مێژووی ئۆپەراسیۆن و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان

دەوڵەتی تورکیا لە ساڵی ١٩٨٣دا ڕێککەوتننامەی لەگەڵ حکومەتی عێراق واژۆکرد تا بتوانێت بە قوڵی ١٠ کیلۆمەتر خاکی عێراق ببڕێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێزە کوردییەکان، بەڵام لە ئێستادا زیاتر لە ٣٠ کیلۆمەتر سنوری بەزاندووە و عێراقیش بێدەنگە.

لاڤین مەحمود

ناوەندی هەواڵ- دەوڵەتی تورکیا لە ساڵی ١٩٨٣دا رێککەوتننامەیەکی ئەمنی و سەربازی لەگەڵ حکومەتی عێراق واژۆ کرد بە مەبەستی سنوردارکردنی چالاکیی جوڵانەوە کوردییەکانی باکور و باشوری کوردستان، بەپێی ڕێککەوتننامەکە هەردوو دەوڵەتی تورکیا و عێراق دەتوانن بە قوڵایی ١٠ کیلۆمەتر بچنە خاکی یەکدییەوە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی هێرش و مەترسی هێزە کوردییەکان.

 

دەوڵەتی تورکیا پشتبەستوو بەم ڕێککەوتننامەیە یەکەم ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ساڵی  ١٩٨٣دا بە بەشداری ٧ هەزار سەرباز بە ناوی "ئۆپەراسیۆنی چاودێریکردنی گەرم" دەستپێکرد و بە قولایی زیاتر لە ٥ کیلۆمەتر سنوری عێراقی بەرەو ناو خاکی هەرێمی کوردستان بەزاند، یەکەم ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی ئەو دەوڵەتەش لە ١٢ی ئابی ١٩٨٦ بەڕێوەچوو.

 

ساڵانی ١٩٨٨-١٩٩١ چەندین ڕووداوی سیاسی لە عێراقدا ڕوویدا، وەک کۆتایهاتنی شەڕی ئێران-عێراق، داگیرکردنی کوەیت لەلایەن عێراق، گەردەلولی بیابان دژ بە عێراق لە کوەیت، سەپاندنی گەمارۆی نێودەوڵەتی بەسەر عێراقدا و کۆتا ڕووداویش ڕاپەڕینی خەڵکی باشوری کوردستان بوو، ئەم دۆخە سیاسییانەی عێراق هەلی بەخشییە تورکیا کە سود لە بۆشایی ئەمنی سەر سنورەکان وەربگرێت، جارێکی دیکەش دەستیکردەوە بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی سنور، بە تایبەتیش دوای ئۆتۆنۆمی هەرێمی کوردستان.

 

ئۆپەراسیۆنەکانی دەوڵەتی تورکیا لە دوای ڕاپەڕینی باشوری کوردستان

دوای دوو مانگ لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ی باشوری کوردستان و لە مانگی ئابدا، دەوڵەتی تورکیا ئۆپەراسیۆنی "سوپەرگە - گسک لێدان"ی دەستپێکرد و ئەم هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا هەتا ئێستاش بەردوامن.

 

لە ٢٨ کانوونی دووەمی ١٩٩٤دا ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنور بۆ سەر کامپی زەڵێ ئەنجامدرا، ساڵێک دواتر ئۆپەراسیۆنی "چەلیک-ئاسن" بۆ سەر خاکی هەرێم ئەنجامدرا و ماوەی ٤٥ ڕۆژ بەردەوامبوو.

 

لە ساڵی ١٩٩٦ەوە بارەگای سەربازی تورکیا لە هەرێم دروستکرا

لە دوای ئەو ساڵەش دەوڵەتی تورکیا پلانی ڕووبەڕوو بوونەوەی گۆڕی، لە ساڵی ١٩٩٦دا بە لیوایەکەوە لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان بنکە و بارەگای سەربازی خۆی دامەزراند، دواتر لەناو خاکی هەرێمەوە لە ساڵی ١٩٩٧دا ئۆپەراسیۆنی چەکوشی ئەنجامدا، لە ساڵانی ١٩٩٨-٢٠٠٢ ئۆپەراسیۆنەکانی چەکیچی، موراد و سەندویچ ئەنجامدرا و ئامانجی هەر ئۆپەراسیۆنێکیش هاتنە ناوەوەی زیاتری سوپای تورکیا و داگیرکردنی باشوری کوردستان بوو، تا ئەمڕۆ زیاتر لە ٣٩ بنکە و بارەگای سەربازی دەوڵەتی تورکیا لە هەرێمی کوردستاندا هەیە.

 

ماوەی ساڵانی ٢٠٠٠ تا ٢٠٠٧ ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی سنور ڕاگیران، بەڵام لە ٢٠٠٧ و لە سەردەمی فەرمانڕەوایی ئاکەپەدا دووبارە هێرش و پەلامارەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا لە ڕێگەی فرۆکەی بێفرۆکەوانی ئەمەریکی دەستیانپێکردەوە، لە ١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٧ تا ٢٠٠٨ تورکیا هێرش و ئۆپەراسیۆنی زەمینی بەرفراوانی بۆسەر ناوچەی خواکورک و هەرێمی زاپ ئەنجامدا.

 

لە ساڵی ٢٠١٢دا لە چوارچێوەی دەستپێکی پرۆسەی ئاشتی لە باکوری کوردستان، پەلامار و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا تا ڕادەیەک خاوبوونەوە و پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە ئاگربەستی ڕاگەیاند، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٥دا دەوڵەتی تورکیا ئاگربەستی شکاند و دەستیکردەوە بە هێرشی ئاسمانی و ئەمجارە هەرێمەکانی قەندیل، مەتینا، هەفتانین، ئاڤاشین، خواکورک، خنێرە، زاپ و گارەی بە ٥٠ فرۆکە بۆردومانکرد، ئەم هێرشە هاوکات بوو لەگەڵ هێرش و پاکتاوی سیاسی لە باکوری کوردستان و بە هەزاران کەس کرانە زیندانەکان.

 

لە ساڵی ٢٠١٧ەوە زیاتر لە ٣٠ کیلۆمەتر تورکیا لە خاکی هەرێمدایە

لە ٢٠١٧ لە ناوچەی شمزینانی جۆلەمێرگەوە بە کۆپتەر ژمارەیەکى زۆر سەربازی دەوڵەتی تورکیا لە ناوچەکانى گەلیی رەش، چیای سیرۆ، چیای ئەڤدۆلکۆفی، ئاڤا حاجی بەگ دابەزێندران و بە قوڵایی ٣٠ کیلۆمەتر هاتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە، لە ناوچەی لێلکان، چیادێڵ و چەند شوێنێکى تر بنکەى نوێی سەربازیی دروستکرا.

 

تورکیا بەردەوام بوو لە ئۆپەراسیۆنەکانی و لە ٢٧ی ئایاری ٢٠١٩ ئۆپەراسیۆنی "چنگ"ی لە ڕێگەی فرۆکەی جەنگییەوە دەستپێکرد، ئۆپەراسیۆنەکانی چنگی ١ و چنگی دوو بەڕێوەچوون، دوای ساڵێک ئۆپەراسیۆنی چنگی هەڵۆ و چنگی پڵنگی راگەیاند بۆ ناوچەی هەفتانین لە سنوری زاخۆ، هەر بە ناوی چنگی هەڵۆوە لە شوباتی ٢٠٢١دا هێرشیان کردەسەر چیایی گارە و لە ماوەی هەفتەیەکدا ئاهەنگی تێکشکاندنی ئۆپەراسیۆنەکە و سەرکەوتنی بەرخۆدانی گەریلاکانی کوردستان گێڕدرا.

 

دوای ئەوەی دەوڵەتی تورکیا ئەو شکستە گەورەیەی پێ هەزم نەکرا، لە ٢٣ نیسانی هەمان ساڵدا، هێرشی داگیرکاری بۆ سەر چیاکانی مەتینا، ئاڤاشین و زاپ دەستپێکرد و زیاتر لە سێ مانگ بەردەوام بوو، بەڵام ئەوەی جێی سەرنج و ئاماژەیە بوترێت، لە هەموو ئۆپەراسیۆنەکانی دەوڵەتی تورکیادا کە ئامانج لێی داگیرکردنی باشوری کوردستانە، بەهۆی هێزی بەرخۆدانی گەریلاکانی کوردستانەوە هیچ یەکێک لە ئامانجەکانی دەوڵەتی تورکیا نەچووەتە سەر و هەمیشە بە شکستی ئەو دەوڵەتەی ئەندامی ناتۆ شەڕەکان شکاوەتەوە.

 

دەوڵەتی تورکیا شکستەکانی پێ هەزم ناکرێت

دەوڵەتی تورکیا شکستەکانی پێ هەزم ناکرێت، بۆیە لە دوای هەر ئۆپەراسیۆنێکی شکست خواردوو، دانەیەکی دیکە بەڕێوەدەبات، ئەمجارەش لە ١٧ی نیسانی ئەمساڵدا ئۆپەراسیۆنی چنگی کلیلی دەستپێکرد و هێرشی کردەسەر ناوچەکانی شیلادزێ، دیرەلوک، ئامێدی، و زاپ و چیای کورەژارۆ، لە ١٥ی مانگیشەوە تا ١٧ی مانگ زیاتر لە ١٤٧ جار هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە، لە کۆی ٧ ڕۆژ شەڕی سەخت لەو ناوچانەدا سوپای تورکیا نەیتوانیوە هیچ بەشێک کۆنترۆڵ بکات و گەریلاکانی کوردستان گورزی گەورەیان داوە لە سوپاکەی ئەردۆغان.