شارێکی ئیتالیا ڕەگەزنامەی فەخری بە وریشە مورادی دەبەخشێت
ئەندامانی شارەوانی پۆگیبۆنسی ئیتاڵیا دەنگیان دا بە پێدانی ڕەگەزنامەی فەخری بە وریشە مورادی، چالاکوانی مافی ژنان کە سزای لەسێدارەدانی لەسەرە، ئەم هەنگاوە ئاماژەیەکی بەرچاوی هاودەنگییە لەگەڵ دۆزی ئەو و پشتیوانی لە خەباتی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ.
ناوەندی هەواڵ
وریشە مورادی ژیانی خۆی تەرخان کرد بۆ پشتیوانی کردن لە پرسی ژنان و داکۆکیکردن لە پرسی ژنان و مافەکانیان، بەڵام دەستگیرکرا و زیندانیکرا و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا و دۆسیەکەی گۆڕا بۆ ئاماژە هاوپشتی نێودەوڵەتی لەگەڵ زیانلێکەوتوانی ستەم و هەڵاواردن.
ڕۆژی ١ی کانوونی یەکەم، ڕێوڕەسمێکی فەرمی لە شاری پۆگیبۆنسی ئیتالیا بەڕێوەچوو، لەو ڕێوڕەسمەدا ڕەگەزنامەی فەخری بەخشرایە وریشە مورادی، چالاکوانی مافی ژنان و زیندانی سیاسی، شیڤا مەحبوبی، وتەبێژی هەڵمەتی "ئازادی بۆ وریشە مورادی" بەناوی خۆیەوە ڕەگەزنامەی وەرگرتووە، هەڵمەتەکە پێزانینی خۆی بۆ سوزانا سینی، سەرۆکی شارەوانی پۆگیبۆنسی دەربڕی بۆ ئەم دەستپێشخەرییە کە بە هەنگاوێکی ئاماژەی بۆ پشتیوانی لە دۆسیەی وریشە مورادی و دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران دادەنرا.
هەروەها ئەم هەڵمەتە سوپاس و پێزانینی دڵسۆزانەی خۆی بۆ تەڤگەری "ژن بۆ ئازادی" لە فلۆرانس و "کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ئێرانی – فلۆرانس" دەربڕی بۆ هەوڵ و پشتیوانی بەردەوامیان لە دەستەبەرکردنی ئەم هاوڵاتیبوونە.
سوزانا سینی، سەرۆکی شارەوانی شاری پۆگیبۆنسی ئیتاڵیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاویکردەوە، بە سۆزەوە ئەمە دەنووسم: بە کۆ دەنگی، ئەنجومەنی شارۆچکەی پۆگیبۆنسی ک٣ ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر پێدانی ڕەگەزنامەی فەخری بە وریشە مورادی، چالاکوانی مافەکانی ژنان و زیندانی سیاسی کورد کە پشتیوانی لە ژنانی زیانلێکەوتووی شەڕی داعش لە سووریا دەکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، وریشە مورادی لە مانگی ئابی ٢٠٢٣ دەستگیرکراوە و تووشی ئەشکەنجە بووە و مەترسی لەسێدارەدانی لەسەرە، سوپاسی هەموو ئەندامانی ئەنجومەن دەکەم بۆ پاڵپشتیکردنیان و ئەو کۆمەڵانە کە پێشنیاریان کردووە و پشتگیریان لەم ڕێوشوێنە کردووە، لەگەڵ سەرۆکی شارەوانییەکانی شاری توسکان، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی وریشە مورادی لەم بڕیارە ئاگادار بکەینەوە و بەدواداچوون بۆ دۆسیەکەی بکەین.
وریشە مورادی، زیندانی سیاسی کورد کە سزای لەسێدارەدانی سزادراوە، تووشی چەندین نەخۆشی بووە، لەوانە فەقەراتی مل و تەسکبوونەوەی بڕبڕەی پشت، تا ئێستاش لە دەستڕاگەیشتن بە چاودێری پزیشکی بێبەشە، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە دەروازەی شاری سنە دەستبەسەر کرابوو، دوای ١٣ ڕۆژ لە دەستبەسەری بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین لە تاران گواسترایەوە و لەوێش فشار و ئەشکەنجەی بەزۆر دانپێدانانی بۆ کراوە، دوای پێنج مانگ لە زیندانی تاکەکەسی، گواسترایەوە بۆ بەشی ژنانی زیندانی ئێڤین.
هەروەها دانیشتنێک سەبارەت بە تۆمەتەکانی وریشە مورادی لە لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی ئیسلامی لە تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەبوقاسم سەلەواتی بەڕێوەچوو و پارێزەرەکانی لە سزای لەسێدارەدان ئاگادارکرانەوە، ئەوانیش تانەیان لە بڕیارەکەدا و دۆسیەکەی ڕەوانەی لقی ٩ی دادگای باڵا کرا، کە ئێستا لەوێ دانیشتن دەکرێت.