ڕۆژنامەنووسان: زمانی ڕاگەیاندن نەبووەتە زمانێک لە خزمەتی گەلدا بێت
بەهۆی بوونی چەندین ڕاگەیاندنی حیزبی و ئاڕاستەکراو، زمانی کوردی لە ڕێگای ڕاگەیاندنەوە بەرەو لەناوچوون دەچێت، لە کاتێکدا ئەرکی ڕاگەیاندنە مۆرکی زمان بپارێزێت، بەڵام چەندین وشەی بیانی تێکەڵ بە زمانی ڕاگەیاندن کراوە کە کاریگەری لەسەر نەوە بە نەوە دروستدەکات.
شنیار بایز
سلێمانی- زمانی ڕاگەیاندن و ئەو زمانەی ئێستا لە دەزگا ڕاگەیاندنەکاندا بەکاردەهێندرێت، زمانێکە کە تەواو مۆرکی نەتەوەی کوردی هەڵنەگرتووە، تێکەڵکراوە بە کۆمەڵێک وشەی بیانی، هۆکاری ئەمەش بوونی دەسەڵاتی حیزبە لەناو ڕاگەیاندنەکاندا.
ڕاگەیاندن ئەو جێگەیەیە کە دەبێت زمانی ڕەسەنی نەتەوە بپارێزێت، بەڵام لە ڕاگەیاندنەکانی باشووری کوردستان لە ڕێگەی زمانەوە دوورکەوتنەوە لە نەتەوە هەیە، هەربۆیە ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنوس و ڕاگەیاندنکارەکانی خستووەتە ناڕەحەتییەوەو هەموان کۆکن لەسەر ئەوەی زمانی کوردی بەرەو ئاقارێکی خراپ براوە.
ڕۆژنامەنوسان تاڤگە محەمەدو سەرکەوت عەلی تایبەت بە زانستی زمان و بەکارهێنانی وشەی دروست بۆ نوژنها قسەیان کرد.
"زمانی ڕاگەیاندن بووەتە زمانێکی زبر"
تاڤگە محەمەد، ڕاگەیاندنکار دەربارەی زمانی ڕاگەیاندن لە ئێستادا ئاماژەی بەوەدا زمانی ڕاگەیاندن زمانێکی زبرە، لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە باش بەکارنایەت و کەلێن دەخاتە ناو کۆمەڵگاوە، هەندێک کات کۆمەڵگا لەیەک دەترازێنێت، بۆیە پێویستە لە هەموو دۆخ و سەردەمێکدا زمان یەک زمان بێت و یەک ئاڕاستەی هەبێت.
وتیشی: "زمانی ڕاگەیاندن لە هەر ماوەو بە جۆرێک ئاڕاستە دەکرێت، ئەوەی ئاڕاستەی دەکات حیزبە چونکە ڕاگەیاندنەکان بوونەتە جێگای حیزبی، کاتێکیش ئەم زمانە حیزبیانە بەکاردەهێنرێن کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا جێدەهێڵێت و نەوە لە دوای نەوە کاریگەرییەکە دەگوازرێتەوە، بە تایبەت کاریگەرییە خراپەکان زیاتر دەمێننەوە چونکە خەڵکی زیاتر کاریگەر دەبن پێی و دەیڵێنەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد بەهۆی ئەوەی ڕاگەیاندنەکان لەلایەن حیزبەوە ئاڕاستە دەکرێن، هەر گۆڕانکارییەک لە حیزبێکدا ڕووبدات یاخود پەیوەندی کەسانی ناو حیزبەکە کاریگەری دروست دەکات لەسەر زمانی ڕاگەیاندن و بە پێی ئەو دۆخە بابەتەکان دەنوسرێت.
تا چەند زمانی ڕاگەیاندن خزمەت بە ژن دەکات؟
لە وەڵامدا تاڤگە محەمەد وتی: "هەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نیم بابەتی ژنان و توندوتیژی سەریان زەق بکرێنەوە لە ڕاگەیاندنەکاندا، زۆربەی میدیاکان لە بابەتی کوشتنی ژنان دەڵێن ژنێک کوژرا، هیچ کامیان ئاڕاستەی بابەتەکەیان بە جۆرێک نییە چارەسەری بۆ کوشتنی ژنێک بدۆزنەوە، ئەوەی دەتوانێت بەشێک لە کێشەی کوشتنی ژنان کەمبکاتەوە، زمانی ڕاگەیاندنەکانە، بەڵام ڕاگەیاندنەکان لە بەرژەوەندی ژن نانوسن".
ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو بابەتانەی بڵاو دەکرێنەوە لە هەندێک لەو کەناڵانەی خۆیان بێ ڕکابەر دەزانن زۆرینەی وشەی ئینگلیزی و زمانی دیکەیان تێکەڵە، کە ئەمە خزمەت بە نەتەوەی کورد ناکات.
"ڕاگەیاندنکاران و ڕۆژنامەنووسان دەبێت شارەزای زمان بن"
تاڤگە محەمەد لە کۆتایی قسەکانیدا پێیوایە کە هەر ڕۆژنامەنوس و ڕاگەیاندنکارێک کاتێک لە دەزگایەکدا کار دەکات دەبێت شارەزایی لە زماندا هەبێت و ستانداردی زمانی کوردی ئەو دەزگایە شارەزابێت، وتیشی: "پێویستە لەناو دەزگاکاندا خول هەبێت بۆ پێدانی زانیاری دروست لەسەر زمانی کوردی بۆ ئەوەی چیتر زمان بە ئاڕاستەیەکی خراپدا نەبرێت".
"لەم هەرێمە پاش ٣٢ساڵ حکومڕانی، خۆمان زمانمان توشی پاشاگەردانی (ئانارشیست) و قەیران کردووە"
سەرکەوت عەلی ئاماژەی بەوەکرد کە زمانی ڕاگەیاندن، لە میدیای کوردی بە هەر سێ بەشی نوسراو، بینراو و بیستراو لە ئاستێکی زۆر نزمدایە، بەهۆی ئەوەی ڕاگەیاندنی کوردی حیزب و دەسەڵاتێک بەڕێوەی دەبات، وتی: "زمان نەک تەنها لە قەیراندایە بەڵکو توشی لە قاڵبدانی حیزبی بووە، هەر ڕاگەیاندنەو بەو شێوەیەی خۆی دەیەوێت بەکاری دەهێنێت، زمان زانستە، بەشێکە لە کەرامەتی نەتەوە هەروەها ئاست و پێوەری کەسەکان دیاری دەکات چونکە تا زمان نەکەیتەوە و قسە نەکەی نازانرێت لە چ ئاستێکدای".
ئەوەشی خستەڕوو، لە پای دەسەڵاتی کوردی و هەرێم، لە بەشەکانی دیکەی کوردستان دوژمن زمانی کوردی توشی قەیران کردووە، نمونەی زارا محەمەدی دێنێتەوە و دەڵێت: "کاتێک هەوڵ دەدات منداڵێک فێری زمانی کوردی بکات توشی ئەشکەنجە و زیندان دەبێتەوە، بەڵام لە هەرێم حکومەت زمانی توشی قەیران کردووە کە دەبوو داواکاری گشتی ڕێگری لێبکات، دەسەڵاتدارانی هەرێم لە تێکدان و لە لەناوچوونی زمانی کوردی هەڵوێستیان نییە".
ئاماژەی بەوەکرد کاتێک کەسێک کاریگەری زمانی عەرەبی لەسەر بێت کە لە دەزگایەکی کوردیدا کاردەکات زمانەکەی ڕەنگدانەوەی زمانی عەرەبییە، بۆ تورکی و فارسیش بە هەمان شێوە، لەبەر ئەوەی لە باشوور جۆرە ئازادییەک هەیە و ڕاگەیاندنەکان کەسانێکی بیانیان تێدایە بووەتە هۆکار بۆ بەلاڕێدا بردنی زمانی کوردی.
تا چەند زمانی ڕاگەیاندن لە خەمی نەتەوەدایە؟
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا وتی: "شتێک نەماوە بە واتای خەمی نەتەوە لە هەرێمی کوردستان چونکە ئەم هەرێمە لەت لەت بووە، هەمووی دابەش بووە بەسەر چەند حیزبێکدا، بۆیە ئەو دەستەواژانەی بەکاری دەهێنن بۆ خزمەتی نەتەوەی کورد نییە".