پێشنیار دەکرێت تولای حاتەمئۆغلەری ببێتە سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا

پارتی چەپی سەوز، تولای حاتەمئۆغلەری، وەک کاندیدی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دیاری کرد و ناوەکەشی پێشکەشی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، هەریەکە لە پەرلەمانتارانی پارتی چەپی سەوز، محەمەد تریاکی و گوڵستان کلیجەک، ڕایانگەیاند، پەرلەمانتار تولای حاتەمئۆغلەر وەک کاندیدی پارتەکە بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دیاری کراوە و داواکارییەکەش بۆ ئەنجومەنی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەرزکراوەتەوە.

 

محەمەد تریاکی لەبارەی ئەو بڕیارەی پارتی چەپی سەوز ڕایگەیاندووە، ڕەنگە هیچ کام لە لایەنە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان لەسەر پۆستی سەرۆکی پەرلەمان ڕێککەوتن و کۆبوونەوەیان ئەنجام نەدابێت، بەڵام ئەگەر لە ڕۆژی دەستبەکاربوونی پەرلەماندا ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە نەبێت ئەوا دەبێتە جێی نائومێدی.

 

 وتیشی: بۆ ئەوەی کاندیدەکەمان زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنێت، وەک پارتی چەپی سەوز لە ئێستاوە دەست دەکەین بە کارکردن بۆ بەدەستهێنانی کۆدەنگی بۆی.