بەهۆی شۆردنی تەرمی گەریلا هەوڵی سزادانی دایکێک دەدرێت
یەڵدز داملا بەهۆی بەشداربوونی لە مەراسیمی بەخاکسپاردن و شۆردنی تەرمی گەریلاکان، بە تۆمەتی "ئەندامێتی ڕێکخستن" دادگایی کرا، سەرەڕای هەبوونی بڕیاری بێتاوانی، کەچی داواکاریی گشتی دەست لە دۆسیەکەی هەڵناگرێت.
ناوەندی هەواڵ
ژمارەیەک لەو بەڕێوەبەر و هاوسەرۆکانەی لە چوارچێوەی کۆمەڵەی پشتیوانی بنەماڵەی بێسەروشوێنانی لانکەی شارستانییەت ''مەبیا-دەر'' کاردەکەن، بە تۆمەتی "ئەندامێتی ڕێکخستن" دادگایی دەکرێن، بەتایبەتی ئەو دایکانەی کە ڕۆڵەکانیان بەشداریی ڕیزەکانی پەکەکە بوون، ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوە دەبنەوە، یەک لەوانەش، یەڵدز داملای ٦٣ ساڵە، کە چەندین جار دەستبەسەرکراوە و سێ جار بە تۆمەتی "ئەندامێتی ڕێکخستن" لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراوە، ئەم سێ دۆسیەیە لە دژی یەکخرا، دادگای هەرێمی لەم بارەیەوە بڕیاری بێتاوانی بۆ دەرکرد، سەرەڕای ئەم بڕیارە، بەهۆی تانەکانی داواکاریی گشتییەوە، هێشتا دۆسیەکە لەبەر دەستی دادگای باڵا ماوەتەوە، پارێزەری دۆسیەکە، گوڵستان ئاتاش وتی: "هەرچەند هیچ کێشەیەکی یاسایی بوونی نییە، کەچی هەوڵدەدرێت تاوان هەڵبەسترێت".
دەربارەی یەڵدز داملا کە ساڵی ٢٠١٨ بەڕێوەبەری ''مەبیا-دەر'' بوو، بە پاساوی بەشداربوون لە مەراسیمی بەخاکسپاردن و لێدوان بۆ ڕۆژنامەکان و شۆردنی تەرمی گەریلا، لێکۆڵینەوە دەستی پێ کرد، سێ دۆسیەی لێکۆڵینەوە پەیوەست بە هەمان تۆمەت کۆکرایەوە و پاش پێنج ساڵ لە دادگاییکردن، بڕیاری بێتاوانی بۆ دەرچوو، کەچی داواکاریی گشتی تانەی لە بڕیارەکە دا، دادگای تێهەڵچوونەوەش بڕیارەکەی بە یاسایی لەقەڵەمدا، کەچی دووبارە داواکاریی گشتی تانەی لەم بڕیارە دایەوە.
دۆسیەکە هێشتا لەبەر دەستی دادگای باڵایە، پارێزەر گوڵستان ئاتاش ڕایگەیاند: شۆردنی تەرم و بەشداربوون لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی تاوان نییە، داوایکرد بڕیاری بێتاوانی جێبەجێ بکرێت.
گوڵستان ئاتاش وتیشی: بڕیاری قەدەغەی جێهێشتنی وڵات بەسەر موەکیلەکەیدا سەپێنراوە و ئەم ڕێوشوێنە بێمانایە هێشتا بەردەوامە.
هەروەها جەختی کردەوە، کە هیچ کێشەیەکی یاسایی لەم دۆسیەیەدا نییە، وتی: "لێکۆڵینەوەکان دژی ئەو دایکانەی کە ڕۆڵەکانیان لە چیا لەدەستداوە، تا دێت زیاتر دەبێت، ئەم گۆڕاوە بۆ کارتێکی فشاری سیستەماتیک دژی دایکان".