لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی هەڵکوتانە سەر ماڵی زیندانییەکی سیاسی ژنێک گیانی لەدەستدا

فەریبا ئەحمەدی خەڵکی گوندی بیلیڤاری سەر بە پارێزگای کرماشان کە توشبووی نەخۆشی شێرپەنجە بوو، لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە بۆ سەر ماڵەکەی بەهۆی فشاری دەروونییەوە تووشی جەڵتەی دڵ بوو گیانی لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

سەرکوتکردن و هەراسانکردنی بنەماڵەی زیندانییانیی سیاسیی لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە چڕتر کراوەتەوە و لەو چوارچێوەیەشدا، فەریبا ئەحمەدی، دایکی زینداییەکی سیاسی و خەڵکی گوندی بیلیڤاری سەر بە پارێزگای کرماشان کە توشبووی نەخۆشی شێرپەنجە بوو، لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە بۆ سەر ماڵەکەی بەهۆی فشاری دەروونییەوە تووشی جەڵتەی دڵ بوو گیانی لەدەستدا.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، هێزەکان بە ئامانجی دەستگیرکردنی برا بچووکەکەی پەژمان تۆبەرێزی زیندانیی سیاسیی و دۆزینەوەی چەک، لەناکاو هەڵیانکوتاوەتە سەر بنەماڵەکەی، بەڵام هیچ بەڵگە و چەکێکیان نەدۆزیووەتەوە، لە ئەنجامدا دایکی بەهۆی تێکچوونی دۆخی تەندرووستییەوە گیانی لەدەست دەدات.

 

باسلەوەشکراوە، ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی دایکی پەژمان لە ژێر چاودێری هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە بەڕێوەچووە و رێگرییان لە وتنەوەی درووشم و ناڕەزایەتییان کردووە و تەنانەت هەڕەشەیان لە خێزانەکەی کردووە کە هۆکاری مردنەکەی بە هێرشی هێزە ئەمنییەکان نەبەستنەوە، سەرەڕای ئەوەش نەخۆشخانەی ئیمام ڕەزا لە ژێر فشاردا هۆکاری مردنەکەی بە شێرپەنجە ڕاگەیاندووە.

 

ئاماژە بەوەکراوە، پەژمان تۆبەرێزی تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لە زیندانی ئێڤین  بوو بۆ زیندانی فەشافۆیە لە شارۆچکەی رەی سەر بە پارێزگای تاران پایتەختی ئێران و بەهۆی نەخۆشی دڵەوە لە ژێر فشارێکی زۆردایە بەڵام بەرپرسانی زیندانەکە ڕەتی دەکەنەوە خزمەتگووزاری پزیشکی پێشکەش بکەن.