بەناوبانگترین ئەو ژنانەی لەپێناو یەکسانیدا تێکۆشانیان کردووە

تێکۆشانی ژنان لە جیهانەوە تا کوردستان توانیویەتی گۆڕانکاری بەرچاو لە دۆخی ژناندا بکات، لە کوردستان حەپسەخانی نەقیب پێشەنگی کردنەوەی قوتابخانەیە بۆ کچان و لە جیهانیشدا دەیان ژن هەبوون کە مافە دەستوورییەکانیان بۆ ژنان چەسپاند.

ناوەندی هەواڵ

 

ژنان لە ویلایەتە یەگرتووەکانی ئەمریکا لە ٢ی ئابی ١٩٢٠ مافی دەنگدانیان پێدرا، بەهۆی چاکسازی کردن لە ناسنامەی ١٩ی دەستووردا، ئەم ماف پێدانە لە ئەنجامی تێکۆشانی بەشێک لەو ژنانەدا بوو، کە بە مێژوودا تێپەڕیوون و تا ئێستا کاریگەری تێکۆشانیان لە ژیانی ژنان و کۆمەڵگەدا درێژەی هەیە.

 

بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی ''ئەنسایدەری'' ئەمریکی، نووسەر مێگان کوک باسی لە بەناوبانگترین ئەو ژنانە کردووە کە سومبولی بەرەنگارین و جێ پەنجەیان لە ڕووبەڕوو بوونەوەی جیاکاری دژ بە ژن و ڕەگەزپەرستی و پەراوێز کردندا جێهێشتووە.

 

سۆرجنەر تروس

سۆرجنەر تروس بە ڕەگەز ئەفریقیە و لە ساڵی ١٧٩٧ لە ریفتۆنی سەر بە ویلایەتی نیویۆرک لە دایکبووە، لە پاڵپشتیکەرانی جولانەوەی ئازادی بووە لە کۆیلایەتی، کاتێک تەمەنی ٢٩ ساڵان بووە توانیوێتی لەگەڵ کچەکەی بەرەو یازدی ڕابکات.

 

بووە یەکەمین ژنی بە ڕەگەز ئەفریقی دۆسیەیەک دژی پیاوێکی سپی پێست بباتەوە و کوڕەکەی لە ژێر چنگی کۆیلایەتی ڕزگار بکات، لە کۆنگرەیەکی مافی ژنان لە ئۆهایۆ لە ساڵی ١٨٥١ وتی "ئایا من ژنم؟" هەمووان بە وتەکەی سەرسامبوون و بیرۆکەیەکی بەهێزی لەسەر ڕووداوەکانی جیاکاری و کۆیلایەتی دانێ، بەتایبەت لە جەنگی ناخۆیدا.

 

سوزان ئەنتۆنی

سوزان ئەنتۆنی لە شاری ئەدمز لە ویلایەتی ماساچوستس لە ساڵی ١٨٢٠ لەدایکبووە، یەکەمین ژنە مافی دەنگدانی پێدراوە و تەواوی ژیانی لە داواکاری بۆ مافی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکان و یەکسانی نێوان ژن و پیاو بەسەر بردووە.

 

یەکەمین ژن بووە لە هەڵبژارندەکاندا دەنگ بدات، ساڵی ١٨٧٢ دەستبەسەر کراوە. کاتێک هەوڵیدا بەشداری لە دەنگداندا بکات، دوای چەند ساڵێک ئەم دادگایی کردنەی بووە هۆی ئەوەی پێشنیاری چاکسازی کردن لە دەستووری ١٩دا بکات بۆ گۆنگرێس، سەرەڕایی ئەوەی تا ساڵی ١٩٢٠ واژۆی لەسەر نەکرا، بەڵام چاکسازیەکە بە ناوی سۆزان ئەنتۆنیەوە ناسرابوو.

 

ئێدا وێڵز

ئێدا وێڵز لە هۆڵی سپین میسیسپی لە ساڵی ١٨٦٢ لەدایکبووە بە ڕەچەڵەک ئەفریقیە، کاری ڕۆژنامەوانی و مامۆستای کردووە، ڕابەری مافەکانی مەدەنی بووە و یەکێک بووە لە ئەندامانی دامەزرێنەری ''کۆمەڵەی نیشتیمانی پێشکەوتنی ڕەنگاوڕەنگ''، زۆرینەی ژیانی وەک ڕۆژنامەنووسێکی لێکۆڵەر و مامۆستا بەسەر بردووە.

 

فریدا کاهلو

وێنەکێشی بەناوبانگ فریدا کاهلو لە ساڵی ١٩٠٧ لە دەوروبەری شاری کۆیکان لە مەکسیک لەدایکبووە، پیشەکەی بۆ گوزارشت کردن لە بابەتە قەدەغەکراوەکانی وەک لەباربردنی منداڵ و شیرپێدانی سروشتی و چەندین بابەتی تری تایبەت بە کاروباری ژنانەوە بووە، هەروەها چالاکی سیاسی لەگەڵ دیگۆ ڕیڤرای هاوژینیدا هەبووە و سەر بە بزوتنەوەی کۆمۆنیزم بوون.

 

سیمۆن دی بوڤوار

سیمۆن دی بوڤوار، نووسەر و فەیلەسوف و چالاکوانی سیاسی، لە ساڵی ١٩٠٨-١٩٨٦ لە شاری پاریسی پایتەختی فەڕەنسا لەدایک بووە، لەگرنگترین کارە کاریگەرەکانی کتێبی "ڕەگەزی دووەم'' بووە، کە لە ساڵی ١٩٤٩ پشکێکی سەرەتای قسەکردن بوو لەسەر جوڵەکانی ژنانی ڕۆژئاوا، هەروەها بە قەدەغەکردنی کتێبەکە لەلایەنه ڤاتیکانەوە، نەبووە ڕێگر لەبەردەم تێکۆشانی لە پێناو یەکسانیدا.

 

ساڵی ١٩٧٠ هاوکاری جوڵانەوەی ئازادی ژنانی فەڕەنسای کرد و واژۆی لەسەر بەیاننامەی ژمارە ٣٤٣ کرد کە وتوێژی مافی لەباربردنی دەکرد، بە درێژای حەفتاکان بەشداری لە ناڕەزایەکان کردووە و لە نووسین و پێدانی وانە لەسەر باردۆخی ژن بەردەوام بووە.

 

یوری کۆشیاما

یوری کۆشیاما لە سان پیدرۆی ولایەتی کالیفۆرنیا لەدایکبووە، داکۆکی لە کۆمەڵێک ڕوداو کردووە و لە زۆرێک لە جوڵانەوەکانی دژی شەڕ و جوڵانەوەی ئازادی ئەمریکی بە ڕەچەڵەک ئەفریقیەکان و جوڵانەوەی ئەمریکیەکان لە ئاسیادا بەشدار بووە، پشتگیریکارێکی بەهێزی زیندانیانی سیاسی ئەمریکیەکان بووە، بەهۆی تێکۆشانە بەردەوامەکانی دژی ڕەگەزپەرستی لە ساڵی ٢٠٠٥ هەڵبژێرا بۆ خەڵاتی نۆبڵ.

 

دۆلۆریس هوێرتا ڕەمزی تێکۆشان

دۆلۆرێس هوێرتا ئەمریکیە و بە ڕەچەڵەک خەڵکی مەکسیکیە لە ١٠ی نیسانی ١٩٣٠ لە شاری داونسۆن لە نیو مەکسیکۆ لەدایکبووە، چالاکوان و دامەزرێنەری سەندیکای'' کرێکارانی کێڵگەی یەکێتی لە ئەمریکا'' یە و بە ڕەمزی تێکۆشان لە پێناو کرێکاران و ژنان لە ولایەتە یەکگرتووەکان دادەنرێت، هێشتا لەپێناو مافەکانی کرێکاران و ژنان و کۆچبەراندا دەجەنگێت، ساڵی ٢٠١٢ خەڵاتی ئلینۆر ڕۆزڤلتی بۆ مافەکانی مرۆڤ وەرگرتووە.

 

ڕوس بادر گینسبرگ

روس بادر گینسبرگ لە ١٥ی ئاداری ١٩٣٣ لە شاری بڕۆکلین لە نیویۆرک لەدایکبووە، ڕۆس لە دادگای باڵای ئەمریکا پیشەی دادوەری دەکات، جگە لەوەی ڕاوێژکاری سەرەکی پرۆژەی پشتگیری کردن لە مافەکانی ژنانی سەر بە ڕێکخراوی'' یەکێتی ئەمریکا بۆ ئازادیەکانی مەدەنی''یە، لە سەرەتای ڕێڕەوی پیشەی پارێزەریدا، لە پێناو یاساکانی جیاکاری ڕەگەزیدا جەنگاوە، پاڵپشتی خۆیی بۆ جوڵانەوەی #me too بۆ بەرەنگاری دەستدرێژی سێکسی دەربڕیوە.

 

گلۆریا ستانیم

گلۆریا ستانیم لە ٢٥ی ئاداری ١٩٣٤ لە شاری تۆلیدۆی هەرێمی ئۆهایۆ لەدایکبووە، چالاکوان و ڕۆژنامەنووسێکی کۆمەڵایەتیە، رابەری دیاری جوڵانەوەی ژنانە لە شەستەکان و حەفتاکاندا، هێشتاش ڕۆڵێکی دیار دەبینیت لە ململانێی یەکسانی نێوان ژن و پیاودا.

 

سەرکەتووە بووە لە خستنەگەری گۆڤاری ''میس'' لە حەفتاندا، کە یەکەمین چاپگەری ژنان بووە لەوکاتەدا، لە ساڵەکانی ئەم دوایەشدا پشتگیریکەرێکی بەهێزی ژنان بووە.

 

ئۆدری لۆرد

ئۆدری لۆرد لەساڵی ١٩٣٤ لە شاری نیویۆرک لەدایکبووە، خۆیی بە شاعیر، جەنگاوەر، دایک و عاشق وەسفکردووە، ئۆدری سەرباری نابینایی و ناڕێکییەکەی لە کاتی قسەکردندا، بەڵام پێشەنگی ژنان بووە بۆ تێکۆشانیان.

 

دوای بەدەست هێنانی بڕوانامەی ماستەر لە زانستی کتێبخانەدا لە زانکۆی کۆڵۆمبیا لە ساڵی ١٩٦١، یەکەمین دیوانی هۆنراوەی ناڕەزایی بە ناونیشانی''Cable to Reige'' بەرهەم هێنا، هۆنراوەی دیکەشی لەسەر بابەتی ڕەگەز پەرستی و مافەکانی ژن نووسیوە.

 

مارشا بی جۆنسۆن

لەژێر ناوی ماڵکۆم مایکڵز جۆنیۆر لە ٢٤ی ئابی ١٩٤٥ لە ئیلیزابێس نیوجێرسی لەدایکبووە و ساڵی ١٩٩٢ لە نیویۆرک کۆچی دوای کردووە، چالاکوان و ''Drag Queen'' و کەسایەتی دیاری ناو سەرهەڵدانەکانی ژنان بووە.

 

سیلڤا ڕیڤیرا

سیلڤا ڕیڤیرا لەساڵی ١٩٥١ لە وڵاتە یەگرتووەکان لەدایکبووە و بە ڕەچەڵەک خەڵکی ئەمریکای باشوورە، لە ڕێرەوی بەشداری کردنی لە ڕاپەڕینی ستۆنۆل لەساڵی ١٩٦٩ دەرکەوتوە و داکۆکی لە ژنان کردووە، لە دیمانەیەکی تەلەفیزیۆنیدا دەڵێت ڕادیکاڵیم و شۆرشگێڕم و شانازی دەکەم بە یارمەتیدانم بۆ گۆڕینی یاساکان.

 

سالی ڕاید

سالی ڕاید لە ساڵی ١٩٥١ لە لۆس ئەنجلۆس لەدایکبووە، لەساڵی ٢٠١٢دا کۆچی دوایی کردووە، فیزیاوانێکی ئەمریکیە و ڕابەری فەلەکی پێشووی ئاژانسی ناسایە، یەکەمین ژنە ئەمریکی بووە چووەتە بۆشایی ئاسمان، پێنج کتێبی زانستی بۆ منداڵان نووسیوە، پرۆژەی زانستی بۆ خوێندکارانی ئارەزوومەندی زانست ڕەخساندووە، خەلاتی جیڤەرسۆن بۆ خزمەتگوزاری گشتی پێدراوە، دووجاریش مەدالیای ناسای بۆ فرۆکەوانی بۆشایی ئاسمان وەرگرتووە.

 

ڕۆکسان گای

ڕۆکسان گای لە ساڵی ١٩٧٤ لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەدایکبووە نووسەر و مامۆستایەکی ئازادە، لە ساڵی ٢٠١٤دا گۆڤاری نیویۆرک تایمز کتێبی پڕ فرۆشی ''باد فێمینیست''ی بڵاوکردەوە کە کۆمەڵێک وتاری دەربارەی سێکس، پاکتاو، سیاسەتی لەخۆگرتبوو، لە ساڵی ٢٠١٧شدا بیرەوەری خۆی بەناوی "برسێتی" خستە بەردەست و تیشکی خستبووە سەر پەروەردەکردنی.

 

شیماندا نگۆزی ئەدیشی

شیماندا نگۆزی ئەدیشی لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٧ شاری ئەنگۆی وڵاتی نێجیریایە، بەشداربووە لە بەرەوپێشبردنی بەرنامە گفتوگۆ بەناوبانگەکەی بەناوی ''پێویستە لەسەر هەموومان فێمێنیست بین'' پاڵپشتیەکیش بوو بۆ کتێبەکەی کە بەهەمان ناوەوەیە، پاش ماوەیەکی کەم لە تەواوکردنی خوێندن لە زانکۆی دراکسل لە ولایەتە یەگرتووەکان، ساڵی ٢٠١٦ یەکەمین کتێبی خۆی بڵاوکردەوە، تێکستیی گۆرانیەکەی گۆرانیبێژ بێۆنسێی نووسیوە بەناوی ''فلۆیس'' و سەرچاوەی ئیلهامی جوڵانەوە سیاسیەکان بووە تا ببێتە دەنگێکی دیاری تێکۆشان، لەپێناو جوڵانەوەی ژنان لە بوارە جیاوازەکاندا.

 

مەلالە یوسفزای ڕەمزی منداڵی و ئیرادەیەکی بەهێز

مەلالە یوسفزای لەدایکبووی ١٩٩٧ وادی سواتی پاکستانە، کە لەژێر دەسەڵاتی جوڵانەوەی تاڵیباندا بوو، لە تەمەن ١١ ساڵیدا وردەکاری ژیانی و تەجروبەی خۆی لەژێر داگیرکاری ڕێکخستنی تاڵیبان تۆمارکردووە و بۆ کەناڵی ''بی بی سی'' بەڕیتانی ناردووە، ڕەخنەی لەو توندوتیژیانەی تاڵیبان گرتووە کە خوێندنگای کچانیان دەسوتاند و ئەو کەسانەشیان دەکوشت کە ناڕەزایان دەردەبڕی لە وادی ستوات و دەوروبەری.

 

لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا هەوڵی تیرۆکردنی دراوە لەلایەن تاڵیبانەوە و لە هێرشێکدا بریندار بوو و گولـلە بەر سەری کەوت و دواتر ڕزگاری بوو، چیرۆکەکەی مەلالە پشتگیریەکی جیهانی لێکرا و وەک ئەستێرەی چالاکوانی کۆمەڵایەتی ژنان گەشایەوە، ڕێکخراوێکی زانستی بەناوی ''سندوقی مەلالە'' دروستکرد و کتێبیکیشی بەناوی ''من مەلالەم'' نووسیوە، ساڵی ٢٠١٢ خەڵاتی نۆبڵی پێدرا بەوەش بووە بچوکترین کەس ئەم خەڵاتە وەربگرێت، هێشتا تەمەنی ١٧ ساڵی تێپەڕ نەکردبوو، هێشتاش بانگەشە بۆ فێربوونی کچان و یەکسانی نێوان ڕەگەزی نێر و مێدا دەکات.