خوێندنگە بیانییەکان مەترسییەک لەسەر زمانی کوردی

لە هەرێمدا زیاتر لە ٣٠٠ خوێندنگەی ئەهلی بوونیان هەیە و بەشێکی زۆر لەو خوێندنگەیانە زمانی بیانی بووەتە زمانی سەرەکی خوێندنیان و زمانی کوردی و مێژووی کوردی تێدا ناخوێندرێت، دەسەڵاتی کوردیش بێباکی پێوە دیارە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە باشووری کوردستان لەپاڵ خوێندنگە حوکمیەکاندا زیاتر لە ٣٠٠ خوێندنگەی ئەهلی بوونی هەیە، ساڵانە لەگەڵ زیادبوونی ڕێژەی خوێندکاران لە هەرێمدا خوێندنگە ئەهلییەکانیش ڕوو لە زیادبوون دەکەن، لەگەڵ ئەوەی زمانی سەرەکیان بیانییە و گرنگیەکی ئەوتۆ بە زمانی کوردی لەم خوێندنگەیانەدا نادرێت و بەشێکی زۆریشیان ناوەڕۆکی خوێندنیان لەگەڵ سیستەمی پەروەردەدا تەواو جیاوازە و نرخی خوێندنیش لەم خوێندنگە تایبەتانە لە هەزار دۆلارەوە دەستپێدەکات بۆ ١٠ هەزار دۆلار، کە بەشێكی زۆر لە خێزانە پارەدارەکان مناڵەکانیان دەنێرنە خوێندنگە ئەهلییەکان بەو بیانوەی کە لە خوێندنگە حوکمەکاندا گرنگی بە خوێندکار نادرێت و زیاتر گرنگیی بە زمان دەدەن، ئەمەش وادەکات منداڵ هەستی بۆ وڵاتەکەی و کۆمەڵگەکەی نەمێنێت و زیاتر خۆی بە نامۆ ببینێت.

 

زمان یەکێکە لە بنچینە سەرەکیەکانی پێکهاتەی نەتەوەیی هەر میللەتێک، ئەگەر ئەو میللەتە بتوانێت زمانی خۆی بپارێزێت و نەهێڵێت لەناو زمانی داگیرکەر یان هەر زمانێکی تر بتوێتەوە و لەناوبچێت، ئەوە ئەو میللەتە بە زێندوویی دەمێنێتەوە، خوێندن بە زمانی دایك لە سیستەمی پەروەردەی مۆدێرندا لە هەموو دەوڵەتە نەتەوەییەكان بایەخ و گرنگیەکی زۆری پێدەدرێت، هەموو نەتەوەیەك لە چوارچێوەی دەوڵەتی نەتەوەییدا پلانێكی تۆكمەی هەیە بۆ پێشخستنی پەروەردە بە زمانی نەتەوەیی، چەسپاندنی ئەو زمانەش لە هەموو بوارەكان و هەموو دەزگاكانی ئەو وڵاتەدا پێویستە ڕەنگ بداتەوە، ئەمڕۆ زمانی كوردی لە باشووری كوردستاندا پێویستی بە دامەزراوەیەكی تایبەت هەیە بۆ پاراستن و گەشەسەندنی، هەتا لەژێر سایەی ئەودا بەها و پیرۆزیی زمانی كوردی لای تاكی كورد بگەڕێندرێتەوە و بپارێزێت.

 

خوێندنی ناحکومی وەزارەتی پەروەردە، بە ھاوکار و یارمەتیدەری خوێندنی حکومی دادەنرێت لە ھەرێمی کوردستان، ئەویش لەپێناو پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی لە خزمەتگوزاری خوێندنی حکومیدا دروستبوون بەھۆی گەشەسەندنی ھەرێم و بوونی خواست لەسەر خوێندنی جۆراوجۆر لەلایەن ھاوڵاتیانەوە.

 

خوێندن بە زمانی بیانی بووەتە مۆدێل

لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا ساڵانێکی زۆرە خوێندنگەی ئەهلی بوونی هەیە، ساڵانە لەگەڵ زۆری ڕێژەی قوتابی حوکمەت مۆڵەتی کارکردنیان پێدەدات، چونکە بەگشتی لە توانای حوکمەتدا نییە تەواوی پێداویستیەکانی خوێندن لە ئەستۆ بگرێت، کە بە یارمەتی بەشێک لە بەرهەمهێنەرەکان و لەپێناو کەمکردنەوەی خەرجی دەوڵەت و بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی پەروەردە مۆڵەتی خوێدنگەی ئەهلیان پێدەدەن.

 

خوێندنی ئەهلیش لە هەرێمدا بووەتە جۆرێک لە مۆدێل و بەشێکی زۆری پارەدارەکان منداڵەکانیان دەنێرنە ئەو جۆرە خوێندنگەیانە، لە جیهاندا خوێندنگەی ئەهلی لەژێر سانسۆری کۆمەڵێک بنەمادایە کە بۆ باشتر بەڕێوەچوونی ئاستی خوێندن و بۆ درێژەدان و ڕەخساندنی زەمینە بۆ بەردەوامبوونیان لە كێبەڕكێی خوێندنگە ئەهلییەکاندا دەبن، بۆ نواندنی بەرزترین ئاستی خزمەتی پەروەردەیی.

 

لە هەرێمی كوردستانیش خوێندنی ئەهلی وەك هەر وڵاتێكیتر لەلایەن حكومەت و وەزارەتی پەروەردەوە بە شێوازێکی بێپلان زەمینەی بۆ ڕەخساوە، وایان کردووە تەنیا چینێکی کۆمەڵگە لەم خوێندنە سوودمەند بێت، چونکە لەبەرامبەر خوێندن لەو جۆرە خوێندنگەیانەدا بڕە پارەیەکی زۆر وەردەگیرێت، ئەمەش وایکردووە چینایەتی لە ناو کۆمەڵگەدا بەشێوەیەکی زەقتر دەربکەوێت، لە هەمانکاتیشدا تەنگی بە خوێندنی حکومی هەڵچنییوە.

 

زمانی کوردی لەم خوێندنگەیانەدا بووەتە زمانێکی لاوەکی لە ناوەڕۆکی خوێندنیاندا

لە باشووری کوردستان لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە قۆناغێکی نوێ دەستیپێکردووە لە گەشەكردنی زمان بەتایبەت ڕەسمیبوونی زمانی كوردی لە دەستووری نوێی عێراقدا، لەگەڵ ئەم گەشەکردنە لە هەرێمدا بەتایبەت لە بواری پەروەردە بەشێوەیەکی بەرفراوان چەندین خوێندنگەی ئەهلی یاخود ناحوکمی کراونەتەوە، کە خویندنیان بە زمانی بیانییە و زمانی کوردی لەم خوێندنگەیانەدا نەک گرنگیەکی ئەوتۆی پێنادرێت، بەڵکو بووەتە زمانێکی لاوەکی لە ناوەڕۆکی خوێندنیاندا، ئەمەش  هەڕەشەیەکی ترسناکە بۆ سەر زمانی کوردی و نەوەی داهاتوو، ئێستا لە هەرێمدا بە ڕادەیەک بایەخ بە خوێندن بە زمانی بیانی دەدرێت، کە جێگەی بە زمانی کوردی لێژ کردووە و بووەتە هۆی ئەوەی کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە دەسەڵاتی زمانی کوردی کەمبکاتەوە و پلەوپایە و دەسەڵات بە زمانی بیانی بدات.

 

لە باشووری کوردستان زیاتر لە ٣٠٠ خویندنگەی ئەهلی هەیە و زمانی خویندنیان بیانییە

لە هەرێمدا لەپاڵ قوتابخانە حوکمیەکان قوتابخانەی ناحوکمی بە زمانەکانی(فارسی، ئینگلیزی، عەرەبی، ئەڵمانی، کۆریای باشوور، فەڕەنسی، ئیتاڵی) بوونیان هەیە، بەپێی ئامارێکی وەزارەتی پەروەردە لە ساڵی ٢٠١٩دا زیاتر لە ٣٠٠ خویندنگەی ئەهلی کراوەتەوە و زمانی خوێندنیان بە بیانییە و زمانی كوردی وەك زمانێكی لاوەكی دەخوێندرێت، بەشێکی زۆر لە دایکان و باوکان بە بێ ئاگایانە لە مەترسییەکانی ئەو جۆرە خوێندنە  منداڵەکانیان بە شانازییەوە دەنێرنە قوتابخانە ئەهلییەکان و خوێندنیان بە زمانی بیانی بێت.

 

لەم خوێندنگەیانەدا زمانی بیانی بووە بە زمانی یەکەم و زمانی دایک بووە بە زمانی دووەم و سێیەم، خەڵكێكی زۆریش یاخود کەسە دەوڵەمەنەکان منداڵەكانی خۆیان دەنێرنە ئەم شوێنە ئەهلیانە بەمەبەستی گرنگی پێدانی زیاترو فێربوونی زمانە جیاوازەكان، بەبڕوای شارەزایانی بواری پەروەردە ئەگەر ئەم بارە نەگۆڕدرێت لە چەند ساڵی داهاتوودا كۆمەڵە كەسانێك پەیدا دەبن كە شارەزاییەكی ئەوتۆیان لە زمانی كوردیدا نییە، کە بەشێک لەنیشانەکانی ئێستا دەرکەوتووە و بەشێکی منداڵان ناتوانن بە زمانی کوردی ناخ و هەست و ڕاکانیان بخەنەڕوو، ئەمەش دەبێتە هۆی گەورەترین دابڕان و نامۆییان لەنێو کۆمەڵگەدا.

 

بەشێک لە خوێندنگە ئەهلییەکان زمانی کوردی و مێژووی کوردیان تێدا ناخوێندرێت

بەشێکی زۆر لە دایکان و باوکان بە بیانووی ناڕێكی لە سیستەمی خوێندنگە حكومییەكان مناڵەکانیان دەنێرنە خوێندنگە ئەهلییەکان، لەگەڵ ئەوەی کە خوێندنگەی ئەهلی سیستەمی خوێندنەکەی جیاوازترە لە خوێندنگەی حوکمی، بەڵام  تاڕادەیەک لە خویندنگا حوکمیەکان دەچێت، هەرچەندە نرخەكانیان جیاوازن و تەنیا مەرج بۆ چوونە ئەو خویندنگایانە پارەیە و هیچیتر، کە نرخەکەی لە هەزار دۆلارەوە دەستپێدەکات بۆ ١٠ هەزار دۆلار و بڕی پارەکە بەپێی قۆناغەکان دەگۆڕێت، جا تەمەن و ڕەفتار و فێربوون لە چ ئاست و پلەیەکە بەلایانەوە گرنگ نییە، تەنانەت بێڕێزی و ڕەفتاری ناشرینی بەشێکی زۆر لە خوێندکارانی ئەو خوێندنگە تایبەتانە بەرامبەر کارگوزارەکان و مامۆستا و پڕۆسەی خوێندن بەرچاو دەکەوێت.

 

لە خوێندنگە ناحوکمیەکاندا وانەکانی خویندن لەڕووی تایبەتمەندی ناوەڕۆکەوە جیاوازن و بەشێکی زۆریان بەپێچەوانەی سیستەمی پەروەردە بەڕێوەدەچن و کەموکوڕی لە پەروەردە و فێرکردنیاندا دیارە، ئەمە لەکاتێکدایە بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردە پێویستە لە هەموو خوێندنگە ئەهلییەکان وانەکانی کۆمەڵایەتی و کوردی و عەرەبی بخوێندرێت، بەڵام خوێندنگە هەیە تەواو پێچەوانەی سیستەمی پەروەردەیە و ئەوەی پێویستە لە پڕۆگرامەکاندا بیخوێنن و تاقیکردنەوەی لەسەربکەن ئەوان نایخوێنن.

 

تەنانەت لە بەشێک لەو خوێندنگەیانە زمانی کوردی و مێژووی کوردیان تێدا ناخوێندرێت، بە جۆرێک کە خوێندنگە هەیە کتێبیشی نییە، بەوپێیە بەشێکی زۆر لەم خوێندنگەیانە لە سیستەمی پەروەردە لایانداوە و دەسەڵاتی کوردیش بۆ ئەم پرسە بێباکی پێوە دیارە، بەبڕوای شارەزایانی بواری پەروەردە ناوەڕۆکی خوێندن لەم خوێندنگەیانەدا لەهەر قۆناغێکدا بێت، دەبێت لە چوارچێوەی یاسا بێت و بە شێوازێکی ستاندارد بێت، چونکە پڕۆسەی پەروەردە چارەنووسی نەوەی داهاتوو دیاریدەکات.

 

دەسەڵاتی كوردی بۆ پێشخستنی زمانی كوردی بێباكی پێوە دیارە

وڵاتانی جیهان بەگشتی لە هەوڵی پاراستنی زمان و ناسنامەی مێژووی نەتەوەییاندان، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لە باشووری كوردستان سەبارەت بە زمان دەگوزەرێت تەواو بە پێچەوانەی ئەو ئاڕاستە نەتەوەییەیە، بە جۆرێک کە دەسەڵاتی كوردی بۆ پێشخستنی زمانی كوردی تەواو بێباكە و پێیوایە زمان تەنیا ئامڕازێكە و ناسنامە نییە، بە ڕادەیەك بایەخ بە زمانی بیانی و خویندنگەی ئەهلی دەدات کە خوێندن بە زمانی بیانی لە هەرێمەکەدا باڵادەست كردووە و بووە بە ‌هەڕەشە بۆ سەر زمانی كوردی، بەبڕوای پسپۆرانی بواری پەروەردەش ئەمە کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی هەستی منداڵ بۆ وڵاتەکەی و کۆمەڵگەکەی و زیاتر خۆی بە نامۆ دەبینێت.