پۆكی ئیسڕائیل ڕاده‌كه‌ن په‌یڕه‌و ده‌كات.
ئیسڵاح دۆخی وڵاته‌كه‌ی و پێناسه‌ی زاراوه‌ی به ڕێکخراوی ناحكومی كردن، به‌م جۆره ده‌خاته به‌ر باس: "ئه‌مانه پرۆسه‌ی جیاكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانی کاركردنه له‌سه‌ر کێشه‌كانی کۆمه‌ڵگه‌یه له چوارچێوه گشتگیرییه‌كه‌ی؛ كه کراوه به پڕۆژه و هۆکاره ئابووری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی ئه‌م کێشانه‌ش گرنگییان پێ‌نادرێت" ئه‌و ده‌ڵێت ئه‌م پرۆسه‌یه "ڕه‌هه‌ندێکی کو‌لتووریی هه‌یه که له‌بنچینه‌دا هانی نه‌بوونی سه‌ربه‌خۆیی، متمانه‌ی جه‌وهه‌ریی و ته‌رزی نوێی زێده‌ڕۆیی خه‌رجی ده‌دات".
بابه‌تێکی تر که پێویسته لێره‌دا هه‌ڵبسه‌نگێندرێت مه‌سه‌له‌ی مایکرۆکریدیتهکانه که له ساڵانی نه‌وه‌ده‌کانه‌وه وه‌ک په‌تایه‌ک به باشووری گۆی زه‌ویدا بڵاوبووەته‌وه به‌تایبه‌تی له وڵاتانی ڤێتنام، نایجیریا، به‌نگلادیش، ئه‌رجه‌نتین، کینیا و هیندستان. له ڕاپۆرتی ساڵی ١٩٩٠ی بانكی جیهانی كه دامه‌زراوه‌ی دارایی هه‌ژموونی جیهانه، ڕایگه‌یاند كه له‌پێناوی (ئازادی) ژن‌دا، له‌نێوان ژن و پیاودا (یه‌کسانی هه‌ل) به‌دیدێت و به‌های ڕه‌نجی ژن به‌رز ده‌بێته‌وه. هه‌مان دامه‌زراوه ساڵی ٢٠١٢ی به دروشمی "یه‌کسانی؛ قازانج ده‌هێنێت" به "ساڵی ژنان" ڕاگه‌یاند. نیۆلیبڕالیزم؛ به ئامڕازی فێمینیزمی پرۆجێتیڤیستی که له بنچینه‌دا خۆی وه‌ک "سیاسه‌تی تواناسازی تاکه‌که‌سی و بێ ئامانجیی" دامه‌زراندووه، ئیستغلالکردنی به‌رده‌وامی ره‌نجی ژنانی بێ سنوور كرد. له ئه‌نجامدا به‌بێ ره‌چاوكردنی زه‌وتكردنی ره‌نجی ژن چی له ماڵ بێت یان له شوێنی كار و ناچاركردنی به كار له‌كاتێكدا كه متمانه‌شی پێ ناكرێت، گوتارێکی وه‌ك "فێمینیزمێکی بازاڕزان که له به‌شداری یه‌کسان له ئابووری بازاڕ تێده‌گات " و هه‌روه‌ها "یه‌کسانی زایه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی" به‌کارهێنا که ره‌وایه‌تی بۆ زیادبونی ئیستغلالکردنی ره‌نجی ژنان و ناسیاسیکراوه.
"به‌هێزكردنی ژنان و ئاشته‌وایی کار و ژیانی خێزان" که دزه‌ی كردووەته هه‌موو كون كه‌له‌به‌رێكی جیهانه‌وه، کرا به جۆره بۆردومانێکی ئایدۆلۆژی. ئه‌و ژنانه‌ی که به مایكرۆكرێدیتی له بازرگانی بچووکدابوون و به‌مه‌ش ئاراسته‌ی 'ئازادی تاکه‌که‌سی' کرابوون، بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رزی دامه‌زراوه نێوانگر و كرێدیتهكانی، په‌لكێشی ناو سیسته‌مێكی رووتكردنه‌وه‌ی ٪١٠٠ کران. هه‌روه‌ک چۆن گوتاری "گه‌شه‌پێدانی کراوه" له ساڵی نه‌وه‌ده‌كاندا بوو به پێكهاته‌ی بنه‌ڕه‌تی ئه‌و به‌رنامه و پڕۆژانه‌ی له‌لایه‌ن بانكی جیهانی و ئاژانسه‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه پشتیوانی ده‌کران و کرا به ده‌سته‌واژه‌یه‌كی تواندنه‌وه له‌ناو سیسته‌مدا، (به‌هێزبوونی ژنان)یش بوو به زاراوه‌یه‌كی تواوه‌ی ناو سیسته‌م. ڕاستیه مه‌یدانییه‌كه ئه‌مه‌ی به‌ره‌و دۆخێكی پێچه‌وانه‌وه برد. بووه هۆی ئه‌وه‌ی فۆرمی نوێی ئیستغلالکردن بۆ ئه‌و ژنانه دروست بكات كه به‌شێکبوون له چه‌رخی قازانج و ئیستغلالکردنی ده‌ستی نۆلیبڕالیزم. به‌پێی ئه‌و توێژینه‌وانه‌ی له نیپاڵ، ڤێتنام و به‌نگلادش له نێوان ژنانی به‌كارهێنه‌ری مایكرۆكریدیت ئه‌نجامدراوه، ده‌رکه‌وتووه که ئه‌و ژنانه‌ی خراونه‌ته ژێرباری قه‌رزه‌وه، سه‌رله‌نوێ په‌یوه‌ندییه نه‌ریتییه‌کانی ده‌سه‌ڵات و ڕۆڵی ڕه‌گه‌زییان شێوه‌گیر کراوه‌ته‌وه.
لە تورکیا خەباتی ڕێکخراوە ناحکومییەکان
له تورکیا زیادبوونی ڕێکخراوه ناحکومییه پڕۆژسازهكان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تای هه‌شتاکان. له گه‌ردونی پرۆجێڤیستی (یان پڕۆژه‌سازی)دا ڕێکخراوه ناحکومییه‌کان كه‌وتوونه‌ته دۆخێكه‌وه كه به به‌کارهێنانی زمانێکی دامه‌زراوه‌یی و تایبه‌تمه‌ند خستنه‌ڕووی کردار و ئامانجه‌كانیان كردووه به پڕۆژه، هه‌ر به‌م زمانه‌ش بۆ وه‌رگرتنی بودجه‌ی پێویست له ده‌زگا و دامه‌زراوه جیاجیاكان ده‌ستیان کردووه به ده‌ربڕینی ئه‌و گوتارانه‌ی که له‌سه‌ر ته‌وه‌ری "گۆڕانی کۆمه‌ڵایه‌تی" دامه‌زراون. گروپه فێمینیسته‌کان له تورکیا له ساڵانی نه‌وه‌ده‌کانه‌وه ده‌ستیان کردووه به دروستکردنی پڕۆژه بۆ یه‌کێتی ئه‌وروپا و نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و گروپه‌کانی تری سندوقی دارایی. به‌هاتنی ئه‌و بزووتنه‌وه فێمینیستیانه‌ی که له‌گه‌ڵ ساڵانی هه‌شتاکاندا ته‌وژمیان به‌ده‌ستهێنا، رزگاربوون و ڕێکخستنیان به‌لاوه‌نا و به كه‌مه بودجه‌یه‌ك له‌م و له‌و؛ ئاراسته‌ی ئازادییه تاکه‌که‌سییه‌کانیان گرته‌به‌ر، به چالاکییهكی ئاكتیڤستانهی چاو له ده‌ستی ده‌وڵه‌ت، به ئاستێك گه‌یشت كه بزووتنه‌وه‌كانی ژنانیشیان له ناو ئه‌جێندا پهرتهوازهكهی خۆیاندا خنكاند و هه‌موو لایه‌كان له چالاكی خست. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی "فێمینیزمی پرۆجیتیڤیست" له سرووشتی خۆیدا په‌یوه‌ندییه‌کی وابه‌سته‌یی هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌و دامه‌زراوانه‌دا که بودجه‌یان لێوه‌رده‌گرن، دوا بڕیار له ده‌ستی ئه‌و دامهزراوانهدایه. دیارترین نموونه له‌م بواره‌دا بۆ تورکیا ڕه‌نگه نموونه‌ی گۆڤاری پازارتهسی بێت.
وه‌ک به‌رهه‌مێكی فیكری بزووتنه‌وه‌کانی ژنان که له دوای هه‌شتاکانه‌وه ته‌وژمێکی په‌یدا کرد، گۆڤاری پازارتهسی وه‌ک گۆڤارێک له بواری خه‌باتی ژناندا له ساڵی ١٩٩٥ ده‌ستی به چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی کرد. به بودجه‌ی وهرگیڕاو له یه‌کێتی ئه‌وروپا ده‌رده‌کرا. له ١٩ی کانوونی یه‌که‌می ٢٠٠١یشدا له‌به‌ر به مانشێتكردنی رووداوی كۆمه‌ڵكوژیی له زیندانه‌کانی ده‌وڵه‌تدا، بودجه‌كه‌ی له‌سه‌ر بڕدرا. گۆڤاره‌که پشتی به‌و ده‌رماڵه‌یه به‌ستبوو نه‌ک سه‌رچاوه‌کانی خۆی، بۆیه نه‌یتوانی خۆی له چاره‌نووسه‌كه‌ی رزگار بكات. ئه‌مڕۆ له تورکیا پرۆجێتیستی له هه‌موو بوارێک‌دا به ئه‌کادیمیا، یه‌کسانیی زایهندگەرایی كۆمه‌ڵایه‌تی و توندوتیژییه‌وه گۆڕاوه بۆ بواری تایبه‌تی هه‌لپه‌رستی و بهژهوهندیپهرستی. ئێستا له توركیا تێكۆشانی ژنان له‌سه‌ر بنچینه‌ی هێزی خود و جه‌وهه‌ری له ئاستی نه‌بوودایه. له‌به‌رامبه‌ریشدا له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی فێمینیستیدا ڕۆژ به ڕۆژ ده‌نگی به‌رهه‌ڵستی له‌دژی ده‌ستێوه‌ردانی نیۆلیبڕاڵی پرۆجیستی له به‌رزبوونه‌وه‌دایه.
به تایبه‌تی زۆر و زهبهندبوونی ده‌رماڵه‌ی ته‌رخانکراوی یه‌کێتی ئه‌وروپا بۆ بابه‌ته‌كانی توێژینه‌وه له زانکۆکان‌دا له سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠٠٠ه‌وه وایكرد ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له توێژینه‌وه‌کانی ژنه پرۆجیستهكاندا بێته‌ئاراوه. له‌ئاکامدا بازنه‌یه‌کی فێمینیستی ئه‌کادیمی نوخبه‌ی دروستکرد که له شه‌قام و لهئهجێندا و بزووتنه‌وه ڕه‌سه‌نه‌كانی ژنان دابڕاوه و به لوتبه‌رزییه‌وه ئه‌ركی سكاڵانووسی ده‌بینێت. له توركیا هه‌بوونی فێمینیستی پرۆجێست که له جیاتی ئه‌وه‌ی ببێته چاره‌سه‌رێک بۆ قوربانییانی توندوتیژی، به‌ناو توێژینه‌وه‌ی سۆسیۆلۆژی بۆ سه‌ره‌نجامه‌كانی ده‌كه‌ن كه بۆچی توندوتیژیان بەرامبەر کراوه. هه‌ر ئه‌مه‌شه ئه‌مڕۆ بزووتنه‌وه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی ژنانی بێزار كردووه و بووه‌ته هۆكار بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی مشت‌ومڕ له دژی (فێمینیزنمی پرۆجێست).
فۆرمیلی تاقانه‌ی نیۆلیبڕاڵیزم ئه‌وه‌یه كه به رێگه‌ی ڕێکخراوه ناحكومییه‌كان كار له‌سه‌ر مایهپووچكردنی بزووتنه‌وه‌کانی ژنانی بكات، ئه‌گه‌ر مایه‌پووچیش نه‌کرا بێ بایه‌خی بكات، كه ئه‌ویش نه‌بوو ئه‌وجار بزووتنه‌وه‌ی ژنانی وابه‌سته‌ی خۆی دروست بكات، یه‌كێك له‌و جوگرافیایانه‌ش كه ئه‌و فۆرمیله‌ی له‌سه‌ر جێبه‌جێ ده‌كرێت؛ كوردستانه. بۆ شکاندنی کاریگه‌ری بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی ژنان که له‌گه‌ڵ ساڵانی ١٩٩٠دا رووی له گه‌شه‌سه‌ندن كرد، له هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستاندا بزاوتی ژنانی نوخبه‌ی سه‌ر به ڕێکخراوی ناحكومی دامه‌زرێندرا.
کرانه‌وه‌ی زانکۆکانی ئه‌مریکا له باشووری کوردستان و به‌شه‌كانی جێنده‌ری و گفتوگۆی (یه‌كسانی زایه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی) له‌و زانكۆیانه‌دا كه چوارچێوه‌ی ده‌ستوه‌ردانه له بواری ئه‌كادیمیا، ده‌بێت له هه‌مان ته‌وه‌ردا هه‌ڵبسه‌نگێندرێت. له‌م زانکۆیانه‌ی ژێر ئه‌نجێندای ئه‌مه‌ریکادا ئه‌و ناوانه‌ی وه‌ک مۆدێلێک گوایا بۆ مۆدێرنیزه‌كردنی ژنان دانراون، له‌كاتێكدا له گۆڕه‌پانی نێوده‌وڵه‌تیدا هه‌رگیز نه‌ناسراون، كه‌چی وه‌كو نوێنه‌ری سه‌ره‌كی به ناوی ژنانی باشووره‌وه قسه ده‌که‌ن و نوێنه‌ڕایه‌تی ده‌كه‌ن.
لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دۆخی ڕێکخراو و تێکۆشانی ژنان
هاوكات له باشووری كوردستاندا كه به‌رزترین ئاستی توندوتیژی دژی ژنانی تیادایه، بۆ ژنانێك كه به‌ناوی شه‌ره‌فه‌وه ده‌كوژرێن؛ گۆڕستان، له بابه‌تی خۆسوتاندنی ژنانیشدا به‌رزترین حاڵه‌تی خۆسوتاندنی ژنانی هه‌ڵگرتووه و بۆ ئه‌و ژنانه‌ش كه خۆیان ده‌سووتێنن؛ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تایبه‌تی تیادایه، ته‌نیا له شاری سلێمانی زیاتر له ١٢٠ ڕێکخراوی ناحکومی به ناوی ژنانه‌وه هه‌یه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی یه‌کێک له‌و شوێنانه‌ی تیایدا خه‌ته‌نه‌کردن ده‌بێته هۆی سهقهتكردنی كۆئه‌ندامی زاوزێی ژنان، زۆرترین باوترینیان باشووری کوردستانه. ئه‌م ڕێکخراوه ناحکومیانه سیاسه‌تی هه‌ڵسه‌نگاندن و چاره‌سه‌ركردنی کێشه و گرفته گه‌وره‌كانی ژنانیان نییه. ئه‌و كۆبوونه‌وه و بۆنه تایبه‌تانه‌ی به تێچووی دێواسای له‌سه‌ر ده‌رماڵه‌ی پڕۆژه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان رێكده‌خرێن، بۆ گرووپه بچووكه به‌شداربووه‌كان جگه له گه‌شت و پشوو هیچ واتایه‌كی تری نییه، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه كه له هۆتێله پێنج ئهستێرهییهكاندا له‌ژێر سه‌ردێڕی (یه‌كسانی زایه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی)دا كۆڕ و كۆبوونه‌وه بۆ چه‌ند ژنێكی نوخبه‌ی دڵخۆش و به‌خته‌وه‌ر رێكده‌خه‌ن و هه‌ر ئه‌وانیش به نوێنه‌ری (ژنانی ئازادی هاوچه‌رخ) نیشان ده‌درێن.
له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان که ئه‌مڕۆ به درووشمی (ژن، ژیان، ئازادی) بووه‌ته سه‌رچاوه‌ی به‌رخۆدانی ژنان، له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش له ئه‌مریكا و ئه‌وروپا به‌ناوی (دیاسپۆڕا)وه تێكۆشانی ژن کراوه به ته‌وه‌ری به‌رژه‌وه‌ندی به‌رته‌سك و كه‌سی مۆدێل ده‌خرێته به‌ر نمایشه‌وه. له‌ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا که خاوه‌نی کولتووری به‌رخۆدانه، داواكاری ژنانی به‌شداربووی سه‌رهه‌ڵدانه‌كان كه به شه‌هیدكردنی ژینا ئه‌مینی له‌لایه‌ن رژێمی مه‌لایه‌تییه‌وه، ده‌ستی پێكرد؛ نه‌ک له ده‌نگی خودی ژنانی سهرههڵدێرهوه، به‌ڵكو ئه‌و ژنانه به‌قسه ده‌هێندرێن كه له‌به‌ری باکووری گۆی زه‌ویدا (به ئازادی گه‌یشتوون). لێره‌دا هه‌وڵی په‌رده‌پۆشكردنی داگیرکاری به ناسنامه‌ی خودی داگیركه‌ری ده‌خرێته کایه‌وه و خه‌باتی ژنانی کوردیش نادیار و په‌رده‌پۆش ده‌كرێت که سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی ئه‌و شۆڕشه‌یه و جه‌وهه‌ره‌كه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه و به هه‌موو گه‌لانی ئێران‌دا بڵاوبووەته‌وه.
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش ده‌زانرێت که زۆرێک له‌و چالاکوانه پرۆجێستانه به‌ناوی ژنانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ئێرانه‌وه پاره وه‌رده‌گرن و ژنانی تێكۆشه‌ر به ده‌ستی ئه‌و ژنانه‌ی که به گوتاری ئه‌کادیمی تێده‌کۆشن، وه‌كو مێتایهك ده‌كرێن به بواری لێكۆڵینه‌وه.
لە باکووری کوردستان تێکۆشانی ژنان
له باکووری کوردستانیش لەمێژه له ڕێگه‌ی هه‌ردوو هه‌ژموونی ناوخۆیی و هه‌ژموونی جیهانییه‌وه به پڕۆژه‌کانی "مۆدێرنیزه‌کردن" درێژه به داگیركهرییهكهی داوه. خولی فێركردنی فه‌رشچنین و كاری دهستڕهنگینی كه له رێگه‌ی كۆرس و ناوه‌نده‌كانی (باوکه بمنێره بۆ خوێندنگه) و (كاردهلهن ئایشه)ه‌وه ده‌درێن به‌ناوی "بره‌ودان به کچانی ژنانی دواكه‌وتووی ڕۆژهه‌ڵات- مه‌به‌ست له ڕۆژهه‌ڵاتی توركیا واتا باكووری كوردستانه) بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ وه‌ک سیاسه‌تی له‌باربردن و نامۆكردن په‌یڕه‌و کرا. لێره‌دا (نه‌خوێنده‌واری کچان) یان (پیشهمهندكردنی ژنان) به پاساوی سه‌ره‌كی دانرا. هه‌روه‌ها ژنانی کورد که له دانانی ئه‌م پڕۆژانه‌دا به وشه‌گه‌لێکی وه‌ک "فشاری خێزانی"، "عورف" یان "شیربایی"ه‌وه ده‌به‌سترێنه‌وه، به قوربانییانی "کولتورێک"ی گشتگیری به‌ده‌ر له مێژوو و هه‌لومه‌رجی هه‌نووكه‌یی دانران كه وه‌كو بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن ژنان و پیاوان تیایدا نایه‌كسانن و بۆیه كچانیان نه‌خستووەته به‌ر خوێندن، لێره‌شه‌وه له‌كاتێكدا خۆیان به ئه‌كته‌ری زانا و ڕۆژئاوایی داده‌نا و ئه‌وانیشیان ده‌خسته دۆخی مێتایهك كه گوایه ئه‌ركی هاوڵاتی بوونی خۆیانیان له‌سه‌ر به‌جێده‌هێنن.
له سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠٠٠ەوە له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی ژنان، ده‌مامكی ڕێکخراوه ناحکومییه نامۆكار و داگیرکه‌ره‌کانی ژێرده‌سته و پشتیوانی خودی ده‌وڵه‌ت كه‌وته خواره‌وه، ئه‌و كه‌مپه‌ینانه هه‌نگاو به هه‌نگاو كاڵبوونه‌وه. له‌و سه‌رده‌مه‌دا که بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی ژنان له هه‌موو بوارێكدا به به‌رنامه‌یه‌کی به‌هێزی ڕێکخراوه‌ی جه‌ماوه‌رییه‌وه بوونه جه‌وهه‌ری سیاسی، دامه‌زراوه‌كانی ژنانی پرۆجێست خرانه كایه‌وه.
پاش پاشهکشێكردن به‌ده‌ستێوه‌ردانی ڕاسته‌وخۆی داگیركه‌ری، ئه‌م جاره‌یان بۆ مایهپووچكردنی خه‌بات و رێكخستنی ژنانی پشتبه‌ستوو به جه‌ماوه‌ری چالاك، بره‌و به هه‌وڵی ژنانی پرۆجێستی ناوچه‌یی درا. له باکووری كوردستاندا ئه‌و دامه‌زراوه و ڕێکخراوانه‌ی که به پشتیوانی دارایی (به‌خشنده‌یی) دامه‌زراوه‌کانی سه‌ر به سه‌رمایه‌ی ئه‌ڵمانیا بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی بابه‌تی توندوتیژی ده‌وڵه‌ت و پیاو دامه‌زرێندراون، وه‌ک بزووتنه‌وه‌یه‌كی ئاڵته‌رناتیڤ له‌دژی بزوتنه‌وه‌ی ئازادی ژنانی کوردستان خرایەگهڕ. دۆخه‌كه‌یان به ئاستێكی وه‌ها گه‌یاند كه ئه‌و ژنانه له میدیاکان، له ئه‌کادیمیا له پلاتفۆرمی نێونه‌ته‌وه‌یی ژناندا خۆیان بكه‌ن به بێژه‌ری دۆخی ژنانی كورد. وه‌ک له نموونه‌ی (KAMER) و (VAKAD)دا بینرا فێمینیزمی پرۆجێتیڤیست له کوردستاندا له کاتی پێویستدا به‌ناوبانگ کرا و كه پێویستیشی نه‌ما هه‌ڵپه‌سێردرا.
دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و تێکۆشانی ژنان
کاتێک ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی سوریا هه‌ڵده‌سه‌نگێنین؛ ده‌کرێت ڕووبه‌ڕووی جۆرێکی تر له ڕێکخراوه ناحکومییه پڕۆژهسازهكان ببینه‌وه. شۆڕشی ڕۆژئاوا ئه‌و شۆڕشه‌یه كه به پێشه‌نگایه‌تی ژنان به‌رپابووه و هه‌ر به پێشه‌نگایه‌تی ژنان سه‌ركه‌وتنی له شه‌ڕی بێ ئامانی دژی داعشدا تۆمار كردووه. دوای ئه‌وه‌ی شکستی داعش پشتڕاست کرایه‌وه، ژماره‌یه‌كی زۆری رێکخراوی ناحکومیی فره نه‌ته‌وه‌یی ڕوویان له باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی سوریا و به‌تایبه‌تی ڕۆژئاوا كرد. ئه‌م ڕێکخراوه ناحکومییانه ده‌ستبه‌جێ له ڕۆژهه‌ڵات و باکووری سوریا له به‌رامبه‌ر خه‌بات و تێكۆشانی ره‌نجی ده‌سته‌جه‌معیانه‌ی شۆڕشی دیموکراتی، ژینگه‌یی و ئازادیخوازی ژن كه هێشتاش به‌رده‌وامه، ده‌ستیان كرد به بڵاوكردنه‌وه‌ی هاوكاری بۆ دامه‌زراندن و پشتیوانی كردنی هه‌ر ئاڵته‌رناتیڤێكی خۆنوێن، ئازادیخوازییهكی كاتی و تاكهكهسانه که ئاكامی ئه‌رێنی نییه. بوارێكی تریش كه بۆ مایهپووچكردنی شۆڕش ده‌ستیان تێ وه‌رداوه، ئه‌و ژنانه‌ن كه له دامه‌زراوه‌كانی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری به‌رهه‌می شۆڕشدا كار ده‌كه‌ن و به‌تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی كه زمانی بیانی ده‌زانن، ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كی کورتخایه‌نیش بێت له بەرامبەر مووچه‌ی به‌رزدا په‌لكێشیان ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له ڕۆڵه گرنگه‌كانی ئه‌و ڕێکخراوه ناحكومییانه. هێزی مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری به به‌ڵێنی موچه‌ی زۆر و ژیانی خۆش و ئاسوده و به چاندنی تێگه‌ی (له وڵاتانی ڕۆژئاوا هه‌موو شتێك چاكه و خۆشه) له مێشكی خه‌ڵكدا هێزی مرۆڤ به‌لای خۆیدا په‌لكێش ده‌كات، له رێگه‌ی ڕێکخراوه ناحكومییه‌كانه‌وه خه‌ڵكانێك به پڕۆژه‌ی بچووك، ده‌ستكرد، كه‌م و كورتخایه‌نه‌وه سه‌رقاڵ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له هێزی خۆیان، چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی خۆیان، له نووسینی چاره‌نووسی خۆیان و له هێزی ده‌سته‌جه‌معی خۆیان دووریانبخاته‌وه. هه‌رچه‌نده له‌لایه‌ن ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ره‌وه جگه له پڕۆژه پێویسته‌كان هیچ پڕۆژه‌یه‌كی تر قبوڵ نه‌کرێت و سنوردار بکرێت، به‌ڵام ئه‌م ڕێکخراوه ناحکومییانه كه به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن نیۆلیبڕاڵیزمهوه بۆ هه‌ڵته‌كاندنی دامه‌زراوه‌كانی شۆڕش و به‌رهه‌می رهنجهكهی ئهركدارکراون، به هه‌موو هێزییه‌وه له هێرشێکی پێچه‌وانه‌دایه بۆ به‌هیچ دانانی به‌رهه‌مه ههروهزییهكهی شۆڕش و به‌تایبه‌تیش ژن و دروستکردنی مۆدێلێکی مرۆڤی (مۆدێرن) که هه‌ڵگری (ئازادیخوازی تاكه‌كه‌س)ییه.
ئه‌وه‌ی ده‌یبینین له‌و نمونانه‌ی که له‌سه‌ره‌وه داومانه ئه‌وه‌یه که گوتاری یه‌کسانی و ئازادی و مافه‌کان له‌گه‌ڵ گوتارێکی کۆلۆنیالیستی تێكهه‌ڵكێش بووه. کۆلۆنیالیزم له تاووتوێكردنی بابه‌تی یه‌کسانی زایه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و مافه‌کانی ژنانه‌وه دێته ئاراوه. به‌گشتی رێگا خۆش ده‌کات بۆ هاتنه كایه‌ی شێوازی جیاوازی خۆ زاڵ و سه‌روه‌ركردنی ژنانێك كه له ڕێکخراوه ناحكومییهكاندا هێزی بوون له‌لای خۆیان ڕاده‌گرن و به‌سه‌ر ژنانی تردا شێوازی ده‌سه‌ڵات و زاڵ بوونی خۆیان بسه‌پێنن. بێگومان کاتێک سه‌یری هه‌موو ئه‌و کردارانه ده‌که‌ین پێویسته شیبکه‌ینه‌وه که کێ سوود له‌م پڕۆژانه وه‌رده‌گرێت، یان کێ ده‌یه‌وێت له ئه‌نجامی پڕۆژه‌کاندا به‌هێز بکرێت.
له‌جیاتی دوا وشه؛ له‌كاتێكدا بیرم له‌وه ده‌کرده‌وه که چۆن دواگوتهیهك بۆ ئه‌م وتاره بنووسم و بهكوێی بگه‌یه‌نم، ئامۆژگارییه‌كی داپیره‌مم هاته‌وه بیر كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌ڕه‌تی منداڵیم. ده‌یگوت: "ئه‌و نانه نانه، ئه‌مڕۆ له‌خوانه" جاران وه‌ها بیرم ده‌كرده‌وه كه په‌ندێكی زۆر خۆپه‌رستانه‌یه، به‌ڵام دواتر که‌مێکی خایاند بۆ ئه‌وه‌ی تێبگه‌م كه واتای تری وه‌كو (خۆبوون، خۆزانین، پشت به هێزی خۆ به‌ستن...)ی هه‌ڵگرتووه.
سه‌رچاوه‌کان:
*گیۆركهم ئاكگیۆز: له هاوسه‌رگیریی نابهختهوهرهوه بۆ ژوانی مه‌ترسیدار: فێمینیزم، نیۆلیبڕالیزم و بزاڤه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان-تێز
*سه‌دا سالوک - ڤیڵدان ئۆزه‌ر: پڕۆژه‌سازی و شێوازه‌كانی زاڵبوون له نێوان ژنان له تورکیا - یانه‌ی توێژینه‌وه‌ی ژنانی زانکۆی بۆغازیچی http://www.bukak.boun.edu.tr/?p=282
*گۆڤاری ژنۆلۆژی ژماره 25- یڤۆن هین: I LOVE YOU RAQQA، خۆپاڕاستنی جه‌وهه‌ری له دژی به رێکخراوه‌ی ناحکومیكردن وه‌ک ڕێگایه‌ک بۆ شه‌ڕی نیوکۆلۆنیال
*ڕۆژنامه‌ی سیاسه‌تی فێمێنیستی ژماره 1-فاتۆش حاجی ڤه‌لی ئۆغڵو: دینامیكێك که بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی ژنان سنوردار ده‌کات؛ "پڕۆژه‌سازی"
*پنار چوهاداری – نه‌شه ئاڵگان: هه‌ژاری ژنان و میکرۆکریدیت: توێژینه‌وه‌یه‌ک له‌سه‌ر تورکیا
* https://teoriveeylem.net/tr/2017/04/01/yeni-bir-kadin-hareketi-yine-bir-feminizm/