خەتەنەکردنی مێینە، دیاردەیەکی دروستکراوی کۆمەڵگە داخراوەکان

خەتەنەکردنی مێینە پێشێلکارییەکی مافی مرۆڤە و بڕینی بەشێک لە جەستەی ژنە بەبێ خواستی خۆی، کە زانست و شەرع ڕەتی کردووەتەوە و کۆمەڵگە داخراوەکانیش بە مافی خۆیانی دەزانن.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- بەپێی ماددەی ١٢ی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ، کە پەیماننامەیەکی نێونەتەوەییە و لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٨ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە داڕێژراوە، "هەر جۆرە خۆتێهەڵقورتاندنێک لە خۆوە لە ژیانی تایبەتی، کار و باری بنەماڵەیی، شوێنی مانەوە، هەروەها هەر کار و کردەوەیەک کە زیان بە شەرەف، نامووس و ناوبانگی کەسێک بگەیەنێت سزای لەسەرە و مافی هەر مرۆڤێکە لە لایەنە یاساوە پشتگیری بکرێت"، هەروەها لە ماددەی ٢٥یشدا هاتووە، "منداڵ دەبێت هەموو مافێکی پارێزراو بێت".

 

لەم چوارچێوەیەدا، بە شیکردنەوەیەک لەسەر خەتەنەکردنی مێینە، پرسێک دێتە ئاراوە، ئەویش، ئایا بە پێی مافەکانی مرۆڤ، تا چەند مافی ژن لە هەرێمی کوردستان پارێزراوە؟، بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە بەدواداچوونێک لە بواری تەندروستی، یاسایی، ئاینی و کۆمەڵگەیی دەکەین.

 

عێراق لە ڕیزبەندی هەشتەمین وڵاتە لە جیهاندا بۆ خەتەنەکردنی ژنان

سەرەڕای هەبوونی یاسای مافەکانی مرۆڤ، بەڵام لە جیهان و بەتایبەت عێراق و هەرێمی کوردستاندا بەهۆی زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دابونەریتی کۆنەوە بە ڕوونی توندوتیژی و دەستدرێژی دەکرێتە سەر منداڵان و ژنان، ئەم دەستدرێژییەش لە ساوایی منداڵانی کچەوە بە خەتەنەکردن دەستپێدەکات و بە فشاری دەروونی و لێدان و تا دەگاتە کوشتن لەسەر ناوی شەرەف بەردەوام دەبێت.

 

دیاردەی خەتەنەکردنی مێینە لە ٣٠ وڵاتی جیهاندا ئەنجام دەدرێت، بە پێی ئامارەکانیش عێراق بە پلەی هەشتەم دێت لە خەتەنەکردنی منداڵانی کچدا.

 

ڕاپرسییەکان بەرزی ڕێژەی خەتەنەکردن نیشان دەدەن

باخان جەمال، سەرپەرستیاری پڕۆژەکانی ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی، بەمشێوەیە ئەو ئامارانەی خستەڕوو کە ڕێکخراوەکەیان کۆیکردووەتەوە؛

 

-لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٥-٢٠٠٧ لە ٢٠١ گوندی سەر بە پارێزگاکانی کەرکوک، سلێمانی، هەولێر و دهۆک، لە کۆی ٥٦٢٨ ژن ٣٥٠٢ ژنیان خەتەنەکراون، کە دەکاتە ڕێژەی ٪٦٢ی ئەو ژنانە، ئەمەش ئامارێکی مەترسیدارە و دەرخەری ئەوەیە ژنان لە هەرێمی کوردستان لە ژێر بارودۆخێکی توندوتیژی مەترسیداردان.

-لە ساڵی ٢٠١٨ ڕێژەی خەتەنەکردن بووە ٪١١.٣.

-بە پێی ڕاپرسییەکی ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی، کە لە ساڵی ٢٠٢١ ئەنجام دراوە، لە هەولێر و ڕانیە، لە کۆی هەزار و ٢٦٠ ژنی خوار ١٨ ساڵ، کە بەشداریان لە ڕاپرسیەکەدا کردووە، ٨٥یان لە هەولێر و ٢٥یان لە ڕانیە خەتەنە کراون.

 

باخان جەمال وتی: لە ئێستادا ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی زیاتر لە سنوری هەولێر و ڕانیە کاردەکات بۆ نەهێشتنی دیاردەی خەتەنەکردنی مێینە، چونکە لە ناوچەکانی تری کوردستان ڕێژەکە بەرەو سفربوونەوە دەڕوات، بەڵام لە هەولێر و ڕانیە تا ئێستا ڕێژەکە بەرزە، چونکە تەنها لە ساڵی ٢٠٢٢دا لە هەولێر لە کۆی ٧٧٥ ژن ٦٦یان خەتەنەکراون، لە ڕانیە لە کۆی ٩١٧ ژن ١٤٧یان خەتەنە کراون.

 

باخان جەمال ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە بە چڕی کار دەکات لەو ناوچانەی دیاردەی خەتەنەکردنی مێینەی تیادا هەیە و توانیویەتی ڕۆڵێکی بەرچاو ببینێت لە هۆشیارکردنەوەی خەڵک، بە جۆرێک ئەگەر بەراوردێک بکرێت لە نێوان ساڵی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠٢٣ لە ناوچەکانی گەرمیان و کەرکوک و کفری ڕێژەی خەنەکردن سفرە.

 

لە هەرێمی کوردستاندا ٪٧٢.٢ ژن خەتەنەکراون

بە پێی ئاماری ڕێکخراوی منداڵپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جیهاندا، بە تایبەتی لە ٢٣ وڵاتی ئاسیا و ئەفریقادا ساڵانە زیاتر لە سێ ملیۆن کچ کە تەمەنیان لە نێوان ٤-١٥ ساڵیدایە خەتەنە دەکرێن، بە پێی ئاماری وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراقی ٪٢٣ی منداڵانی کورد لە خوار تەمەنی ١٣ ساڵیەوە خەتەنە دەکرێن، ئەمە لە کاتێکدایە خەتەنەکردنی مێینە بە شێوەیەکی نافەرمی ئەنجام دەدرێت و دەشێت ئامارەکان زۆر لەوە زیاتر بن کە ڕێکخراوە جیهانیەکان باسی لێوە دەکەن.

 

خەتەنەکردن چیە و زیانەکانی چین؟

خەتەنەکردن، لابردنی بەشێکی ئەندامی زاوزێی مێینەیە بەبێ هیچ هۆکارێکی پزیشکی و لەلایەن کەسانی ناشارەزاوە لە کۆمەڵگە دواکەتووەکان و ئەو کۆمەڵگانەی ئەقڵیەتی پیاوسالاری زاڵە بەسەریدا، کە دواتر چەندین زیانی دەروونی و جەستەیی بەجێدەهێڵێت وەکو، برینی جەستەیی و خوێن بەربوون و تووشبوون بە ڤایرۆس لە کاتی خەتەنەدا، کە هەندێک جار مردنی لێدەکەوێتەوە. لە دوای ئەوەش زەبری دەروونی لەسەر ژن بەجێدەهێڵێت وەک خەمۆکی، شەرم و دابڕان لە کۆمەڵگە لە ماوەی ژیانی ژندا.

 

ئامانجەکانی خەتەنەکردن

-کۆنترۆڵکردنی حەز و ویستی سێکسی کچ بەر لە شووکردن.

-پاراستن و نیشاندانی پاک داوێنی کچ بە هاوژینی داهاتوویان.

-بەشێک لە کۆمەڵگە پێیان وایە دەبێتە سەربەرزی بۆ خێزانەکەیان.

 

بە پێی ئامارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ١٠ ساڵی داهاتوودا خەتەنەکردن هەڕەشە لە ٧٠ ملیۆن منداڵی کچ دەکات بە تایبەتی لە وڵاتانی ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەرچەندە لە ساڵی ٢٠٢٢ هیچ حاڵەتێکی خەتەنەکردن تۆمار نەکراوە، بەڵام ئەوە ناگەیەنێت ئەو دیاردەیە بنبڕ بووە، بەڵکو زۆربەی خێزانەکان بە نهێنی ئەو کارە دەکەن بەرامبەر بە منداڵە کچەکانیان.

 

خەتەنەکردنی مێینە لە ڕووی پزیشکیەوە چی زیانێکی هەیە؟

سۆما تاهر، پزیشکی پسپۆڕی ژنان و منداڵبوون ئاماژەی بەوەکرد، خەتەنەکردنی مێینە لە ڕووی زانستییەوە هیچ بنەمایەکی نییە و جگە لە زیان هیچ سودێکیشی بۆ ژن نییە، خەتەنەکردن بە چوار جۆر دەکرێت و هەر جۆرێکیان زیانی خۆی هەیە.

 

جۆرێکیان لەبەرئەوەی بەشێکی ناوەوەی ئەندامی زاوزێی ژنان دەبڕن، لە کاتی منداڵبوون تووشی زەبرێک دەبن، جۆرێکی تری خەتەنە کردن تەسکردنەوەی ئەندامی زاوزێی لەگەڵدایە، کە ئەم جۆرەیان ترسناکە و لە کاتی منداڵبوون زیان بە دایکەکە و منداڵەکەش دەگەیەنێت، جۆرێکی دیکەی، بڕینی بەشێکی ئەندامی زاوزی کە دواتر کێشەی سێکسی بۆ ژنان دروست دەکات، ئەو پزیشکە باسی لەوەشکرد، زیانەکانی خەتەنەکردنی مێینە بە درێژایی تەمەن لەگەڵ ئەو ژنانەدا دەبێت لە ڕووی سایکۆلۆژیەوە، چونکە بەبێ هیچ دەرمانێکی پزیشکی و بەکارهێنانی ماددەی بێهۆشکەر پارچەیەک لە جەستەیان لێ دەکرێتەوە، لە ڕووی دەروونیشەوە هەمیشە هەست بە کەموکورتی دەکەن.

 

یاسا چی سزایەکی بۆ خەتەنەکردن داناوە؟

کەنار جەمال، پارێزەر، سەبارەت بە خەتەنەکردنی مێینە ئاماژەی بەوەکرد، لە هەرێمی کوردستان لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لە ماددەی شەشەمی ژمارە هەشتی ساڵی ٢٠١١ سزای بۆ تاوانی خەتەنەکردنی مێینە داناوە، بە جۆرێک ئەو کەسەی کاری خەتەنەکردن بۆ مێینەیەک ئەنجام بدات یان بەشداری تێدا بکات، سزای بەندکردنی هەیە، کە لە شەش مانگ کەمتر نەبێت و لە ٢ ساڵ زیاتر نەبێت، هەرکەسێکیش هانی ئەنجامدانی کردەوەی خەتەنەکردنی مێینە بدات، سزای ماددی لە ٢ ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە ٥ ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.

 

وتیشی: لە ئێستادا کێشە خێزانییەکان لە دادگادا ڕووی لە زیادبوون کردووە کە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە منداڵیدا ئەو ژنانە خەتەنەکراون و لە دوای پێکهێنانی ژیانی هاوژینی کێشەیان بۆ دروست دەبێت.

 

شەرع چۆن باسی خەتەنەکردنی مێینە دەکات؟

ڕەعد هۆمەربلی، مامۆستای ئاینی سەبارەت بە خەتەنەکردنی مێینە لە ئاینی ئیسلامدا باسی لەوەکرد، لە هیچ دەقێکی ئاینی ئیسلامدا نەهاتووە مێینە خەتەنە بکرێت، ئەنجامدانی ئەو کردەوەیەش بە تاوان دادەنرێت، چونکە زیان بە جەستەی ژنان دەگەیەنێت و ئاینی ئیسلامیش دوورە لە هەموو ئەو کردەوانەی زیان بە هەر زیندەوەرێک بەگەیەنێت.

 

لە یەکەم هەڵمەتی خەتەنەکردن ڕزگارم بوو، بەڵام دووەم بەرۆکی گرتم

نازدار بەکر، ناوی خوازراوی ژنێکی ٣١ ساڵی گەرمیانییە، باس لە چیرۆکی خەتەنەکردنی خۆی دەکات، کە کاتێک تەمەنی ٧ ساڵ بووە، وەکو هەموو ڕۆژیک لەگەڵ هاوڕێکانی لە دەرەوە یاریی دەکرد و وتی:  لە کاتی یاریکردن داپیری یەکێک لە هاورێکانم هات بۆ لامان و وتی دەزگایەکی خێرخوازی هاتووە و نوقڵ و شیرینی دابەش دەکات بەسەر منداڵاندا، ئێمەش هەموومان بە جۆش و خرۆشەوە بە ڕاکردن ڕۆشتین، من هەستم کرد کە شتێک هەیە بۆیە هەڵهاتم لەو شوێنە و ماوەی ٢ ڕۆژ لە شوێنی مانەوەی ئاژەڵەکان خۆمم شاردەوە، بەڵام هەموو هاوڕێکانم کە ژمارەیان ٤ بۆ ٥ کچی منداڵ بوو خەتەنەکران.

 

ماوەی مانگێکی بەسەردا ڕۆشت و نازدار لە یەکەم هەڵمەتی خەتەنەکردن ڕزگاری بوو، وەها درێژەی بە چیرۆکەکەی دا و وتی: بۆ هەڵمەتی دووەم کاتێک زانیان من خەتەنە نەکراوم، پێش هەموو کەسێک ویستیان من بکەن، بەڵام ڕەتم کردەوە و دەترسام لەو ئامێرانەی خەتەنەکەی پێ ئەنجام دەدەن و شەرمیشم دەکرد، بەڵام خێزانەکەم و خەڵکی گوندەکە سوور بوون لەسەر ئەوەی خەتەنە بکرێم، چونکە پێیان وابوو هەر کچێک خەتەنە نەکرێت لە لایەن کۆمەڵگەوە قبوڵ کراو نییە.

 

ئێستەش شەرم دەکەم کە دەڕۆمە ناو کۆمەڵگەوە

نازدار بەکر باسی لەوەشکرد، کاتێک دڵنیا بووەتەوە لەوەی چاری نییە و دەبێت خەتەنە بکرێت، دووبارە هەڵهاتەوە، خێزانەکەی بە هەموو گوندەکەدا ڕاویان نا و بردیان بۆ لای ئەو کەسەی خەتەنەکەی ئەنجام دەدا، دەشڵێت: جگە لەو ئازارەی لە کاتی بڕینی بەشێک لە جەستەم بینیم ئازارێکی دەروونی پڕ لە شەرمم چەشت، کە لە پێشچاوی هەموو خەڵکی گوندەکە خەتەنە کرام، دوای دوو هەفتە نەڕۆشتمە دەرەوە لە ماڵ و شەرمم لە هەموو کەسێک دەکرد، ئێستاش کە گەورەبووم هەر شەرم دەکەم کە دەڕۆمە ناو کۆمەڵگەوە، بۆیە منیش بووم بە یەکێک لەو قوربانییانەی دەستی کولتوور و دابونەریتی کۆن کە هەمیشە ئازارەکان ڕووبەڕووی ژنان دەکەنەوە.

 

نازدار بەکر لە کۆتایدا وتی: داواکارم ئەم دیاردەیە لە هەموو کۆمەڵگەکاندا نەمێنێت و مافی مرۆڤ پێشێل نەکرێت، من خەتەنە کرام، هەم مافی منداڵیم لێ سەندرایەوە و هەم مافی ژنبوونی ئێستام زەوتکراوە، کە ناتوانم لە ڕووی دەروونی و جەستەیشەوە وەکو مرۆڤێکی ئاسایی هەڵسوکەوت بکەم.