ڕوقیە عوسمان: دادگا و کۆمەڵگە ژنان ناچار بە ڕازیبوون بە توندوتیژییەکان دەکەن

ڕوقیە عوسمان، مامۆستا دەڵێت: تا ئێستاش توندوتیژییەکان بەردەوامەو دادگا و کۆمەڵگە ژنان ناچار بە ڕازیبوون بە توندوتیژییەکان دەکەن، ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی توندوتیژییەکان بەرەو زیادبوون بچێت.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- لەگەڵ سەرهەڵدانی  شارستانییەت و تەکنەلۆژیا، توندوتیژییەکان ڕێڕەوی جیاوازیان لە جاران وەرگرت، ئەو کێشانەی لە کۆندا هەبوون بەردەوام لە هەڵکشاندابوون، کێشەکانی توندوتیژی لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی دیکە گۆڕانکاری بەسەردادێت، لە وڵاتە پێشکەوتووەکان بە هۆکاری بەرزی ئاستی هۆشیارییانەوە توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان لە ئاستێکی کەمدا دەبیندرێت، بەڵام لە وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهۆی کەمی ئاستی هۆشیاری توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان لە ئاستێکی بەرزدا خۆی دەبینێتەوە، هەروەها لە هەرێمی کوردستان کێشەکان هێشتا زۆرن و یاساش ڕۆڵی پێویست نابینیت، لە ئێستادا ژمارەی دانیشتوان ڕوو لە زیادبوونە و توندوتیژییەکانیش بە شێوازی جۆراو جۆر خۆی دەنوێنیت، بەڵام ئیتر ژن دەبێت ژنبوونی خۆی بێنێتە گۆڕەپان تا ڕووبەڕووی هەموو ئەو ئاڵانگاری و بەربەستانە بێتەوە کە لەلایەن ئەقڵیەتی پیاوسالاری و سیستەمەوە بۆی خوڵقیندراوە، هەروەها لە ڕێگەی خۆبەڕێکخستنەوە ژنان دەتوان هەوڵ بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان و بەدەستهێنانی مافەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بدەن.

 

"سەرەڕای ئەنجامدانی چالاکییەکان، بەردەوام توندوتیژییەکان لە زیادبووندایە "

ڕوقیە عوسمان، مامۆستا لە کۆلێژی بازرگانی زانکۆی سلێمانی، وتی: لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا توندوتیژییەکان بوونی هەیە، کە مێیینە بە دەرەجە دوو تەماشا دەکات، هەروەها توندوتیژییەکان و ئەقڵیەتەکان نەک تەنها دژ بە ژنان، بەڵکوو دژ بە تەواوی مرۆڤایەتی سەری هەڵداوە، هەروەها سەرەڕای هەبوونی چالاکی و هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان، کۆمەڵگە بەردەوامە لە درێژەدان بە توندوتیژییەکان، هەربۆیە ژنان لە ڕێگەی ئەقڵیەتی پیاوسالاریەوە وەک پلە دوو تەماشا دەکرێن، هەروەها سەرەڕای ئاستەنگ و توندوتیژییەکانی ناو خێزان، هەندێک لە ڕێکخراوەکان و بەشی داڵدەدانەکان کاتێک ژنان پەنایان بۆ دەبەن، بەهەر هۆکارێک وەک پێویست کاریان بۆ ناکەن، بۆیە ناچاردەبن بچنەوە ناو خێزانەکانیان، بۆیە دووبارە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، هەروەها ناوەندەکانی ڕاگەیاندن ڕۆڵێکی کاریگەریان بۆ چارەسەرکردنی توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان نییە، بەڵکو هەندێک کات ڕێگەخۆشکەرن بۆ ئەنجامدانی توندوتیژییەکان، لە هەمووی گرنگتر لاوازی ڕۆڵی دادگاکانە لە پێدانی مافەکانی ژناندا، کاتێک ژنێک دەکوژرێت یان توندوتیژی بەرامبەر ئەنجامدەدرێت، کاتێک پەنادەباتە بەر دادگا، بەڵام بەهۆکاری سیاسی یان کۆمەڵایەتی کەیسەکان وەک پێویست گرنگیان پێنادرێت، هەربۆیە کاتێک ژنێک ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە، لە دادگاکاندا بە ئەقڵیەتێکی پیاوسالارانە لە کەیسەکان دەڕواندرێت، بۆیە دادگاش هۆکارە بۆ زیادبوونی توندوتیژییەکان.

 

" یاساکان وەک پێویست کار لەسەر توندوتیژییەکانی سەر ژنان ناکەن"

 ڕوقیە عوسمان، وتیشی: تا ئێستاش توندوتیژییەکان بەردەوامە، دادگا و کۆمەڵگەش ژنان ناچار بە ڕازیبوون بە توندوتیژییەکان دەکەن، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا سەرەڕای توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان، ئەگەر ژنێک لە ڕێگەی یاساوە بیەوێت لە هاوسەرەکەی جیاببێتەوە، دادگا و کۆمەڵگە ژنەکە ناچاربە قبوڵکردنی هەر توندوتیژییەکی دەروونی و پێوتنی وشەی نەشیاوی کۆمەڵگە دەکات، پاشان ڕوماڵ نەکردنی کەسەکانی توندوتیژی و کوشتن هۆکارێکی دیەکەی توندوتیژییە، لە ساڵانی ڕابردوودا کەیسەکانی کوشتن لە لایەن ڕاگەیاندنەکانەوە لە کاتی دادگایکردنی تاوانباردا ڕووماڵدەکرا، بەڵام لە ئێستادا سەرەڕای زیادبوونی کوشتن و توندوتیژییەکان، ڕێگە بەڕاگەیاندکاران نادرێت لە ناودادگاکاندا ڕووماڵی کەیسەکانی کوشتن بکەن، کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری سیاسی، هەروەها ئەمە ڕێگەخۆشکردنە بۆ کوشتنەکانی ژنان لە ڕێگەی سیستماتیکەوە، لە هەمووی گرنگتر ئەگەر لێپرسینەوە یاسایییەکان بەرامبەر تاوانی کوشتن جێبەجێ نەکرێت، ڕێچکەیەک بۆ کوشتنەکانی ژنان دروستدەکات، بەڵام دەبینین لە هەرێمی کوردستان و عێراق لێپرسینەوە یاساییەکان وەک پێویست بوونی نییە، هەروەها هەبوونی کەرەستە جۆراوجۆرەکانی کوشتن وهەبوونی چەک لە ماڵەکاندا، کە زۆربەی چەکەکان لە ماڵەکاندا ئێستا مۆڵەتیان بۆ دەکرێت، لێرەدا وەزارەتەکان و لایەنی پەیوەندیدار هۆکارن بۆ زیادبوونی چەک بۆ کەسانی ئاسایی، ئەمەش ڕێگەخۆشکەرە بۆ زیادبوونی کوشتنەکان.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: پێویستە لایەنی پەیوەندیدار ڕێگری لە هەبوونی چەک لە ماڵەکاندا بکات یان ئەوکەسانەی فەرمابەری سەربازین چەکەکانیان نەبەنەوە نێو ماڵەکانیان تا ئەنجامدانی توندوتیژییەکان زیاتر نەبێت، هۆشیاروونی ژنان لە ڕێگەی خۆیانەوە ئەنجامدەدرێت، پێویستە ژنان لە ڕێگەی خود هۆشیارییەوە هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی ئەو توندوتیژیانە بدەن، کاتێک پایوێک لە خێزانەکەدا توندوتیژی بەرامبەر ئەنجامدەدات، هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بدات، ئەگەر چارەسەرییەکان نەبوون پەنا بۆ ڕێکخراوەکانی ژنان و پاشان دادگاکان ببات تا بتوانێت ڕووبەروووی ئەنجامدانی توندوتیژییەکان بوەستێتەوە.