لە ڕانیە بە دروشمی "ژیانی بێ هونەر تابلۆیەکی بێ ڕەنگە" پێشانگایەکی شێوەکاری بۆ مامۆستایان کرایەوە

ئەمڕۆ لە شاری ڕانیە، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە مامۆستایان، هونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی دەڤەری ڕاپەڕین، پێشانگایەکی هونەریی تایبەت بۆ مامۆستایانی شێوەکاری سنووری بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی ڕانیە کرایەوە.

ڕانیە 

 

ئەمڕۆ لە شاری ڕانیە، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە مامۆستایان، هونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی دەڤەری ڕاپەڕین، پێشانگایەکی هونەریی تایبەت بە "پۆستەر" بۆ مامۆستایانی شێوەکاری سنووری بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی ڕانیە کرایەوە. لەم پێشانگایەدا کە بە دروشمی "ژیانی بێ هونەر تابلۆیەکی بێ ڕەنگە" سازکرابوو، بەهرە و دەستڕەنگینی و دنیابینیی هونەریی مامۆستایان بۆ ئامادەبووان نمایش کرا.
 

لە پێشانگاکەدا چەندین تابلۆ و پۆستەری جیاواز نمایشکران کە گوزارشتیان لە دیدی هونەریی مامۆستایانی سنوورەکە دەکرد. ئامانج لەم چالاکییە، جگە لە نمایشکردنی تواناکان، دروستکردنی پردێکی پەیوەندی بوو لە نێوان شێوەکاران و بینەرانی هونەردۆستدا.

 

کۆژان ئەحمەد، یەکێک لە سەردانیکەرانی پێشانگاکە تیشکی خستە سەر گرنگیی بوونی ئەم جۆرە فەزایانە و وتی: وەک سەردانیکەرێک هاتووم بۆ بینینی بەرهەمی ئەو هونەرمەند و شێوەکارانەی کە ماوەیەکی زۆرە لە چاوەڕوانیی ڕەخساندنی دەرفەتێکدان تا کارەکانیانی تێدا نمایش بکەن.


 ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم چالاکییانە دوو لایەنی ئەرێنییان هەیە؛ لە لایەک دەکرێت ببێتە سەرچاوەی داهات بۆ شێوەکاران لە ڕێگەی فرۆشتنی تابلۆکانیانەوە، لە لایەکی تریشەوە هۆکارە بۆ کرانەوەی زەینی بینەر و ئاشناکردنی خەڵک بە دنیای هونەر و جوڵاندنی هەستی هونەردۆستی لە ناویاندا.

 

سۆزان ئەبوبەکر عەبدول، مامۆستای هونەر لە قوتابخانەی بروسک و یەکێک لە بەشداربووانی پێشانگاکە خۆشحاڵی خۆی بە ئەنجامدانی چالاکییەکە دەربڕی و  وتی: ئەمڕۆ هەستێکی تایبەتمان هەیە، چونکە دوای چەندین ساڵ لە خزمەتکردن وەک مامۆستا، لێرەدا دەرفەتمان بۆ ڕەخساوە بەرهەمی دەستی خۆمان و جێ پەنجەمان لە هونەری پۆستەردا ببینینەوە و لەگەڵ هاوپیشەکانمان کۆببینەوە.

 

سەبارەت بە دۆخی هونەر لە دەڤەری ڕاپەڕین، سۆزان ئەبوبەکر وتی: سەرەڕای بوونی ئاستەنگەکان و قەیرانی دارایی، بەڵام خۆشبەختانە لەم دەڤەرەدا مامۆستا و کەسانی سەرکەوتوو لە بواری هونەردا زۆرن و توانیویانە بەسەر ئاستەنگەکاندا زاڵ بن. ئێمە وەک مامۆستایان، تەنانەت لە قوتابخانەکانیشدا بە هاوکاری بەڕێوەبەرەکانمان بەردەوامین لە کارکردن.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا باسی لە پلانی داهاتوویان کرد و وتی: پلانمان هەیە ساڵانە بەردەوامی بەم چالاکییانە بدەین، جا چ لە ڕێگەی پێشانگای پۆستەری مامۆستایان بێت یان چالاکیی قوتابخانەکان، چونکە بەرهەمی قوتابییەکانمان ڕەنگدانەوەی ماندووبوونی ئێمەیە و جێگای شانازییە کە چالاکییە هونەرییەکانمان گەیشتووەتە ئاستی پارێزگاکانیش.