نەتەوەی دیموکراتیک چارەسەری قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە -٣

نەبیلە محەمەد، هاوسەرۆکی کەمپەینی گەشەپێدانی کشتوکاڵی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، باسی لە ئابووری خۆبەڕێوەبەر کرد و وتی: پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک لە دژی ئابووریی دەسەڵاتدار تێکۆشان دەکات و پڕۆژە بۆ گەیشتن بە ئابوورییەکی سەربەخۆ بۆ خەڵک پەرە پێدەدات.

"ئابووری خۆبەڕێوەبەر و سەربەخۆ بە ڕەنجی کۆمەڵگە مسۆگەر دەبێت"

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ- یەکێک لە ڕەهەندەکانی پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک، ئابوورییە، نەبیلە محەمەد، هاوسەرۆکی کەمپەینی گەشەپێدانی کشتوکاڵی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، سەبارەت بە ئامانج و گرنگی ئابووری سەربەخۆ وتی: پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک گرنگی بە ئابووری کۆمەڵگە دەدات، کە ئامانجی دابینکردنی پێداویستییە ژیانییەکانی کۆمەڵگەیە، وەک خواردن و خواردنەوە، بنیادنانی ئابووری سەربەخۆی کۆمەڵگە و  سوود وەرگرتنی کۆمەڵگەیە لە خاکەکەی.

 

لە درێژەی قسەکانیدا نەبیلە محەمەد، باس لە کۆمەڵگەی سروشتی دەکات کە کشتوکاڵ بەدەست ژنەوە بووە، پاشان کاتێک سەرمایەداری پەرە دەستێنێت، کۆمەڵگەی سروشتی لە ڕێڕەوی خۆی لادەدات و ئابووری بوو بە ئابوورییەکی حوکمڕان لە دەستی پیاودا.

 

"پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک دژی گەندەڵی ئابووری دەجەنگێت"

نەبیلە محەمەد ئاماژەی بە ئامانجی پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک کرد بۆ لەناوبردنی ئەو هەژارییە ئابوورییەی بەسەر کۆمەڵگەدا سەپێنراوە و وتی: لەهەمان کاتدا کە بنیادنەر و خوڵقێنەری ئابووری و سروشت لەم ناوچەیە دوورخرایەوە، ئابووری شکستی هێنا، پێشتر مرۆڤەکان لەسەر بەرهەمی سروشتی خۆیان دەژیاند، بەڵام ئێستا دەبینین کە ئابووری دراو لەسەر بنەمای پارە بەڕێوە دەبرێت، هەر بۆیە پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک دژی ئەم قۆرخکارییە دەجەنگێت و دەیەوێت کۆتایی پێبهێنێت، چونکە ئەگەر ئابووری تەنها لە دەستی یەک لایەندا بێت و یەکسان نەبێت، ئیتر ئابووری نییە.

 

ڕەهەندەکانی ئابووری چی لەخۆدەگرێت؟

نەبیلە محەمەد باسی لە ڕەهەندەکانی ئابووری کرد و وتی: ڕەهەندی ئابووری لە چەند کەرتی جیاواز پێکهاتووە وەک بازرگانی و پیشەی جیاوازە، لەلایەکی دیکەوە ناتوانین ئابووری و ئیکۆلۆژی لەیەکتر جیا بکەینەوە، چونکە ئیکۆلۆژی واتە ئەو ژینگەیەی کە تێیدا دەژین و ئەو سروشت و بەرهەمانەیە کە بۆ بژێوی ژیانمان بەکاری دەهێنین، ئەگەر ئەم سروشتە لەناوبچێت، ئەوا هیچ بەرهەمێک بۆ زیندەوەران نامێنێت، بەڵام بەداخەوە دەبینین کە ژینگە لە دەستی حکومەتەکاندا بەرەو خراپتر دەڕوات، ئەمەش زەمینەی گۆڕانی کەشوهەوای دروستکردووە، لەو چوارچێوەیەدا، پێویستە سروشتی خۆمان بپارێزین و ئاگاداری بین، چونکە بەرهەممان پێدەبەخشێت، پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکیش لەم ڕووەوە هەمان کار دەکات، ئابووری کەرتی کشتوکاڵیش دەگرێتەوە کە بەردی بناغەی ئابوورییە، بەڕێوەبەری خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کار لەسەر ژیانەوەی کشتوکاڵ لەناو کۆمەڵگەدا دەکات، چونکە چەند ساڵێكە کۆمەڵگە و کشتوکاڵ لەیەکدی دابڕاون و ڕوویان لە بواری بازرگانی و پیشە کردووە.

 

چەندین پڕۆژە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دروستکراون

نەبیلە محەمەد، باسی لەوەکرد کە سەرەڕای ئاستەنگی و گەمارۆکان، بەڕێوەبەری خۆسەر چەندین هەنگاوی گەورەی لە بواری ئابووریدا ناوە، هەموو ئەمانەش بە تایبەت لەدوای شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان و پریشکی ١٩ی تەمموز بەڕێوەبراوە، "ڕەهەندی ئابووری لە ساڵی ٢٠١٧ بە فەرمی سەرلەنوێ دامەزرایەوە و هەنگاوی گەورە بۆ بنیادنانی سیستەمێکی ئابووری پێویست باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نرا، چونکە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی خۆبەڕێوەبەری؛ بریتییە لە بنیادنانی ئابوورییەکی کۆمەڵایەتی، لە بواری ئابووریدا پڕۆژەی هاوبەش بەشێوەیەکی بەرفراوان چالاک کرا، ئەم بەشە گرنگە چونکە هاتنە لای یەک لە نێوان تاکەکانی ئەو پێکهاتە و گەلانەدا دروست دەکات کە لە یەکتر جیاکرابوونەوە، بەڕێوەبردنی ئەم پڕۆژەیە لە ماوەیەکی کورتدا ئاستەنگی خۆی هەیە، چونکە کۆمەڵگە لەژێر فەراسەتی دەسەڵاتداری دایە و خۆیان تەنها وەک کرێکار بۆ هەندێک کەس دەبینن، بەڵام هێشتا خەبات بۆ سەرکەوتنی پڕۆژەی پێکەوەیی دەکرێت.

 

"ئابووری کۆمەڵایەتی دەسەڵات لەناو دەبات"

نەبیلە محەمەد ئاماژەی بەوەشدا کە ئابووری کۆمەڵایەتی دەتوانێت دەسەڵات لەناوببات و خواستی بەڕێوەبەری خۆسەر ئەوەیە کە کۆمەڵگە ئابووری سەربەخۆی خۆی بنیاد بنێت و توانای لەناوبردنی حکومەتی ئێستای هەبێت، "خۆبەڕێوەبەری سەرقاڵی بنیادنانی سیستەمێکە بۆ ئەوەی قووڵتر بچێتە ناو کۆمەڵگە و ئاستی هۆشیاری بەرز بکاتەوە، بەتایبەت بۆ نەوەکانی داهاتوو، هەروەها پەروەردە لەسەر ئابووری کۆمەڵایەتی و پێکەوەیی لە قوتابخانەکاندا دەدرێت.