ژنێکی گەنجی ئەفغانی چیرۆکی نەوەیەک دەگێڕێتەوە کە بە هاتنی تاڵیبان خەونەکانیان تێکچوو
فەیروزە شەریفی، ژنێکی گەنجی تەمەن ١٨ ساڵە و هاوڵاتی پارێزگای تەخار، ئەو ڕۆژەی تاڵیبان کەوتە ناو شارەکەیەوە، ئەو ڕۆژە بوو کە ژیانی ئەوو نەوەکان پێچەوانە بووەوە، کاتێک خوێندنگەکان داخران و خەونی ژنان بۆ ئازادی و خوێندن لەناوچوون.
بەهاران لەهیب
تەخار- لە ساتێکدا کە ڕوخساری ژیانی ئەفغانستانی گۆڕی، تاڵیبان یەک لە دوای یەک شارەکانی ئەو وڵاتەی گرتەوە و فەرمانگەلێکی لەگەڵ خۆیان هێنا کە کاتژمێرەکەیان گەڕاندەوە دواوە، دیارترینیان داخستنی خوێندنگەکان بوو بەڕووی منداڵنی کچدا، کوژاندنەوەی بڵێسەی هیوا لە چاوی نەوەیەکدا کە خەونی بە داهاتوویەکی جیاوازەوە بینیبوو.
لەو ڕۆژەدا کە ڕەوتی ژیانی گۆڕی، فەیروزە شەریفی، ژنێکی گەنجی تەمەن ١٨ ساڵی ئەفغانی هاوڵاتی پارێزگای تەخار، ئەو ساتەی تاڵیبان هێرشی کردە سەر شارەکەی بەبیر دێنێتەوە و لاپەڕەیەکی هیوای داخست و لاپەڕەیەکی دیکەی ترس و لەدەستدانی بۆ تەواوی نەوەیەک کردەوە، چیرۆکەکەی دەگێڕێتەوە، وتی: من خوێندکاری پۆلی دەیەم بووم، منداڵی کچی سێیەم بووم لە خێزانەکەمدا، لە ڕۆژدا یارمەتی دایکمم دەدا لە کارەکانی ماڵەوە و شەوەکانم بۆ خوێندن تەرخان دەکرد تا درەنگان، پێم وابوو داهاتوو لە دەستی ئێمەدایە، کە هەموو شتێک داڵنیای بێت.
پێش ئەوەی تاڵیبان بچێتە ناو تەخار، ژیانی فەیروزە شەریفی پڕ بوو لە هیوا و بەردەوامی بە خەونەکەیدا کە ببێتە پزیشک، هەروەها خوێندکارێکی زیرەک بوو، ژیانێکی سادەی پڕ لە گەشبینی دەژیا و پێیوابوو داهاتوو هی نەوەی خۆیەتی، بەڵام هەموو شتێک لە چرکەیەکدا گۆڕا، فەیروزە شەریفی لە درێژەی قسەکانیدا، وتی: لەگەڵ دایکم لە بازاڕ بووم، لەناکاو تاڵیبان بە ئۆتۆمبێل و کەلوپەلەکانیانەوە هاتنە ناو شارەکەوە، زۆر ترسام و بە دایکمم وت با بە خێرایی بچینەوە ماڵەوە، دایکم بە زەردەخەنەیەکی خەمناک و دەربڕینێکی سەرلێشێواوەوە سەیری کردم و وتی: سەیرکە ئەمانە ئەو تاڵیبانانەن کە لێیان دەترسای و ئێستا بە چاوی خۆت دەیانبینیت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ڕۆژە تەنها ڕووداوێکی تێپەڕ نەبووە، بەڵکو سەرەتای داڕمانی خەونەکان و کوژانەوەی هیوا بووە لە چاوی نەوەیەکدا کە پێیانوابوو داهاتوو باشتر دەبێت، دەرگای خوێندنگەکان بەڕووی هەموو منداڵانی کچدا داخران و لە هەندێک گونددا تاڵیبان فەرمانی دا ئاڵا لەسەر دەرگای ماڵی بێ هاوژینکان یان ژنانی بێ هاوژین وەک نیشانەی کۆنترۆڵکردنی ژیانی ژنان دابنرێت، زۆرێک لە خێزانەکان ناچار بوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن و کۆچ بکەن بۆ کابول، پارێزگای تەخار هێشتا بە تەواوی نەکەوتبووە خوارەوە کاتێک بزووتنەوەی تاڵیبان کابولی پایتەختی گرتەوە و دوای ئەوە خێرایی شەڕەکە توندتر بوو و ئاژاوەگێڕی بەسەر وڵاتەکەدا بڵاوبووەوە.
سەبارەت بەو شەڕ و توندوتیژییەی لەو ماوەیەدا وڵاتی گرتەوە، ڕوونیکردەوە، لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا زۆرێک لە شارەکان شاهیدی شەڕ و هێرشی خۆکوژی بوون، چەندین گەنج و ژن کوژراون، هەروەها دایکان تا ئێستاش بۆ منداڵە ونبووەکانیان دەگرین، کاتێک تاڵیبان هات، وەک ئەوە وابوو هەموو خەونەکانمان لە پڕێکدا لەناوبچن.
فەیروزە شەریفی سەر بە نەوەیەکە کە دەرفەتی خوێندن و بەشداریکردن لە ژیانی کۆمەڵایەتی لەناو شارەکانی ئەفغانستاندا هەبووە پێش ئەوەی تاڵیبان لەناکاو دەستی بەسەردا بگرێت و ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا سنووردار بکات، وتی: ڕەنگە ئازارەکانی من درێژکراوەی ئازارەکانی ئەو کەسانە بێت کە پێش من هاتوون، بەڵام من بە توندی دەستم بە باوەڕە چەقبەستنەکەمەوە گرتووە لەگەڵ خەباتی ژنانی وڵاتەکەم، باوەڕم وایە کە جارێکی دیکە دەرگای خوێندنگە و خەونەکانمان بۆ دەکرێتەوە و هیچ دەسەڵاتێک لە جیهاندا ناتوانێت پەنجەرەی هیواکانمان دابخات.
فەیروزە شەریفی و هاوکارەکانی لەگەڵ گەڕانەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان لە مافە سەرەتاییەکانیان وەک پەروەردە و ئازادی کۆمەڵایەتی بێبەش کران، ئەزمونێک کە بەردەوام سێبەری خۆی دەخاتە سەر نەوەکانی داهاتوو، هەروەها ژیان لە ژێر ترس و سنووردارکردن و توندوتیژیدا ژنانی لە دەرفەتی خوێندن و گەشەکردن بێبەش کرد، ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی کۆمەڵگەیەکی کچان کە لەناکاو خەونەکانیان ڕاگیرا، وتی: ئێمە هێشتا دەمانەوێت گۆرانی بۆ خۆمان و بۆ خێزانەکانمان و بۆ وڵاتەکەمان بڵێین، ناهێڵین ترس و توندوتیژی کۆنترۆڵی ژیانمان بکات، ڕۆژێک دێت کە دەنگمان دەبیسترێت، جارێکی دیکە هیچ کچێک ناچار نابێت خەونەکانی بکاتە قوربانی.