خوداوەند ساتی چۆن بوو بە ژنێکی کۆیلە؟ – ١
فیگەن ئاراس، لە گۆڤاری ژنۆلۆژی ڕۆشنایی دەخاتە سەر ڕەگ و ڕیشەی کولتووری ساتی و گۆڕینی لە ئاماژەی خوداوەندێکی یاخیبووەوە بۆ ئاماژەیەک بۆ ژێردەستەکردنی ژنان و چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەفسانە و ئایین و فەلسەفە و زانست بۆ چەسپاندنی ملکەچبوونی بۆ پیاوان.
ئارژین دیلەک ئۆنجەل
ئامەد- قەتیسکردنی ژنان لە کایەی پیاواندا یەکێکە لەو شێوازە کۆنانەی کە جیاوازیەکانی بەردەوام کردووە و ژنانی لە پێگەی ژێردەستەیی و کۆیلەکردندا هێشتووەتەوە، ئەم نەخشە بە درێژایی مێژوو بە شێوەی جیاواز لە سەرانسەری جیهاندا خۆی دەرخستووە، کە نەریتی "ساتی" لە هیندستان نموونەیەکی سەرەکییە.
کاتێک بۆمان دەردەکەوێت کە کولتووری ساتی کە لە ئێستادا جێگەیەکی ناوەندی لە تەوەری تەڤگەری ژنانی کورددا داگیرکردووە، ڕەگ و ڕیشەی خۆی دەگەڕێتەوە بۆ خوداوەندی یاخی ساتی، جارێکی دیکە درک بەوە دەکەین کە چۆن جیهان لە قۆناغێکی ڕێزگرتن لە ژنان لە کولتووری خوداوەندەکاندا بۆ قۆناغێکی کۆیلەکردن و ملکەچکردنیان لە ڕێگەی پراکتیزە کۆمەڵایەتییەکانەوە گواسترایەوە.
ساتی... نەریتێکی کۆن کە ڕەگ و ڕیشەی ژێردەستەیی ژنان ئاشکرا دەکات
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە پەیامەکەیدا بە بۆنەی ٨ی ئادارەوە باسی لە بابەتەکانی پەیوەست بە کولتووری ژنانی کۆشک و کولتووری ساتی و گرنگی بونیادنانی نمونەی ژنی ئازاد کرد، ساتی نەریتێکی کۆنی هیندییە، لە سەردەمی مۆدێرن قەدەغە کراوە و بە واتای "ئەو ژنەی خۆی دەکاتە قوربانی بۆ هاوژینەکەی"، بەپێی فەلسەفەی کاستی ڕاجپوت، ساتی بەو ژنە دڵسۆزە دادەنرێت کە خۆی وەک دیاری پێشکەش دەکات، لەم نەریتەدا ژنێک کە هاوژینەکەی مرد، ناچار دەکرا، یان هەڵیبژێرێت کە خۆی لەناو ئاگری پرسەکەیدا بسوتێنێت- واتە بە زیندووی خۆی بسوتێنێت- لە کاتێکدا ئەمە پیاوان ناگرێتەوە، سەرەڕای قەدەغەکردنی ئەم نەریتە، کاریگەری و کاردانەوەکانی تا ئەمڕۆش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا ئامادەن.
فیگەن ئاراس، لە گۆڤاری "ژنۆلۆژی"، شیکارییەکی لەبارەی کولتووری ساتی و ڕەنگدانەوەکانی لە ڕاستی هاوچەرخدا پێشکەش کرد، ناوبراو ئاماژەی بە زانیارییە سنووردارەکانی بەردەست لەم کولتوورە کرد و بیری هێنایەوە کە عەبدوڵا ئۆجالان لە شیکارییەکانیدا بۆ تاقیکردنەوەی سیاسەتمەدار پێرڤین بوڵدان، داوای لە هەموو ژنان کردووە بە قووڵی لێکۆڵینەوە لەم کولتوورە بکەن و بیر لە بوونی لە ژیان و ئەزموونە کەسییەکانیان بکەنەوە.
ڕوونیکردەوە کە کولتوری "ساتی" لە هیندستان بریتییە لە فڕێدانی ژنێک بۆ ناو ئەو ئاگرەی کە هاوژینە مردووەکەی تێیدا دەسوتێنرێت، یان تەنانەت خۆی فڕێدەداتە ناویەوە، ئەم چەمکە بەو شێوەیە پێناسە دەکرێت کە ژنێک دوای هاوژینەکەی خۆی دەسوتێنێت، بەڵام پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە، ئامانج لەم کولتوورە چییە؟ وە نوێنەرایەتی چی دەکات لە ژیان و ناسنامەی ژندا؟
ڤیژن ئاراس ڕەخنەی لەم نەریتە گرت و وتی: کە تێڕوانینێک بۆ ژنان ئاشکرا دەکات وەک درێژکراوەی تەنها پیاوان و یەدەگەکانیان و موڵکەکانیان، کە ناتوانن بەبێ ئەوان بژین، بۆیە ئەگەر ئەو پیاوەی "خاوەنی" ئەو ژنەیە بمرێت، دەبێت ژنەکە لەگەڵیدا بمرێت، وەک چۆن بە بێ خاوەن دادەنرێت، واتە بەبێ پیاو، لەم ڕوانگەیەوە، کولتووری ساتی پەڵەیەکی ترسناکە لەسەر بوونی ژن و ڕاستی، وەک چۆن لە ماوەی هەزاران ساڵدا لە هیندستان، کە یەکێک لە قێزەونترین شێوازەکانی ژێردەستەیی ژن پێکهێناوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ساتی لە بنەڕەتدا خوداوەندێک بووە لە هیندستان، خۆشەویست و بەهێز و داهێنەر و خاوەنی وزەی داهێنەر بووە، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات لە کەسایەتییەکی ئەرێنیەوە گۆڕا بۆ وێنەیەکی نەرێنی و ملکەچ کە بەستراوەتەوە بە پیاوانەوە، ئەفسانەکان باس لەوە دەکەن کە چۆن ساتی خۆی فڕێداوەتە ناو ئاگرەکەوە دوای ئەوەی باوکی ڕەتیکردووەتەوە هاوسەرگیری لەگەڵ خودایەکدا بکات، وەک ئەوەی بڵێت "ئەم جەستەیەی لێم وەرگرتووە، دەگەڕێمەوە بۆت؛ چیتر نامەوێت"، لەم کردارەدا یاخیبوون و توڕەیی و ئیرادەی ئازاد دەردەکەون، دەتوانرێت بە ساتێکی بڕیاری ژنان هەژمار بکرێت.
"ساتی: لە ئەفسانەوە بۆ سیاسەتی ژێردەستەیی ژن"
فیگەن ئاراس وتی: خۆ فڕێدان بۆ ناو ئاگر لە ئەفسانەدا پەیوەستە بە سووڕی ژیانەوە و نابێت وەک "کردەوەی خۆکوژی" تێبگەین، بەڵام ئەم ئەفسانەیە بە خێرایی بڵاوبووەوە و لە واتای ڕەسەنی خۆی خاڵی بووەوە، گۆڕا بۆ نەریتێک کە ئەو بیرۆکەیە بەهێزتر دەکات کە ژن لە وێنەی ساتیدا بوونێکی ملکەچ و بێ بەهایە و ناتوانێت بەبێ ئەو بژی، بەم شێوەیە ئەم نەریتە بەو واتایە هات کە ژنێک دوای مردنی هاوژینەکەی بە زیندووی دەسوتێنرێت، ژیانی لەگەڵ هاوژینەکەیدا لەدەست دەدات- ئەمەش یەکێکە لە دڕندەترین پراکتیزەکان بەرامبەر بە ژنان.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە مێژوو پڕە لە نموونەی شێواندن و چەواشەکردنی سروشتی ڕاستەقینەی ژنان، ئەمەشی گەڕاندەوە بۆ بەکارهێنانی ئەفسانە وەک چوارچێوەیەکی هزری لەلایەن کەسانی دەسەڵاتدارەوە، هەروەها ئەفسانەی هیندستان گێڕانەوەیەکی فەلسەفی قووڵ و جووڵاو سەبارەت بە دروستکردن و بوون پێشکەش دەکات، بەڵام ئەم ڕەهەندە مرۆییە شێواوە، ئەفسانەکان لە واتای ڕەسەنی خۆیان خاڵی کراون و شێوەیان بۆ خزمەتی بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتدارەکان دانراوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئاژاوەی و شێواندنی سروشتی ڕاستەقینەی ژن.
ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک ئەفسانە دەکەوێتە دەستی زلهێزە باڵادەستەکان، دەبێتە ئاماژەیەکی کاریگەر بۆ چەسپاندن و بەردەوامکردنی کاریگەرییەکانیان، بەم شێوەیە فیگەری ساتی لە خوداوەندێکی گەورە و داهێنەر و بەنرخ و ڕێزدارەوە گۆڕاوە بۆ وێنەی ژنێکی ملکەچی پیاوەکەی و دوای ئەو فڕێدراوەتە ناو ئاگر و ڕۆڵی لە کۆیلەیەکی ملکەچدا کورتکراوەتەوە.
ڕوونیکردەوە کە کولتووری ساتی لە ناوچەیەکدا قەتیس نییە، بەڵکو بە شێوازی جیاواز لە سەرانسەری شوێنە جوگرافییە جیاوازەکاندا خۆی دەردەخات، هەروەها پراکتیزەی هاوشێوەی ساتی لە ناوچە جیاوازەکانی جیهان دەدۆزرێتەوە، لە چین ژنان ناچاربوون پێڵاوی ئاسنی دوو قەبارە بچوکتر لە پێیەکانیان لەبەر بکەن بۆ ئەوەی لە ڕۆیشتنیاندا ناسکتر دەربکەون، لە ئەفریقا لە منداڵییەوە ئەڵقە لە ملی مندالانی کچ دادەنرێت بۆ درێژکردنەوەی ملیان، لە کاتێکدا پراکتیزەکردنی خەتەنەکردنی مێینە "FGM" تا ئەمڕۆش لە نزیکەی ٢٥ وڵات بەردەوامە.
ڕوونیکردەوە، کە خەتەنەکردن یەکێکە لە جۆرەکانی نەریتی ساتی، مەبەست لێی گەیاندنی ئەو پەیامەیە کە ژن دەبێت تا ڕۆژی هاوسەرگیرییەکەی "بە ئاسایش" بمێنێتەوە و پێشتر پەیوەندی لەگەڵ هیچ پیاوێکدا نەبێت، بەڵام ئەم کارە دڕندانەیە دەرئەنجامە وێرانکەرەکانی بەجێدەهێڵێت، چونکە ژنان و منداڵانی کچ تووشی ئازارێکی زۆر و نەخۆشی سەخت دەبن، بەپێی خەمڵاندنەکان نزیکەی ٣٠ ملیۆن ژن خەتەنەکردنیان ئەنجامداوە، ژمارەیەکی بەرچاویش بەهۆی هەوکردنەکانەوە گیانیان لەدەستداوە، ئەم پێشێلکارییانە لە وڵاتانی موسڵماندا زۆرن، کە ژنان وەک موڵکی پیاوان و کەلوپەلەکانیان و کاڵاکانیان سەیر دەکرێن- بوونەوەرێک کە دەبێت ملکەچی ئەوان بن، بەم شێوەیە نەریتی ساتی ئیتر تەنها لە فڕێدانی ژن بۆ ناو ئاگر یان مردنی دوای مردنی هاوژینەکەی سنووردار نەبووە، بەڵکو تا ئەمڕۆش بە شێوەی جیاواز بەردەوام بووە و لە قێزەونترین شێوەی خۆیدا کولتووری ژێردەستەیی ژنانی بەرجەستە کردووە.
بەرهەمهێنانەوەی ژێردەستەیی ژنان لە ڕێگەی ئایین و فەلسەفە و زانستەوە
فیگەن ئاراس ڕایگەیاندووە، کە ساتی تەنها نەریت نییە، بەڵکو ئایدۆلۆژیایەکیشە کە لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە کە ژن دەبێت لە ڕێگەی پیاوەوە پێناسە بکرێت، ئەم تێڕوانینە لە ئایینە یەکتاپەرستەکان و فەلسەفە و زانستەکاندا ڕەنگ دەداتەوە، کە وێنەی ژن وەک بوونەوەرێکی ژێردەستە چەسپاوە، وتی: بونیادنانی چەمکی پیاوسالاری و پەروەردەکردنی پیاوان زۆرجار لە ڕێگەی بەکارهێنانی کار و ئیرادە و جەستەی ژنانەوە بەدی دێت، تا ئەو ڕادەیەی کە دەوترێت ژن ناتوانێت بوونەوەرێکی سەربەخۆ بێت، بەڵکو دەبێت پەیوەست بێت بە کەسێکی دیکەوە بۆ ئەوەی خۆی دەرببڕێت.
جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم سیاسەتانە لە ئەفسانەدا دەردەکەون، بەڵام لە ئایینە یەکتاپەرستەکانیشدا ئامادەن، کە نموونەی زۆر لە ملکەچبوونی ژن بۆ پیاو پێشکەش دەکەن، ئەم تێگەیشتنە لە فەلسەفەشدا ڕەنگ دەداتەوە، وەک چۆن فەلسەفەی یۆنانی "ژن بە پیاوێکی ناتەواو، ئاژەڵێکی شێواوی" دادەنێت، تەنانەت زانستیش، کە میتۆدێکی بیرکردنەوە، لەم ڕوانگەیە ئازاد نەبووە، هەروەها لە بایۆلۆجی و بوارەکانی تری زانستیدا، ژن هەمیشە وەک لاوەکی و بێ بەها پێناسە کراوە، بە پێچەوانەی پیاو کە وەک سەرچاوە و خاوەن بەها پێشکەش دەکرێت.