"ڕێگری لە ڕوماڵی کوشتنەکانی ژنان پەلدەکێشێت بۆ ئەوەی نەتوانین دەست بخەیەنە سەر ئەو برینانەی کۆمەڵگەی بەو ئاقارەدا بردووە"
ڕۆژنامەنووس بەهرە عومەر دەڵێت: لە کاتیکدا کە هێزی ژنان لەسەر پێیە دەیانەوێت هێزو تواناکانی ژنان بخەنە پەراوێزەوە، ئەم ئەقڵیەتە دەسەڵاتدارییەی باشووری کوردستان ئەم دوبارە بونەوەی مێژوەی پێ قبوڵ نییە.

هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ دەسەڵاتی پیاوسالاری بۆتە هۆکاری دروستبوونی توندوتیژییەکان لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، سیستمی سەرمایەداری هۆکارێکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیەکان بەرامبەر ژنان لە ناوچەکەدا، کۆمەڵێک دیاردەی نەخوازراو لە ناو کۆمەڵگەدا سەرهەڵدەدات، لە جەوهەردا دەگەڕێتەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئیرادەی ژنان، مێژووی توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان مێژوویەکی دێرینی هەیە، توندوتیژییەکان بە گوێرەی سەردەم و کۆمەڵگەکان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، وەک دەبیندرێت هەرێمی کوردستان لە ئێستادا بە گوێرەی ئەقڵیەتی هەژموونگەرای و دەسەڵاتداریی کە لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت، بەردەوام توندوتیژییەکان بەرەو زیادبوون دەبات، هەروەها پرسەکانی ژنان نەبوونەتە پرسێکی سیاسیی لە دامەزراوەکان و پەرلەماندا تا ژنان مافەکانیان بۆ دەستەبەر بکرێت، ڕێگریکردن لە ڕاگەیاندنی ئامارەکانی کوشتنی ژنان لە هەرێمی کوردستان ڕێگرییەکی دیکە بوو بۆ زیادکردنی کوشتنەکانی ژنان، پاشان پەکخستنی کەرتی پەروەردە هۆکارێکی دیکەیە بۆ زیادبوونی توندوتیژییەکان و هۆشیارنەکردنەوەی هاوڵاتیان لە کەرتە پەروەردەییەکانەوە، پەروەردە و فێرکردن لە ڕێگەی پەرتوکە زانستیەکانییەوە کاریگەری گەورەی لەسەر هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە هەبووە، بەرکەوتنی تاک لەگەڵ پەروەردە و ئاشناکردن بە مافەکانی مرۆڤ لە ڕێگەی پەروەردەوە هۆکارە بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان و کوشتنەکان، کاتێک ئەو پەروەردەیە دەشێوێندرێت لە کۆمەڵگەدا توندوتیژییەکان ڕوو لە زیادبوون دەکات، لە ڕێگەی سیستماتییکەوە تەواوی سێکتەرەکانی ژیانی تەندروست بەرەو تێکدان براوە، هەروەها هەمووارکردنەوەی یاساکان و خراپ مامەڵەکردن لە دادگاکان بەرامبەر کەیسەکانی کوشتنی ژنان هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی ئامارەکانە.
"پەککەوتنی پەروەردە هۆکارێکی دیەکەیە بۆ زیادبوونی کوشتنەکان"
بەهرە عومەر، رۆژنامەنووس ئاماژەی بەوەشکرد، ڕوماڵ نەکردنی کوشتنەکان لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە هۆکارە بۆ زیادبوونی کوشتنە بە کۆمەڵەکان و بە تایبەت کوشتنی ژنان بەردەوام ڕوو لە زیادبوون دەکات، هەمووارکردنەوەی یاساکان و خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسەکانی کوشتنی ژنان کاریگەری لەسەر زیادبوونی کوشتنەکانی ژنان زیاد دەکات.
وتیشی: توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان مێژوویەکی دێرینی هەیە، لەگەڵ سەردەمەکان توندوتیژییەکان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، لە ئێستادا هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی چەندین جۆری جیاواز لە کوشتن دەبێتەوە، کوشتنە بە کۆمەڵەکان لە ناوچەکەدا ڕووی لە زیادبوون کردووە، لە ڕێگەی بڕیاری یاساییەوە ڕێگری لە ڕوماڵکردنی کوشتنەکان دەکەن، پاش چەند ساڵێک پێش ئێستا ڕێگریان لە بڵاوکردنەوەی کوشتنەکانی ژنان کردووە، تەواوی ئەو بارودۆخانە لە لایەن دەسەڵاتدارانی ناوچەکە لە ڕێگەی سیستماتیکەوە کاری لەسەر دەکرێت، بۆ سەرکۆنەکردن و نانەوەی پشێوی لە کۆمەڵگەدا، پەکخستنی کەرتی پەروەردە هۆکارێکە بۆ دووبارە زیادبوونی کێشەکانی کۆمەڵگە، هەبوونی پەروەردەی دروست لە خوێندنگە لە ڕێگەی پەرتوکە زانستییەکانەوە ئاشناکردنی تاکە بە مافەکانیان، هەروەها هەمووار کردنەوەی یاسای باری کەسێتی و پەیوەستنەبوونی دادگاکان بە یاساکانەوە جارێکی دیکە هێرشێکی مەترسیدارە لە ناو کۆمەڵگەدا، هەمواری یاسای باری کەسێتی عێراقی کاریگەری لەسەر زیادبوونی ئامارەکانی کوشتنی ژنان لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە، ڕاگەیاندنەکان ڕۆڵی گرنگیان لە کۆکردنەوەی ئامارەکانی کوشتنی ژنان هەبووە، بەڵام لەڕێگەی یاسایەکی نوێوە ڕێگری لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکرێت بۆ ڕوماڵ کردنی کەیسەکانی کوشتن و بە تایبەت کوشتنەکانی ژنان، کە تەواوی ئەم ڕێگریانە بە سیستماتیک لەسەر ژنان دەکرێت، لە کاتێکدا ئیمە چاوەڕێی کاری باشتربووین بۆ کەیسەکانی کوشتن بە تایبەت ژنان، بەڵام ڕێگری لە ڕوماڵ دەکرێت، لە کاتێکدا دەتواندرێت چەندین یاسا بۆ ڕوماڵ کردنێکی تەندروست ئەنجام بدەن، یان یاسای ڕوماڵ کردنی کەیسەکانی کوشتن بە شێوازی مرۆڤانە وەک پشان نەدانی وێنەی قوربانییەکان لەسەر شاشەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، یان وەرگرتنی لێدوان لە کەسە نزیکەکانی خاوەن کەیسەکان لە کاتی ڕوماڵکردندا قەدەغە بکرێت، ئەو ڕێگریانە وا لە هەر تاکێکی کۆمەڵگە دەکات نەتوانێت دەستبخانە سەر ئەو بابەتانەی کۆمەڵگەی بەرەو ئاقارەکانی کوشتن بردووە.
بەهرە عومەر ئاماژەی بەوەشکرد، دادگا ڕۆڵی گرنگی بەرپرسیارێتی لە ناوچەکاندا دەگێڕێت، بەڵام نەبوونی بەرپرسیاررێتی دادگاکان تەواوی کۆمەڵگە ڕوبەڕووی پشێوی دەکاتەوە، وتی: باسکردنی یاساکان لە لایەن یاسا ناسانەوە بە خراپی و کەموکوڕی یاساکان ناکات، بەڵام کاتێک دەگەڕێینەوە بۆ جێبەجێکردنی یاساکان باس لە هەموارکردنەوەی یاساکان بە گوێرەی گونجاندن لەگەڵ بارودۆخی ئێستای هاوڵاتیان دەکرێت، لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەردەوام ئەقڵیەتی خێڵەکی و پاوانخوازی بەردەوام لە ناوچەکەدا ڕوو لە زیادبوون دەکات، ئەو ئەقڵیەتە لە سەرجەم کەرتە حکومییەکاندا ڕەنگ دەداتەوە، کاتێک دەچیتە دامەزراوەیەکی حکومی دەبینیت لە ڕێگەی کارەکانی ناو دامەزراوەکە ئاریشە بۆ هاوڵاتیان دروست دەکرێت، هەروەها دادگاکان ڕۆڵێکی گرنگیان لە بەرقەرارکردنی یەکسانی و ئاشتیدا هەیە، بەڵام هاوڵاتاین لە هەرێمی کوردستان بە ترسەوە بۆ چارەسەری و سەندنەوەی مافەکانیان ڕوو لە دادگاکان دەکەن، بە تایبەت پرسەکانی ژنان لە دادگاکاندا بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، دەبوایە دادگاکان لە ئێستادا کاریان لەسەر ئاشتی پێکەوەی و سەندنی مافەکانی مرۆڤ بە تایبەت ژنان بکردایە، بەڵام کەیسەکان لە دادگادا لە ماوەیەکی زۆردا کار بە یاساکان و دانیشتنەکانی ناو دادگا دەکرێت، پاشان یاساکان بە ئەقڵیەتێکی پیاوسالاری مامەڵە لەگەڵ کەیسەکان دەکات، لە دوای چەندین ئاستەنگی و نانەوەی ئاریشە لە ناو دادگادا دەبیندرێت کەیسەکان بە تایبەت ژنان بە سوڵحی عەشایەری کۆتای پێ دەهێندرێت، لە کاتێکدا تەواوی سوڵحی عەشایەری دژ بە مافەکانی ژنان بڕیار دەدات، بە تایبەت لە کەیسەکانی کوشتندا دەبیندرێت، بە هەر شێوازێک هەوڵ بۆ سەندنی مافی کوژراو دەدرێت، تاوانبار بە سزایەکی کەم یاخود سوڵحی عەشایەری کۆتای پێ دەهێندرێت، بەداخەوە یاسا نەیتوانیوە ڕۆڵی گرنگ بۆ سەندنەوەی مافەکانی هاوڵاتیان لە ڕێگەی دادگاکانەوە وەربگرێتەوە.
"بە یاسا قەدەغەکردنی ڕوماڵەکانی کوشتنەکانی ژنان ڕێگری لەبەردەم میدیای ئازاددا دروست دەکات"
بەهرە عومەر، باسی لەوەکرد، نەبوونی یاسایی قەدەغەکردنی چەکی بێ مۆڵەت ئامارەکانی کوشتنی هاوڵاتیان بە تایبەت ژنان ڕوو لە زیادبوون کردووە، هەبوونی چەکی بێ مۆڵەت لە ماڵەکانی کورد بەبێ هەبوونی یاسایەکی تۆکمە لە لایەن دادگاکانەوە دووبارە هۆکاری سەرەکییە بۆ زیادبوونی کوشتنەکانی ژنان لە هەرێمی کوردستاندا وتی: هەبوونی چەکی بێ مۆڵەت لە هەرێمی کوردستان کێشەی بۆ هەر تاکێکی کۆمەلگە دروست کردووە، لە ماوەی چەندین ڕۆژ لە شارەکانی هەرێمی کوردستاندا چەندین کۆمەڵکوژی بە چەکی بێ مۆڵەت ئەنجام درا، کە لەلایەن پیاوانەوە زۆرێک لە خێزانەکانیان بە کۆمەڵ دەکوشت لە ناویاندا ژنان قوربانی یەکەم دەبوون، لەسەر هەبوونی ئەو کارەساتە دەبوایە پەرلەمان و لایەنی پەیوەندیدار هەوڵیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و گەڕان بەدوای هۆکارەکانیدا بکردایە، بەڵام لە ناوچەکەدا تەنها بەشێک لە ڕاگەیاندکاران کار لەسەر کەیسەکان و هۆکارەکانی کوشتنەکان لە ناوچەکەدا دەکەن، بەڵام بەشێک لە ڕاگەیاندکاران لەسەر کۆمەڵێک فاکتەری لاوەکی کە هۆکارە بۆ زیادبوونی توندوتیژییەکان کار دەکات، کار لەسەر زەقکردنەوەی ئەو ئەقڵیەتەی کۆمەڵگە کە دەیەویت هەمیشە ناوی کێشەی کۆمەلایەتی و کێشەی زەویوزار هەندێک جار لە پرسەکانی ژناندا بە پرسی ئەخلاقی کەیسەکان ڕوماڵ دەکات، رەگ و ڕیشەی ئەم کێشانە بۆ ئەو ئەقڵیەت و سەسەڵاتدارییە دەگەڕێتەوە کە کۆمەڵگە بەڕێوەدەبات، لە کاتێکدا پرسەکانی ژنان لە چوارچێوەی پارادایمی ڕێبەری گەلی کورد " عەبدوڵا ئۆجەلان " بۆتە پرسێکی جیهانی، بەڵام لە کاتێکدا ئەم فکرە هەڵقوڵاوی ژینگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە نەبۆتە هۆژاری کەبوونەوە و لە ناوبردنی ئەو ئەقڵیەتەی لە کۆمەڵگەی کوردیدا هەیە، هەروەها دەرکردنی بڕیارەکان لە ڕێگەی زەمینە سازییەکانەوە دەردەکرێت، لە پەرلەمان و سەرجەم سێکتەرەکانی دەرکردنی بڕیار پێویستی بە زەمینەسازی و گونجاندنە لەگەڵ کۆمەڵگەی ناوچەکە تا بزاندرێت ئەو ناوچەیە چۆن ئەو بارودۆخە قبوڵ دەکات، بەڵام سیستمی سەردەست بەردەوام سەرکۆنەی ژنان و تواناکانی ژنان دەکات، بە تایبەت لە کاتیکدا کە هێزی ژنان لەسەر پێیە دەیانەوێت هێز و تواناکانی ژنان بخەنە پەراوێزەوە، لە ئێستادا ژنان بە تواناکانیان مێژووی ژنانی پێشەنگ دوبارە دەکەنەوە، ئەم ئەقڵیەتە دەسەڵاتدارییەی باشووری کوردستان ئەم دووبارە بونەوەی مێژووەی پێ قبوڵ نییە، بۆیە لە ڕێگەی دراما و ڕاگەیاندن و شێواندندی دابونەریتی ڕەسەنی کوردیی و هەر پلاتفۆڕمێکی دیکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بێت، هەوڵ بۆ تێکدانی تاک بە تاکی کۆمەڵگەی کوردی دەکەدەن، لە چوارچێوەی سیاسەتی خۆیاندا زەمینە سازی بۆ تەواوی سەرکۆنەکردنی ژنان کراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، راگەیاندنەکان بە شێوازێکی سیستماتیک لەسەر پرسەکانی کوشتنی ژنان کار دەکەن تا کۆمەڵگە ئاڕاستەی قەدەغەکردنی کوشتنەکانی ژنان بکات، لە ڕێگەی لید و مانشێتەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتی و ڕاگەیاندنەکانەوە، باس لە کوشتنی ژنان بە ناوی شەرەفەوە دەکرێت، پاشان کۆمەڵگە هاندەدات ڕەزامەندبێت بۆ بڕیاری ڕاگرتنی ڕووماڵەکانی کوشتن بە باش بزانێت، هەبوونی ئەو دروستکردنی ئایدیایە لە مێشکی هاوڵاتیاندا دەسەڵاتداران و تێکدەرانی کۆمەڵگە دڵخۆش دەکات، بە پێچەوانەشەوە ببەشێک لە کەسانی ئەکادیمی و ڕاگەیاندنی حەق بێژ دڵ گران بە بڕیارەکە دەکات، بۆیە ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگگە پەیوەستە بەو زەمینەسازییەی دەسەڵات چۆن کاری لەسەردەکات، هۆشیاری کۆمەڵگە پەیوەستە بە کارکردنی سیاسەت لەسەر فکری هاوڵاتیان، لێرەدا ڕاگەیاندنکاران و میدیا ئازادەکان هەوڵ بۆ هۆشیارکردنەوەی تاک بدەن، ژنانی ئازاد کار بۆ خەمەکانی پرسی ژنان بکەن، کەرتی پەروەردە و ماۆستایان لە ڕێگەی وتنەوەی وانەکانیانەوە کۆمەڵگە و خوێندکاران هۆشیار بکەنەوە.
لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: ڕاگەیاندنی ئازاد قوربانیدانە لە کۆمەڵگەی باشووری کوردستاندا، بۆ گەیاندنی پەیامێک گیانیان دەکەنە قوربانی و ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە، لە زیندانەکاندا چەندین ڕۆژنامەنووسی ئازاد دەزگیرکراون و ڕۆژانە ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەکرێن، ئەگەر ژنانیکی راگەیاندکار بە بوێرانە کار لەسەر پرسەکانی ژنان بکات دواجار کار گرانی بۆ دروست دەکرێت، ڕێگریکردن لە ڕوماڵکردنی کوشتنەکان بە تایبەت ژنان ڕێگری لەبەردەم کارکردنی ژنان بۆ دەستکەوتەکانیان ناکات، ڕاگەیاندکاری ئازاد تەنها لەو قۆناغەدا دەستبەرداری کارکردن لەسەر پرسەکانی ژنان ناکات، لە داهاتودا ڕێگری زیاتر چاوەڕێی کارکردنەکان لەسەر پرسەکانی کوشتن بۆ ڕۆژنامەنوسان دروست دەکرێت، لە ڕێگەی یاساکانەوە هەوڵ بۆ ڕێگریکردن لە ژنانی میدیاکاری ئازاد دەگرن، بەڵام یەکبوونی ڕاگەیاندنەکان و نواندنی بەرپەچدانەوەیەکی توندی ئەو بڕیارە یاساییانە کاریگەری دروست دەکات، ڕاگەیاندکارانی باشووری کوردستان بتوانن بێدەنگی هەڵبژێرن، بێگومان دواجار ڕاگەیاندکاران و خەباتگێڕان لە بوارەکانی ژناندا بە ئاقارێکی هێندە خراپدا دەڕوات، ڕاگەیاندکاران و یاسا ناتوانن کارێک بۆ ژنان بکەن، پێویستە کۆدەنگییەکان یەک بخرێت بۆ دەستکەوتیکی مەزن.