ئامینە محەمەد: ئێمە کۆمەڵێک یاسای باشمان هەیە بەڵام کاریان پێناکرێت

ئامینە محەمەد، پارێزەر، لەبارەی یاسای ڕۆژنامەوانییەوە دەڵێت: بەشێک لە ژنانی ڕۆژنامەنووس زانیاریان دەربارەی ئەو یاسایانە نیە کە بۆ پاراستنی ئەوان دانراون، ڕاستە یاسامان هەیە، بەڵام وەکو پێویست کاری پێناکرێت.

هێلین ئەحمەد - هێڤی سەڵاح

 

سلێمانی- توندوتیژی دژ بە ژنان و خێزان دیاردەیەکە بە درێژای مێژوو لە کولتوورو کۆمەڵگە جیاوازەکاندا ڕووبەڕووی ژنان بۆتەوە، هەروەها  پیاوان بەردەوام لە ژێر کۆمەڵێک ناوی جیاوازدا مافیان بەخۆیان داوە کە هەموو جۆرە توندوتیژییەک بەرامبەر بە ژنان ئەنجام بدەن، لە باشووری کوردستانیش توندوتیژیەکان بەرامبەر ژنان بەردەوامی هەیە.

 

دوای ئەوەی لە ساڵی ۱۹۹۹ پرۆتۆكۆڵی گرێبەستی نەهێشتنی توندوتیژی لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە واژوكرا، كە بە ۲٥ نۆڤەمبەر ناسراوە، لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا ساڵانە ١٦ ڕۆژ بەناونیشانی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ئەو یادە دەکرێتەوە، کە ژنان لەو ماوەیەدا چەندین سیمینار و پانێڵ و چالاکی جۆراوجۆر ئەنجامدەدەن بەمەبەستی هۆشیارکردنەوەی ژنان.

 

''ئامانجی ژنان دەورێکی باڵای هەیە  لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە''

 ئامینە محەمەد، پارێزەر بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کردو وتی: ئێمە ساڵانە کۆمەڵێک کاری جیاواز ئەنجام دەدەین بۆهۆشیارکردنەوەی ژنان سەبارەت بە مافەکانی خۆیان و چۆنیەتی ڕووبەڕووبونەوەی ئەو توندوتیژیانەی کە بەرامبەریان ئەنجامدەدرێت، هەروەها ئامانجی ژنان دەورێکی باڵای هەیە  لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە، هەندێک لە پیاوانیش بەشداردەبن لە کارەکانمان بەمەبەستی نەمان و کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان، بۆیە پێویستە ئێمە بە درێژایی ساڵ کار بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان و ژینگە بکەین.

 

''ئێمە کۆمەڵێک یاسای باشمان هەیە، بەڵام کاریان پێناکرێت''

وتیشی: ئێمە کۆمەڵێک یاسای باشمان هەیە، بەڵام کاریان پێناکرێت، هەروەها بەشێک لە ژنانی ڕۆژنامەنووس زانیاریان دەربارەی ئەو یاسایانە نیە کە بۆ پاراستنی ئەوان دانراون، بۆیە هەندێک جار لەلایەن خاوەن دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە بەکاردەهێنرێت بۆ بەرژەوەندی خۆیان، ئەمەش وادەکات ژنانی ڕۆژنامەنووس مافیان بخورێت لە لایەن خاوەنکار و ئەو دەزگایەی کە ئیشی تێدادەکەن، حاڵەت هەبووە تەنها بەهۆی ئەوەی ژنبووە موچەی لە کارمەند و هاوکارە پیاوەکانی کەمتر بووە، لەکاتێکدا ژنان توانایەکی زۆر باشیان هەیەو زووتر دەتوانن تێکەڵ بە کۆمەڵگە و کێشەکانی ببن، بۆیە چارەسەری ئەو کێشەیەش تەنها بە هۆشیارکردنەوەی ژنانی ڕۆژنامەنووس دەکرێت، چونکە ڕاگەیاندن لە ئێستادا دەسەڵاتی چوارەمە و ئەو پەیامەشی کە ڕۆژنامەنووس دەیگەیەنێت بەرپرسیارە لێی، بۆیە دەبێت بە قوڵی کار لەسەر ناوەڕۆکی کارەکانی بکات.

 

''پێویستە ژنانی ڕۆژنامەنووس بزانن یاسایەک هەیە بۆ پاراستنی مافەکانیان''

ئامینە محەمەد ڕاشیگەیاند، یاسای ڕۆژنامەوانی گرنگی خۆی هەیە و پێویستە گرنگی زیاتری پێبدرێت، هەروەها پێویستە ژنانی ڕۆژنامەنووس بزانن یاسایەک هەیە بۆ پاراستنی مافەکانیان، چونکە یاساکان باش داڕێژراون، بەڵام کێشە لە بەکارهێنانی یاساکەدایە.

 

لە کۆتایی قسەکانیشیدا وتی: من وەک پارێزەرێک لەهەموو ئەو یاسایانە رازینیم کە تایبەت بۆ پاراستنی ڕۆژنامەنووسان هەیە، چونکە بازرگانەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئەو هەلەیان بۆ خۆیان قۆستۆتەوە و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاری دەهێنن.