هونەرمەندێکی مەغریبی شانۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان و نوێنەرایەتییە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنێت

فاتمە زەهرا سندادی، هونەرمەندی مەغریبی ڕێبازێکی هونەری پەرەپێداوە کە کاری شانۆیی لەگەڵ گرنگیدان بە پرسی ژنان تێکەڵ دەکات، لە ڕێگەی ئەو بەرهەمانەی کە باس لە پرسیارەکانی پەیوەست بە ناسنامەی ڕەگەزی و نوێنەرایەتی کۆمەڵایەتی لەناو کۆمەڵگەی مەغریب دەکەن.

حەنان حارت

 

مەغریب-لە ژینگەیەکی گوندنشینی کۆنەپەرستانەدا، لە ”دار بوبكر” لە جەرگەی ئاغادیر لە مەغریب، کە پەروەردەی منداڵانی کچ هەندێک جار وەک شتێکی بێواتا سەیر دەکرا و ڕۆڵیان سنووردار بوو بە کاری ماڵەوە و ئامادەکاری بۆ هاوسەرگیری.

 

فاتمە زەهرا سندادی، هونەرمەندی شانۆی مەغریبی سەرەتا ڕێگایەکی جیاوازی هەڵبژارد، هەرچەندە دایک و باوکی تەنها خوێندنی مامناوەندیان هەبووە و هەروەها سەر بەم ژینگە کۆنەپەرستانە بوون، بەڵام پێیانوابوو خوێندن ڕێگایەکی بۆ ژیانێکی باشتر پێشکەش بە شەش منداڵەکەیان کردووە، ئەمەش ڕێگەی پێدەدات بەردەوام بێت لە خوێندن و گوندەکە بەجێبهێڵێت بۆ ئەوەی بچێتە زانکۆ.

 

فاتمە زەهرا سندادی کەرتی گەشتیاری هەڵبژارد و ماوەیەک تێیدا کاری کرد، بەڵام ئەم ڕێگایە ڕەنگدانەوەی ئەو شتە نەبوو کە ئەو لە ڕووی خۆدەربڕین و باوەڕەکانییەوە بەدوایدا دەگەڕا، بۆیە دواتر بڕیاریدا بچێتە شاری قەنیترە و ناوی خۆی لە زانکۆ تۆمار بکات، کە تایبەتە بە شانۆ، ئەم هەنگاوە بۆ ئەو نوێنەرایەتی لادان بوو لەو ڕۆڵە نەریتیانەی کە لە ژینگەیەکی کۆنەپەرستانەدا بەسەر ژناندا سەپێندرابوون، کە زۆرجار ڕۆڵی ژنان لە کایەی ناوماڵدا قەتیس بوو، لە کاتێکدا ئەو لە تەمەنێکی بچووکەوە باوەڕی وابوو کە ژنان توانای بەشداریکردنیان لە گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و کولتووریدا هەیە.

 

هونەر وەک کەشێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان

لەم هۆشیارییەوە فاتمە زەهرا سندادی هەڵیبژارد کە شانۆ بکاتە کەشی گفتوگۆ و تێوەگلان لەگەڵ پرسەکانی ژنان، دەستی کرد بە کارکردن لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە دەسەڵات، باڵادەستی ڕەگەزی، جەستە و نوێنەرایەتی کۆمەڵایەتی ژنان، هەوڵیدا هونەر وەک ئامرازێک بۆ دەربڕین و وروژاندنی پرسیار لەناو کۆمەڵگەدا بەکاربهێنێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کارەکانی لەسەر پرسەکانی ژنان لە شانۆدا دەرئەنجامی ساتێکی دیاریکراو یان بڕیارێکی جیا لە گەشتە تایبەتیەکەی نەبووە، بەڵکو پێشکەوتنێکی سروشتی بووە لە ئەزموونی خۆی وەک ژنێک کە ڕۆژانە لەگەڵ ئەو شێوازە جیاوازانەی فشار و نوێنەرایەتی کۆمەڵایەتیدا دەژی کە ژنان لەناو کۆمەڵگەدا ڕووبەڕووی دەبنەوە.

 

ڕوونیشی کردەوە، کە ئەو پرسانە لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیدا و لە کارە هونەری و فیکرییەکانیدا بە ئامادەیی ماونەتەوە، لە ڕوانگەی ئەوەوە هونەر نەک کردەوەیەکی تەواو جوانیناسییە کە لە ژیان دابڕاوە، نە پراکتیزەیەکی جوانیناسییە کە لە ڕاستی دابڕاوە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ پەیوەندی هۆشیارانە لەگەڵ کۆمەڵگە و ئامرازێکە بۆ دەربڕینی ئەو بنەما و باوەڕانەی کە لەناو خۆیدا هەڵیگرتووە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، پاشخانی لە چالاکییە کولتووری و کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکانیشدا بەشداربووە لە داڕشتنی هەڵبژاردنە هونەرییەکانی، ئەمەش وایکردووە کە پرسەکانی مافی مرۆڤ و مافەکانی ژنان بخاتە ناو بەرهەمە شانۆییەکانییەوە. هەروەها شانۆ ئەگەری جیاواز بۆ دەربڕین پێشکەش دەکات کە وتاری ڕاستەوخۆ یان دروشم ناتوانێت دابینی بکات، وتی: هەمیشە هەوڵدەدەم هاوسەنگییەک لە نێوان ڕەهەندی جوانیناسیی بەرهەمی شانۆیی و ڕەهەندی ڕەخنەیی یان داکۆکیکارییەکەیدا بپارێزم.

 

دووپاتی کردەوە، وتاری ڕاستەوخۆ دەتوانرێت لە ناڕەزایەتی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی یان لە دیالۆگی سیاسیدا دەرببڕدرێت، لەکاتێکدا شانۆ پێویستی بە زمانێکی هونەری ناوازە هەیە کە لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەی دراماتۆرگی و تێگەیشتنێکی قووڵ لە 4استی کۆمەڵایەتی، گۆڕینی بۆ شێوازێکی بەهێزی جوانیناسی.

 

هەروەها کاریگەریی جوانیناسی لەناو بەرهەمێکی شانۆیدا دەتوانێت بینەر هان بدات بۆ بیرکردنەوەیەکی قووڵتر و هەستیارتر، کە هونەر نەک تەنها لەسەر ئاستی بیرۆکەکان بەڵکو لەسەر ئاستی هەستیاری و دەروونیش کاردەکات، بەمەش جۆرێک لە کارلێکی ناوخۆیی لەناو بینەردا دروست دەبێت.

 

باسی لە کارە شانۆییەکانی کرد، وتی: کاری لەسەر کۆمەڵێک شانۆگەری کردووە، کە بەدواداچوون بۆ بابەتەکانی پەیوەست بە جەستە و دەسەڵات لە ئاستە جیاوازەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئایینی و کولتووریدا دەکەن، هەروەها هەندێک لەو بەرهەمانە بەهۆی سروشتی ئەو بابەتانەی کە باسیانکردووە، ڕووبەڕووی کێشە یان ڕەتکردنەوە بوونەتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێک لە شانۆنامەکانی کە باس لە چەمکی "شەرەف" دەکات لەناو کۆمەڵگەی مەغریبدا، لەلایەن هەندێک لە بینەرانەوە ڕەتکرایەوە، کە بەشێک لەم ڕەتکردنەوە هەندێک جار لە ئامادەنەبوونی کۆمەڵگەوە سەرچاوە دەگرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەندێک پرسیار یان گفتوگۆکردن لەسەر ئەو بابەتانەی کە بە هەستیاری دەزانێت.

 

هەروەها باسی لە ئەزموونی خۆی کرد لەگەڵ شانۆنامەی ”أمودّو” "ئامودۆ" کە لە ساڵی ٢٠١٨ دەستی بە کارکردن کردووە، وتی: شانۆنامەکە لە کاتی یەکەم نمایشیدا لە شوێنێکی ئەکادیمیدا، کە تیایدا تیشک خرایە سەر ڕەگەز و کۆمەڵگە و کولتوور ڕاگیرا، ئەمەش ڕەنگدانەوەی بەردەوامی بوونی هەستیاری کۆمەڵایەتی و کولتوورییە لە دەوری هەندێک بابەت کە پەیوەندییان بە ژن و دەسەڵات و جەستەوە هەیە.

 

دوو هێندە سستی هونەرمەندی ژن

فاتمە زەهرا سندادی وتی: ئاڵەنگاری بەردەم هونەرمەندان تەنها لە دامەزراوەکان یان ئازادی ڕادەربڕیندا سنووردار نییە، بەڵکو بۆ خودی کۆمەڵگەش درێژدەبێتەوە، هەروەها ئەو هونەرمەندانەی کە کار لەسەر پرسە هەستیارەکان هەڵدەبژێرن، لەوانەیە خۆیان لە پەراوێزخراو یان دوورخستنەوە لە بازنەکانی پشتیوانی و بەرهەمهێنان و پێشانگە ببیننەوە، بە تایبەت ئەگەر لەگەڵ ڕەوتە باوەکانی سیاسەتە کولتوورییەکاندا نەگونجێت.

 

وتیشی: شانۆکاران لە ئێستاوە دۆخێکی سستی ئەزموون دەکەن، لە کاتێکدا، هونەرمەندانی ژن ڕووبەڕووی "دوو سستی" دەبنەوە، جا بە هۆی تێڕوانینی کۆمەڵایەتییەوە بێت بۆ  هونەرمەندانی ژن یان هەندێک جۆری جیاکاری لەناو خودی کۆمەڵگەی هونەریدا.

 

لەم چوارچێوەیەدا، باسی لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەندێک بارودۆخ کرد کە بە ناڕەحەتکەر پێناسەی کرد لە کاتی بەرهەمە شانۆییە گروپییەکان، هەندێک لە هونەرمەندەکانی ژن تووشی فشار یان پراکتیزە دەبن کە ڕەنگە لەناو کۆمەڵگەی هونەریدا ئاسایی دەرکەون، بەڵام لە ڕاستیدا ڕەنگدانەوەی ناهاوسەنگییە پەیوەندیدارەکان بە تێڕوانین بۆ ژنان.

 

ڕوونیکردەوە، کە ئەم ڕاستیە لەنێو ئەو هۆکارانەدایە کە زۆرجار وای لێکردووە کار لەسەر نمایشی تاکەکەسی بکات، نەک تەنها وەک هەڵبژاردنێکی جوانکاری، بەڵکو بۆ پاراستنی ئازادی زیاتر بۆ دەربڕینی بۆچوون و باوەڕەکانی.

 

سەبارەت بەوەی ئایا هەرگیز سەختی یان کاردانەوەی نەرێنی وای لێکردبێت بیر لە وەستان بکاتەوە، فاتمە زەهرا سندادی وتی: ساتەکانی ماندوێتی و بێزاری هەن کە هەندێک جار پێیدا تێدەپەڕێت، بەتایبەتی کاتێک ڕووبەڕووی بەرەنگاریی خەڵک یان کۆمەڵگە دەبێتەوە، بەڵام ناتوانێت هونەرێک پێشکەش بکات کە جیاواز بێت لە باوەڕەکانی یان ئەو بنەمایانەی کە باوەڕیان پێی هەیە.

 

دووپاتیشی کردەوە، بۆ ئەو هونەر پەیوەستە بە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستی و بەرەنگاربوونەوە لە ڕێگەی زمانی هونەرییەوە، هەروەها ئەم ڕێبازە بووەتە بەشێک لە ناسنامەی کەسی و فیکری و مرۆیی ئەو.

 

وتیشی: هونەر چارەسەری ئامادەکراو یان ئەنجامی دەستبەجێ پێشکەش ناکات، بەڵکو کەشی گفتوگۆ و بیرکردنەوە و پێداچوونەوە بە بیرۆکە باوەکان دروست دەکات، هەروەها کارێکی هونەری هەندێک جار دەتوانێت بینەر هان بدات بۆ ئەوەی سەرنجی ئەو شتانە بدات کە پێشتر سەرنجیان نەداوە.

 

ئاماژەی بە چەندین ئەزموونی هونەری و سینەمایی لە سەرانسەری جیهاندا کرد، کە بەشداربوون لە کردنەوەی گفتوگۆ کۆمەڵایەتییەکان یان گۆڕانکاری یاسایی و کۆمەڵایەتییان لێکەوتەوە، کە هونەر کاتێک ڕاستەوخۆ ڕاستی ناگۆڕێت، توانای دروستکردنی گفتوگۆ و هۆشیارکردنەوەی مرۆڤی هەیە.

 

شانۆ وەک چالاکییەکی بەرخۆدان

فاتمە زەهرا سندادی لە گفتوگۆکردن لەسەر پرسی ژنان جەختی لە گرنگیدان بەو ژنانە کردەوە کە دەژین لەناوچە پەراوێزخراو و دوورەدەستەکاندا، هەروەها بەشێک لە وتاری ژنان دەبێ زیاتر ئەو ژنانە لەخۆ بگرێت کە بەدەست پەراوێزخستنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەوە دەناڵێنن.

 

ئاشکراشی کرد کە کار لەسەر نمایشێکی شانۆیی دەکات بە ناوی "واشمة"، کە تیایدا هەڵبژاردووە کارەکتەری فاتمە ئوحرفو وەبیر بهێنێتەوە، وەک یەکێک لەو ژنە ئەمازیغانەی کە بەشداری لە بەرخۆدانەکەدا کردووە، بەڵام سەرەڕای ئەزموونی خەباتگێڕییەکەی لە یادەوەریدا بە نەبوون ماوەتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە زۆرێک لە ژنانی سەر بە پەراوێزەکان چیرۆک و ئەزموونەکانیان پشتگوێ خراوە، بۆیە لە ڕێگەی نمایشەکەوە هەوڵمدا لە گۆشەیەکی جیاوازەوە دووبارە تیشک بخەمە سەر ئەم کارەکتەرە، ڕەهەندی بینراو و جوانکاری لەگەڵ قورسایی ئامڕازی تێکەڵ بکەم.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، نمایشەکە بە ژنێک لە چێشتخانەیەکدا دەستپێدەکات کە قاپ دەشوات، مەمجەڵێکی بوخاری لە لایە سیمبولی ئەو فشارە کۆمەڵایەتی و دەروونیانەیە کە ژنان لە کۆمەڵگەدا ڕووبەڕووی دەبنەوە، لە کاتێکدا، کارەکتەرەکە نوقم بووە لە وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانە و کارەکانی ماڵەوە، وردە وردە بیریدهێتەوە کە ڕووداو و گۆڕانکارییە گەورەکان، لە ناڕەزایەتییەکانی "نەوەی زی"ەوە تا ئەزموونی فاتمە ئوحرفو، لە دیمەنێکی شانۆیی بینراودا کە هەوڵدەدات پەیوەندی نێوان ژن و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی دەرببڕێت.

 

لە ڕێگەی ئەم بونیادنانە هونەرییەوە، هەوڵدەدات ئەو بیرۆکەیە بگەیەنێت کە سەرەڕای ئەو سنووردارکردن و ڕۆڵە نەریتییانەی بەسەریاندا سەپێنراوە، ژنان وەک ناوەندی ئەو گۆڕانکاریانەی لە کۆمەڵگەدا ڕوودەدەن دەمێننەوە، خەریکی پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانن، تەنانەت ئەگەر هەندێکجار ئەم ئامادەبوونە پشتگوێ بخرێت یان گرنگییەکەی کەم بکرێتەوە.

 

لە کۆتای قسەکانیدا فاتمە زەهرا سندادی پەیامێکی ئاراستەی ژنان کردو داوای لێکردن بەردەوام بن لە بەرخۆدانیان، وتی: خەبات بۆ ماف و کەرامەت و ئازادی وەک پرۆسەیەکی بەردەوام دەمێنێتەوە، چ لە چوارچێوەی هونەرو چ لە کۆمەڵگە بە گشتی.