شاجوان بەهرۆز لە ناو ٧٥٠٠ وەرزشوانی جیهانیدا پلەی هەشتەمی هێناوە

وەرزشی مەلەوانی وەرزشێکە زۆر کەس سڵی لێدەکاتەوە، بەڵام شاجوان بەهرۆز وەکو ژنێکی گەنج توانیویەتی ببێتە پاڵەوان لەو وەرزشەدا و چەندین جار پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- وەرزش سوود بە جەستە دەگەیەنێت و زۆر کەسیش خولیای ئەنجامدانی هەیە، ژنانیش وەک چۆن لە هەموو بوارە جیاوازەکاندا شوێن دەستیان دیارە, بە هەمان شێوە لە وەرزشکردندا توانایەکی باشیان هەیە و توانیویانە بەشداری پاڵەوانیەتییەکان بکەن و پلەی بەرز بەدەست بهێنن، بەوەش بوونەتە هێز وئیرادە بۆ کەسانی چواردەوری خۆیان.

 

"لە تەمەنێکی ئەوەندە بچوک مەلەم دەکرد دەیان وت دەخنکێیت"

شاجوان بەهرۆز وەرزشوانی یارییە سیانییەکانی عێراق و پاڵەوانی نێودەوڵەتی لە مەلەوانیدایە، ئاماژەی بەوەکرد، سەرەتا بە وەرزشی مەلەوانی دەستمپێکرد و تەمەنم ٦ ساڵ و نیو بوو، لە حەوزێکی بچوکەوە دەستم پێکرد کە لە ئاوی بارانەوە دروست بوو، دواتر ڕۆشتمە مەلەوانگەکان و لەلایەن ڕاهێنەرەکەمەوە پاڵپشتی کرام و توانیم بەشداری پاڵەوانیەتییەکان بکەم، یەکەم پاڵەوانییەتی کە بەشداریم کرد تەمەنم ئەوەندە بچوک بوو ڕێگەیان نەدەدا بەشداری بکەم و دەیان وت دەخنکێم، بەڵام لەو پاڵەوانیەتیە توانیم پلەی یەکەم بە دەستبهێنم و ئەوەش بوو بە هاندەرێک بۆ من تا بەردەوام بم.

 

"پاڵپشتی خێزانەکەم وای لێکردم ڕووبەڕووی ئاستەنگییەکان ببمەوە"

شاجوان بەهرۆز ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا خوێندکاری پەروەردەی وەرزشم و وەرزشوان و پاڵەوانی یارییە سیانییەکانم لە عێراق و جیهان، کە پێک دێت لە مەلەوانی و پاسکیل سواری و ڕاکردن، ٧٥٠ مەتر مەلەوانی دەریا، ٢٠ کیلۆمەتر پاسیکل سواری، ٥ کیلۆمەتر ڕاکردن، پاڵەوانی مەلەکردنی مەلەوانگە و ٥٠ مەتریی مەلەی فەڕاشەم، هەروەها بەشداری پاڵەوانیەتی مەلەکردنی ماوە درێژم کردوە و پلەی یەکەمم بەدەستهێناوە.

 

شاجوان وتیشی: منیش هەر وەکو هەموو کەسێک کاتێک دەستدەکات بە ئیش کردن کۆمەڵێک کێشە و گرفت دێتە بەردەممان، بەڵام من بەهۆی پاڵپشتیکردنی خێزانەکەم و باوکم کە خۆی ڕاهێنانم پێدەکات، توانیم زاڵ بم بەسەر بەربەستەکاندا، هەرچەندە وەکو هەر ژنێکی کۆمەڵگە لە کاتی کار کردندا ڕوو بەڕووی چەندین ڕەخنە بوومەتەوە، بەڵام ئێستا پلەی هەشتەمی جیهانم هەیە لەناو ٧٥٠٠ وەرزشواندا، هەروەها یەکەمی ڕۆژئاوای ئاسیام کە کۆتا پاڵەوانییەتی بوو ئەمساڵ ئەمجامم دا، پلەی یەکەمم هەیە لە عێراق و پلەی چوارەمم هەیە لە ئاستی وڵاتانی عەرەبی و ئەفریقی.

 

"پێویستە ژنان بەشداری بکەن لە وەرزشەکاندا"

شاجوان بەهرۆز وەکو تاکە ژنێکی گەنجی کورد توانی بەشداری مەلەوانیی ٨٠٠ مەتری بکات کە یەکەم جار بوو لە کوردستان ئەنجام بدرێت، لەبەرئەوەی هیچ ژنێک بەشداری تیادا نەکردووە، بۆیە شاجوان لەگەڵ کوڕان بەشداری کرد، توانی لە کۆی ٧ کوڕ پلەی دووەم بەدەست بهێنێت.

 

شاجوان بەهرۆز وتی: وەرزشی مەلەوانی جیاوازترە لە وەرزشەکانی تر، بەلای زۆر کەسەوە وەرزشێکی ترسناکە بە تایبەتی بۆ ئەوانەی کە مەلەوانی نازانن، ئەمەش وایکردووە ژنانیش کەمتر بەشداری لەم وەرزشەدا بکەن، بەڵام من داوا لە ژنان دەکەم کە بەشداری بکەن لە مەلەوانیدا یان هەر وەرزشیکی تر، چونکە ئێمە پێوستمان پێیانە و هەم بۆ تەندروستی خۆشیان باشە و دەبێتە ئەزمونێک بۆیان بۆ بەرەو پێشبردنی کۆمەڵگە.

 

لە کۆتاییدا وتی: ئامانجی من ئەوەیە دووبارە بەشداری پاڵەوانێتی جیهانی بکەم و ببم بە یەکێک لە سێ مەرکەزەکە تا بتوانم مەدالیای ئاڵتونی بەدەست بهێنم و سەری وڵاتەکەم بەرز بکەمەوە، وەرزش بەشێکە لە ژیانی من و هەر لە منداڵیەوە کردوومە و بەشداری پاڵەوانییتیەکانم کردووە، دوای ئەوەشی توانای ئەوەم نەما، هەوڵ دەدەم ببم بە ڕاهێنەر تا هانی وەرزشوانان بدەم.