ماڵی ژن بووە مۆدێلی شۆڕشی ژن ...٣

حەنیفە محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی دادی ژن لە کانتۆنی قامیشلۆ، دەربارەی کار و خەباتی ئەنجومەنەکە دەڵێت: ژن لە دادپەروەری ژناندا خاوەن بڕیارن، خۆیان ڕێگە بۆخۆیان دەکەنەوە و کێشە و سەختییەکان چارەسەر دەکەن.

"ژن بنچینەی دادپەروەرییە"

ڕوناهی نودا

 

قامیشلۆ- ماڵی ژن لەدوای دروستبوونی شۆڕش و کێشە و قەیرانەکانی ڕووبەڕووی سوریا بووەوە لە ساڵی ٢٠١٦دا دامەزرا و یەکەم لقی خۆی لە قامیشلۆ کردەوە، ئەنجومەنی دادی ژن یەکێکە لە ئەنجومەنە سەرەکییەکانی و کێشە و گرفتەکان لە ڕێگەی دادوەری ژنەوە چارەسەر دەکرێن و یاساکان لەسەر ئەو بنەمایە داڕێژراون، دادپەروەری ژن ڕۆڵێکی کاریگەری زۆری لە کۆمەڵگەدا بینی، بە خۆی و بنەماکانییەوە بە بڕیارێکی دادپەروەرانە و ڕێگەیەکی یەکسان و دیموکراتیک چارەسەرییەکان دەخاتەڕوو، بەو بۆنەیەشەوە سەدان کەیس گەشتوونەتە چارەسەر، تەنها لە ساڵی ٢٠٢١دا ١١٦٩ کەیس چارەسەر کراوە، لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵیشدا ٣٠٢ کەیس چارەسەر کراوە.

 

حەنیفە محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی دادی ژن، ئاماژەی بەوەدا کە ژن لەسەر بنچینەی یەکسانی خۆی بە ڕێکخستن دەکات و وتی: دادپەروەری ژن بنەمای یەکسانییە و لە هەناوی ژندا دادپەروەری هەیە، بۆیە لە شوێنێکدا دادپەروەری و یەکسانی بوونی نییە کە ژنی تێدا نەبێت، چۆن بە دەرکەوتنی دەسەڵاتداران ژن بێ ڕۆڵ بوو، کۆمەڵگەش بێ دادپەروەری بوو، یاساکانی ئێستا بەپێی سیستم کاردەکەن و سیستم بە دەستی دەسەڵاتی پیاو بەڕێوەدەچێت، بۆیە کێشەی کۆمەڵایەتی و نایەکسانییەکی زۆر بوونی هەیە، ئێمەش کاتێک دادپەروەری ژنمان دامەزراند و وتمان دادپەروەری نییە کاتێک ژن نەبێت، چونکە ژن یەکسانی، دادپەروەری، کلتوور و ئەخلاق لەخۆدەگرێت، بۆیە بناغەی کۆمەڵگەش بنیات دەنێت.

 

"لە ماڵی ژندا، دادپەروەری ژن و سولح پێکەوە کاردەکەن"

حەنیفە محەمەد لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد لە ماڵی ژندا دادپەروەری و سوڵح پێکەوەن و دادپەروەری ژن لە ماڵی ژندا هەوڵی چارەسەر کردنی کێشەکان دەدات، بەڵام ئەگەر کێشەیەک چارەسەر نەبێت دەچێتە دادگاکان و بەردەستی دادوەری ژن، وتیشی لە ماڵی ژندا جیابوونەوە نییە، ئەگەر دۆسیەیەکیش هەبێت دەیکاتە ڕاپۆرت و بۆ ئەنجومەنی دادی ژن دەنێردرێت تا کاری لەسەر بکرێت.

 

لەو ڕوانگەیەوە، لە ماڵی ژندا هەزاران کەیس گەشتوونەتە ئەنجام و چارەسەر کراون، حەنیفە محەمەد لەو بارەیەوە وتی: ئەو کەیسانەی دێنە بەردەستمان زۆربەی کۆمەڵایەتییە و بە دادپەروەری ژندا تێدەپەڕێت، ئێمە وەک پارێزەر مافی ژنان دەپارێزین، هەتا ئێستاش هەزاران کەیسمان چارەسەر کردووە و دەیان ژنمان لە کوشتن ڕزگارکردووە، ئەگەر ژنێک لەناو سەختیدا بژی، تەڤگەری ژن دەیبەنە شوێنی پاراستن.

 

"پێویستە کۆمەڵگەکەمان پەروەردە بکرێت بۆ ئەوەی مافەکانی بەدەستبهێنێت"

حەنیفە محەمەد باسی لەو کێشانە کرد کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و چارەسەری دەکەن و وتی: "لە ڕابردوودا باوترین کێشەکان کە ڕووبەڕووی کۆمەڵگە بووەتەوە، ئەو مۆبایلانە بوون کە زۆرێک لە گەنجان بەکاریدەهێنن، ئێمە بەرنامەیەکمان دروستکردووە بۆ پەروەردەکردنی کۆمەڵگەکەمان لە مەترسییەکانی تەکنەلۆژیا. هەروەها کێشەی وەک هاوسەرگیری لە تەمەنی کەم و فرەژنی و ژنکوژی هەیە، ئێمە بەپێی ئازاری کۆمەڵگە ڕاهێنان و سیمینار دەدەین. ئێمە ئەم سەختییانە دەهێنینە ئەنجومەن و بەپێی پێویست چارەسەر دەخەینەڕوو. دەتوانین بڵێین چارەسەری بنەڕەتی بۆ ئازار و سەختییەکانی ئێستا پەروەردەکردنی کۆمەڵگەیە، ئێستا پلانمان داناوە بۆ ئەوەی سەردانی سەرجەم ماڵەکان بکەین. بێگومان کێشە کەمیکردووە، بەڵام کۆتایی نەهاتووە، ئێستا ئێمە لە قەیران داین، ئەم قەیرانە کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆمەڵگە هەیە. هەروەها یارمەتی خەڵک دەدەین بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەکەیان لە ڕووی ئابوورییەوە. ئێمە سەرنج دەخەینە سەر ئەم بارودۆخە هەنووکەییانە و دەبینە چارەسەری کۆمەڵگە، چونکە تا کۆمەڵگە ئاگادار و هۆشیار نەبێت، کێشە بەردەوام دەبێت.

 

سبەی: ئەندامی ئەنجوومەنی ئاشتی-سوڵح، رەجی ساڵح هەڵسەنگاندنی بۆ كار و چالاكییەكانی ئەنجومەنەکە دەکات