ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوام تووشی کۆنترۆڵکردنی بنەماڵە و سەکوتکردنی دەوڵەت دەبنەوە

لە ڕێنماییەوە تا دەگاتە چاوی بنەماڵە، لە بونیادنانی شارەوە تا کامێرای چاودێری، جەستەی ژنێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا بە سودبوونی بەردەوامی شێوازەکانی دەسەڵات دەورە دراوە، شارەکانیش وردە وردە گۆڕاون بۆ تۆڕێکی نەبینراوی کۆنترۆڵکردن و وەدەرنان.

شیلان سەقزی

 

ناوەندی هەواڵ- لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا شارەکان تەنها شوێنی گواستنەوە و نیشتەجێبوون نین، بەڵکو گۆڕەپانێکن بۆ ململانێی دەسەڵات، کە لە ئاستی فەرمی حکومەتەوە درێژدەبێتەوە بۆ بنەماڵەی نافەرمی و دامەزراوە نەریتییەکانی دژ بە ژنان.

 

ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا، لە پۆلیس و کامێراکانەوە تا دەگاتە نیگای برا و باوک و کۆمەڵگە، بەردەوام تووشی چینە چڕ و تێکەڵاوەکانی کۆنترۆڵکردن دەبنەوە، ئەم پێکهاتە فرە چینەییە چاودێری لە سیستەمی ڕەگەزی بەرهەم دەهێنێت کە جەستەی ژنان دەکاتە بابەتێکی هەمیشەیی دیسیپلین و چاودێری و ڕەتکردنەوە.

 

ئەم ڕاپۆرتە هەوڵ دەدات لە ڕێگەی سیاسەتی ئاسایشی و بونیادنانی شارەوە بە ناوبژیوانی پێکهاتە نەریتی و خێزانییەکان، میکانیزمەکانی کۆنترۆڵکردن و سەرکوتکردنی جەستەی ژنان و بوونی ژن لە شارەکان لە ئێراندا بکۆڵێتەوە.

''ژنکوژی لە شوێنی گشتیدا: شارەکان دژی ژنان''

شارەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان  و ئێران لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا نەک هەر شوێنێکی ژیان بووە، بەڵکو ئامژەیەک بووە بۆ سەپاندنی دیسیپلینی کۆمەڵایەتی، ڕەگەزی و چینایەتی، بە واتایەکی تر شار جۆرێک لە سیاسەتی شوێنی پراکتیزە دەکات کە ژنان دوو هێندە ژێردەستە دەکات.

 

شارەکان کە لەلایەن کامێرا و گەڕانی پۆلیسەوە چاودێری دەکرێت و بە پێوەرە ئایینییە پیاوسالارییەکانی جووڵە و جل و بەرگ بەڕێوەدەبرێت، گۆڕەپانێکە بۆ بەڕێوەبردنی کامپەکان، ژنانی پەراوێزخراو کە زۆرجار لە خزمەتگوزارییەکانی شار و ئاسایش و پەروەردە و دامەزراندن بێبەش دەکرێن، تەنانەت مافی ئەوەیان نییە کە لەم شوێنانەدا ئامادە بن جگە لە چوارچێوەی پێشوەختە دیاریکراو، لە ڕاستیدا سیاسەتی شارەکان نەک بۆ گشتگیری بەڵکو بۆ وەدەرنانی و گوێڕایەڵی داڕێژراون، بەم شێوەیە شارەکان دەبنە ئامێرێک بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی نایەکسانی، نەک تەنها ماڵ بەڵکو شەقام و گۆڕەپان و تەنانەت کورسییەکانی پارکەکان بوونەتە گۆڕەپانی ململانێی چینایەتی و ڕەگەزی، کە ژنان زیاتر لە هەموو کەسێک دەبنە ئامانجی دوورخستنەوە و سزادان.

 

''دیسپلینی ڕەگەزی لە جیهانی ئاسایشدا''

شارەکان، بە تایبەت لە ناوچە هەستیارەکانی سیاسی وەک کرماشان، زاهیدان و ئەهواز، تەنها ژێرخانی ژیانی ڕۆژانە نین، بەڵکو بوونەتە گۆڕەپانی دەسەڵات و دیسیپلین و سەرکوتکردن، ئەوەی ئێمە لەم شارانەدا شاهیدی دەبین، شێوازاکی پێشکەوتووی "کۆنتڕۆڵی شوێنی"یە، کە شەقام و گۆڕەپان و کوچە و تەنانەت شۆستەکانیش خزمەت بە سیاسەتێکی ئاسایشی دەکەن.

 

بۆ نموونە لە زاهیدان، دوای هەینی خوێناوی ساڵی ٢٠٢٢، سەرکوتی ڕاستەوخۆ بەوەوە سنووردار نەبوو، بەڵکو گۆڕا بۆ ئامادەبوونی بەردەوامی ئاسایشی، کۆنترۆڵکردنی هاتوچۆ، خاڵەکانی پشکنین و کەشێکی ترس، کە ئاماژەیەکە بۆ ڕێکخستنی "نافەرمانی"، لەو چوارچێوەیەدا ژنانی بەلووچ بە هۆی نەتەوەیی و ڕەگەزییەوە ڕووبەڕووی دوو سەرکوت دەبنەوە، بوونی ئەوان لە شارەکەدا سنووردارە و لە ڕێگەی چاولێکردنی دەستێوەردانکارانە، پۆلیس و پێکهاتەی بونیادنانی ڕێگریکەرەی وەک دیوار و جیاکردنەوەی شوێنە گشتییەکانەوە کۆنترۆڵ دەکرێت.

 

لە کرماشان، دوابەدوای ناڕەزایەتییەکانی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ و شۆڕشی گەل و بە تایبەتکردنی شارەکان لە ڕێگەی کامێرای چاودێری، دەورییە ئاسایشییەکان و بونیادنانی سنوورداکردنەکان بووەتە ئاماژەیەک بۆ دروستکردنی دڵەڕاوکێی بەردەوام، هەروەک هێنری لیفێڤر ئاماژەی پێدەکات، "شوێنی بونیادێکی کۆمەڵایەتییە" و لەناو ئەم بونیادەدا، حکومەت هەوڵدەدات چالاکیی سیاسی سەرکوت بکات بە دیزاینکردنەوەی بیناسازی و نەهێشتنی گۆڕەپانە گشتییەکان و کۆنترۆڵکردنی شوێنەکانی کۆبوونەوە، لە شاری کرماشان کە گەورەترین شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا نزیکەی هەموو گۆڕەپانەکانی ئەو شارە وێران بوون و بە بیانووی قەرەباڵغی هاتووچۆ بە ئەندەرپاس یان پردی پیادە گۆڕدراون، تەنانەت لەو گەڕەک و ناوچانەی کە سەردەمانێک شوێنی کۆبوونەوەی خێزان بوون، بەڵام ئێستا ئەم شوێنە کۆمەڵایەتییانە نەماون.

 

لە ئەهوازیشدا، بوونی سەربازی سەخت و جێبەجێکردنی توندی کۆدەکانی جل و بەرگ بۆ ژنانی عەرەب، جۆرێک لە داگیرکاری ڕەگەزی ناوەکی نیشان دەدات، لەم سیستەمە شارستانییەدا جەستەی ژنی عەرەب هەم دەبێتە ئامانجی بێدەنگکردن و هەم دەبێتە بژاردەی خۆڕاگری، کە باڵاپۆشیەکەی تەنها پارچە قوماشێک نییە، بەڵکو مەیدانی گرژی سیاسییە.

''شارەکان لە ژێر چاودێری و ژنان لە ژێر فشار''

دروستکردنی شوێنی گشتی داخراو، ڕووناکی زیادەڕۆیی، لابردنی شوێنی دانیشتن، سنووردارکردنی وەستان و کۆبوونەوە و بونیادنانی ستەمکارانە، هەموویان ئەوە نیشان دەدەن کە شارەکان چیتر بۆ ژیان دانەنراون بەڵکو بۆ گوێڕایەڵی دانراون، ئەو دڵەڕاوکێیەی کە بەهۆی ئەم شوێنانەوە دروست دەبێت زیاتر بۆ ژنان دەردەکەوێت، کە بەردەوام پێویستیان بە شاردنەوە و کۆنترۆڵکردن و ڕێکخستنی جەستەیان هەیە.

 

لە ئەنجامدا ترس و دڵەڕاوکێ لە شارەکانی "کۆنتڕۆڵی ئاسایش"دا تەنها بە توندوتیژی ئاشکرا سنووردار نییە، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ بونیاندنانی ڕێکخراو و بوونی بەردەوامی ئاسایشی و سیاسەتەکانی وەدەرنان، لەم شارانەدا جەستەی ژن دەبێتە مەیدانی خۆڕاگری و کۆنتڕۆڵکردن، هەندێک جار لە ڕێگەی خۆڕاگریەوە شوێنەکەی خۆی وەردەگرێتەوە و هەندێکی تریش بەهۆی فشارێکی ئاڵۆزەوە ناچار دەکرێت بێدەنگ بێت.

 

لە لایەکی دیکەوە، دوای شۆرشی گەل، شارەکان لە ئێراندا گۆڕاوە بۆ شتێک کە لە "سیستەمی چاودێری هەمیشەیی" دەچێت، ئەم دۆخە گەڕان و کامێرای چاودێری و بوونی جەستەی هێزە ئاسایشییەکان و کۆدی جل و بەرگ و سیستەمێکی بونیاندنانی "دژە دیمۆگرافی" لەگەڵدایە، لەم سیستەمەدا ژنان نەک هەر ناچار دەکرێن بەپێی شێوازە ڕەگەزییە سەپێنراوەکان ڕەفتار بکەن، بەڵکو چاودێری بەردەوامیان لەسەر دەبێت و جەستەیان دەبێتە مەیدانی هەمیشەیی چاودێری و گرژی و دڵەڕاوکێ.

 

لەم شوێنانەدا ژن خۆی لە ژێر چاودێری بەردەوامدا دەبینێت، کە لە ئەنجامدا تووشی دڵەڕاوکێی درێژخایەن دەبێت، وەکو دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی، ترس لە بینین، ترس لە سزادان و جۆرێک لە خۆسانسۆری ڕەفتاری کە بە تێپەڕبوونی کات دەبێتە هۆی ماندوێتی دەروونی.

 

ئەم فشارە بە تایبەتی لە شارەکانی وەک ئەهواز، زاهیدان، شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان توند ترە، هەروەها ژنان بەهۆی نەتەوە و ڕەگەزەکەیانەوە ڕووبەڕووی دوو مامەڵەی دیسپلینیی دەبنەوە، کە کاریگەرییە دەروونییە ڕاستەوخۆکانی بریتین لە هەستکردن بە نائاسایشی، دابەزینی متمانە بە کایەی گشتی، بێتوانایی لە پێکهێنانی ناسنامەیەکی بەکۆمەڵ و ترسی بەردەوام لە سەرکوتکردن، کە لە ئەنجامدا دەروونی ژنان لەم شوێنانەدا دەبێتە گۆڕەپانێکی شەڕی بێدەنگ، هەروەها دڵەڕاوکێ، خەمۆکی، بێباکی کۆمەڵایەتی و تەنانەت داڕمانی ناوەوەش دروست دەبێت کە  دەرئەنجامی کەڵەکەبووی چەندین ساڵ کۆنترۆڵی دامەزراوەیین، کە کایەی گشتیش دەبێتە ئاماژەیەکی دەروونی دەسەڵات.

''پۆلیس لە ماڵەوە و لە شەقام''

کۆنترۆڵی جەستە و کردەوەی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا تەنها لە دامەزراوە فەرمی و حکومییەکان "وەک گەڕانی نیشاندەری ئیسلامی، پۆلیس و کامێرای چاودێری" سنووردار نییە، بەڵكو لە ڕێگەی پێکهاتە ناحکومییەکانەوە، وەک خێزان، نەریت، ئایین و کۆمەڵگەی ناوخۆیی، بەرهەم دەهێنرێتەوە و بەهێز دەکرێت، ئەم سیستەمی کۆنترۆڵکردنە لە ژێر شێوازێک لە سانسۆری کۆمەڵایەتیدا کاردەکات کە دایک، باوک، برا، دراوسێ، یان ڕێبوار وەک ناوەندێکی فەرمی کاری تێدا دەکەن و ئازادی ژنان لە هەموو لایەکەوە سنووردار دەکات.

 

لە شارە بچووکەکان یان ناوچە کۆمەڵایەتیەکان و ئایینییەکانی وەک زاهیدان، قوم و مەشهەد، ئەم کۆنتڕۆڵە ناحکومیانە ڕێگە بە دامەزراوە فەرمییەکان دەدەن کە بەبێ هیچ ڕاگریەکی کۆمەڵایەتی ئازادانە سنووردار بکەن، بەڵام لە ڕاستیدا جەستەی ژن لێرەدا وەک گۆڕەپانێکی دەوڵەت و دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی سەیر دەکرێت، کە ''نەریت'' و ''دەوڵەت'' لە هاوپەیمانییەکی بێدەنگدا دژی ئازادییەکانی ژنان کاردەکەن نەک دژایەتیکردنیان.

 

ئەم کۆنتڕۆڵانە لە ڕێگەی ناوزڕاندن و هەڕەشەی شەرەف و فشار لەسەر خێزان و توندوتیژی خێزانی ئەنجام دەدرێن، کە دەرئەنجامەکەی بریتییە لە بەرهەمهێنانەوەی باڵادەستی کە جێگەی خۆی دەداتە دەست دەسەڵاتی پیاو و ژنان پاڵدەنێت بۆ گۆشەگیری و خۆسانسۆری و سەرکوتکردنی دەروونی، لەم تێکەڵەیەدا ماڵ دەبێتە زیندان و شار دەبێتە مەیدانی چاودێری بەردەوام، بۆیە شارەکان بۆ ژنان چیتر شوێنێک نییە بۆ ژیانی ئازادانە، بەڵکو مەیدانی کۆنترۆڵ و دیسیپلینە، لە پۆلیسەوە تا خێزان و لە بونیادنان تا گومرگی، جەستەی ژنان دەخرێتە ژێر چەندین ئاست لە چاودێریکردن، کە بەشداری کۆمەڵایەتی و سیاسییان تێکدەدات بە دروستکردنی دڵەڕاوکێ و دوورخستنەوە و سنووردارکردنیان.