بەرخۆدانی ژنانی ئێران لە مێژووەوە تا ئەمڕۆ... ١٢
لە زیندانەکانی ئێران هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەکی ژنان ئەنجام دەدرێت و بە سزای لە سێدارەدان هەوڵ دەدرێت ژنان لەناو ببرێن، لەلایەکی تریشەوە سەرەڕای هەموو سیاسەتەکانی فشار، ژنان لەخەبات بۆ مافەکانیان ناکشێنەوە.
مالڤا محەمەد
ناوەندی هەواڵ- ئەو دیمەنانەی لەسەر مافی مرۆڤ و ژنان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە نیشان دەدرێت، مرۆڤ نازانێت ئێمە لە سەدەی ٢١داین، لە ئەشکەنجەوە تا لەسێدارەدان هەموو جۆرە کارێکی نامرۆڤایەتی ئەنجام دەدرێت، بوونی "پۆلیسی ئەخلاقی" لە ئێران لەسەر شەقامەکان لایەنێکی دیکەی ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەییە، ئامانجی هەموو ئەو فشارانە ژنان و ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنین.
ژنان لەژێر مەترسییەکی گەورەدان
داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە ئێران کە هەمیشە ئامانجی زوڵم و زۆردارین و ڕووبەڕووی دادگا و دەستگیرکردنی هەڕەمەکی و بوختان و توندوتیژی و گێچەڵ و هەڕەشە و کوشتار دەبنەوە، چالاکوانانی مافی مرۆڤ و ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەژێر مەترسییەکی گەورەدا کار دەکەن، هەموو جۆرە ئازادییەک لە کۆبوونەوە و دەربڕین لە وڵاتدا ڕاگیراون و سەرەتاییترین چالاکیش، کە داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ دەیانەوێت لەژێر ناوی "ئاسایشی دەوڵەت" ئەنجامی بدەن، قەدەغەکراوە، نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە دوای خۆپیشاندانە بەربڵاوەکانی ساڵی ٢٠١٧ لە ئێران ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە، بە وتنی "دەیان بەرگریکاری مافەکانی ژنان ستەمیان لێکراوە" پوختەیەکی لەو دۆخە خستووەتەڕوو.
تاکە تاوانی هانا عابدی داوای یەکسانی بوو
چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ هودا عەمید، نەجمە ئەحمەدی و ڕادوانە محەمەدی لە ئەیلولی ٢٠١٨دا بە تۆمەتی بەشداریکردن لە سیمینارەکانی مافی ژنان دەستگیرکران، ئاتێنا دایمی و گوڵڕوخ ئیبراهیمی لەسەر کارکردنیان لە مافەکانی ژنان و چالاکی دژ بە منداڵانی کرێکار و هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، نەیانتوانی لە دەسەڵاتی دادوەری ئێران ڕزگاریان ببێت. ئەو ژنانەی کە چالاکانە بەشداری چالاکی نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ دەکەن و لە وڵاتانی خۆیان کار دەکەن دادگاییکراون و تا ئێستاش بە هۆی بەشداریکردنی ڕاستەوخۆ لەو چالاکییانەدا دادگایی دەکرێن، یەکێکیان هانا عابدی خەڵکی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتە، کە چالاکوانێکی دیاری مافەکانی ژنانی کوردە و لە ساڵی ٢٠٠٧ بۆ ماوەی سێ مانگ ئەشکەنجە و لێپرسینەوەی لێکرا، هانا عابدی کە پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرابوو، بەشداری لە هەڵمەتی یەکسانی و داوای کۆتایی پێهێنانی جیاکاریی کردبوو.
خراپترین زیندانەکانی جیهان لە ئێرانن
کاری نامرۆڤانە لە ئێران زۆر جار لە ڕاپۆرتەکاندا باس دەکرێن، ئەوانەی خوازیاری یەکسانین لە وڵاتدا و داوای ژیانێکی ئازاد و دیموکراسی دەکەن سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە ئێران ڕاپۆرتێکی لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردووەتەوە، رایگەیاند، کە هێشتا چاوەڕێی لەسێدارەدانی ٥٩ چالاکوانە.
هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەک لەسەر زیندانییەکان ئەنجام دەدرێت
لەو وڵاتەدا ئەشکەنجە بە شێوازی جیاواز ئەنجام دەدرێت، لە سپییەوە بۆ خۆڵەمێشی، کاتێک پێداویستییە سەرەتاییەکانی مرۆڤ بۆ زیندانیان دەگۆڕدرێن، زیندانیان لە خزمەتگوزاری تەندروستی بێبەش دەکرێن و ئاوی پاک و خۆراکی تەندروست وەرناگرن، لە لایەکی ترەوە چەندین شێوازی ئەشکەنجەدان هەیە وەک ئەشکەنجەی سووک و توند، ئەمەش لەوکاتەدا بوو کە زیندانییەکان بەهۆی نەبوونی ڕێوشوێنی تایبەت بە نەخۆشی کۆڤید-١٩ لە زیندانەکانی ئێران تووشی نەخۆشی بوون، ناو زیندانەکانیش هۆکاری بڵاوبونەوەی نەخۆشی ئایدزن لە وڵاتدا.
ژنان بە پێشێلکاری مافەکانیانەوە دادگایی دەکرێن
زیندانەکانی ئەوین و قەرچەک و ورمێ لەو وڵاتە بە ناوەندی ئەشکەنجەدان ناسراون و بەپێی دوایین زانیاریش زیاتر لە دوو هەزار زیندانی لە زیندانەکانی ژناندا هەن، مەریەم محەمەدی و سپیدە قۆلیان چالاکوانانی مافی مرۆڤن و ئێستا لە زیندانەکانی ئێران زیندانی کراون، ئەو دوو ژنە چالاکوانە لە زیندانەکانەوە وەک رۆژنامەگەریی هاوڵاتیان بەردەوامن لە کارەکانیان، زۆرجار بە نووسینی نامەیەک بارودۆخی ئەو زیندانانەی کە بەندکراوانی ژن تیادا دەژین بەڕای گشتی ڕادەگەیەنن، ئەو ژنانەی کە نامە، وتار و پێشێلکارییە ناوەکییەکان نیشان دەدەن، چەندین جار بەو هۆیەوە دادگایی کراون.
ژنان بە "بارمتە" گیراون
لە سیاسەتی دەوڵەتی ئێراندا جێبەجێکردنی "بارمتەگرتن" لە چوارچێوەی ئەو شێوازەدا کە لەلایەن دەزگای هەواڵگرییەوە بەشێوەیەکی بەرفراوان بەکاردێت، بەڕێوەدەچێت، ئەگەر کەسی داواکراو (وەک چالاکوان و کەسایەتی سیاسی و ڕۆژنامەنووسان و هتد...) بۆ دەستگیرکردن نەدۆزرێنەوە، ئەوا لە بری ئەوان، کچ، هاوژین، خزمانی پلە یەکی ژن وەک بارمتە دەستگیردەکرێن، بەشێک لەو کەسانەی بە بارمتە دەستگیرکراون و لە ڕاپۆرتەکاندا ناویان هاتووە، بەم شێوەیەیە: ماکیە نیسی، زەهرا حوسێنی، مەریەم محەمەدی، خلود سبحانی، مەعسومە سەیدای، سوسەن سەعیداوی، ساکینە سوقر و زەهرا شەجەرات.
ستانداردی دووانی بەسەر کورددا جێبەجێ دەکرێت
ئەمنستی ئینتەرناشناڵ کە ناوەندەکەی لە لەندەنە ڕەخنەی لەو سیاسەتە گرت و ڕایگەیاند کە گەلی کورد لە ئێران و بە تایبەتی ژنان ڕووبەڕووی "دوو ئەوەندەی نادادپەروەری" دەبنەوە، لە ساڵی ٢٠٠٨دا ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕاپۆرتێکی ٥٧ لاپەڕەیی بەناونیشانی "ئێران: پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دژ بە کەمینەی کورد" بڵاوکردەوە بەپێی ڕاپۆرتەکە ١٢ ملیۆن کورد لە ئێران دەژین و لەسەدا ١٥ی دانیشتوانی ئێران پێکدێنن.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە "کورد بە ئاشکرا جیاکراوەتەوە" بۆ ئەو کوردانەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەژین، باس لەوە دەکەن کە ئەمە هەموو لە کەسایەتی کورد و ژنی کورددا بەرجەستە دەکرێت.
لەپێشدا سزادان لە بەرامبەر ژنان
ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی جیهان کە زۆرترین سێدارەی تێدایە، لەکاتێکدا کە دەوترێت لە سێدارەدان لە ئێران بەزۆری دژ بە چالاکوانان ئەنجام دەدرێت، بە وتەی ئاتینا دایمی چالاکوانی ئێرانی، ئەم لەسێدارەدانانە بە شێوەیەکی زۆر نادادپەروەرانە ئەنجام دەدرێن، لە ئێران ڕێگا و ئامڕازەکانی دادگاکان نزیکبوونەوەیەکی پێشوەختە بۆ ژنان نیشان دەدەن ئاتینا دووپاتی دەکاتەوە کە ئەمە لەبەر ئەوەیە سیستەمی یاسایی بەزۆری نێرینە، لە دادوەرەوە بۆ داواکاری گشتی و پارێزەرایەتی بەڕێوەدەبەن.
ژمارەی ئەو کەسانەی لە ساڵی ٢٠١٤دا لەسێدارەدران گەیشتە ١٨٨ کەس و لەنێوان ساڵانی ٢٠١٣-٢٠١٨دا دەسەڵات ٨٦ ژنی لەسێدارەداوە و ٢٠١٩ بەپێی سەرچاوە فەرمییەکان نزیکەی ٣٦٩ کەس بەپێی سەرچاوە نافەرمییەکان ٧٠٠ کەسی لەسێدارە داوە، بەلایەنی کەمەوە ٣٠٠ کەس لەسەردەمی سەرۆکایەتی ئیبراهیم ڕەئیسی لەسێدارەدران.
لە ساڵی ٢٠٢١دا دەسەڵاتداران ١٨ ژنیان لە زیندانەکانی سەر بە ڕژێمی ئێران لە سێدارەدا و ١٨٣ ژن سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا و سزای ماددی دران.
بەپێی زانیارییەکانی دامەزراوەکانی زیندان، نزیکەی ٥ هەزارو ١٩٧ کەس لەوانە یەک هەزارو ٣٣٦ کەس چاوەڕێی لەسێدارەدان و سزادانن، سێ هەزارو ٨٣١ بەندکراو کە ٣٩ ژن و ١٤٤ ژن بە گشتی سزای تەواویان بەسەردا سەپێنراوە، بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٠دا ناوی ٥١ کەس کە ٢٣ کەسیان ژن بوون بە زیندانی هەتاهەتایی سزادراون و تا ئێستا دۆخی یەک هەزارو ٧٠٩ کەسی نەزانراوە.
شەهلا و نەسرین کعبی لە ساڵی ١٩٨٠ لەسێدارەدران
شەهلا و نەسرین کعبی نەیانتوانی لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی ئێران بۆ سەر خەڵکی کوردستان لە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی بێدەنگ بن، ئەو دوو خوشکە لە پاییزی ساڵی ١٩٧٩دا بەهۆی ئەوەی تەندروست بوون و نیگەران بوون لە بریندارەکان کەوتنە ژێر فشارێکی زۆرەوە، بۆ شاری ماهان لە پارێزگای کرمان دوورخرانەوە لە بەهاری ساڵی ١٩٨٠دا بە بڕیاری حزبە کوردییەکان و بڕیاری تاراوگە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، ئازادی ئەوان زۆری نەخایاند و لە حوزەیرانی ١٩٨٠ دەستگیرکران، سەرەتا بردران بۆ سنەو پاش ماوەیەکی کەم بردران بۆ زیندانی ئێڤین لە ٢٧ی ئابی ١٩٨٠ لە سنە لەسێدارەدران.
١٠ ژنی بەهائیی ٣٩ ساڵ لەمەوبەر لەسێدارەدران
١٠ ژن بە تۆمەتی ئەوەی کە سەر بە باوەری بەهائیین لە زیندانی عادلئابادی شیراز ٣٩ ساڵ لەمەوبەر لەسێدارەدران، ئەمانە ئەو ژنانە بوون کە لە حوزەیرانی ١٩٨٣دا بە هۆی بیروباوەڕەکانیانەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرابوو، مۆنا مەحمود نەژاد ١٧، تاهیرە ئارکمەندی (پەرستار) ٣٠، ئەختەر سابات ٣٥، خوێندکاری ڤێتێرنەری ڕۆیا ئەشراقی ٢٣، شیرین دالڤەند (کۆمەڵناس) ٢٦، مەهشید نیرۆمەند ٢٨، سیمین سابیری ٢٥ (کرێکار)، عیزەتی جانیمی ٥٨، نوسرەتی خفرانی ٤٦، کوڕە ٢٨ ساڵانەکەی بەهرام یەڵدایی دوو ڕۆژ پێش ئێستا لەسێدارە درا، نوسەری ئەدیبی زێرین مۆگیمی ٢٩ ساڵ.
لەبەر ئەوەی زلەی لە دادوەر دا لەسێدارە درا
سورەیا ئەبو ئەلفەتحی خوێندکاری زانکۆی تەبرێز بوو لە مانگی ئابی ١٩٨١ دەستگیرکرا و ماوەی ٣٤ ڕۆژ ئەشکەنجەدرا، بە وتەی شایەتحاڵانی ئەو ماوەیە، موسەوی تەبرێزی دادوەری شەریعەتی تەبرێز داوای هاوسەرگیری لەگەڵ سورەیا ئەبو فەتحی کرد و وتی ئەگەر قبوڵی بکات ئەوا سزاکەی کەم دەکرێتەوە، وەڵامی سورەیا زلەیەک بوو دوای لێدانەکە سزای لە سێدارەدان بەسەریدا سەپێندرا. لە ئەیلولی ١٩٨١ لەسێدارە درا، تۆمارکراوە کە تەمەنی ٢٠ ساڵ و ٦ مانگ دووگیان بووە لە کاتی لەسێدارەداندا.
دەستدرێژی سێکسی کرایە سەر و لەسێدارە درا
بەپێی شەریعەتی ئیسلامی منداڵانی کچ پێش تەمەنی ٩ ساڵ و کوڕان پێش ١٥ ساڵ بەتاوانی جدی دادگایی ناکرێت "چونکە منداڵن" لە ساڵی ٢٠٠٤دا دادوەران منداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵ بەناوی عاتیفیە، کە لەلایەن چەندین پیاوەوە دەستدرێژی سێکسی کرابووە سەر، تۆمەتبار کرا بە "سێکسکردن لە دەرەوەی هاوسەرگیری". عاتیفیە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، هەرچەندە وتی کە دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر و هەوڵیداوە دیاریی بکات کە پەیوەندی سێکسی نییە، بەپێی یاساکانی سزادانی ئیسلامی ئێران هەرکەسێک دان بە دەرەوەی هاوسەرگیریدا بنێت بە ١٠٠ قامچی سزا دەدرێت ئەگەر ئەم کارە سێ جار دووبارە بکرێتەوە، ئەوا بۆ جاری چوارەم سزای لەسێدارەدانی بەسەردا دەسەپێنرێت.
ساکینە ئاشتیانی بە تۆمەتی زینا لەسێدارەدرا
ساکینە محەمەد ئاشتیانی بەتۆمەتی زینا دەستگیرکرا و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنر، چیرۆکەکەی بۆ هەموو جیهان ناسراو بوو کاتێک سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. قسەی ئەو مەلا دادوەرانەی کە لە دادگایکردنیدا لە تاران سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاند، وەها هێنا زمان، "ئێمە تۆ لەسێدارەدەدەین چونکە تۆ ژنیت" هیچ کاتێک بنەمای ئەو تۆمەتانە ناخرێنەڕوو. ساکینە ئاشتیانی، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە بە تۆمەتی هەڵە تۆمەتبارکراوە و وتی: "من بە تاوانی زینا سزامدرام، تاوانبارکردنی من لە تاوانی ئەنجامدەرەکە گەورەتر بوو".
لە دادگا ساکینە ئاشتیانی مانای ئەو ڕستەیەی نەزانی کاتێک سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراو ڕازیبوو بە بەردباران سزا بدرێت، کاتێک گەڕایەوە بۆ زیندان، لە زیندانیانی هاوڕێیەوە زانی کە ڕستەی بەردی چۆنە و چۆن دەکوژرێت و وتی: "مەهێڵن بچمە بەرچاوی کوڕەکەم"، چونکە هەموو کۆمەڵکوژی و دادگاییکردنەکانی ئێران و بەتایبەتی زینا لەژێرناوی شەرەف لەبەردەم خەڵک و جەماوەردا ئەنجام دەدرێن.
خەبات بۆ مافەکانی ژنان لە ئێران
لە ساڵی ٢٠٠٥دا ژنان ڕێوشوێنی گەورەیان لە دژی ئەو یاسا نادادپەروەرانە گرتەبەر و لە ساڵی ٢٠٠٦دا بەردەوام بوون لە بەرگری لە مافەکانیان، لە ئەنجامی هەڵمەتە یەک ساڵەییەکەیاندا ٧٠ ژنی تێکۆشەر دەستگیرکران، تاوانەکانیان بۆ کۆکردنەوەی واژۆ و ئەنجامدانی هەڵمەتێک بوو، لە ئەنجامی هەڵمەتەکانی ژناندا تیشک خرایە سەر کاری حکومەتی ئێران و هەڵمەتەکە لە ساڵی ٢٠٠٩دا خەڵاتی سیمۆن دێ بۆوڤوار-ی بردەوە سەرەڕای ئەو هەموو توندوتیژییەی کە بەرامبەریان کراوە، ژنان بەردەوام بوون لە تێکۆشانی خۆیان بۆ مافەکانیان.
ڕەیحانە جەبباری بووە وەستانێکی گرنگ لە ئێران
ڕەیحانە جەبباری یەکێک بوو لەو ژنانەی کە لە مێژووی ڕاپەڕین و خەباتی ئێراندا ناسراوە، کاتێک ڕەیحانە تەمەنی ١٩ ساڵ بوو، پیاوێکی کوشت کە هەوڵیدا دەست درێژی بکاتە سەر، ساڵی ٢٠٠٩ دەستگیرکرا بۆ ماوەی پێنج ساڵ. لە دادگادا وتی: "من بە شەرعیەت بەرگریم لێ کرد" بەڵام نەیتوانی دادوەرانی دەوڵەتی ئێران ڕازی بکات کە لە هەموو هەلومەرجێکدا ئامادەبوون سەیری پیاوەکە بکەن ڕەیحانە جەبباری بە تاوانی کوشتنی دەستدرێژیکار سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا، ژنانی سەرتاسەری جیهان بە واژۆ و پەیامەکانیان کەمپەینیان بۆ ڕەیحانە جەبباری کرد، بەڵام ڕژێمی ئێران لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٤دا ڕەیحانە جەبباری لە سێدارە دا.
ڕەیحانە بە دایکی وت: "(ناوی دایکی شوعلەیە)شوعلەی ئازیز، زانیم ئەمڕۆ نۆرەی منە، نیگەرانم لەوەی کە لەتۆوە فێر نەبووم هاتمە دوا لاپەڕەی پەرتووکی ژیانم، پێت وانیە من بزانم؟ تۆ دەزانی کە من چەند شەرمەزارم کە تۆ غەمگینیت".
سبەی: ئەدەب و شیعر و گۆرانی... یاخیبوون لە دەسەڵاتی ئێران