پانێڵێک بە ناونیشانی "کوشتن خۆکوشتن لە هەرێمی کوردستان" بەڕێوەچوو

لە درێژەی چالاکییەکانی هەڵمەتی ۱٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکان بە هاوبەشی لەگەڵ سەنتەری ڕاوێژکاری دەروونی و کۆمەڵایەتی، پانێڵێکیان ئەنجامدا.

سلێمانی

 

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە هۆڵی کۆنگرێستی زانکۆی سلێمانی، لە درێژەی چالاکییەکانی هەڵمەتی ١٦ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکان بە هاوبەشی لەگەڵ سەنتەری ڕاوێژکاری دەروونی و کۆمەڵایەتی، پانێڵێکیان بە ناونیشانی "کوشتن خۆکوشتن لە هەرێمی کوردستان"، بۆ هەریەکە لە دەشنێ عوسمان قادر، پانێڵست و پارێزەر، خالید ئەحمەد، پانێڵست و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی ئایینی زانکۆی سلێمانی، ڕێبوارغەریب حەمە، پانێڵست ومامۆستای کۆلێژی پزیشکی زانکۆی سلێمانی، بە بەشداری ژمارەیەک مامۆستا و خوێندکاری زانکۆ، ڕێکخست، سەرەتایی پانێڵەکەش بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی ژنانی کوژراو دەستی پێکرد، دواتر چەندین پارچە شعر بۆ کوشتنی ژنان خوێندرایەوە.

 

دەشنێ عوسمان قادر، پانێڵست و پارێزەر، باسی لەوەکرد، لە دەستووردا مافی یەکسانی بە هەموو مرۆڤێک دراوە، بەڵام لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ئەم مافە نەدراوە و بۆ ژنان کاری پێناکرێت، کوشتنەکانیش ڕۆژبە ڕۆژ لەدادگاکاندا ڕوولەزیادبوونە، بەگوێرەی ئەوەی بەرکەوتەمان زۆرە ساڵانە ئەونەی ئێمە ئاگاداربین زیاتر لە ٥٠ ژن دەکوژرێن، بەڵام هیچکات نەمانبیست لەسەر خیانەت و دەستدرێژییەکان ژنێک پیاوێک بکوژێت یان لە ئەنجامی کێشەیەک ژنێک توندوتیژی بەرامبەر پیاوێک بکات، لەڕووی یاساییەوە، یاساکان کار بۆ بەسزاگەیاندنی تۆمەتباران دەکەن، بەڵام هەندێک کەیس بەهۆی دەستێوەردانی کەسانی بەدەسەڵات، دادگا ناچار بە پێشێلکاری دەکات، هەروەها بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆژیا زیانێکی دیکەیە بۆ ژنان، کە لە ڕێگەیەوە کوشتن و توندوتیژی دەروونی و سێکسی ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە، ڕۆژانە لەڕێگەی پلاتفۆرمەکانەوە دەبینین وشەی نەشیاو زانیاری ناڕاست لەسەر ژنێک بڵاودەکرێتەوە، کە ژنەکە ناچاربەخۆکوشتن یان کوشتنی لەلایەن کەسە نزیکەکانییەوە دەکات، پاشان نەبوونی چاودێری لەلایەن لایەنی پەیوەندیدارەوە بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تا ژنان ڕووبەرووی کوشتن و توندوتیژی نەبنەوە کێشەیەکی ترە، بۆ چارەسەریش پێویستە هەموو کۆمەڵگە لە چۆنیەتی خۆپاراستن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هۆشیاربکرێنەوە، هەروەها لە کاتی ڕووبەڕووبونەوەی توندوتیژییەکان پێویستە ژنان هانبدرێن بۆ سکاڵا تۆمارکردن لەسەر کەسی تۆمەتبار، لایەنی پەیوەندیداریش دەتوانێت هاوکاربێت لە گرتن و بەسزاگەیاندنی تۆمەتباران، بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتداران دەستیان وەرداوەتە ناو دادگاکان و ناتوانن وەک پێویست کار لەسەر کوشتنەکان بکەن، لە ڕووی یاساوە ئەگەر کوشتن بە ئەنقەست بێت ئەوا لە ٢٠ ساڵەوە سزاکەی دەست پێدەکات، بەڵام ئەگەر ئامادەکاری بۆ کوشتنەکە کرابێت و پاشان تاوانەکە ئەنجامدرابێت، ئەوا سزادانەکی لە زیندانی هەتا هەتاییەوە بۆ لە سێدارەدان دەچێت.

 

خالید ئەحمەد، پانێڵست و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی ئایینی زانکۆی سلێمانی، وتی: کوشتنی کەسێک بە ئەنقەست وەک کوشتنی هەموو مرۆڤێکی سەر زەوییە، هەروەها لە ئایەتەکاندا هاتووە کە نابێت هیچ کەسێک بکوژرێت بە ئەنقەست، هەروەها لە ئایەتەکاندا باسی خۆکوژی کراوە کە تێیدا ئاماژە بەوەکراوە کەهەرجی ڕووبدات نابێت پەنا بۆ خۆکوژی ببرێت، بەڵکو پەنا بۆ ڕێگەی تر ببەن، کوشتن و خۆکوشتن لە وڵاتانی غەیری دیندا زیاترە وەک لە وڵاتە ئیسلامییەکاندا، هەبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری لە دەروونی تاکەوە سەرچاوەی گرتووە، نەک ئاینەکان، تێنەگەیشتن لە دەقەکانی ئاینی ئیسلام هۆکارە بۆ کوشتنەکانی ژنان، ئایین هیچکات لە بەرەوپێشچوونی ژناندا ڕێگرنەبووە.

 

ڕێبوارغەریب حەمە، پانێڵست و مامۆستای کۆلێژی پزیشکی زانکۆی سلێمانی، وتی: کۆمەڵگەی ئێمە بەهۆی شەرمەوە کوشتنەکان دەشارنەوە، بەنموونە ژنێک دەسوتێندرێت یان ناچار بەخۆسووتاندن دەکرێت لە کاتی وەرگرتنەوەی تەرمەکەی لە پزیشکی داد بە شێوازێک لە شێوازەکان هۆکاری مردنەکەی بۆ خەڵک دەشارنەوە، هەروەها زانستی پزیشکی دەریدەخات ئەو کەسانەی پەنا بۆ خۆکوژی دەبەن لە ٩٥٪ی توشی تێکچوونی دەروونی بوونە، هۆکارەکانی خۆکوژی زیاتر بۆ نەبوونی هەلی کار و نەبوونی بژێوی ڕۆژانەی گەنجان دەگەڕێتەوە، هەڵە پەروەردەکردنی منداڵانیش لە لایەن خێزانەکانیانەوە هۆکارێکی ترە بۆ سەرهەڵدان و زیادبوونی توندوتیژییەکان.

 

''لە ڕێگەی سیمینارەوە هەوڵ بۆ هۆشیارکردنەوەی هەردوو ڕەگەز دەدەین''

پەخشان محەمەد، چالاکوانی ژنان، وتی: ئێمە لە ناو  ۱٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانداین، وەک تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکان بەشداریمان لەم پانێڵەدا کرد، کە بۆ هۆشیارکردنەوەی تاکە لە کوشتنەکانی ژنان، وەک لای هەموان ڕوونە کوشتنەکان بەردەوام ڕوو لە زیادبونە، کوشتن و خۆکوژییەکان زیاد دەکات، بۆیە پێویستە لایەنی پەیوەندیدار و ڕێکخراوەکان بە هەماهەنگی کار بۆ کەمکردنەوەی کوشتن و توندوتیژییەکان بکەن.

 

لەکۆتایی قسەکانیدا، وتیشی: پێویستە هۆشیارکردنەوەکان تەنها لە چوارچێوەی چالاکوانان و مامۆستایاندا نەمێنێتەوە، بەڵکو چالاکی هۆشیارکردنەوە ناو زانکۆ و ئامادەییەکان بگرێتەوە، خوێندکاران هۆشیاربکرێنەوە لە سزای کوشتن و توندوتیژییەکان، هەروەها ئێمە بەردەوام ڕوولە دەرەوەی شار و خوێندنەگەکان دەکەین تا تەواوی تاک لەهەر دوو ڕەگەز هۆشیار بکەینەوە.