لە جیهاندا ٢٠٠ ملیۆن منداڵ کاردەکەن؛ توندوتیژی و دەستدرێژیان دەکرێتەسەر
کارکردنی منداڵ یەکێکە لە دیاردە مەترسیدارەکان و هەندێکیان کاری قورس ئەنجامدەدەن، بەپێی ئاماری ڕێکخراوی جیهانیی کاری منداڵان ٢٠٠ ملیۆن منداڵ کاردەکەن و ١٢٠ ملیۆنیان کاری دژوار و سەخت دەکەن.
لاڤین مەحمود
کارکردنی منداڵان، یەکێکە لەو دیاردە مەترسیدارانەی لە جیهاندا ڕووی لە زیادبوون کردووە و کۆمەڵێک هۆکار هەن منداڵانی ناچار بە کاری قورس کردووە، بەشێکیان لە خوێندن دابڕاون و لە کاتی کارکردنیشیاندا ڕووبەڕووی توندوتیژی، سوکایەتی، ئازار، برینداربوون و خەمۆکی دەبنەوە، لەناو منداڵانی کارکەردا، منداڵانی کچ ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی دەبنەوە، کە دەبێتە هۆکارێک بۆ دابڕانیان لە جیهانی منداڵی خۆیان.
بەپێی دواین ئامارەکانی ڕێکخراوی جیهانیی کاری منداڵان لە ئێستادا ٢٠٠ ملیۆن منداڵ لە جیهاندا کاردەکەن و ساڵ بە ساڵ ئەو ئامارانە بەرەو زیادبوون دەچن، نزیکەی ١٢٠ ملیۆن منداڵیان لە ژێر کاری سەخت و دژواردا کاردەکەن تەمەنیشیان لە ٥-١٧ ساڵانە، بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی یونسێف ٪٧٠ی منداڵان کاری کشتوکاڵی دەکەن، لە کاتێکدا ئەو جۆرە کارە لە توانای منداڵاندا نییە بەهۆی مانەوەیان لەبەر گەرمای پڕوکێنی هاوین و زستانی سەختدا.
لە ٪٢٠ی منداڵانی جیهان لە بواری خزمەتگوزاریدا کاردەکەن، زۆربەی کاتەکانیش تووشی سوکایەتی پێکردن دەبنەوە، لە ٪١٠ی منداڵانی جیهان کاری پیشەسازی دەکەن کە یەکێکە لە خراپترین جۆری کارەکان بۆ منداڵان، چونکە ئەو پێکهاتە کیمیاییانەی لەو کارەدا بەکاردەهێنرێت تەندروستی ئەو منداڵانە دەخاتە مەترسیەوە.
ڕێژەی کاکردنی منداڵان لە وڵاتانی جیهاندا:
لە وڵاتێکی وەک میسردا نزیکەی ٢٠٠ هەزار منداڵی کارکەر هەیە، لە ئەردەن نزیکەی ٦٠ هەزار منداڵ خراونەتە بەر کارکردن، لە وڵاتێکی وەک چینیشدا ٪٢٠ی منداڵان کاردەکەن و زۆرترین کارکردنەکانیش لەناو کارگەکان دایە، بەشێک لە منداڵانی کۆتدیڤوار لە کێڵگەکانی کاکاودا بژار دەکەن کە داهاتەکەی لە جیهاندا دەگاتە ٥٠ ملیار دۆلار، وڵاتی هیندستانیش بە ملیۆنان منداڵ کاردەکەن کە بە زۆری لە ناو کانەبەردەکان و کانە خەڵوزەکاندا لەژێر مەترسیەکی گەورەدان.
لە ئێرانیشدا ٣-٧ ملیۆن منداڵ بوونیان هەیە، ٪٤٠یان دەستگێڕن، ٪١٦ کرێکارن، ٪٩ فاڵگرەوەن، ٪٨ خۆڵ و خاشاک کۆدەکەنەوە، ٪٦یان منداڵانی دەرۆزەکەرن.
هاوکات ئەوەی جێگەی سەرنجە لە هەموو کارکردنەکانی منداڵاندا هەردوو رەگەز بەشدارن تیایدا، بەڵام لێرەشدا جیاوازی رەگەزی بەدیدەکرێت، بەوەی ڕێژەی کوڕان زیاترە لە منداڵی مێ، لە بەرامبەردا منداڵی مێ زیاتر لە خزمەتگوزارییەکانی ماڵەوەدا بەبێ مووچە کاردەکات.
بەپێی ڕێکخراوی یونیسێف لە ئامارێکیدا خستوویەتییە ڕوو:
ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە ٥-١١ ساڵدایە، لە هەفتەیەکدا لانیکەم ١ کاتژمێر کاری ئابوری یان ٢١ کاتژمێر خزمەتگوزاری بێ مووچەی ماڵەوە دەکەن.
ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە ١٢-١٤ ساڵدایە لە هەفتەیەکدا لانیکەم ١٤ کاتژمێر کاری ئابووری یان ٢١ کاتژمێر خزمەتگوزاری بێ مووچەی ماڵەوە دەکەن.
منداڵانی تەمەن ١٥-١٧ ساڵ لە هەفتەیەکدا لانیکەم ٤٣ کاتژمێر کاری ئابووری دەکەن.
کارکردنی منداڵ سەلامەتی و گەشەکردنی منداڵ و پەروەردەیان دەخاتە مەترسیەوە، لەپێناو بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و زیاتر تیشک خستنەسەر کارکردنی منداڵ ڕێکخراوی یونیسێف لە ١٠ی حوزەیران تاوەکو ١٧ی حوزەیران هەفتەی هۆشیاری بەرەنگاربوونەوەی کارکردنی منداڵانی لە سەرتاسەری جیهاندا ڕاگەیاندووە، چونکە کارکردنی منداڵان لە وڵاتانەشدا کە داهاتیان زۆرە، هەیە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە چیدەکرێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەو منداڵانە بۆ خوێندن و ژینگەیەکی ئارامم و باوەشی کۆمەڵگا.